Close

زمان و دەسەڵات

748 جار بینراوە, 3 جار ئەمڕۆ بینراوە

مەسعود بابایی

 

كەی دەكا شەرح و بەیاناتی ڕمووزی دەردی دڵ

ڕووڕەشی هەروەك دەوات و دووزوبانی وەك قەڵەم  “نالی”

 

” هەتا ڕێزمان هەیە، لە دەست خوا ڕزگارمان نابێت”  نیچە

“زمان دەسەڵاتە” هابێرماس

“زمان فاشیستە!” پۆل ڕیكۆر

 

بەرایی

هەركام لەو ڕستە و دەربڕینانەی سەرەوە دیو و ڕوخسارێكی زمانمان بۆ دەردەخەن كە تێكڕایان دەكرێ‌ لە بەستێنی دیاریكراوی خۆیاندا ڕاست و دروست و بەجێ‌ بن. پێوەندیی نێوان “زمان” و “دەسەڵات” كە ئێمە لە دوو وشەی سادەی نێو فەرهەنگ و وشەنامە دەریان دەهاوێژین و لە جووت كەوانەدا لێیان دەدوێین، پێوەندییەكی دیالكتیكیی قووڵە. یەكەمین پرۆسەی زاڵبوون بەسەر جیهانی سروشتدا، پرۆسەی “ناولێنان”ە. “ناولێنان” مافێكە كە مرۆڤ لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی “ناسین”دا بە خۆی بەخشیوە؛ واتە دەرهێنانی جیهان لە “سیاچاڵی بێمانایی” و واتاداركردنی ژینگەیەك كە تێیدا دەژین و دەستنیشانكردنی “قەڵەمڕەوی ژیان” لە ڕێگەی نیشانەداركردنەوە، یەكەمین قۆناخی شوناسبەخشین بە ڕووبەرێك لە سروشت و زەوییە كە جۆرێك لە مرۆڤ لە ڕەوتی فراژووبوون(تكامل، ئیڤلوشن)یدا بەرهەمی هێناوە. پێوەندییەكانی نێوان “فەرماندان” و “فەرمانوەرگرتن” لە ڕێگەی ئاماژەكانی زمانەوە باڵادەستی(ئوتۆریتی) و دەسەڵات لە نیشانەناسییەكی هێزتەوەرانەدا پۆلێن دەكەن. ڕێوشوێنەكانی “ڕێزلێنان” كە لە جووڵەكانی دەست و سەر و ئەندامانی لەشدا ڕەنگ دەدەنەوە، ڕەنگدانەوەی زنجیرەپلەیەكی هەرەمی(هیرارشی)ن.  هەر بۆ نموونە، دەستەواژەی “ڕیش سپی” و  “دەمڕاست”ی خێڵ و هۆز، پێوەندییی بە “زانین”ەوە هەیە كە ئێمەی كورد لە وشەی “ئەزموون”دا دەری دەبڕین و ئەزموونیش بەركەوتی ئێمە لەتەك مرۆڤ و دەوربەرە. “ئەزموون”، كەڵەكەبوونی “زانین”ە كە بەشێوەیەك لە شێوەكان دەتوانین هەردووك مانای “قاڵبوون” و “خاراوی”ی تێدا هەڵبهێنجێن و لەم سۆنگەوە گوتەكەی فۆكۆ  واتە”زانین دەسەڵاتە!” ماناكەی بە زوڵاڵی دەردەكەوێت. هەر بۆیە “ڕیش سپی” لە زنجیرەپلەی “فەرماندەری”دا، “فەرمانبەری”مان لێ دەخوازێ‌ و ئێمەش لەبەر ئەوەی كە باڵادەستی هاوپێناوی دەسەڵاتە، ڕێز لە “ڕیش سپی” دەگرین. لەم سەردەمەی ئێمەدا “ڕیش سپی” هەستی “ڕێزلێنان” لە لای ئێمە دەوروژێنێ‌ و ڕەنگە بتوانم بڵێم مانا و ئاماژەكانی دیكەی ئەم دەستەواژەیە لە خودئاگای ئێمەدا كەوتوون. مەبەستم ئەوەیە كە ئێستە وا بیر دەكەینەوە كە “تەمەن” ڕۆڵی سەرەكی لەم “ڕێزلێنان”ەدا دەگێڕێت؛ بەڵام بە بۆچوونی بەندە “ناخودئاگا”، ئێمە ناچار دەكات بەگوێرەی دووبارەبوونەوەی ڕەفتارێكی مێژوویی ئەم ڕێزە بنوێنین، بەڵام یادگەی وێنەیی(حافظه تصویری)ی ئێمە ماناكێشەكێ (تداعی معانی)ی “ڕیشی سپی / تەمەن” لە زەینماندا زیندوو دەكاتەوە و لەبەر ئەوەی ماناكانی دیكە لە “ناخودئاگا”ی ئێمەدا كەڵەكە كراون، ئێمە لە پاڵنەرە ڕەفتارییەكانمان بەئاگا نین كە لە زەین و زماندا پەپكەیان داوە!

“ڕەخنەی نیچەیی” تا ڕادەیەك هەوێنی ڕەخنەی پۆست مودێڕنیستییە كە بەوەوە بونیادی ڕەخنەی مێتافیزیكی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر خولیای مودێڕنیتە هەمان “مێتافیزیكی ئارایی”(متافیزیك حضور) ی دێریدا بێت، ئێمە درێژەی ڕەخنەی نیچە دەبینین كە دواتر لەسەردەستی فۆكۆ بە چەمكی “تكنیكەكانی ڕاڤە” دەگات. تكنیكی ڕاڤەی زمانی لە ڕێگەی ئاماژەگەریی زمانییەوە هەوڵێكە بۆ ئەوەی كە كۆشكی قەناعەتەكۆنەكان بڕمێت و لە سەر كاولاشی هەزاران ساڵەی هەقیقەت بینای ڕێژەگەرایی ڕۆ بنرێت.

