Close

نووسین و وەرگێڕان: گرفتەكانی پێداچوونەوەی دەق

1,557 جار بینراوە, 4 جار ئەمڕۆ بینراوە

مەسعود بابایی

بەشی یەكەم

بەرایی

هەر دەقێكی نووسراو لە هەر زەینێكەوە داڕێژرابێت و بەگوێرەی هەر ژانرێك و زانستێك بێت، لەگەڵ هەندێ‌ گرفت بەرەوڕوویە كە دەبێ‌ ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن. تەنانەت ئەگەر نووسەری دەقیش لەلایەن خوێنەرانییەوە متمانەیەكی زۆر و تەواوی هەبێت، دیسان پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵەچنی هەیە. ئاستەكانی بەرهەمهاتنی دەق و بەستێنەكانی ڕەنگدانەوەی زەین و زمان لە دووتوێی ڕێزمان و ڕێنووسدا دەگوازرێنەوە بۆ خوێنەر. هەر دەقێك تا نەگاتە لای خوێنەر و زەینەكانی دیكەش نەیخوێننەوە ناشێ‌ و ناكرێ‌ لە بۆتەی ڕەخنەدا هەڵبسەنگێنرێ‌. دەق بە ڕاڤەی خوێنەر دەبێتە بەرهەم. هەربۆیە بەر لەوەی دەق بگاتە لای خوێنەر دەبێ‌ ڕێنووس و ڕێزمانی دەق و باری بەكارهێنانی وشەیی و زاراوەیی و هتد لەبەرچاو بگیرێت. ئەمەش لەلایەن هەڵەچن یا پێداچۆرەوەی دەقەوە ئەنجام دەدرێت كە بەداخەوە لە وڵاتەكەی ئێمەدا كابرایەكی ڕەزاگرانە كە نووسەر چاوی بە بینینی هەڵنایێ‌. 

گیرگرفتەكان

ڕێنووسی زمان، ڕەنگدانەوەی یاساكانی ڕێزمانی زمانە. ڕێڕەوی ڕستەسازی (سینتاكس) لە ئاخاوتندا بەشێوەی دەنگی دەگوازرێتەوە بۆ گوێی بەربێژ(موخاتەب) و لەوێوە واتاكان بەشێوەی ژنەفتەنی ئاماژەكان بۆ كەسی بیسەر ڕاوڕایەڵ دەكەن و پاش گەیشتنی پەیام بە زەینی بەربێژ پەیامێكی دیكە لەلایەن بەربێژەوە  لە ڕێگەی دەنگەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاخێوەری یەكەم و لێرەدا جێگۆڕكێی بەربێژ و بیسەر دەست پێدەكات كە ئەمە لەباری كاركردییەوە پێوەندییەكی دووسەرەی پێدەوترێ‌ كە گفتوگۆ (دیالۆگ) لێرەوە بەرهەم دێت. ئەمە بەكارهێنانی زمانە لە شێوەی دەنگەوە و گواستنەوەی زانیاری لەم قۆناغەدا پێوەندیی بە گوێ‌ و هەستی بیستنەوە هەیە. كەوابوو نزیكایەتیی دوو كەس مەرجی سەرەكیی گواستنەوەی دەنگیی ڕووبەڕوویە. ئێستە بە درووستبوونی ڕایەڵ و بژیوان بەهۆی ئامێرە دەنگبەرەكانەوە مەوداكانی پێوەندیی دەنگیش بەرفراوان بوونەتەوە، بەڵام ڕۆڵی دەنگ لەمجۆرە پێوەندییەدا هێشتا زەق و زەڵایە.

دۆخی ئاخاوتن

لە دۆخی ئاخاوتندا هەم دەق هەیە و هەم بەرهەمێكی ژنەفتەنی كە لەسەر بنەمای بڵاوبوونەوەی دەنگ رۆنراوە و كەمخایەنە، تەنانەت ئەگەر لە فایلی دەنگیشدا بێت دیسان ناكرێت وەك بەرهەمێكی ئەدەبی سەیر بكرێت. چونكە سیستمی ئاماژەیی (دلالی) لە دەنگدا كۆنكرێت نیە، بەڵكوو پەرەوازەییەكی واتایی لەمجۆرە بەرهەمەدا هەیە كە لەباری نیشانەناسییەوە ناكرێ‌ ڕاڤەیەكی نیشانەناسانەی تۆكمە درووست بكات، بەڵام تاڕادەیەك بەهۆی حاڵەتە دەروونییەكان كە لە زایەڵەی دەنگدا دەردەكەون، دەكرێ‌ باری دەروونیی دەربڕین لێك بدەیتەوە و ڕەنگە بكرێت لە ڕەخنەی كەسایەتیدا باشتر كەڵكی لێوەربگیردرێت تا دەق.

