Close

وشیاربوونەوەی کوردی: یەکێتی، خیانەت و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

564 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

هێنری ج. بارکی        و: ئیسمائیل ئیبراهیمی

بەشی كۆتایی…

دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٨ دا گوتی، ماوەیەکی زۆرە لە سوریا شەڕ دەکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە سەربازەکانمان بگەڕێنەوە ماڵ. ئەم بڕیارە ناکاوەی سەرۆک بۆ خێراکشاندنەوەی نزیکەی ٢٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوو بە هۆی ڕەخنەیەکی زۆر لەلایەن ئەندامانی دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەڵام تەنانەت بۆ هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکییەکان لە شەڕی دژی داعش واتا کوردەکانی سوریا چاوەڕواننەکراو بوو. چەندین هەفتە بەر لەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەردەوام هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی باکوری سوریای ژێر دەسهەڵاتی مێلیشیا کوردەکانی دەکردن. بوونی سەربازە ئەمریکییەکان، تەنیا بەربەستی تورکیا بوو بۆ داگیرکردنی ئەم ناوچانە. ئەو کشانەوەیان کوردەکانی دەخستە مەترسییەکی قووڵەوە. کوردێکی سوریا گوتی: “ئەگەر ئەمریکاییەکان بڕۆن، ئەوە خیانەتە”.

وردەکاری كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا تا ئێستا ناڕوونە، بەڵام جیا لەوەیکە لە کۆتایی دا واشینگتۆن چ بڕیارێک دەدات، ئەم ڕاگەیاندراوەی سەرۆک تڕامپ، خاڵێکی وەرچەرخانی بەژان بوو بۆ کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێشتر لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ دا، کوردەکان کەیف خۆش بوون. کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی تاکە زلهێزی جیهان، ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ڕقەی پایتەختی داعش. هێزەکانی پاراستنی گەل، YPG، ملیشیایەکی کوردی سوریا، بەشێکی زۆر لە خاکی سوریایان کۆنترۆڵ کردبوو، چاوەڕوان بوون ببن بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە دانووستاندنەکانی کۆتایی پێهێنانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە. کوردەکانی تورکیا، ئەگەرچی لەناوخۆدا گەمارۆدراو بوون، بەڵام دڵگەش بوون بە دەستکەوتەکانی براکانیان لە سوریا کە نزیکایەتییەکی زۆریان هەیە. لە عێراق، ئەو سیستەمەی کە ناوچە کوردیەکان بەڕیوە دەبات، حکوومەتی هەرێکی کوردستان یان KRG، لە ترۆپکی دەستهەڵاتدا خۆی بۆ ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە مانگی نۆی ٢٠١٧ دا ئامادە دەکرد.

لە کۆتایی ٢٠١٨ دا، زۆربەی خەونەکانی کوردەکان، شیواو و لەدەستچوو دەهاتە پێش چاو. دوای ئەوەی زۆرینەی بەرچاوی کوردەکانی عێراق لە ڕێفڕاندۆمەکەی حکوومەتی هەرێم، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، حکوومەتی ناوەندی عێراق بە پاڵپشتی ئێران و تورکیا، هێرشی کردە سەر کوردستانی عێراق و سەدا چلی ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی حکوومەتی هەرێمی داگیرکرد. لە شەو و ڕۆژێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیک بە نیوەی خاکەکەی لەدەستدا و بەشێکی زۆری کارتێکەرییە نێونەتەوەییەکانیشی لەدەستچوو. کوردەکانی تورکیا سەرەڕای بەدەستهێنانی کورسییەکانی پارلەمان لە هەڵبژاردنی مانگی ٦ی ٢٠١٨ دا، بە درێژایی ئەو ساڵە لەژێر هێرشی بەردەوامی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی دابوون، هەروەها هێرشێکی تازەی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، گروپێکی چەپی جیایی خواز، دەستی پێکرد. لە مانگی ٣ی ٢٠١٨ دا، تورکیا شاری عەفرینی داگیرکرد و بوو بە هۆی ئاوارەبوونی YPG و زیاتر لە دوو سەد هەزار هاووڵاتی کوردی ئەم شارە. دواتر لە مانگی ١٢ دا، کوردەکانی سوریا ئاگادارکران کە پارێزەرە ئەمریکییەکانیان بەزوویی پشتیان تێدەکەن.