زمان بەگوێرەی لۆژیكی دیاردەیی كار دەكات و هەر دیاردەیەك لە سرووشتدا هەبێ‌ لە زمانیشدا گوتەزایەكی بۆ درووست دەكرێ‌. سرووشت لە دۆخی ناخودئاگایی و هاوسەنگیی فیزیكیدا دەردەكەوێ‌. بەگوێرەی لۆژیكی دیاردەیی و پێوەندیی دیداری هەرچییەك لە جوگرافیای سرووشتی و مرۆیی ئێمەدایە لەڕێگەی چاوەوە دەگوازرێتەوە بۆ مێشكی ئێمە و ئێمە لێكدانەوەی وێنە لە مێشكماندا دەكەین بە وێنا، وێناكان دواتر بە فەرمانی ئاماژەی وێنایی دەبن بە ئاماژەی زمانی و بەم چەشنە مرۆڤ، جیهان لە سیاچاڵی بێ‌ واتایی دەهێنێتە دەرەوە و لەڕێگەی پرۆسەی ناولێنانەوە بەسەر جیهاندا زاڵا دەبێت.

مرۆڤ جوانیی گوڵ دەدۆزێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە هیچ گوڵێك هیچ خودئاگاییەكی لەهەمبەر جوانیی خۆی نیە. سیستمی وێناداریی زمانی لە دۆخێكی ستوونیدایە. دۆخی ستوونیی زمان دۆخێكی سیستمسازە، چونكە نۆژەنكەرەوەی جیهانی دەرەكییە لە گوتەزا زمانییەكاندا و هەمدیس رەنێوهێنان (بازتولید) ی جیهانە نەك بەو چەشنەی كە هەیە بەڵكو بەو چەشنەی كە مرۆڤ خۆی دەیهەوێ‌. ئەمەش دەتوانین بە توانای شوناسبەخشین ناودێری بكەین. لەم سۆنگەوەیە كە هابێرماس دەڵێ‌ :”زمان دەسەڵاتە”.

ـــ زمان و دەسەڵات

مەبەستمان لە دەسەڵات تەنیا دەسەڵاتی سیاسی نیە، بەڵكو هێزی پەنگراو (بالقوە) ی زمانە كە تێكڕای كۆد و نیشانەدانانی بۆرۆكراسیی سیاسی ــ كۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێ‌. لێرەدا دەمهەوێ‌ بە دوو وشەی ” سام و شكۆ” پێوەندیی زمان و دەسەڵات ڕوون بكەمەوە. مەبەست لە شكۆ هەمان زنجیرەپلە (هیرارشی ) یە و مەبەستمان لە سام (هەژموون) ە. هەڵبەت پێویستە وشەكانی ترسناكی و سامناكی لێكهاوێر بكەین. سام پێوەندییەكی نزیكی لەگەڵ (هیبت) هەیە ــ ڕەنگە هاوواتاش بێت ــ و لە ئەنجامی شكۆدارییەوە دەڕەخسێ‌. ئەگەر دیمەنێكی هونەری و بەرهەمێكی گەورەی تراژیكی وەك “هاملێت” ی شكسپیر لەبەرچاو بگرین، هێزی چارەنووس و  شكۆی كەسایەتیی هاملێت توانای كارتێكەریی زۆری هەیە و  وامان لێدەكات پەسنی هاملێت بكەین. ئەگەر ئەمە باڵادەستی (ئۆتۆریتی) پاڵەوانێكی چیرۆك بێت، لە دۆخی ڕاستەقینەدا دەبێ‌ چۆن بێت؟!

لۆژیكی كارتێكەری، لۆژیكی هێزە. لۆژیكی هێز لە ئاستی سیاسیدا كاتێك سیستماتیك دەبێت و دۆخی هیرارشی بەخۆوە دەگرێ‌، ئیدی هێز نیە، بەڵكوو پێی دەگوترێ‌ دەسەڵات. دەتوانین دوو وشەی سام و شكۆ لە دۆخی وشەییەوە بیانترازێنین و هەردووك زاراوەی “سامسازی” و “شكۆسازی”یان لێ‌ ساز بكەین و بیانكەین بە زاراوەی شیكەرەوەی ئەم باسەمان.

ئەگەر بڕوامان بە تیۆریی تاودانەوە (بازتاب/انعكاس) هەبێ‌، دەبێ‌ بڕواشمان بەوە هەبێ‌ دۆخی دەربڕینی زمانی، نیشانەی دۆخی كارتێكەرییە لە واتای بەرینی خۆیدا. تەنانەت پرۆسەی ناولێنانیش لە ئاكامی كارتێكەریی سروشتی/ دەرەكییەوە ئەنجام دەدرێ‌. هێزی كارتێكەری، هێزی دەسەڵاتە و هێزی دەسەڵاتی مرۆیی لە ئاكامی بنەواشە و تەكووزداری (پرنسیپ و دیسپلین) دەگات بە زنجیرەپلە. كاتێك دەگەین بە زنجیرەپلە لەوەلا ئۆرگانیزم و ئۆرگانیزاسیۆن دەست پێدەكات.

دەسەڵات كۆتەڵ و پەیكەربەندییەكی لاڵ نیە. لە ڕێگەی زمانەوە “گوتەزاسازی” دەكات. هەر گوتەزایەك لە خولگەی كۆمەڵێك چەمكدا دەخولێتەوە. زمان بە داڕشتنی پلەكانی واتا و واتاداری، پلەكانی بەهادانان ڕێك دەخات. پەروەردەی ڕەوشتی، بەهاكان و بایەخەكان دادەنێ‌، بەڵام زمان پۆلێنبەندیی دەكات و سیستمی ڕەوشتی و پلەبەندیی واتا بە سیستمی بەهادانان (یان بایەخدانان) دەگات. هەركام لە گوتەزاكانی دەسەڵات بەگوێرەی پلەیان دادەڕێژرێن. هەركام لەم گوتەزایانەی دەسەڵات باری یاسایی پەیدا دەكەن و ئەم بارە یاساییانە دوو ئەركیان لەسەرشانە: “سامسازی” و “شكۆسازی”.