لێرەدا گرفتەكانی زمان و واتا، بە دۆخەكانی دەربڕین پڕ دەكرێنەوە و هەر چۆنێك بێت بیسەر دەتوانێ‌ لە ڕێگەی كۆد و ئاماژە ژنەفتەنییەكانەوە گرفتەكانی تێگەیشتن چارەسەر بكات. مەبەستمان لە چارەسەر ئەوەیە كە گیروگرفتی تێگەیشتنی واتایی نامێنێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە گیروگرفتەكانی دەربڕین لای ئاخێوەر لە ئاخاوتنەكەدا هەر دەمێننەوە.

ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لە دەقی دەنگیدا تەنیا بە دووبارەكردنەوە یا قرتاندنی دەكرێت. واتە پێداچوونەوە و هەڵەچنیی ڕۆژنامەیی و كتێبی لەمبارەوە نالوێ. 

دۆخی نووسراو

زۆرترین ڕووبەری پێداچوونەوە و هەڵەچنی لە جیهانی نووسین و نووسراودایە؛ دەقی نووسراو ڕەنگدانەوەی یاساكانی دەربڕین و ئاخاوتنە لە شێوەی كۆدی نووسراودا كە پیت دەربڕیەتی. لە دۆخی ئاخاوتندا دەنگ دەربڕی پەیامە كە بەگویرەی ڕێزمانی زمان و یاساكانی سینتاكس دێتە دەربڕین. پیت فۆرمی بیچمگرتوی دەنگی زمانی (فۆنیم)ی زمانە كە جەستەمەند و وێنەدارە.

 اـ پێداچوونەوەی دەق بریتییە لە پاڵاوتنی دەق لە ڕێگەی ڕاستكردنەوەی باری وشەیی، زاراوەیی و چەمكی و ئیدیۆمی و ڕستەیی زمانی دەق  بەگوێرەی پێوەرەكانی زمانهەراوی و زمانپاراوی. لە پێداچوونەوەدا دەبێ‌ بەكارهێنانی شیاوی وشەیی بەپێی (واتا و واتادار) و لۆژیكی گەیاندنی واتا لەبەرچاو بگیرێن. لۆژیكی واتا پێوەندیی بە ڕێككەوتنی دیاردە و دەركەوتی دیاردە و چۆنیەتیی ئەم دەركەوتە لە زماندا هەیە. یاساكانی بەكارهێنانی كەرستە زمانییەكان نابێ‌ لە ڕێڕەوی رێزمانیی زمان و دەربڕین لابدەن، هەڵبەت ئەم بابەتە لەمەڕ شیعرەوە بەشێوەیەكی دیكەیە. چونكە لە شیعردا ئێمە لە زمانی باو لادەدەین  ــ ئەمە خۆی بابەتێكی دیكەیە كە لێرەدا ناپەڕژێمە سەری.

لە پێداچوونەوەی دەقدا سێ‌ خاڵی سەرەكی دەبێ‌ لەبەرچاو بگیرێن:

1 ــ فەرهەنگیی لێكسیكیی زمان (وشەنامەیی)

2 ـ فەرهەنگی ئیدیۆمیی زمان (زاراوەیی و باری پراگماتیستیی زمان)