بەڵام ئەم شکەستانە ناتوانن پێش بە ڕەوتێکی مەزنتر بگرن، ئەو ڕەوتەی لە چەند ساڵی داهاتوودا قەوارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشاندەکات. بەگشتی کوردەکان ئاستی متمانەبەخۆبوونیان لە بەرزبوونەوە دایە، داوای مافە زەوتکراوەکانیان دەکەن و لەهەمووی گرنگتر لە تاراوگە و لەناوخۆ هاوکاری نەتەوەیی یەکتر دەکەن. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی هەنگاو دەنێن. بەربەستە سەرەکیەکان بۆ ئەم یەکێتییە هەر ماون. جیاوازی زمان و بوونی لانیکەم دوو وڵاتی بەهێز واتا ئێران و تورکیا، بەرژەوەندییەکانیان لەدژایەتی هەر چەشنە کوردایەتییەک یەک دەگریتەوە. بەڵام بەو حاڵەش، ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بوونە هۆی دەستپێکی پرۆسەی نەتەوەسازی کوردەکان و لە درێژخایەندا هەڵوەشاندنەوەی زەحمەتە. تەنانەت ئەگەر وڵاتی یەکگرتوو و سەربەخۆی کوردستانیش ساز نەبێت، وشیاری نەتەوەیی کوردەکان دەستی پیکردووە. حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم وشیارییەی کودەکان دەترسن، بەڵام ئیتر توانای ئەوەیان نییە، پێشی بگرن.

دۆزێکی بزربوو

ئێستا سی میلیۆن کورد لە کوردستانی گەورە دەژین، ناوچەیەکی لێک گرێدراو کە بە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، باکووری عێراق و باکووری ڕۆژئاوای سوریا دا تێدەپەڕێت. بە دریژایی چەندین سەدە، عەشیرەتە کوردەکان لەگەڵ ئیمپڕاتورەکان عەڕەب و فارس و تورکدا ژیاون. کاتی وا هەبووە هاوکاریان کردوون یان لە دژیان ڕاپەڕیون. ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد لەدوای ڕووخانی ئێمپڕاتوری عوسمانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ڕیشەی داکوتا. پەیمانی سێوری ١٩٢٠ کە لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و عوسمانییە تێکشکاوەکان ئیمزاکرا، داوای ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەکرد بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کورد بوون لە تورکیای ئەمڕۆدا، بەڵام حکوومەتی تازەی تورکەکان لەدوای شەڕی سەربەخۆیی، دانوستاندنێکی تازەی لەگەڵ هاوپەیمانان دەستپێکرد و لە ئاکامدا لە ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان ئیمزاکرا و تێیدا دەستهەڵاتی تورکیا بەسەر ئەو ناوچانەی کە دەبوونە کوردستانی سەربەخۆ مسۆگەرکرا.

بەلام کوردەکان وازیان لە داوای سەربەخۆیی نەهێنا. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، خەباتی کوردەکان کە لەلایەن دەوڵەتە دژبەرەکان پشتیوانی دەکرا، لەهەموو ئەو وڵاتانەی کوردەکان تێیدا دەژیان بەردەوام بوو. تورکیا ڕاپەڕینی کوردەکانی لە ساڵەکانی ١٩٢٥، ١٩٣٠ و ١٩٣٧ دا سەرکوت کرد، دواتر لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، PKK شۆڕشێکی چەکداری لە تورکیا گەڵگیرساند و تائێستا بەردەوامە. لە ئێران لە ١٩٤٦ دا، کوردەکان بە پشتیوانی سۆڤیەت، یەکەم حکوومەتی کوردیان دامەزراند. کۆماری سەربەخۆی مەهاباد بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوامبوو، بەڵام دوای ئەوەی مسکۆ پشتی تێکرد، تێداچوو. کوردەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە لە سەرهەڵداندا بوون دژی حکوومەتی ناوەندی. بە پشتیوانی شای ئێران، دوو شەڕیان دژی بەغدا بەڕێوە برد لە شەستەکان و هەفتاکاندا، بەڵام لە ١٩٧٥ دا شۆڕش تێک شکا، دوای ئەوەی کە شای ئێران لەگەڵ پیاوە بەهێزەکەی عێراق، سەددام حسێن پێکهات و کوردەکانی بەتەنیا هێشتەوە.

ئەم ڕووداوانە بۆ هەرکام لەم چوار وڵاتە کە کەمینەی کوردی تێدایە، بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەرکوتی ناسیونالیزمی کورد ببێتە سەرەکیترین سیاسەت و ئامانجیان. دەوڵەتی تورکیای تازە بە سەرۆکایەتی کەماڵ ئاتاتورک، لە ١٩٢٤ دا زمانی کوردی قەدەغە کرد و بەردەوامبوو لە تووندوتیژی دژی کوردەکان، سووتاندنی گوندەکان، ئاوارەکردنی خەڵک و داگیرکردنی مڵک و ماڵیان. ئەگەرچی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دڵنیابوو لەوەی تورکیا دەتوانێت هەر هەڕەشەیەکی کوردەکان سەرکوت بکات، ڕاپورتێکی CIA لە ١٩٧١ دا ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە سیاسەتەکانی تورکیا بەتایبەت ئەو سیاسەتانەی پێوەندیان بە قەدەغەکردنی زمانی کوردییەوە هەیە، هۆکاری سەرەکی نائارامی کوردەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران لە ١٩٣٠ دا، زاراوە کوردییەکانی قەدەغە کرد. لە سوریا، حکوومەتی ناوەندی نەک هەر خوێندن و فێرکردنی زمانی کوردی قەدەغەکرد، بەڵکوو مافی خاوەن مڵکبوونی لە کوردەکان قەدەغەکرد. هەروەها لە سەرەتای شەستەکاندا، سوریا مافی هاووڵاتبوونی لە دەیان هەزار کوردی ئەو وڵاتە زەوت کردوو و کردنی بە بێ وڵات. لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردەکان لەباری ئابووریدا پاشگوێ خران و پاڵەپەستۆ دران.

سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت و ئازارە، کوردەکان توانیان ناسنامەی خۆیان بپارێزن، تەنانەت نەوە دوای نەوە پێناسەی نەتەوەییان بەهێزترکرد. زانای کورد، حەمید بۆزئەرسەلان. دەڵێ کە، حکوومەتەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا کوردەکان بە کەمینە چاولێدەکەن، بەڵام کوردەکان خۆیان وا نابینن، کوردەکان لە خاکی خۆیاندا لە کوردستان زۆرینەن، ئەوە تەنیا هەڵکەوت و ژێئۆپۆلیتیکی مێژوویی بووە هۆی ژێردەستبوونی کوردستان. سیستەمی حکوومەتی مودێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەربەستی سەرەکی هیوای نەتەوەیی کوردە. ڕاپۆرتێکی CIA لە ١٩٦٠ دا باس لەوە دەکات کە کوردەکانی ئێران و عێراق، هەموو پێداویستییەکانی سەربەخۆییان تێدا هەیە، هێزی سەبازی، ڕێبەرایەتی و هەروەها ئەگەری پشتیوانی هێزێکی دەرەکی واتا یەکێتی سۆڤیەت. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، تەنیا سەقامگیری حکوومەتی ناوەندی دەتوانێت بەکردەوە پێش بە جیابوونەوەی کوردەکان بگرێت.

دوو هەنگاو بۆ پێشەوە، هەنگاوێک بۆ دواوە

بەدرێژایی سەدەی بیستەم، تەنیا ڕێگای خودموختاری یان سەربەخۆیی کوردەکان، لاوازی حکوومەتی ناوەندی بووە و بەکردەوە لە بیست ساڵی رابردوودا ڕوویداوە. ئەگەر ئەمڕۆ کوردەکان لە عێراق و سوریا تۆزقاڵێک هیوایان هەیە، تەنیا هۆکار لاوازی دەسەڵات لە بەغدا و شامە، بەتایبەتی کردەوەکانی ئەمریکا پشتیوانی کوردەکان لەدوای شەڕی کەنداوی فارس، ڕووخاندنی سەددام لە ٢٠٠٣ دا و دواتر داگیرکردنی عێراق، هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییەی لە شەڕی داعش لە سوریا، هەلومەرجی بۆ سەرهەڵدانەوەی هیواکانی کوردەکان خۆڵقاندووە. واشنگتۆن، ناڕاستەوخۆ و لە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بوو بە مامانی لەدایکبوونی ناسیونالیزمی کورد.

هاوکاری سیاسی و سەربازی ئەمریکا و کوردەکان لە شەڕی کەنداو لە ١٩٩١ دا دەستیپێکرد. کاتێک سوپای عێراق لە کوەیت ڕاونرا، ڕووی چەکەکانیان کردە کوردەکان و شیعەکان چون پێشوازیان لە داوای جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا کردبوو بۆ ڕاپەرین لەدژی بەغدا.

لەژێر مەترسی ئەگەری کارەساتێکی مرۆڤیدا، ئەمریکا بە پشتیوانی فەرانسە و بەریتانیا زۆنی دژەفڕیناین بەسەر ناوچە کوردیەکانی باکووری عێراقدا ڕاگەیاند. لەژێر پارێزگاری زۆنی دژەفڕیندا، کوردەکانی عێراق توانیان خودمۆخدارییەک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و حکوومەتی هەرێمی کورستانیان لە ١٩٩٢ دامەزراند. کوردستانی عێراق بوو بە پێگەی لایەنگری ئەمریکا لەو وڵاتەدا. بەتایبەت دوای داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ دا هاوکاری کورد و ئەمریکا بەرفراوانتر بوو. هێزە کوردییەکان هاوپەیمانی سەربازە ئەمریکییەکان بوون لەشەڕی دژی سەددام و لەساڵەکانی دوایی دا کوردستانی عێراق، نموونەی ئارامی و سەقامگیری وڵاتێک بوو کە بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچوو.

پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بوو بەهۆی بەرزکردنەوەی سایکۆلۆجی کوردەکان لە عێراق و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نیشانیدا کە کوردەکان دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و لەئاستی ناونەتەوەیی دا بناسرێن، هەروەها بوو بەهۆی داڕشتنەوەی پێوەندی نێوان کوردەکان و حکوومەتەکانی تر. ئەگەرچی تورکیا هەموو کات دژی ویستی خودموختاری کوردەکان بووە، بەڵام لەکاتی دەسهەڵاتی ئەردۆغاندا بڕیاریدا پێوەندییەکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکوومەتی کوردستان پێک بێنێت. کوردەکانی عێراقیش کە دەستیان بە دەریاکان ڕاناگات، پێویستیان بە کاناڵێک بۆ دیپلۆماسی و بازرگانی هەبوو بەتایبەت بۆ هەناردەکردنی نەوت، حکوومەتی ئانکاراش بەخۆشحاڵییەوە ئەو کاناڵەی دابینکرد. لە ٢٠١٠، تورکیا کونسولی خۆی لە هەولێری پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. دواتر لە ٢٠١٢ دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیمانێکیان ئیمزاکرد بۆ سازکردنی بۆری نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ دەریای مەدیتەرانە. لە ٢٠١٨ ڕۆژانە، ٤٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە بەندەری جیحان لە تورکیا. ئانکارا هێڵێکی ئابووری سەرەکی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرد و هەر ئەوەش هەلی بۆ حکوومەتی هەرێم ڕەخساندبوو، لە عێراقدا بەردەوام بێت، دیارە بەرژەوەندی ئەردۆغانیش دابین دەبوو. کوردەکانی تورکیا کە پێوەندیان لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو، لە هەڵبژاردەکانی تورکیا دەنگیان بە پارتەکەی ئەردۆغان دا. لە ٢٠٠٩، ئەردۆغان پشت ئەستوور بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکان لەناوخۆدا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ PKK ڕاگەیاند.

زۆر زوو کردەوەیەکی تری ئەمریکا، ناڕاستەوخۆ، گۆڕانی بەسەر پێگەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هێنا. لە ٢٠١٤ ئیدارەی ئۆباما دەستیکرد بە پشتیوانی ئاسمانی بۆ پشتیوانی کۆبانی، شارێکی کوردی سوریا لەسەر سنووری تورکیا، بەدژی داعش. لەوکاتەدا داعش بەشێکی زۆر لە باکووری عێراق و سووریای داگیرکردبوو، بەتایبەت دووهم شاری مەزی عێراق، مووسڵ. بڕیاری واشینگتۆن بۆ پاراستنی کۆبانی، ڕەخنە و دژایەتی تووندی ئەردۆغانی لێکەوتەوە چون ئەمریکا ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە YPG دەکرد و YPG ەش پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ PKK لە تورکیادا هەبوو. هاوکاری ئەمریکا و YPG هاوکارییەکی سەرکەوتوو بوو. سەرکەوتنی کوردەکان لە کۆبانی بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لەدژی داعش، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بوو بە هۆی نیگەرانی ئانکارا.

لە ڕوانگەی ئەردۆغانەوە، هاوکاری ئەمریکا و YPG وەرچەرخانێکی مەزن بوو لە ناوچەکەدا. سەرۆک کۆماری تورکیا ترسی لە پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانێکی تر هەبوو لە سوریا. تورکیا دەیزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەرهەمی دەستێوەردانی ئەمریکا بوو لە عێراقدا کە بوو بەهۆی شەڕی ناوخۆ و لاوازی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا و پێکهاتنی سیستەمێکی فێدراڵ لە عێراقدا بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردە یەکەیەکی یاسایی. سوریا لەشەڕی ناوخۆ دابوو، بۆیە ئانکارا لەو باوەڕەدا بوو کە واشینگتۆن هەمان شتەی لە عێراق کردی لە سوریا دووبارەی دەکاتەوە، واتا گۆڕینی سوریا بۆ حکوومەتێکی فێدراڵ کە مافی خۆبەڕێوەبەری بە کوردەکان بدات. ئەردۆغان نەیدەتوانی دوو پێکهاتەی فێدراڵ لە دوو وڵاتی جیرانی دا قەبووڵ بکات، بەتایبەت بۆ کوردەکانی سوریا کە پیوەندی نزیکیان لەگەل PKK هەبوو. لە ٢٠١٤، ئەردۆگان وازی لە دانووستاندن لەگەڵ PKK هێنا و سیاسەتی شەڕ و تێکهەڵچوون دژی کوردەکانی تورکیا و سوریای گرتە بەر، هەروەها هەوڵیدا، هەموو کردەوە سیاسییەکانی کوردەکان بە هاوکاری PKK تاوانبار بکات و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی کوردی دەستبەسەر کرد.