وشەكان، دەستەواژەكان، زاراوەكان ئامرازەكانی سامسازی و شكۆسازین. پێوەندیی زمان و دەسەڵات پێوەندیی هێز و دەربڕینە. هێز و دەربڕین دەبێ‌ بەگوێرەی زنجیرەپلەكان و بەشێوەیەكی شاقووڵی زنجیرەپلەی بایەخەكان بەیاریدەی پلەبەندیی واتایی بڕەخسێنن تا یاسا لە دایك ببێ‌. ئەوەی دەمێنێتەوە شتێكە بەناوی هاوگوێرەسازی (معادل سازی).

هەموو سیستمێك بەگوێرەی هاوسەنگی كار دەكات. سیستمەكانیش خاوەنی نیشانەپەڕژان (sémiosis) ن. ئەم نیشانانە بە كۆدی زمانی پاچەڤە دەكرێن و هەركام لەم كۆدانە هاوسەنگیی ئۆرگانیك درووست دەكەن كە هەموویان بە زاراوەكانیان دەناسرێنەوە. ناسین و ناسینەوەی كۆدەكان ئاگایی بە سیستم درووست دەكەن و ئاگایی دەتوانێ‌ هەوێنی ئافراندنی بنەواشە و تەكووزداری بێت؛ ئەمەش لە ئاكامی سام و شكۆوە دەروەستبوون لەلای ئەندامانی سیستم چێ‌ دەكات. دەزانین سیستم نابێ‌ دژبەر و پێكناكۆك (پارادۆكسیكاڵ) بێت، بەڵكوو دەبێ‌ تەبایی لەنێوان ئەندامانیدا درووست بكات تا بە ئۆتۆریتی بگات. “هاوگوێرەسازی” درووستكردنی گوتەزای هاوگوێرەیە كە لە دۆخی گونجان و گونجاندندان نەك دژبەری و ناكۆكی. ئەم هاوگوێرەسازییە لە بواری زمانیدا پێی دەگوترێ‌ “هاوواتاسازی” كە بەشێك لە هاوگوێرەسازییە.

“هاوگوێرەسازی” پۆلێنبەندیی گوتەزایی و واتاییە كە دەسەڵات پەنەوازی ئەمەیە. وای بۆ دەچم گوتەزای پۆلێنبەندیی دانایی (ئێپیستمە) ی فۆكۆ، دەبێ‌ بە قۆناخی هاوگوێرەسازیدا تێپەڕ ببێ‌.

ئایا گرێدانەوەی دەسەڵات بە زانین، دەكرێ‌ گرێدانەوەی “دەسەڵات” بە “هەقیقەت” بێت؟

نیچە، پێوەندییەكی قووڵ لەنێوان زمان و “هەقیقەتسازی”دا دەبینێ‌ كە ئەوەش لە ڕێگەی “میتافۆر”ەوە ڕایەڵ دەبێت.

ئەمە كە “هەقیقەت” دەدۆزرێتەوە یان بەرهەم دەهێنرێت، ئێجگار گرنگە؛ بەڵام لەوەش گرنگتر كاراییە، كە هەقیقەت لە شیرازەی”دەسەڵات”دا هەیەتی. ئایا زمان پێناوی “هەقیقەت” و “دەسەڵات” نیە؟ “هەقیقەت” وەك كچێكی شۆخ و “دەسەڵات” وەك هەڵپەی گلگامێش! بەڵام ئەم وێنە ئەدەبی ـ فەلسەفییە بە بێ‌ نێوەندگیریی زمان ڕوون نابێتەوە.

بەرهەمهێنانی “زانین” و “ناسین” لە ڕەوتی مێژوودا لە یادەوەریی مرۆڤ و كۆمەڵگەكاندا بووەتە مایەی كەڵەكەبوونی سەرمایەیەكی ڕەمزی و ڕۆحی كە پشتاوپشت لە فەرهەنگدا ڕەنگی داوەتەوە و جۆری ڕەفتاری كەسی و كۆمەڵایەتیی ئێمە بەرەنجامی ئەو كەڵەكەبوونەیە كە ڕەنگە گەلێ‌ جار سەرچاوەی ڕەفتارەكەشمان نەزانین و ئاساییە لە سەروبەندی نواندنی كرداردا ئێمە لە ڕیشەی ڕەفتارەكەمان تێنەگەین. تێگەیشتن لە هەڵسوكەوتی زمانی و شێوەكانی كاردانەوەی زمانی كە پێوەندیی بە ڕەفتارناسیی زمانییەوە هەیە، وا دەخوازێ‌ ڕەگە قووڵەكانی ئایین و ئوستوورە و ئەفسانە و شێوەژیانی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە زمانییەكان بناسین. كەسانێك كە دەیانهەوێت مرۆڤ لە چوارچێوەی چەشنێكی گیانەوەریدا بناسێنن، ڕەفتارە هاوبەشەكان و وارسكە و ئاوەزی مرۆیی و هەندێ‌ تایبەتمەندیی كۆمەڵناسانە و دەروونناسانە وەك بنەمای پێناسە بەكار دەهێنن كە بەندە پێموایە پێناسەی گشتگر و هەمەكیی مرۆڤ، تەنیا چەشنی گیانەوەریی مرۆڤ پێناسە دەكات و  لەو ناكۆكییانە نادوێ‌ كە هەر كام لە ئێمەمانان لە پێناسەكردنی “مرۆڤبوون”دا هەمانە. بە بێ‌ پێناسەكردن و دانپیانان بە مرۆڤ وەك “گیانەوەری فەرهەنگی” پێناسەی هەمەكیی مرۆڤ ناتوانێ‌ ئەو ناكۆكییە قووڵانە بخاتە بەرچاو كە كۆمەڵگەی مرۆیی لە بەرانبەر یەكدیدا هەیانە.

