741 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە
سەعید کاکی
پوخته‌ی باسه‌كه:
كۆمه‌ڵگه‌ی ژێر ده‌سته، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه كه هه‌ست و نه‌ستی له لایه‌ن هێزی باڵاده‌سته‌وه داگیركراوه. هۆكاری داگیركرانه‌كه یان سیاسییه، یان ئابوورییه یان ئایینییه. ئه‌م فاكته‌رانه زه‌قن و زۆر به‌ڵگه‌ی مێژوویی بۆ پشتڕاست كردنه‌وه‌یان له به‌رده‌ست دا هه‌یه. كۆلینیالیزم له وڵاتانی جیهانیی سێیه‌م له‌ماوه‌ی دووسه‌د ساڵ ئاسه‌وا‌ری خۆی به جێهشتووه. به‌تاڵانبردنی سامانی نه‌ته‌وه‌كان، سازكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی داگیركه‌ر و دیكتاتۆر، تێكدانی ژینگه و زه‌قكردنه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وه‌یی بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و مێژوویه‌كی دوورودرێژی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین هه‌یه به‌رچاویشه. له فه‌لسه‌فه‌ی ئاكار به چڕوپڕی باسی كۆیلایه‌تی و ژێرده‌ستی لێكدراوه‌ته‌وه. بیرمه‌ندان به شێوازی تایبه‌تی خۆیان له بابه‌تی كۆیلایه‌تی كۆڵیویانه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا لێكده‌درێته‌وه و په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه، هۆكاری ئاكاری داگیراویی تاكی كورد له چیدایه؟
پاشخانی مێژوویی:
هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه زمانی ئێمە به وته ئاکارییەکان گۆچکراون. بۆ نموونه فیرکراوین درۆ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى برابچوکه‌که‌مانى پی تاوانبار بکه‌ین. کاتێک کردارێکی نادادوه‌رانه له مامۆستاکه‌مان ڕووده‌دا تووڕه ده‌بین، له‌کاتی دیتنی شانۆ یان فیلمێک به‌هۆی ده‌رکه‌وتنی قاره‌مانه‌که‌ی شاد ده‌بینه‌وه و له کاتی زاڵبوون به سه‌ر مرۆڤێکی شه‌ڕئه‌نگیز چه‌پڵه لێده‌دین و نامانه‌ویت مرۆڤه شه‌رئه‌نگیزه‌که سه‌ربکه‌وێت. منداڵ، هه‌ر له ته‌مه‌نی سێ یان چوار ساڵیدا «ده‌زانیت» شت گه‌لێکی چاک و خراپ هه‌ن، ئه‌و ده‌زانێت که له پێناو هه‌ڵسووکه‌وته‌کانیدا به‌رپرسیاره بۆیه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌کات له جێگه‌ی کرداره باشه‌کانیدا پاداش وه‌ربگرێت و هه‌وڵ ده‌دات تا ئه‌و شوێنەی دەکرێت خۆی تووشی سزا نه‌کات. ئێمه به ڕه‌چاو کردنى ئه‌زموونه‌کانمان ده‌زانین که‌وا خاوه‌ن ئێختیارین بۆیه خاوه‌ن ئه‌زموونێکین به‌شێوەیه‌ک له‌به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیارین. هەموومان ئه‌م ئه‌زموونه‌مان هه‌یه که توشى گومان بوین ئایا ئه‌وه‌ی به ئه‌نجاممان گه‌یاندووه چاک بووه یان خراپ. به ده‌ربڕینێکی دیكه هەندێک جار له هه‌ڵبژاردنه‌کانماندا ده‌که‌وێنە دوودڵی و گومانه‌وه. ئاژه‌ڵ هیچکات به‌خۆی نه‌وتووه له‌وانه‌یه بمتوانیایه کارێکی باشترم بکردایه، ئاژه‌ڵه‌کان کاره‌کانیان به ساده و ئاسانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ژیانیی کۆمەڵایەتی ئێمە له سه‌ر ئه‌م ڕاستیه بناغه‌ی داڕشتووه که بەشێکی سه‌رنجڕاکێشی هه‌ڵسووکه‌وته‌کانی ئێمە به ئازادی ئێمەوه گریدراون بۆیه دادوه‌رانێک هه‌ن تاوانباره‌کان ده‌خنه به‌ندیخانه و هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خزمه‌تگوزاریی گه‌وره بوون خه‌ڵات ده‌کرێن، مرۆڤه به‌رپرسیاره‌کان پاداشتی خۆیان وه‌رده‌گرن و مرۆڤه پاکه‌کان دۆعای به‌خێریان بۆ ده‌که‌ن.
