داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم ، دوو ڕەهەندی دەرەکی / جەستەیی و ناوەکی / هزری دەکەنە نیشانە و ئەگەر داگیرکاری تەنیا ، داگیرکارییەکی جەستەیی / فیزیکی بێ ، کاتییە و ناتوانێ زۆر درێژە بکێشی ، بەڵام ئەگەر ئاوەز و هزری نەتەوەیەک داگیر بکرێ ، درێژەکێشانی دەتوانێ دەیان و سەدان ساڵ بخایەنێ و تا لە هزر و ئاوەزدا ، چراوگی رزگاری دانەگیرسێ ، شەوی ئەنگوستەچاوی کۆیلایەتی ئاوا نابێ . بەسەرنجێکی خێرا لە داگیرکاریی سیستماتیکی پەیڕەوکراو لەسەر نەتەوەی کورد ، لێمان روون دەبێتەوە کە ئەوەی بڕستی لە جەستەی کورد بڕیوە ، ئاوەز و هزری داگیرکراوی کوردە و تا ” ئاوەز و هزر ” وەک ناوەندی بڕیار لە وێژمانی (دیسکۆرس) بیچمگرتوو لە بەرژەوەندییەکانی داگیرکەرانی کوردستان ، رزگار نەبێ ، فەرمانی مێشکی کۆیلە و داگیر کراو ، هەر کۆیلایەتی و بەرهەمهێنانەوەی یەخسیری دەبێ .له‌ ژێر تیشکی ئەو خوێندنەوەیەدا و بەسەرنجدان بە بۆشاییەکی هەراو کە لە بیاڤی بەرهەمهێنانی دەق و وێژمانی نیشتیمانی و ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا بە ڕوونی دەبینرێ ، ئێمە کۆمەڵێ لە نووسەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ، بڕیاری ئاڤاکردنی ماڵپەڕێکی هزریمان بە ناوی ” وێژمان ” داوە و بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە بەپێی توانا ، بۆشایی دەرهەستی ئاماژەپێکراو ، پڕ بکەینەوە و جووڵە و بزاڤ و شەپۆلێ لە دەریای مەندی وێژمانی کورد دا ، رێ بخەین . ماڵپەرێ ” وێژمان ” تەنیا ، گرنگی بە توێژینەوە و وەرگێڕانی تێکستی زانستی و پەیوەندیدار بە پرسی کورد بۆسەر زمانی کوردی و وتاری هزری و رەخنەگرانەی قووڵ و کارا و زانستی دەدات و لە پەرژانە سەر بابەتی ئاسایی و رۆژانە و شرۆڤەی سیاسیی رووداوەکانی رۆژ ، خۆی دەبوێرێ .لە پەیوەندی لە تەک پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هەراوە ” وێژمانی ” یەی کە لە بیاڤی نووسینی کوردی دا دەبینرێ ، داوا لە نووسەرانی کورد دەکەین ، یارمەتیدەرمان بن و بە ناردنی بابەتی توێژینەوە و وەرگێڕان و وتار و دەقی ئەکادیمی و رەخنەگرانە و زانستی ، ماڵپەڕی ناوبراو بکەینە شاباڵی فڕین و دۆزینەوەی ئاسمانە نەبینراوەکان و هەموو پێکەوە ، هەوڵی ڕۆنانی وێژمان و روانگەیەکی پتەوی نیشتیمانی بدەین و بە هەڵکردنی مۆمی ئەندێشە ، تاریکستانی داگیرکراوی ئاوەز ڕووناک بکەینەوە .

ئەدرەسی پەیوەندی و ناردنی بابەت :
wejman.editorial@gmail.com