ئەگەرچی ئەمریکا بوو بەهۆی تێکچوونی پێوەندی کورد و تورکیا، سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەگشتی پێناسەیەکی ناونەتەوەیی گرنگی بۆ کوردەکان دەستەبەرکرد. فەرانسە، بەریتانیا و ئەمریکا پێوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرینتر کرد و لەباری ئابووری و شێوازی ترەوە پشتیوانیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. کوردەکانی سوریا کە پێشتر لەلایەن دنیای دەرەوە پشتگوێ دەخران، توانیان لەئاستی جیهانیدا خۆیان بناسێنن بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لەشەڕ دژی داعش هەیانبوو. ئەم پێناسە تەنیا لەلایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە نەبوو. لە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی سوریا لە ٢٠١٧، لە کۆبوونەوەی پرۆسەی ئاشتی ئاستانە پێشکەشکرا، ڕوسیا دوو خاڵی گرنگی لەبەر کوردەکان پێشنیازکرد، لابردنی وشەی عەڕەب لەناوی کۆماری سوریای عەڕەبی و پێکهێنانی ناوچەی کلتوری خودموختار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆئەوەی منداڵان بتوانن بەزمانی عەڕەبی و کوردی بخوێنن. ئەو دوو خاڵە لەلایەن شامەوە قەبووڵ نەکرا و هیچ گارانتییەک نییە کە ئەم مافانە دابین بکرێن، بەڵام بوونی ئەو دوو خاڵە بە پێشنیاری ڕوسیا نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کوردەکانی سوریا لەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە بەفەرمی وەک هێزێکی خودموختار دەناسرێن.

رێنێسانسی کوردی

کوردەکان بە درێژایی سەدەی بیستەم تێکۆشاون بۆ دەستەبەرکردنی ئۆتۆنۆمی کولتوری و شێوازێک لە خۆبەڕێوەبەری. خەبات و سەرهەڵدان بەشێک بووە لە ژیانی تاکی کورد بۆ زیاتر لە سەد ساڵ، بەڵام ئیتر ئێستا وانەماوە، کوردەکان حکوومەت کردنیان تەجروبە کردووە، نەک هەر لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە ژمارەیەکی زۆر لە شارەوانییەکانی سوریا و تورکیا. ئەوە لە خۆیدا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەیی کوردەکان لە هەموو کوردستان.

تا ئێستا تەجروبەی کوردەکان لە دەستهەڵاتدا بێ کێشە نەبووە، بۆ وێنە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێچکەی بوون بە دەوڵەتێکی گرێدراو بە فرۆشتنی نەوتی گرتۆتە بەر لەگەڵ دێوەزمەی گەندەڵی، واسیتەکاری و قۆرخکردنی دەستهەڵات لەلایەن دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەستلەمەلانە. باڵی سیاسی YPG، پارتی یەکێتی دێموکراتیک توانیویەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسهەڵاتی خۆیدا، خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە دابین بکات، بەڵام ئەویش سیستەمێکی تاکە حیزبی دامەزراندووە. هەروەها لە تورکیا، نوێنەرانی پارتی دێموکراتیکی گەلان کە پارتێکی چەپە و کوردەکان تێیدا زۆرینەن، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ٣ی ٢٠١٤ دا، توانیان لە ١٠٢ شارەوانیدا سەرکەوتن بەدەست بێنن، بەڵام لەو کاتەوە ئەردۆغان لە ٩٤ شارەوانی دووری خستوونەوە و بەڵێنی داوە لە هەڵبژاردنی مانگی ٣ی ئەمجارەشدا بە هەمان شێوە بجووڵێتەوە. ئەگەر HDP بەردەوام بێت لە سەرکەوتن، بۆی هەیە ببێتە هاندەری ئەردۆغان بۆ قەدەغەکردنی ئەم حیزبە لە دادگای یاسای بنەڕەتی، تورکیای ژێنرالەکان هەمان جارەنووسیان بەسەر پارتە کوردییەکانی بەر لە HDP هێناوە.

ڕاستە کوردەکان لە خۆبەڕیوەبەریدا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام یارمەتیدەر بوو بۆ زمان و کولتوری کوردی لە ناوچەکەدا. بەتایبەت لە کوردستانی عێراق، دامەزراوە و ڕێکخراوەی وەکوو خوێندن و ناوەندە مێدیاییەکان بە زمانی کوردی بوونیان هەیە سەرەڕای جیاوازی دوو زاراوەی سەرەکی زمانی کوردی کە تا ڕادەیەکی زۆر ئاوێنەی جیاوازی سیاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن – كرمانجی زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی پارتی دێموکراتی کوردستان و سۆرانی لە ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی کولتورێکی دەوڵەمەندی کوردی دابمەزرێنێت. ئێستا سەدان کاناڵی تلیزۆنی کوردی، ماڵپەر و ئاژانسی هەواڵ و بەرهەمە کولتورییەکانی تر وەکوو چیرۆک و فیلم بوونیان هەیە. لەو سوریایەی حکوومەتی شام کە خوێندنی کوردی بە هەموو شێوەیەک تێدا قەدەغە کردبوو، پارتی یەکێتی دێموکراتیک زمانی کوردی کردۆتە زمانی فەرمی ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی خۆی. حکوومەتە ناوەندییەکان، زیاتر لە سەدەیەک بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنی زمان و کولتوری کوردیان دا و لە کۆتایی دا ئەو شەڕەیان دۆڕاند.