ئازادی
ڕێگە بده‌ن هه‌ر له سه‌رتادا خۆمان له پرسی سه‌ره‌کی ئاکار دوور بخه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی که له یه‌که‌م هه‌نگاودا به بینینی وشه‌ی ئاکار دێتە یادمان کۆمەڵێک پرسیار له‌سه‌ر چاکه و خراپه‌یه و کۆمەڵێک له ئه‌زموونه‌کانی ئێمە که به‌ره‌و چاکه و خراپه ڕامان دەکێشێت، کۆمەڵێک پرسیارن هەموو ڕۆژیک خۆمانى پیوه سه‌رقاڵ ده‌که‌ین و ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌یه حاشای لێ ناکریـت. زنجیره فیلمە ته‌له‌فیزیۆنییه‌کان، ڕۆمانه‌کان و ڕوژنامه‌کان، له ده‌ورووبه‌ری هه‌ندێک کردار و پرسیار ده‌سووڕینه‌وه که به‌خێرایی دەبێت چاک و خراپ بوونیان لێک بدرێنه‌وه. ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئازادی ئه‌زموون ده‌که‌ین. منداڵه‌کان هه‌ڵسووکه‌وتی باش له خۆیان پێشان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵاته‌کانی سه‌رى ساڵى نوێ وه‌ربگرن و له لایه‌ن دایک و باوکه‌کانیان سزا نه‌درێن و شادیان بکه‌ن، ئه‌وان ده‌زانن هاندان و سزادانیان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، که‌ره‌وسه‌که‌ی[1] خۆیان بخۆن یان ئەوەی کە شتى یاریه‌کانیان پێشکه‌شی براکانیان بکه‌ن یان ئەوەی کە قژی هاوپۆله‌کانیان ڕانه‌کێشن. ئه‌وکاته‌ى ته‌مه‌نمان ده‌چیته سه‌ره‌وه، زیاتر هه‌ست به‌م ئازادیانه ده‌که‌ین، لاوێکی ته‌مه‌ن پانزه یان شانزه ساڵه له به‌رانبه‌ر کۆمەڵێکی گه‌وره له پێداویستییه ئاکارییه‌کاندا ڕاده‌وه‌ستێت، ئه‌و دەبێت بڕیارێکی گه‌وره بدات که ئایا بیره بخواته‌وه یان خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات خیزان پێک بێنێت یان ئەوەی کە له لای دایک و باوکی بمێنێته‌وه و یان ئه‌وه‌ی کە ببێته مرۆڤێکی به‌ره‌ڵا. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا پرسی گرنگ بڕیاردان نییە، به‌ڵکوو گرنگ ئه‌وه‌یه بڕیارێکی ڕاست بدات و خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت و ڕیگە نه‌دا هه‌ست به لەخۆباییبوون بکات. تۆ بوونی خۆت له ناو مشتت دایه! ئازادی، ره‌سه‌نایه‌تی، گه‌شه‌کردن ئه‌مانه وشه گه‌لیکن ئێمه جاروبار له ڕێگەی و توویژ له‌گه‌ڵ هاوڕیکانمان ده‌یانبینین و باسیان له سه‌ر ده‌که‌ین. بۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ به بادانی دووکه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌ک … و ئه‌مانه بڵێین ئازادیی شێوەیه‌ک له ئه‌زموونه. چیرۆکی مرۆڤه‌کان پڕن له کرده‌وه‌ی ئازاد و