“زمان” دەرخەری توخمگەلی جیاجیای فەرهەنگییە. توخمی جیاجیای فەرهەنگی كرۆكی پێناسەی كۆمەڵگە مرۆییەكان لەمەڕ خۆیانە و ئێمە لەبەر چەندین توخمی جیاوازی فەرهەنگی، دەتوانین چەندین چەشنی مرۆییی جیاواز دەستنیشان بكەین كە لە باری زیندەناسانەوە هەموویان مرۆڤن، بەڵام لە باری “فەرهەنگی” یەوە هەندە لێك دوورن كە وێنای چەشنی جیاوازی مرۆیی لە زەینماندا دەوروژێنن. “زمان” وەك بارگەی “فەرهەنگ”، تێكڕای پێوەندییە فەرهەنگییەكان لە سیستمێكی مەودادانان جێ‌ دەكاتەوە و “مەودادانان” هەوێنی”هەڵاواردن”ە و بە بێ‌ “هەڵاواردن” شوناس بیچم ناگرێت. بەرەنجامی”مەودادانان” بە “هەڵاواردن” دەگات.

گوتەی بەناوبانگی هابێرماس”زمان دەسەڵاتە” بە مانای ئەوەیە كە “زانین دەسەڵاتە” و بەرهەمهێنانەوەی زانین دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی “هەقیقەت”.  “زمان” و”زانین” و “هەقیقەت”، وەك سێ‌ گوتەزای جێی بایەخی “نیچە” و “فۆكۆ” هەموویان پێوەندییان بە ڕەخساندنی “وێژمان (دیسكۆرس)”ەوە هەیە و ئاشكرایە بانگەشەكردن بۆ “هەقیقەت” یان “خاوەندارێتیی “هەقیقەت” بە مانای وەدەستهێنانی “دەسەڵات”ە.

ــ كارایی و هەقیقەت:

ئایا هەر لە بنەڕەتەوە ئێمە بە دوای “هەقیقەت” لەپێناو “هەقیقەت”دا دەگەڕێین؟  ئەم دەربڕینە وەك ئەوە وایە كە بێژین: “دادپەروەری لەپێناو دادپەروەریدا”. گرێدانی دادپەروەری بە هەقیقەتەوە، لە سۆنگەی “ماف” و “مافخوازی”یەوە مانادارە؛ بەدەر لەمە هیچ سوودێكی هزری و ماددیمان پێناگەیەنێت. مەبەستمان ئەوەیە كە پێداویستی و مەرجەكانی “ماف” و “مافخوازی” گرێدراوی “هەقیقەت” و “دادپەروەری”ن؛ هەر بۆیە لێرەدا ئێمە بۆ دابینكردنی مافەكانمان ئەمانە دەخوازین، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی “كارایی”یان هەیە.

ڕەنگە كەسانێك ئەمە بە “سوودباوەڕی” و “پراگماتیزم” لێك بدەنەوە كە خودی چەمكی “هەقیقەت” وەك “شتێك كە دەبێ‌ هەبێت” نەك “شتێك كە هەیە” چەواشە دەكات. بەرتەكدانەوەی ئەم بۆچوونە تاڕادەیەك دژوارە و دژوارییەكەش لەوەدایە كە ئێمە ناتوانین “كارایی” بكەین بە پێوەری هەقیقەت. هەڵبەت ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت، هەقیقەتێك هەیە كە گەوهەری تێكڕای هەقیقەتەكانە و ئێمە پێی ناگەین، ئیدی بەستنەوەی مانای “كارایی” بە “هەقیقەت” كێشەسازە. چونكە ئەو هەقیقەتەی كە دابڕاو لە “كارایی” بێت، بەدڵنیاییەوە لە “دەسەڵات”یش دابڕاوە؛ بەڵام بەدرێژاییی مێژووی مرۆییی ئێمە “هەقیقەت”ێك شك نابەین كە لە “دەسەڵات”دا ڕەنگی نەدابێتەوە یان “دەسەڵات” نەیكردبێت بە دەستەچیلەی خۆی!

پێوەندیی نێوان “دەسەڵات” و “هەقیقەت” لەو میتافیزیكەدایە كە زمان لەمەڕ “هەقیقەت” دەیڕەخسێنێ‌. ئەگەر كەسێك “هەقیقەت”ێك شك دەبات كە دەتوانین لە دەرەوەی زماندا، لێی بدوێین و لە چاومان بچەقێ‌، دەتوانێ‌ لە بەرتەكدانەوەی ئەم بەڵگەهێنانەوەیەدا بیخاتە ڕوو! بەڵام ئەوەندەی كە لانیكەم لە بواری “وێژمانی دەسەڵات”دا بەندە ئاوەزم بەسەریدا دەشكێت،”هەقیقەت” و “كارایی” وەها پێكبەستراون كە هەردووكیان بۆ “هەقیقەتێكی جمك” وەرگۆڕدراون. ڕەنگە لە ڕاڤەی گوتەی “زمان دەسەڵاتە”، بتوانم بێژم كە دەسەڵات بریتییە لە هەقیقەت و كارایی كە زمان لە “مەیدانێكی وێژمانی”دا دروستی دەكات و ئنجا لە زەمینەی كەتوار(واقعیت)دا زەق و زەڵا دەبێتەوە.