3 ـ دۆخ و ڕێڕەوی ڕێزمانیی زمان

ئەركی پێداچۆرەوەی دەق لەبەرچاوگرتنی ئەم سێ‌ خاڵەیە و ئەگەر لەوە بترازێت مۆركی نووسەری دەق بە سەر دەقەوە نامێنێت. واتە ئەگەر ئێمە لەم چواچێوەیە بترازێین، زەوق و چەشەی نووسینی خۆمان بەسەر دەقدا دەسەپێنین و ئیدی دەبین بە بەرهەمهێنەوەی دەق. دەبێ‌ ئاگادار بین لەنێوان پێداچوونەوەی دەق و بەرهەمهێنانەوەی دەق جیاوازییەكە ئاسمان و ڕێسمانە. پێداچوونەوەی دەق پانتاییەكی بەرینە بەڵام بەرهەمهێنانەوەی دەق دەسكاریكردنی دەقە بەگوێرەی سەپاندنی زەینییەتی بەرهەمهێنەوەی دەق و مۆركی نووسەری دەقی پێوە نامێنێ‌ و ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێ‌ بە ڕێگەپێدانی نووسەر ئەنجام بدرێت. وەك گۆڕێنی ڕۆمانێك بۆ شانۆنامە یا سیناریۆی فیلمێك. جیاوازیی بەرهەمهێنانەوەی دەق لەگەڵ پێداچوونەوە ئەوەیە كە:

1 ــ لە پێداچوونەوەدا پێكهاتە و پێكهێنەی دەق ڕاست دەكەینەوە؛ بەپێی ئەو سێ‌ خاڵەی لەسەرەوە باسكرا لەو بارەوە ڕەچاوی پسپۆڕی دەكەین لە ڕاستكردنەوەی دەقدا. بەڵام مافی ئەوەمان نیە زەوق و چەشە و مۆسیقای دەق و بەكورتی شێوازی نووسینی دەق دەسكاری بكەین و ناتوانین بیرۆكەی خۆمان بەسەر دەقدا بسەپێنین، تەنانەت ئەگەر شێوازی نووسینی نووسەریشمان بەدڵ نەبێت. 

2 ـ لە بەرهەمهێنانەوەی دەقدا تەنانەت دەتوانین بێجگە شێوازی دەربڕین ژانریش بگۆڕین. هەڵبەت ئەم كارە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان و بەتایبەت لە ژانری ئەدەبدا دەكرێت وەك: چیرۆك و  ڕۆمان و …هتد. واتە هەروەك وترا ژانرەكانیش دەكرێ‌ دەسكاری بكرێن. ئەم كارە لە ژانری ئەدەبی و هونەریدا زۆرتر ئەنجام دەدرێ‌ و تكنیكەكانیش دیسانەوە دادەڕێژرێنەوە. مۆسیقا، شانۆ، سینەما، ئەدەب (رۆمان و چیرۆك) و شێوەكاری زۆرترین بواریان بۆ ئەم كارە هەیە.

 

دەقی نووسراو

دەقی نووسراو بریتییە لەو دەقەی كە زەینێك و زمانێك بە بیرۆكەیەكی پێشتر داڕێژراو لەسەر بەستێنێكی دیاریكراو دایدەڕێژن. لە دەقی نووسراودا، نووسەر دەست بە كایەیەكی ئازادی زەین دەكات و ئازادیی بەكارهێنانی وشەكان و ڕستەكانی هەیە. كایەی ئازادی زەین و زمان مەیدانی دڵخوازانەی زمان بەرفراوان دەكات و ئەم بەرفراوانییەش پێوەندیی بە تاكزەینییە. هەرچەند تاكزەینیبوون بەشێوەیەكی ڕەها لە هیچ دەقێكدا بەدیناكرێت، وەلێ‌ ڕووبەرێكی بەرینی بیروكە و واتا لە نووسیندا وەبەرچاو دەكەوێ‌، ئەگینا نووسین پێوەندییەكی قووڵی نێوانزەینیی تێدایە. پێشینەی خوێندنەوە خوڵقاندنی دەقی لێدەكەوێتەوە و هەموو دەقێكش بەرهەمی دەقەكانی دیكەیە كە لە زەینێكی دیكەوە دەگەن بە زەینێكی دیكەی پاش خۆیان.