سه‌ربه‌ستانه، ئۆردووگای ئیشی زۆره‌ملی ناسیۆناڵ سۆسیالیسته‌کان به ملوێن پۆرتۆگالی خستبووه کۆت و به‌ند، ده‌مارگرژی دژ به ڕه‌ش پیسته ئه‌فریقیه‌کان، سووکایه‌تیکردن به ژیان و کوشتن و بڕینی خه‌ڵک له لایه‌ن ستالینه‌وه، به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌ئه‌نقه‌ستی نرخی خوارده‌مه‌نی له ئه‌مه‌ریکای باشوور، هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران له زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا ]به‌تایبه‌ت وڵاتانی جیهانیی سێیەم[. تیکڕای ئه‌مانه پێشانى ئه‌دادت که که‌سانێک سه‌ربه‌ستانه و به ویستێکى ئازادانه بڕیاریان داوه هه‌ڵسووکه‌وتێک بکه‌ن پەیوەندییان به ئازادی مرۆڤه‌وه هەیە، ئێمەش ده‌توانین پێشى پێ بگرین و ده‌نگ هه‌ڵێنین و بڵێین: «ڕیگە به‌مه نادرێت! ڕێگەى پێناده‌ین!» به دیتنی بوومەله‌رزه‌یه‌ک، گه‌رده‌لوولێکی به‌هیز یان گڕکانێک که‌س به تاوانبار نازانین هه‌وڵ ده‌ده‌ین شاره‌زاییه‌کی زیاتر له سه‌ر ئه‌م گۆڕانه سروشتیانه به‌ده‌ست بینین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێشبینیان بکه‌ین و دۆخێکی هیمن و ئۆقره‌گرتوو به‌دی بێنین. ئێمە ده‌توانین سستی و که‌مکاری ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه به سود وه‌رگرتن له‌م شێوازه پێش به‌م شێوە کارانه بگرین، به‌ڵام به ئه‌نقه‌ست نەیکه‌ین و کەسێک تاوانبار نه‌که‌ین.[2] وەکوو خه‌شایارشای پارسی، ئه‌و کاته‌ی که که‌شتیه‌که‌ى له زه‌ریای «داردانێل» نوقم بوو فه‌رمانى کرد زه‌ریاکه دارکاری بکه‌ن! ئێمه مرۆڤه‌کان سزا ده‌ده‌ین یان پاداشتیان پێدەدەین به هۆی ئه‌وه‌ی کە ئه‌وان ئازادانه هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن. ئێمە هەموو له ئه‌زموونه‌کانماندا هەستمان بە تاوانباری کردووه، چه‌ندین کارمان کردووه دڵنیا بووین له هه‌ڵه بوونیان و کردوشمانه، له ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانماندا کۆتاییمانکردووه، پاره‌ی زۆرمان بە فیڕۆ داوە، یان ئەوەی کە درۆیه‌کمان ساز کردووه بۆ ئه‌وه‌ی پاساوێک بۆ ده‌رنگ چوونه سه‌ر کار بینینه‌وه، یان به پێچه‌وانه‌وه، به‌ته‌واوى له هەموو پیداویستییه‌کانمان که‌ڵکوه‌رده‌گرین بۆ ئه‌وه‌ى کارێکی باش بکه‌ین، یارمه‌تی هاوڕێکه‌مان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌کانی چاره‌سه‌ر بکات، سه‌ردانی نه‌خۆشیک بکه‌ین یان ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤێک بکه‌وێنە ده‌رده‌دڵ بۆ ڕه‌وانه‌وه‌ی ته‌نیاییه‌که‌ى.