ئێستە با پرسیارێك بهێنینە ئاراوە: ئاخۆ كارایی چ نەخشێك لە بەرهەمهێنانی هەقیقەتدا دەنەخشێنێ‌؟

ئێمە بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە بابەتی “جیهانبینی” بێنینە گۆڕێ‌. مرۆڤ، لە ڕامان لە سروشت و دەوروبەری خۆی و بەراوردی”زەین” و “كەتوار”، بڕوا بە هەندێ‌ بیرۆكەی تاقینەكراوە دەهێنێ‌ و بە پێشداوەرییەكانی خۆی زنجیرەیەك پرسیار و وڵام لە لای خۆی گەڵاڵە دەكات و بەم چەشنە زنجیرەیەكی بەدوایەكداهاتووی زەینكرد ـ نەك زانستی ـ لەبارەی جیهانەوە بەو چەشنەی كە تێی دەگات، لەسەر بنەمای بەڵگەهێنانەوەی لۆژیكی پێكەوە گرێ‌ دەدات و بە پێشبینیكردنی وڵامەكان پرسیارگەلی تێهەڵكێشكراو دادەڕێژێ‌ و بەپێچەوانەشەوە بە گوێرەی وڵامە تێهەڵكێشكراوەكان پرسیارگەلی هاوپەیوەست و هاوبەستێن دادەڕێژێ‌ و بە درێژەدان بەم ڕێسراوە دوورودرێژە، جیهان و دەوربەر و بەرهەست(عین)  و دەرهەست(ذهن) بە یارمەتیی دیالكتیك پێناسە دەكات. ئەم كارەش دەبێ‌ وەها سەر بگرێت كە پێشوەختە كەلێنەكانی بەڵگەهێنانەوە بە پێشبینیكردنی ڕەخنەی نەیاران پڕ بكرێنەوە تا سیستمێكی تۆكمەی ئیپیستمۆلۆژیك بێتە كایەوە و ئەمەش بە دەزگایەكی چەمكیی تۆكمە پۆشتە و پەرداخ دەكرێت كە بە یاریدەی زمان  لە دایك دەبێت؛ واتە تا ئەو كاتەی تێكڕای دەزگای چەمكیی جیهانبینییەك لە زماندا نیشانەڕێژ و ڕەمزپەڕژاو نەكرێت، مەحاڵە جیهانبینییەك بۆ ئێمە شی و شرۆڤە بكرێت. دەركەوتنی تۆكمەییی جیهانبینییەك كە بۆ هەموو پرسیارێك وڵامێكی ئامادەی هەیە، “هێزی مەعریفی” وەدەست دەهێنێ‌ كە لە ڕێگەی زمانەوە فرچكی گرتووە و فراژوو(متكامل) بووە و بە دەمكوتكردن و بێدەنگكردن و مەرگی پرسیاری ئەوانی دیكە دەسەڵاتی وەدەست هێناوە و هەربۆیە گوتەی”زمان دەسەڵات”ە، بەم شێوەیەش ڕاڤە و مانا دەكرێتەوە. “مەرگی پرسیار” بە واتای بڕواهێنان بە جیهانبینی و ئایدیۆلۆژییەكی دیاریكراو نیە؛  بەڵكو ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە وێژمانی جیهانبینی و ئایدیۆلۆژییەكی دیاریكراو لە بەرەنجامی فراژووبوون(تكامل)یدا چەندین قۆناخی بەگوێرەی پەیڕەویكردن لە دیالكتیكێك بڕیوە و ماوەیەكی دوورودرێژ خەریكی داڕشتنەوەی خۆی بووە تا بە سیستمێكی چەمكی گەیشتووە كە ئەو سیستمە چەمكییە لە وێژمانەكەیدا هەندە سفتوسۆ دراوە تا توانیویەتی یۆتۆپیای خۆی بەسەرماندا بسەپێنێت. ئەو زمانەی كە بتوانێ‌ وەها سیستمێكی چەمكیی تۆكمە نیشانەدار و ڕەمزپەڕژاو بكات، چەشنی زمانی سەردەست، زمانە بندەستەكانی خۆی دەخاتە دۆخی پرۆسەی وەرگێڕانێكی پڕووكێنەر و بەم شێوەیە وێژمانی فەرهەنگی، سیاسی و كۆمەڵایەتیی خۆی لە زمانی بندەستدا دەچێنێ‌ و ئەمە وا لە زمانی بندەست دەكات وەك بێچووی دەستەمۆ و شیرەخۆرەی زمانی سەردەست خۆی بنوێنێ‌ كە ئەم دیاردەیە لە زمانی گەلانی دواكەوتوو و بندەستدا بەزەقی وەبەرچاو دەكەوێت!

بەكورتی بەگوێرەی ڕوانگەیەك كە خرایە ڕوو” زمان دەسەڵاتە”، چونكە “زانین دەسەڵاتە” و هەقیقەتیش خوانێكی ڕازاوە ـ ئەگەر نەڵێین چەك ـ یە كە بەئاسانی دەتوانێ‌ “ملكەچیی خۆبەخشانەی ئەوی دیكە” بە دوای خۆیدا بهێنێت. “هێزی هەقیقەت” بە وێناكردن و خستنەڕووی كۆتاییەك و ئاكامێكی لێدەربازنەبوو بۆ جووڵەی تێلۆلۆژیی مێژوو، ئێمە بە شەپۆلی خۆی دەسپێرێت. لەم ڕووەوە “دەسەڵات” بە بێ‌ وەگەڕخستنی “هێزی هەقیقەت” دەرۆستی ملكەچكردنی كۆمەڵگە نایەت!

“زمان”، خاوەنی هێزی “داپۆشین” و “ئاشكراكردن”ە؛ واتاداركردن و هەڵبژاردنی مانا دڵخوازەكان و شاردنەوە و داپۆشینی ئەو مانایانەی كە ئێمە نامانهەوێ‌ لە پرۆسەی دروستكردنی هەقیقەتدا نیشان بدرێن، لە ڕێگەی زمانەوە ڕایی دەكرێت. “هەقیقەت” ڕوخسارێكە لە تاریكیدا كە ڕووی لە ڕووناكییە؛ هەر بۆیە ئێمە بەئاسانی بە دوای ڕووناكییەكی نێو تاریكی دەكەوین و لەوە خافڵ دەبین گەلێ‌ مانای لەقاودەر لە تاریكیدا شاردراونەتەوە. زمان، ئەركی شاردنەوەی ئەو مانا لەقاودەرانە لە ئەستۆ دەگرێت و بە بێ‌ شاردنەوە ـ نەك ئاشكراكردن ـ هەقیقەت لە دایك نابێت!