ڕێنێسانسی زمانی کوردی لە عێراق بوو بە هۆی نوێبوونەوەی کوردایەتی لە سۆشیال مێدیا و ڕەوەندی کوردی تاراوگە. تاراوگەی کورد بەتایبەت لە ئەوروپا زۆر بەهێزە. لە شەست ساڵی ڕابردوودا – زیاتر  لە یەک میلیۆن کورد وەک کرێکار یان پەنابەر کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا. ئازادی خۆڕێکخستن و هاوکاریی ڕکخراوە کۆمەلایەتییەکانی تر ئەو تواناییەی بە کوردەکانی ئەوروپا بەخشی ئاستی وشیاری بەنیسبەت کێشەی کورد بەرزبکەنەوە و زەخت بخەنە سەر حکوومەتەکانی ئاڵمانی، فەرانسە و هولەند – یەکێتی ئەوروپا بەگشتی –  بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانیان بەرانبەر ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا. سوشیاڵ مێدیای کوردی یارمەتیدەرێکی باش بووە لەو پێوەندییەدا.

گەشانەوەی کورد تەنانەت گەیشتۆتە ئەو شوێنانەی کورد تێیدا بێدەستهەڵاتە وەک ئێران و تورکیا. لە ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٤، ئەو ساڵانەی ئەردۆغان دەروویەکی بە ڕووی کوردەکان کردبۆوە، ئەنیستیتۆی زمانی کوردی، چاپەمەنی و بڵاوکراوە و قوتابخانە کرانەوە. ئەم دڵخۆشییە درێژخایەن نەبوو، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٧ دا، ئانکارا زۆربەی مافەکانی قەدەغە کردەوە، تەنانەت بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی نەهێشتنی هەموو هێمایەکی کوردی، نیشانەکانی ترافیک و تابڵۆی خوێندنگە و شارەوانییەکانی دا، بەڵام هەموو دەستکەوتەکان لەناو نەچوون. چەند زانکۆیەکی تورکیا کورسی زمانی کوردی پێشکەش دەکەن و حکوومەتی تورکیا، کانەلێکی تلیزۆنی فەرمی بە زمانی کوردی تەرخان کردووە. لە ئێرانیش لە ٢٠١٥ەوە، بژاردەی خوێندنی کوردی لە ئاستی دواناوەندی و زانکۆکانی ناوچە کوردییەکان لەبەردەستە.

نەتەوەیی بوون

توانەوەی سنوورە دەستکردەکانی نێوان کوردەکان، چێبوونی دەستهەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردی وەکوو حکوومەتی هەرێم، ڕێژەی زۆری کوردەکانی هەندەران (بەتایبەت لە ئەوروپا)، هەروەها سەرهەڵدانی ژمارەیەکی زۆر سۆشیال مێدیای کوردی، ئەوانە هەموو بە یەکەوە بوونە هۆکار بۆ بەهێزبوونی پێناسی کوردبوون. ئێستا ئیتر کوردەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا و هەندەران هەموویان لەیەک بابەت دەدوێن. تەنانەت ئەگەر هاودەنگ و هاوڕاش نەبن، زۆر ڕوونە کە ڕۆژگاری ئاڵۆزی سیاسی کورد لەگەڵ کورد وەک ئەوەی لە ٩٠ەکان لە عێراق ڕوویدا، بەسەرچووە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی ئیتر ئەوە قەبووڵ ناکات. کوردەکان هەموو پێداویستییەکی نەتەوەبوونیان کۆکردۆتەوە، تەنیا دەستهەڵات بەسەر خاکەکەیان نەبێت.