گرفتی پێداچوونەوە لە دەقی نووسراودا، پێوەندیی بە ئازادیی نووسەر لە داڕشتنی سیستمی وشەیی و زاراوەیی و پێكهاتەی سینتاكسیی دەقەوە هەیە. پێكهاتەی ڕستەییی دەق و شێوەی داڕشتنی ڕستەیی دەبێ‌ بەگوێرەی ڕێزمانی زمان بێت، هەروەها فەرهەنگی وشەكان و بەكارهێنانی زاراوەكان جاری وا هەیە لە ئاماژەكانیاندا تاك ئاماژە نین. واتە نازانرێت لە باری پۆلێنبەندیی وشە و زاراوەكانەوە نووسەر لە بەرانبەر زاراوەكانی فڵان و فیسارە ژانرەوە بە چ لۆژیكێك زاراوەكانی داناوە یان دایڕشتوون. ئەمە گرفتێكی گەورەی دەقی نووسراوی كوردییە ــ لەم سەردەمەی ئێستاماندا. نەبوونی پۆلێنبەندیی زاراوەیی و چەمكی و دەستەواژەیی و نەبوونی تاك ئاماژەی واتایی بەرانبەر تاك دیاردەیەكی ماتریالی یان مەعنەوی و واتایی گرفتێكی سەرەكیی پێداچوونەوەیە. لەم دۆخەدا وشەكان لێڵ دەبن و ئێمە بەڕاستی شتێك بە ناوی پۆلێنبەندیی واتا كە هەوێنی درووستبوونی پۆلێنبەندیی ئەپستمۆلۆژیكە نابینین. ئەم دەقانە هەمیشە كۆسپی تێگەیشتن لەنێوان دەق و خوێنەر دەخوڵقێنن و پێداچۆرەوە بەڕاستی نازانێت چلۆن خۆی لە قەرەی پێداچوونەوەی دەق بدات. كۆنكرێتنەبوونی سیستمی زاراوەیی بۆ گوتەزا هەمەچەشنەكان شیرازەی ئەپستمیكی دەق لێڵ و ناڕوون دەكات. لەلایەكی دیكەوە زمان لە دۆخی زوڵاڵێتی دادەبڕێ‌ و جۆرە شیعرێتییەك بەسەر دەقدا دەسەپێنێ‌. شیعرییەتی دەق ئەگەر بە سەر دەقی زانستی و فەلسەفیدا بسەپێنرێ‌، بەو واتایە دێت كە توخمی خۆیەكی (زاتی) بەسەر توخمی بابەتی (مەوزوعی) دا زاڵ دەبێت. هەربۆیە زمانی شیعر بەسەر زمانی زانستی و فەلسەفیدا زاڵ دەبێت. هەربۆیە لە وەها دۆخێكدا كاری پێداچوونەوەی ژانرەكان قورسترە.

لایەنێكی دیكەی گرفتی پێداچوونەوەی دەق، دۆخی دیالكتی و شێوەزاری و زارۆچكەیی بەسەر دەقدایە. ئەم حاڵەتە لە وەرگرتنی وشە و زاراوەكاندا دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی دەق، بەڵام ئەگەر لە ئاستی ڕستەییدا وەها  دۆخێك بێتە پێش كە زمانی ئاخاوتن ببێتە پێوەری نووسین، ئیدی لایەنی ڕێزمانیی دەق شیرازەی تێكدەچێ‌. چونكە پێوەری ئاخاوتن پێوەری سوانی دەنگی یا زیادبوون و كەمبوونەوەی دەنگە زمانییەكانە لەپێناو ئاسانیی دەربڕین و ئەم كورتبڕی و درێژبڕییەی ئاخاوتن دەبێتە مایەی تێكچوونی شیرازەی ڕێزمانی دەق. ئەم حاڵەتە لە سوانی مۆرفیمەكان و پێشگر و پاشگرەكان و كردارەكانی زماندا خۆی دەنوێنێ‌. لە دۆخی پێداچوونەوەدا، پێداچۆرەوە ناتوانێ‌ ئەمە بە هەڵە لە قەڵەم بدات و ساغی بكاتەوە، بەڵكوو لەوەش خراپتر نۆرمێكی نووسین درووست دەبێت كە پێش بە نۆرمسازیی ئەدەبیات دەگرێت. واتە سیمایەكی دەقی شێلگیر كە هەمووان وەك دەقی ئەدەبی پێڕەوی لێبكەن نامێنێتەوە. ئەم بارودۆخەی كە ئێستە تووشی دەقی كوردی بووە پاشەكشێی زمانە. پاشەكشێی زمانی ئەدەبییە و زەقبوونەوەی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیە. كاتێك بابەتی ڕۆژنامە و كتێبەكان پڕبوون لە سیمای هەمەچەشن و نایەكانگیریی ئاخاوتنی ڕۆژانە، ئەوكات زمانی كتێب و ڕۆژنامەش دەبێتە ساكاربێژییەكی بێ‌ بڕشتی ناوچەیی و ڕەشۆكی و هیچ ئەریستۆكراسییەك بۆ زمان ناهێڵتێتەوە. مەبەستم لە ئەریستۆكراسیی زمان ڕازاوەیی و شكۆ و سامی زمانە كە دەتوانێ‌ كاڵا بە قەد باڵای هزر بێت. ئەم زمانە لە ئەدەبی كلاسیكیی كوردیدا بووە هۆی درووستبوونی جۆرە دەربڕینێك كە سیماسازییەكی بۆ ئەدەبی كلاسیك ڕەخساند كە توانی لەپاڵ زەوق و چەشەی شاعیر و شێوازی تایبەت بە خۆی، سیمای گشتیی ئەدەب و وێژەی كلاسیكیش بپارێزێ‌.