هەقیقەتی بێ‌ هێز، نە سەرنجڕاكێشە و نە شوێنكەوتەی هەیە! لە بەرەنجامدا هیچ هەقیقەتێك بەدەر لە كارایی نیە؛ زمان بە پێناسەكردن و شەنوكەو و ڕاڤە و شرۆڤە ـ بە لەبەرچاوگرتنی نیازی زاڵێتیخوازیی ئێمەی مرۆڤ ـ هەقیقەت لە تانوپۆی خۆیدا دەچنێ‌ و چنینی هەقیقەت بەگوێرەی هەڵپەی زاڵێتیخوازی، دەبێتە هەوێنی پێناسەداركردنی زنجیرەپلەیەك كە ئێمە دەمانەوێ‌ لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیماندا وەك هەرەمێكی دەسەڵات لە وێژماندا ڕەنگ بداتەوە.

وێژمان، دوایین قۆناخی فرچكگرتنی هەقیقەت و دەسەڵات”ە و لە تیۆری و پراكتیسدا ڕەنگ دەداتەوە و دیارە دەبێ‌ لە ڕەوتێكی دیالكتیكیدا مەیدانی كاریگەری  و كارتێكەریی خۆی دروست بكات. هەر بۆیە كاتێك لە پێوەندیی نێوان زمان و دەسەڵات دەدوێین، باس لە “وێژمان”دەكەین كە جۆرێك لە هەقیقەت بەرهەم دەهێنێ‌ كە بەرەنجامی نیشاندانی هەندێ‌ توخم و شاردنەوەی هەندێ‌ توخمی ماناییی دیكەیە كە لە ڕەوتێكی دیالكتیكیدا دێتە كایەوە. لێرەدا “شاردنەوە” و “داپۆشینی”مانا نەخوازراوەكان لەپێناو “هەقیقەتسازی”یە و ئامانج لە “هەقیقەتسازی” ـ بەپێچەوانەی دۆزینەوەی هەقیقەت ـ كاراییە و لە پێوەندی لەگەڵ “دەسەڵات”دا زمان بە دوو پرۆسەی هاوكات، واتە “ئاشكراكردن و شاردنەوە”، ئەم كارە لە “مەیدانی وێژمانی”دا جێبەجێ‌ دەكات.

ـ هەقیقەتی بەرهەمهاتووی دەوڵەت ـ نەتەوەی پان ئێرانیستی، هەقیقەتێكی ساختەی مێژووییی بەرهەم هێناوە كە بەهەرحاڵ كاراییی خۆی تا سەردەمی ئێمە پاراستووە. ژیارێك كە لەسەر چیرۆك و ئوستوورەی قارەمانێتی بەرهەم هاتووە، ئێستە لە تووناوتوونی گێڕانەوە هەمەچەشن و هەمەڕەنگەكاندا بیچمی بە جۆرێك لە هەقیقەت داوە كە لە ڕاستیدا ناهەقیقەتە. بەڵام بژاردەیەكی دیاریكراو كە پێویستیی بە وەها هەقیقەتێكی ساختە هەیە ـ بەدەر لەوەی كە لە پێوەندی لەتەك زاڵێتیخوازیدا هەقیقەتی ڕەسەن هەیە یان نا! ـ ئەم هەقیقەتە كە تەنیا تەمەنێكی كورتی یەك سەدەییی لە دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانیدا هەیە، كۆمەڵێك ئەفسانە و ئوستوورەی نێو شانامە كۆڵكێش دەكات كە بە بێ‌ ئەو كۆڵكێشكردنە جێگرەوەیەكی دیكەی نیە.

بژاردەی ڕووناكبیریی كورد تەنیا لەو تایبەتمەندییە زەق و سواو و فرەپاتەیە دەدوێ‌ كە بەزەقی لە سیمای دەوڵەتداریی سەرەڕۆ و ستەمكارانەی پان ئێرانیزمدا دەبینرێ‌ كە خۆیشی بەشێكە لە ستەمكاریی خۆرهەڵاتی و فەڕی یەزدانی كە گوایە بە باڵای ستەمكاردا بڕاوە! بەڵام بینیی دەزگا یان سیستمێك لە چوارچێوەی هەمەك(كل)ێكدا، وامان لێدەكات سازوكار(میكانیزم) نەبینین. ناسینی سازوكاری دەزگا یان سیستمێك، بریتییە لە پەیبردن بە نیشانەناسی و نیشانەسازیی ئەو دەزگا و سیستمە؛ ئەگینا ڕەخنە لە هەمەك(كل) وڵامی ئامادەكراوی ئەو هەمەكەی بەدوادا دێت كە خۆی بۆ پرسیارە ڕەخنەییەكان ئامادە كردووە. بەرەنگاربوونەوەی سیستمێك كە خۆمان تێیدا پەروەردە  و گۆش كراوین، بە یاساكانی ئەو سیستمە نەلواوە. بژاردەی ئاكادیمیك و ڕووناكبیری خۆرهەڵاتی كوردستان بمانەوێ‌ یان نا، لە دامودەزگایەكی زانكۆییدا گۆش كراون كە وەكو هەموو زانستگەكانی دیكەی دنیا ئەوانیش لەتەك مێتۆد و تیۆرییە زانستییەكانی جیهانی ئەمڕۆ ئاشنا دەبن و جیهان بەو پێوەرانە دەخوێننەوە و ڕاڤە دەكەن كە گوایە زانستگەكانی دیكەی دنیاش هەر بەو چەشنە كار دەكەن! ئەگەر خۆمان بە پرسیارە هەمەكییەكانەوە خەریك بكەین، بە كۆمەڵە وڵامێكی هەمەكی وڵام دەدرێینەوە و تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو سیستمە هەمەكییەشدا ڕەخنە توندەكانمان لە پرسیار و وڵام و گفتوگۆیەكی درێژدادڕانەی مامۆستا و قوتابیی پۆلەكانی زانكۆدا بەرەبەرە كاڵ دەبنەوە و ئازادیی درۆیینەی هۆڵەكان و حەوشەی زانكۆ لە گفتوگۆ و گەنگەشەیەكی بیزانتیدا نوقممان دەكات. ئاریشەی سەرەكی لەو پەروەردەیەدایە كە پێشتر دەبێ‌ “ئیمانی پێ‌ بهێنی تا باوەڕ بكەی!” سیستمێك كە پێشتر لە چوارچێوەیدا دەبێ‌ ڕێساكانی پەسند بكەی، ئنجا بە دوای كەلێنەكانیدا بگەڕێی تا ببنە مایەی ڕەخنەی شێلگیر. بەم شێوەیە ناڕازیی نێو سیستمی پەروەردەی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی لە چوارچێوەی كەشی ئازادیی درۆیینەدا كە كەشی ئاكادیمیكی پێدەگوترێ‌، یارمەتیی سیستم دەدات تا كەلێنەكانی پڕبكاتەوە و بەم شێوەیە توانای وڵامدانەوەی زیاتر هەڵدەكشێ‌، چونكە “ناڕازی” لە “مەیدانی وێژمانیی” ئەودا هەڵدەسووڕێ‌؛ وەك میكانیكێكی كارخانەیەكی گەورە كە بە بادەك(آ‌چار)ێكی گەورە پێچ و مۆرەی ئامێرەكان توند و سفت دەكاتەوە!