ئەم یەکبوونە تازەیەی کوردەکان لە پێکهاتنی یەکینە چەکدارە نەتەوەیی‌یەکاندا خۆی دەردەخات. كوردەکانی تورکیا هاوڕێ لەگەڵ هێزەکانی YPG لە سوریا شەڕیان کرد، بەهەمان شێوەش کوردەکانی سوریا و تورکیا چوونە ناو ڕیزەکانی هێزی چەکداری حکوومەتی هەرێم. کوردەکانی هەندەرانیش خۆبەخشانە ئامادە بوون بۆ شەڕ بەتایبەت چوونە ناو YPG. PKK ڕێبەرایەتی هێزی چەکدار لە عێراق و تورکیا و سوریا دەکات، بەهەمان شێوە لە ٢٠٠٤ەوە هێزێکی هاوپەیمانی لە ئێران پێکهێناوە. تووانەوە سنوورە دەستکردەکانی نێوان کورد لەگەڵ هێرشی هێزەکان داعش لە عێراق و سوریا لە ٢٠١٤، خێرایی‌یەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و بوو بە هۆکاری هەستکردن بە یەکێتی نەتەوەیی نێوان کوردەکانی هەر دوو وڵات. کاتێک تووشی هەڕەشەی لەناوچوون بوون، کوردەکان جیاوازییە سیاسیەکانیان وەلانا و یەکیان گرت. ئەم یەکگرتنە تا بەهێزتر بێت، زیاتر دەبێتە هۆی گۆڕینی قەوارەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە عێراق و سوریا لاوازی حکوومەتی ناوەندی ئەو هەلەی بۆ کوردەکان ڕەخساندووە خۆبەڕێوەبەر بن. ئەو شتە بۆ کوردەکانی ئێران و تورکیا لە ئێستا دا دەستەبەر نابێت. ئەم پرۆسەیە لە عێراق زۆر بەرەوپێش چووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا پارێزراوە. بەوحاڵەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەترسی دایە وەک چۆن لە دژکردەوەی بەغدا بەدژی گشت‌پرسییە ئاڵۆزی هێنەرەکەی ٢٠١٧ دا بیندرا. لە سوریا کوردەکان بۆی هەیە لەگەڵ ڕژیمی ئەسەد پێک بێن لەسەر شێوازێک لە خۆبەڕێوەبەری، بەڵام ئەگەر لەئێستادا ئەمریکا هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، ئەم دەرفەتە دەکەوێتە مەترسی و کوردەکان لە بەرامبەر ڕژیمەکانی شام و ئانکارادا بێ‌پشتیوان دەمێننەوە، بەڵام لەو ئەگەرەشدا هەر هێرشێک لەلایەن تورکیا یان سوریا بەدژی YPG هێرشێکی خوێناوی دەبێت و دەبێتە هۆی دژکردەوەی کوردەکان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هیچ شتێک وشیاری نەتەوەیی باشتر سازناکات وەک ئەو کاتەی داود گۆلیاتی (هێزێکی بچووک لەدژی زلهێزێک ڕادەوەستێ) گرت.

لە دە ساڵی ڕابردوودا، کورد لە تورکیا پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە، ئەگەرچی لە ماوەی ڕابردوودا پێوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی تووشی ئاڵۆزی بووە. هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ لاوازکردنی HDP – گرتنی بەربژێرەکان، ئابلۆقەی مێدیایی، ئازاری دەنگدەری کورد – نەیتوانی پێش بەو حیزبە بگرێت لە چوونە ناو پارلەمان لە سێ هەڵبژاردنی ڕابردوودا. (زۆربەی کادیرەکانی HDP و تەنانەت سەرۆکی ئەم حیزبەش سەلاحەدین دەمیرتاش، ئێستا لە گرتووخانە دەستبەسەرن) یاسای بنەڕەتی تازەی تورکیا کە لە گشتپرسی ئاپریکی ٢٠١٧ پەسەندکرا، سیستەمی سیاسی تورکیای کردە سیستەمی سەرۆکایەتی و لە دەستهەڵاتی پارلەمان کەمکرایەوە، ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ کەمبوونەوەی دەستهەڵاتی HDP، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پارلەماندا.

لە هەڵبژاردنی مانگی شەشی ٢٠١٨، HDP حیزبی سێیەم بوو، واتا لە دوای حیزبی دەستهەڵاتدار و حیزبی ئۆپۆزێسیۆن، ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە پرسی کورد لە سیاسەتی تورکیادا جێگیربووە. سەرکەوتنی HDP دەبێتە هاندەرێک بۆ جووڵەی شەقامی کوردی و لەئاکامدا بەهێزکردنی پێوەندی نێوان کورد و ئۆپۆزێسیۆن. بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئەوروپا بۆی هەیە ببێتە هۆکارێک بۆ هاندانی ئەوروپا لە گرتنە پێشی سیاسەتێکی کوردپەسەند لە پێوەندی لەگەڵ تورکیا. کوردەکانی تورکیا بەسەر دوو باڵی چەکدار (PKK) و سیاسی (HDP) دابەشبوون، بەو حاڵەش دەتوانن ڕۆڵی ڕێبەری کورد لەناوچەکەدا بگێڕن لەبەر ئەوەیکە بەپێچەوانەی پارچەکانی تری کوردستان، کورد لە تورکیا بەشێکە لە وڵاتێک کە بەپێی سیستەمی ڕۆژئاوایی بەڕێوە دەچێت. ڕاستە تورکیا، بایەخە ڕۆژئاوایی‌یەکان دەخاتە ژێر پێ، بەڵام کوردەکانی تورکیا قازانجیان لەو بایەخ و پرنسیپە ڕۆژئاوایی‌یانە وەرگرتووە.