گرفتی ڕستەسازیش گرفتێكی دیكەیە. شێوەی جێكردنەوەی كردار لە ڕستەدا تایبەتمەندیی هەموو زمانێكە و دەبێ‌ لە كاتی نووسینی دەقدا شێوەی ڕیزبوونی كەرستەكانی زمان لەبەرچاو بگیرێت. جاری وا هەیە كە ڕێسا رێزمانییەكە ڕستەكە دەخاتە پێش كەرستەكانی دیكەی ڕستە، وەك:

ــ چووم بۆ هەولێر / هاتم بۆ ماڵەوە/ گەڕامەوە بۆ نیشتیمان.

ئەم دۆخە لەم ڕستانەدا كە ئامرازی  (بۆ ) وەك ئاراستەدەری كردار و ئاوەڵكردار دەور دەگێڕێ‌ دەبینرێ‌، هەرچەند دەربڕینەكە پێوەرێكی ئاخاوتنە بەڵام لایەنی زۆری ئاخاوتن بەو چەشنەیە، هەر بۆیە وەك ڕیزپەڕی زمان كێشەساز نیە. هەڵبەت دەكرێ‌ كرداری ڕستەش بخەینە كۆتایی ڕستەكە وەك: بۆ هەولێر چووم.

جاری وا هەیە كە لە ڕستەیەكی لێكدراودا بەشی سەرەكیی پەیام كە دەبێ‌ بكەوێتە بەشی دووەمی ڕستەوە، پێچەوانە دەكرێتەوە، ئەمەش لەگەڵ ڕێسای پەیامی سەرەكیی ڕستە كە دەبێ‌ پەیامەكە تەواو بكات، ناگونجێ‌، بۆ نموونە:

“چونكە بەفیعلی ئەو شۆڕشە خاڵی وەرچەرخان بوو، لە بەرەوپێشچوونی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ئەوروپادا”.

باشتر وایە بنووسرێت: چونكە ئەو شۆڕشە بە فیعلی لە بەرەوپێشچوونی سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی ـ لە ئەوروپادا ــ خاڵی وەرچەرخان بوو.

بەو ڕستانەی كە ڕێڕەوی ئاسایی ڕێزمان تێكدەدەن و بەدەر لە ڕێسا دەردەبڕدرێن زاراوەی سورپێستی (مەبەست شێوە ئاخاوتنی هیندییە سوورەكان) بەكار دێنم كە لە فیلمەكاندا دەیانبینین بەم چەشنە قسە دەكەن: 

من خواردم ئاو/ تۆ كردت كار/ ئێمە هاتین بەپەلە. 

جاری واش هەیە كە پاشگری (دا) بە پێوەری زمانی ئاخاوتن لە دەقیشدا نانووسرێت وەك: 

لە كوردستان (دا) كێشەی فرەژنی بووەتە دیاردە. (دا) ی پاشگر كە دەتوانێ‌ بە یاریدەی مۆرفیمی (لە) ئاوەڵكرداری شوێن درووست بكات، بەبێ‌ هیچ پاساوێكی ڕێزمانی دەقرتێنرێ‌. لەكاتی هەڵەچنی یا پێداچوونەوەدا نووسەر ڕێگەت لێدەگرێ‌ و لێناگەڕێ‌ باری ڕێزمانیی ڕستە ڕاست بكەیتەوە و ئەمەش سەرئێشەیەكی گەورە بۆ پێداچۆرەوە و هەڵەچن دەنێتەوە.