زمانی فارسی بەگوێرەی سروشتی دیوانسالارانەی خۆی، وەك نوێنەری دەوڵەت ـ نەتەوەی پان ئێرانیستی، خووی بە “هەڵاواردن”ێك گرتووە كە بەرەنجامی نوێنەرایەتیكردنێكی نادیموكراتیكی “فارس”ە بەسەر “ئێران”دا. ئەگەر سەرنج لەو ڕووناكبیرە فارسانە بدەین كە ئەوانیدی وەك “گەل” و “قەوم” دەناسێنن و خۆیان بە “ئێرانی”، بۆمان دەردەكەوێ‌ هەڵهاتن لەم باری پێناسەیە چ سوودێكی بۆ ئەوان هەیە تا ببن بە خاوەنی “هەمەك” و ئەوانی دیكە لە “هەندەك”دا بپەستێون. خۆدزینەوە لە دیاریكردنی شوناسی”فارسی” و خۆنووساندن بە شوناسی “ئێرانی”، دەبێتە مایەی دەستنیشانكردنی ئەوانی دیكە وەك پاژی پێكهێنەر و خۆسەپاندن وەك پێكهاتەی سەرەكی. لە سایەی وەها ڕوانینێكدا، ئیدی زمانی فارسی، چەشنی زمانی گەلێكی دیاریكراو خۆی نانوێنێ‌، بەڵكو وەك هەمەك ـ پێكهاتەیەك خۆی نیشان دەدات و مافی نوێنەرایەتیی شوناسی ئێرانیی پێدەبەخشێت و خاوەندارێتیی ئێرانی مێژووییشی پێ‌ ڕەوا دەبینرێت. ئەم سەفسەتەیە بەئاشكرا “ناهەقیقەت” چەشنی “هەقیقەت” دەرخواردی ئاكادیمیسیەن و ڕووناكبیری كورد دەدات و ناچاری دەكات زمانی فارسی وەك سێنتزی ئێرانیبوون پەسند بكات و لە پەراوێزدا داوای ماف بۆ زمانەكەی خۆی بخوازێ‌ كە بەم شێوەیە، بەكردەوە، پێگەی خۆی لە “نەتەوە”وە بۆ “گەل” دادەلەنگێنێ‌ و بەم چەشنە لە باری وێژمانییەوە تووشی”دالەنگاندن”(تقلیل) و داوی “مەیدانی وێژمانی”ی پان ئێرانیزم دەبێت كە نوێنەرەكەی زمانی فارسییە. هەر بۆیە، هەموو ڕەخنەیەكی توندیش لە “مەیدانی وێژمانی”ی ئەو(بێگانە) بەئاسانی كەلێنە وێژمانییەكانی ئەو پڕ دەكاتەوە. ئەم دۆخە، بە وردی لە شێوازی ئاخاوتن، نووسین و تەنانەت جووڵەكانی ڕوخسار و لەشیشدا دەردەكەوێت و لە زمانی كوردیی ئاكادیمیسیەن و ڕووناكبیرانی كورددا بەزەقی دەبینرێت. دەسەڵاتی زمانی فارسی بەسەر زمانەكانی دیكەی نێوخۆی ئێران هەندە زۆرە كە تەنانەت وێنا فەرهەنگییەكانی نێو وشە و ڕستە فارسییەكانیشی بە شێوەی جۆربەجۆر بۆ زمانی كوردی و زمانی نەتەوە بندەستەكان گواستوەتەوە. تەنیا بە پەسندكردنی (زاڵبوون بۆ ئەو و هەناسەیەك بۆ من) ناتوانین لە كۆتی وێژمانی بێگانە خۆمان قوتار بكەین. “وێژمانی زاڵی بێگانە / دوژمن”، دیار و ئاشكرایە لە زمانی بێگانە/ دوژمندا خۆی دەنوێنێ‌ و “مەیدانی وێژمانی” بەرهەمێكی زمانییە و كاریگەرییەكەی لە ڕامیاری و فەرهەنگدا دەبێتە مایەی دووكەرتبوونی فەرهەنگی و پاشان دەروونناسانە. واتە دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنەوەی “ئەو” لە “من”دا. چونكە “من” بە زمانی “ئەو” گۆش دەكرێم؛ ژیانی هزریی “من” لە “وێژمان”ی “ئەو”دایە؛ “من” بەردەوام لە پەنجەرەی ئەوەوە سەیری جیهان دەكەم؛ كە واتە “من” كرێنیشنی “ماڵی زمان”ی “ئەو”م.  ئەگەر بڕوامان بە گوتە بەناوبانگەكەی هایدگەر هەبێت كە “زمان ماڵی بوونە”، واتە “من” بە زمانی ئەو(بێگانە) بیر لە بوون دەكەمەوە و ئنجا جارێكی دیكە بۆ “ماڵی زمان”ی خۆم دەیگوازمەوە! ئەگەر ڕاستگۆیانە و بوێرانە بدوێین، ئێستە لە وەها دۆخێكداین.