پرسی کوردەکانی ئێران شاراوەیە چون ڕژیمی تاران پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە لاوازە هەر لە بنەڕەتیش ڕا ڕژیمێکی داخراو بووە، بەڵام ڕووداوەکانی پارچەکانی تری کوردستان کاردانەوەی لەسەر باسی کورد لە ئێران دا هەبووە. ئێران هەمیشە سیاسەتێکی دوو فاقی بەرامبەر بە پرسی کورد هەبووە، لەناوخۆ بەردەوام سەرکوتی کردوون و ڕێژەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوان لەسێدارە دەدرێن. لەهەمان کاتدا ئێران پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و توانیویەتی بەو شێوەیە حیزب و لایەنەکانی کوردی ئێرانی دانیشتووی هەرێم کۆنترۆڵ بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێران باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکەدا، بارودۆخی خراپی ئابووری، ترسی خستۆتە ناو ڕێبەرانی ئەو وڵاتە و کوردەکان بە مەترسیەکی گەورەتر دەزانن. کوردەکانی ئێران تەجروبەی خۆبەڕێوەبەرییان زۆر کەمە، بۆ دەیان ساڵ لەژێر دەستهەڵاتی حکوومەتێکدا ژیاون کە دەست لەهەموو بوارێکی ژیان وەردەدات، بەڵام ئێرانیش وەک سوریا دەوڵەتێکی بنکۆڵە و گۆڕان لەناوەڕاستەوە دەست پێدەکات. هەرچەند بیری نەتەوەیی زیاتر پەرە بستێنێت، بەهەمان ڕێژە کوردەکانی ئێران زیاتر خۆیان بۆ ئەگەری ئاڵۆزی لە تاران ئامادە دەکەن.

لە کۆتایی‌دا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گرنگترین لایەنی بڕیاردانە لەداهاتووی کورد بەتایبەت لە عێراق و سوریا. ڕەنگە ترامپ کۆتایی بە هاوکاری ئەمریکا لەگەل YPG بێنێت، بەڵام کوردەکانی سوریا دەستکەوتی زۆریان لەو هاوکارییە هەبووە. پێشتر وەک کەمبایەخترین پارچەی کوردستان سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا ناویان هاتۆتە نێو ناوان. تەنیا چەند کاتژمیر دوای بڕیاری ترامپ سەبارەت بە کێشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، قسەکەرێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند ئەو وڵاتە پارێزگاری لە کوردەکانی سوریا دەکات. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کوردەکان لاواز و ناچار بە دانوستانی پێشوەخت لەگەڵ حکوومەتی سوریا دەکات. ئەگەر ئەمریکا هەموو هێزەکانی بکێشێتەوە، دەبێتە هۆی ئالۆزی و پێشبڕکێی هێزە ناوچەیی‌یەکان لە سوریا و ئاکامێکی زۆر خراپ بۆ کوردەکان.

بۆ پێشگرتن لەو خاڵە کاربەدەستانی ئەمریکایی وەک مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و جان بۆلتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، تورکیایان لە کردەوەی دژی کورد لە سوریا ئاگادار کردەوە. ئەمریکا تازە هاتۆتە ناو کێشەی ئاڵۆز و لەمێژینەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەئاسانی خۆی لێدەرباز بکات. ئەمریکا ناچار دەبێت هەموو هێزی خۆی بەکاربێنێت بۆ پاراستنی کوردەکان لە ئانکارا و شام و هێزەکانی تر لە ناوچەدا، ئەوەش پێویستی بە بەرژەوەندی و سیاسەتێکی هاوڕا هەیە کە پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دا نەبیندراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمریکا تا ڕادەیەک پشتگیری لە بایەخەکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی کەمینە دەکات، ناچارە پشتیوانی کوردەکان بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت ئەگەر ترامپ ئامادە نەبێت هێز و دەستهەڵاتی سیاسی بۆ پشتیوانی لە کوردەکان بخاتە گەڕ، چەندین ناوەندی تری دەستهەڵات وەک مێدیا و کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەمریکا بوونیان هەیە و ئەو ئەرکە بەڕێوە دەبەن.

هەرچی لە داهاتووی نزیکدا ڕووبدات، بەدڵنیایی‌یەوە کوردەکان ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو، دۆخێک کە لە چەند دەیەی ڕابڕدوو بۆیان خۆڵقا. هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە دەروویەکی ڕوونی بەسەر کوردەکاندا کردووە و کوردەکان ڕێچکەیەکی گرنگیان گرتۆتە پێش. سەرەڕای نسکۆ، سەرکوتی بەردەوام و زیاتر لە سەدەیەک بێ وڵاتی، کوردەکان یەکیان گرتووە. دەوڵەتێکی کوردی ڕێیەکی دووری لەپێشە، بەڵام هەرکات ئەو دەوڵەتە پێک بێت، نەتەوەیەک هەیە تێیدا بژیت.