دۆخی وەرگێڕان

وەرگێڕان دۆخێكی دیكەی نووسینە كە ڕاستەوخۆ پێوەندییەكی نێوانزەینی و نێواندەقییە. مەبەست لە نێوانزەینی، گوێزرانەوەی دوو ئاوەزمەندیی (عەقڵیەت، زەینییەت Mentality)ە لە ڕێگەی زمانی دووەمەوە بۆ زمانی یەكەم و پێچەوانەكەی.

دەروەستبوونی دەق لە باری پەیكاڵ (تطابق) ی زمانییەوە چ لە ڕووی وشە، زاراوە، ڕستەوە تایبەتمەندیی سەرەكیی وەرگێڕانە. گواستنەوەی واتای دەق بە دەروەستییەوە كاری وەرگێڕان قورستر دەكات. كایەی ئازادی خەیاڵ و زمان لە نووسیندا فراوانترە و لە وەرگێڕاندا لە كەمترین ئاستیدایە. واتە لە وەرگێڕاندا ناتوانین بۆ گەیاندن و دەربڕینی واتا وشەكان ئازادانە هەڵببژێرین. وەرگێڕان پەیكاڵی دوو دەقە لە دۆخی زمانیدا. 

پێداچوونەوەی دەقی وەرگێڕدراو لەبەرئەوەی كە دەقی دووەممان لەبەردەستدایە ئاسانترە، بەگوێرەی ئاسانكاریی بەراوردكاری؛ بەڵام گرانترە لەبەر پەیكاڵی كۆد و نیشانە زمانییەكان و لەوەش قورستر پەیكاڵی دۆخی ئیدیۆمی و پراگماتیستیی زمانە. 

دەقی وەرگێڕدراو لە باشترین دۆخیدا ئەسكاڵت (نسخە بدل) ی دەقە. وەك نەسك (نسخە) ی نەخشێنراوی تابلۆیەك كە كۆپی كرابێت. ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەسكاڵتی دەق پڕبایەخە و ئەسكاڵتی تابلۆیەكی نیگاركێشان بە دزی لە قەڵەم دەدرێ‌. 

 ئایا پێداچوونەوەی دەقی وەرگێڕدراو ڕاستكردنەوەی هەڵە زمانەوانییەكانە، یاخۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری دەقە لە باری جوانیناسیی دەقەوە؟ ئایا لە پێداچوونەوەی دەقدا پاراوبێژی گرنگە یان ڕاستبێژی؟ ساكاركردنەوەی دەق لەبەر تێگەیشتنی خوێنەر گرنگە یا خۆ قووڵكردنەوەی زمانی دەق لەبەر هورم(اعتبار، پرستیژ)ی واتا؟ 

بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە ئامانجەكانی پێداچوونەوە بزانین. پێداچوونەوەی دەق ئەوە نیە كە سەبارەت بە خوێنەر دەق پاراو بكەینەوە یان هەراو و هەراشی بكەین. بەڵكوو بریتییە لەوە ئاستی دەق بپارێزین. لە سەرەتادا دەبێ‌ ڕەچاوی ڕاستبێژی بكەین و پاشان سەرنج لە ڕەوانبێژی و پاراوبێژی بدەین. 

ئەو خاڵانەی كە لە پێداچوونەوەی دەقی وەرگێڕدراودا دەبێ‌ لەبەرچاویان بگرین:

1ـ باری ڕستەیی بەگوێرەی ڕێڕەوی ڕێزمانی، واتە شێوەی ڕیزبوونی كەرستە ڕێزمانییەكان: بكەر، بەركار، كردار.

2 ـ باری واتایی ڕستە بە گوێرەی لۆژیكی واتا. پێوەندیی لۆژیكیی دەربڕین و پەیام، بابەت (مەوزوع) و باركراو (محمول)