لە كۆتایی هەموو شرۆڤە و ڕەخنەیەك لێمان دەپرسن ئەدی چارەسەر چیە؟! ئەم پرسیارە كە نیشانەی “دۆشدامان”ە و هەردووك لایەنی “ئاخێوەر/ نووسەر” و “بەربێژ” دەخاتە دۆخێكی دژوارەوە، وڵامەكەی هەندە بەئاسانی نادرێتەوە. تەنیا وڵامێك كە بشێ‌ ئێمە بۆ ئەم پرسیارە بە گونجاوی بزانین ئەوەیە كە زمانی خۆمان بكەین بە خاوەنی ئەو هەژموونەی كە لە پرۆسەی نەتەوەسازیی نەتەوەكاندا كەڵكی لێوەرگیراوە. زەینی وشیاری ڕەخنەگر ئەم پرسیارە ڕەخنەییە لەم پێشنیارە دەگرێت كە: ئایا ئەمە بەو مانایە دێت كە ئەوەی بەسەرماندا هاتووە بەسەر ئەوانی دیكەشدا بیهێنین؟ ئەگەر ڕاشكاوانە و بێ‌ پێچ و پەنا وڵام بدەینەوە، ڕەنگە وڵامەكە بەم چەشنە بێت: هەر چۆنێك بێت، زمان لە بەگوێرەی هێزێك كە بە درێژایی ڕۆژگاران وەدەستی هێناوە، كاریگەریدانەر و مەودادانەر و پڕە لە هەڵاواردن و ڕیكۆر گوتەنی” فاشیستە”. چونكە خۆی ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە؛ واتە: زمان كۆنەپەرست نیە، بەڵكو پێشكەوتنخوازە، بەڵام خۆی، ڕێڕەوی خۆی دەستنیشان دەكات. چونكە زمان بەرهەمی مێژوو و ژیارە و كەڵەكەبوونی یادەوەرییە. لەم سۆنگەوە “زانین” و ” هەقیقەت” و “دەسەڵات” لە “وێژمان”دا بەقووڵی ڕەنگ دەدەنەوە و بەدڵنیاییەوە بە بێ‌ دەستنیشانكردنی “مەیدانی وێژمانی”، “زانین” و “هەقیقەت” و “دەسەڵات” كە پێوەندییەكی دیالكتیكی لەنێوانیاندا هەیە و زمان لە پرۆسەی گفتوگۆدا ڕێكخەری ڕۆحی دیالكتیكییە، هیچ دەركەوتێكیان نیە.

پێوەندیی ستەمكارانەی زمانی فارسی و دەسەڵاتی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی، هیچ پێوەندییەكی بە سروشتی زمانی فارسییەوە نیە، بەڵام سازوكارێكی نەتەوەسازیی ستەمكارانە و پەستاوتنی چەندین نەتەوە لە جوگرافیایەكدا و پەراوێزخستنی زمانیان لە ڕێگەی زمانی فارسییەوە، وەها بەڵایەكی بەسەر نەتەوە بندەستەكاندا هێناوە! بەڵام “مەودادانان” و “هەڵاواردن” وەك سروشتی لێكدانەبڕاوی زمان، هەمیشە ڕووی لە دابڕاندنی جوگرافیا و شوناسبەخشین بە كۆمەڵێك لە مرۆڤەكانە و هیچكات ناتوانین لە سروشتی بێ‌ هەڵپەی زمان بدوێین. لە جەرگەی “هەڵاواردن” چەشنی بەرەنجامی “مەودادانان”دا، “دەسەڵات” پەپكەی داوە و ناسیونالیزمەكان بە درێژایی مێژوو لەپێناو “نەتەوەسازی”دا ڕێكخستنی زمانیان لە سەردیڕی بەرنامەكانیان داناوە. بەداخەوە ڕێگەكانی “نەتەوەسازی” هەندە زۆر نین و هەموویان پێڕەوی لە چەند یاسا و ڕێسایەكی سنووردار دەكەن. یەكێك لەو ڕێسا و یاسایانە بریتییە لە ڕەخساندنی”وێژمانێكی تەریب” لە بەرانبەر “وێژمانی سەردەست” كە دیارە خۆی لە ڕێكخستنی زمان و فەرهەنگ و فەرهەنگی سیاسیدا دەبینێتەوە و هۆكارەكانی وەدینەهاتنی وەها ئاواتێك پێوەندییی بە بنبەستی “نەتەوەسازی و سیاسەتی زمانی”ی ئێمەی كوردەوە هەیە كە تا ئێستاش لە وێژمانی نەتەوەی سەردەستدا دەژین كە ئاسۆی خەباتی پاش خەباتی ڕزگاریخوازیی لێڵ و تاریك كردووە. نەبوونی وێژمانێكی یەكگرتووی سیاسی ـ فەرهەنگی، هەمیشە بەرەو “وێژمانی سەردەست” پەلكێشمان دەكات و ئاشكرا و دیارە كۆیلەیەك كە خۆی لە ڕەوشتی كۆیلەتی ڕزگار نەكردبێت، “هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی ئاغاكەی”!