جیاوازیی ئاکار
ڕوون و ئاشکرایه له نێوان چێژ و ئه‌رک بۆشاییه‌ک هه‌یه. ئێمە ده‌زانین دەبێت خۆمان بۆ تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک ئاماده بکه‌ین، به‌ڵام پێش ئه‌م کاره حه‌ز ده‌که‌ین سه‌یرى ته‌له‌فزیۆن بکه‌ین پاشان نان بخۆین دواتر وەڵامی پرسیاره‌کانی بیرکاری بده‌ینه‌وه. ئاساییتر ئه‌وه‌یه، ڕۆژی هه‌ینی جلوبه‌رگێکی ڕه‌حه‌ت له‌به‌ر بکه‌ین تا ئەوەی کە جلێکى ڕه‌سمى له‌به‌ر بکه‌ین. لامان ئاسانتر ئه‌وه‌یه، له کافه‌تریایه‌کدا دانیشین و لەگەڵ هاوڕێیان وتووێژ بکه‌ین له باتى ئه‌وه‌ى که بچین بۆ فێرگه و وه‌ڵامی پرسیارێکی بیرکاری بده‌ینه‌وه، دیاره ڕێگەی ئاسووده‌یی و ڕێگەی ئاکار لیک جیاوازن،[3] لانیکه‌م وا دەردەکەوێت ئه‌و دوانه ئاویان ناچێته ناو جۆگه‌یه‌ک، هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ململانێ ئاکارییەکانی ژیانی ئێمە، چ بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ به‌رده‌وام له بڕیاره‌کانی خۆماندا تووشی ئه‌م دوو ئه‌گه‌ره ده‌بینه‌وه، واته پرسی جیاوازی ئاکاری. قازانج و ئه‌رک به‌رده‌وام ده‌ستیان له‌ناو ده‌ست یه‌کتردا نییه. زۆر جار ئه‌وه‌ی دەبێت بیکه‌ین بڕیار نییە باشترینیان بێت، بۆ دایکێک باشتر وایه، بچێت بۆ لای ئیشه‌که‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی هۆشی به منداڵه نه‌خۆشه‌که‌یه‌وه بێت. بۆ پزیشکێک چاکتر وایه ڕیخۆله کویره‌ى پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند چاک بکاته‌وه تا ئەوەی کە دڵی پیاوێکی ده‌ست کورت و نه‌خۆش چاک بکاته‌وه! بۆ کۆمەڵگەیه‌ک چاکتر وایه سه‌رجه‌م دارونه‌داری خۆی بۆ به‌رهه‌مهێنان وه‌گه‌ڕ بخات له باتی ئه‌وه‌ى كه پاره بۆ خانه‌ی به ساڵاچووەکان سه‌رف بکات.
گه‌ڕان له به‌خته‌وه‌ری
ژیانی مرۆڤ گه‌ڕان به دواى به‌خته‌وه‌رییه. هه‌وڵێکی به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگەی کردەوەکانی و هه‌روه‌ها ئیختیار کردنى کرداره‌کانی به به‌خته‌وه‌ری بگات. ژیانی پڕ له سۆز و پێکهێنانی بنه‌ماڵه، ژیانی بیرکردنه‌وه و ئیش، هەموو له بنه‌ڕه‌ته‌وه گه‌ڕانه به‌دواى به‌خته‌وه‌ری. هیچ شتێک زیاتر له گه‌ڕان به دواى به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێمە گرنگتر نییە، ئێمە وەکوو مرۆڤ گه‌لیکی ئازاد هه‌وڵده‌ده‌ین به‌خته‌وه‌ریمان ساخ بکه‌ینه‌وه. سارته‌ر ده‌لیت: ـ هه‌رچه‌ند له وته‌کانیدا زایه‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌شبینانه هه‌یه ـ «مرۆڤ مه‌حکوومه به ئازادى». گه‌ر وته‌ی ئه‌م فه‌یله‌سووفه فه‌ڕانسه‌ییه ڕچاو بکه‌ین ده‌توانین بڵیین ئێمە مه‌حکوومین به‌وه‌ی که به دواى به‌خته‌وه‌ری بگه‌ڕین (کاتێکه مرۆڤ ده‌یه‌وێ خۆی بکوژیت،[4]به‌و