3 ـ باری زاراوە(idiom)یی زمان. پۆلێنبەندیی زاراوەیی و چەمكیی زمانی دەق. لە دەقی نووسراودا پێوەری بەكارهێنانی زاراوەیی دەبێ‌ بەگوێرەی واتای لێكسیكی و فەرهەنگی زانستی ( وەك زاراوەنامەی فەلسەفی، ئابووری، كۆمەڵناسی، فەلسەفە، زانستە دینییەكان… هتد)بێت. ئەم خاڵە لەو دەقە نووسراوانەدا لەبەرچاو دەگیرێت كە هەوێنی هزری و فەلسەفی و زانستییان تێدایە. ژانری ئەدەبی ــ بێجگە توێژینەوەی ئەدەبی و ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبی كە سەروكاریان لەگەڵ زانستەكانی هێرمێنۆتیك و نیشانەناسییەوە هەیە ــ وەك شیعر، ڕۆمان، چیرۆك، نەزیلە و فۆلكلۆر و بابەتی ڕۆژنامەیی و هەواڵسازی و هەروەها ژانری هونەری ــ شانۆنامە و سیناریۆكان كە تایبەتمەندیی گێڕانەوەیی بەسەریاندا زاڵە و كایەی ئازادی خەیاڵ و زمانیان تێدا گونجێنراوە ــ باری زاراوەیی كەمتر لەبەرچاو دەگیرێت، هەرچەند هەستیاریی گەیاندنی واتا لەوانیشدا دەبێ‌ لەبەرچاو بگیردرێت. هەڵبەت هونەری شانۆ و سیناریۆنووسین زاراوەنامەی تایبەت بە خۆی هەیە و قاڵبی تیۆریك بەخۆوە دەگرێ‌ كە ناتوانین ئەوانە بە شانۆنامە و دەقی سیناریۆیی لەقەڵەم بدەین. هەربۆیە لە پێداچوونەوەی ئەم دوو بابەتەشدا باری زاراوەیی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

3 ــ باری پراگماتیستی و فۆلكلۆریكی دەق: یەكێك لەو ژانرانەی كە ئەم حاڵەتەی بەزەقی پێوە دیارە، بەستێنی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵكە. دەستەواژەكانی بەكارهاتووی ئەم ئاخاوتنە لە دۆخی سیمانتیكی(واتاناسی و واتای فەرهەنگی “قاموسی”) دەترازێن و لە وەرگێڕانیاندا نابێ‌ بەشێوەیەكی فۆرمال وەریان بگێڕین. بەڵكوو تێگەیشتن لە بەستێنی واتایی دەستەواژەكان گرنگترە و دەبێ‌ شێوازی هاوگوێرەیی (معادلی) و بەراوردی بەكار بێنین.

بۆ نموونە بەكارهێنانی “دەست” و “سەر” و “زمان” لە زمانی كوردیدا لە پەندەكان و دەستەواژە فۆلكلۆریك و بازارییەكاندا ڕەنگدانەوەی ئەو دیوی واتان. ئەو دیوی واتا لەبەر هەندێ‌ یاساخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕەوشتی بەكار دەهێنرێت و ئاماژە واتاییەكانیشی شاراوەن و دەبێ‌ بدۆزرێنەوە.

بۆ نموونە:

دەسكیس: شەریك دز/ دەستسوور: مرۆڤكوژ/ دەستبڵاو: خێركەر، نانبدەر.

سەرزل: بەدەسەڵات/ سەربەگۆبەن: ئاژاوەچی/ سەربەگێچەڵ: كەسێك بۆ گێچەڵ دەگەڕێ/ سەرسڕ: گێل و نەفام.

سەركردە: فەرماندە، سەرێك كە لەنێو سەراندا زەق و دیارە.

زمانلووس: مەراییكەر/ زمانشڕ: نهێنیدركێن، كەسێك كە ناتوانێ‌ نهێنی بپارێزێ‌. 

زمانپاراو: قسەزان، قسەپێژ، قسەخۆش. زمان چەور: فریودەر، خشتەبەر.

هەربۆیە لە وەرگێڕان و نووسین و پێداچوونەوەدا دەبێ‌ ئەم لایەنە بەوردی ڕەچاو بكرێت. بەتایبەت لە ژانری چیرۆك و ڕۆمان و شانۆ و سینەمادا شارەزایی لەم بوارەدا هەرەپێویستە. لە پێداچوونەوەی دەقی لەو چەشنەش پێداچۆرەوەی دەق دەروەستە بە ساخكردنەوەی ئاماژە شاراوەكانی ئەم دەستەواژە و ئیدیۆمانە. هەربۆیە هەم نووسەر و وەرگێڕ و هەم پێداچۆرەوەی دەق پێویستە بەتەواوی لە لۆژیكی زمانی ڕۆژانە (ئاخاوتن) شارەزا بن.