مه‌به‌سته ئه‌و کاره ده‌کات تا کۆتایی به ئازار و ڕه‌نجی خۆی بێنێت و به کۆتاییهینان به ژیانى تاڕاده‌یه‌ک بگاته لووتکه‌ی به‌خته‌وه‌ری). ئه‌و لایه‌نه له کرداری ئێمە به ئه‌رک دزانرێت که په‌یوه‌ندییان به ئازادی ئێمەوه هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ڵسووکه‌وتی مرۆیی پێده‌وترێت، له به‌رانبه‌ر هەندێک کرداری مرۆڤ هه‌ن ئازاد و سه‌ربه‌ست نین، وەکوو خیزان پێکهینان نموونه‌یه‌که بۆ هه‌ڵسووکه‌وتی مرۆڤانه، ئه‌م بریاره هه‌ڵسووکه‌وتێکی ئازاده و بۆ ئێمە ئه‌رکی به‌دواوه‌یه، ده‌نگیک که له ناو دڵ و ڕیخۆڵه‌ی هاوپۆله‌که‌ی ئێمەدا له پڕ ده‌یبیسین شتێک نییە له ئێختیاری ئێمەدا بێت و ناتوانین پێشی پێ بگرین، ئه‌و بۆ دروستکردنى وه‌ها ده‌نگێک بڕیاری نه‌داوه. ئاکار سه‌رقاڵبوونه به کردارێکی مرۆیی له لایه‌ن مرۆڤه‌کان، مرۆڤ بوونەوەرێکه سه‌ربه‌ستانه به چاره‌نووسی خۆیه‌وه نووساوه.
ئازادی وەکوو ڕاستییه‌ک
هەندێک له فه‌یله‌سووفه‌کان له بوونی ئازادی به گومانن و لایه‌نگری له شێوازه جۆربەجۆره‌کانی چارەنووس ده‌که‌ن. ئێمە له به‌شى دووەمی ئه‌م کتێبه‌دا باس له گرنگترین تیۆرییەکانی په‌یوه‌ندیدار به چارەنووس ده‌که‌ین. لێرەدا خاڵی سه‌ره‌تا دەبێت به‌شێوەیه‌کی تر بێت: ڕاستەقینەى ئازادی. ئه‌گه‌ر به ئاکاره‌وه سه‌رقاڵین ئه‌گه‌ر ئازارى ویژدانمان هه‌یه ـ به‌هۆی ئه‌وه‌یه، ئێمە ده‌مانتوانی کردارێکی باشتر بگرینه به‌ر. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که دەبێت چی بکه‌ین یان نا تووشی سەرلێشێواویی ده‌بینەوە. ئه‌مانه هەمووی ئه‌و به‌ڵگه و نیشانانه‌ن باس له ئازادی ئێمە ده‌که‌ن. هیچ ئاژه‌ڵێک گومانی نییه له‌وه‌ی که دەبێت ئه‌نجامی بدات و هیچکات تووشی ئێش و ئازار نابێته‌وه به‌هۆی دوودڵی له بڕیاره‌کانیدا وەکوو ئه‌وه‌ی که ئایا ئیشێک به‌ڕێوه ببات یان نا. ئێمە به پێچه‌وانه‌ی ئاژه‌ڵه‌کان ده‌زانین هۆکاری به ئه‌نجامگه‌یاندنی کرده‌وەکانمانین. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه به‌رپرسیارێتی کرده‌وەکان و هه‌ڵسووکه‌وته‌کانمان له ئه‌ستۆدایه و به‌رده‌وامی خۆمان ئه‌زموون ده‌که‌ین. گەرچی ئه‌م ڕاستییه ڕوون و ئاشکرایه هیچ ئازادییه‌ک به بێ کۆتوبه‌ند نییه و ئه‌مه‌ش خه‌سار له ئازادی نادات، ئازادی ئێمە بێ سنوور نییە. پرسی ته‌ندروستى، ژینگه‌پاڕێزی و په‌روه‌رده‌ی ئێمە سه‌رجه‌م ئه‌مانه ـ ئازادیمان سنووردار ده‌کات، به‌ڵام له ناویی نابات. ژیانی مرۆڤ تاهەتایی نییه بۆیه ژیرانه‌یه ئازادیه‌که‌شی سنووردار بێت. له ڕاستێدا به‌م هۆیه‌وه هه‌بوونی ئازادی به ته‌واوه‌تی ڕوون و ئاشکرایه و كاریگه‌ری له سه‌ر ژیانی ئێمە داناوه. ئه‌مڕۆکه ئازادی به‌هایه‌که هەموو که‌س ده‌یه‌وێ بیپارێزێت.
ئامانجی ئازادی
ئازادی ڕاستەقینە و ته‌نیا ئاگابوون له بوونی ئازادی به‌س نییه، به‌ڵکوو پێویستە بپرسین ئایا ئازادی چییه؟ و بۆچی ئازادین؟ ئه‌گه‌ر ئازادی ئارمانجێکی له پشته‌وه بێت ئه‌گه‌ر ئازادی گه‌ڕان به دواى شتێک بێت مانادارتره، به‌ڵام له کۆمەڵگەی ئێمەدا بێ‌وچان باس له ئازادی وەکوو شتوومه‌ک دەکرێت، به‌ڵام هیچکه‌س نییه ئێمە وشیار بکاته‌وه له‌وه‌ى که ئازادی تا ئه‌و شوێنە ماناداره که ئامانجێکی له پشته‌وه بێت. «ئازادی، بڕیاردانی مرۆڤه به مه‌به‌ستی به‌راوردکردنی شتێک[5] واته وزه و توانای مرۆڤه بۆ ئه‌وه‌ی که ئامانجێک بۆ خۆی دیاری بکات» ئه‌وه‌ی باسمانکرد پێناسەی سه‌ره‌کی ئازادیه، بۆیه ئازادی یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ئه‌و هه‌بووانه‌ی خاوه‌ن ڕۆحن. به سه‌رنجدان له‌م خاڵه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت کاتێک مرۆڤه‌کان له ڕێگەی ئازادییه‌وه ـ له مانا رۆحیه‌که‌یدا ـ بۆ گه‌یشتن به ئامانجێک که له ڕێگەی بیرکردنه‌وه و ئیراده‌وه هه‌ڵبژێردراون، ئازادی ئه‌وان وەکوو کرده‌وه‌یه‌ک له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. باس له ئازادی تا ئه‌و کاته‌یه سه‌رنجی ئێمە به‌ره‌و لای چییه‌تی ئازادی و به‌ڵگه‌ی بوونیان ڕابکێشێت جگه له‌وه له بنه‌ڕه‌تەوە هیچ واتایه‌کی دیكه‌ی نییە. ئاژه‌ڵه‌کان به‌ره‌ولای شتێک هه‌نگاو ده‌نێن که به هه‌ستی خۆیان ده‌رکی پێده‌که‌ن، بۆ نموونه: له‌ته گۆشتێک، بۆنی ئاژه‌ڵێکی مێینه و ڕه‌نگی گوڵیک، غه‌ریزه‌ی ئه‌وان دیاری ده‌کات که هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌وان به‌ره‌و کوێ هانی بدات، به‌ڵام مرۆڤه‌کان به شێوەیه‌کی تر هه‌ڵسووکه‌وت ده‌که‌ن، مرۆڤه‌کان خۆیان له ڕێگەی زانیاری ئەقڵیه‌وه ده‌ناسن. بۆ نموونه، کاتێک که خیزان پێک دێنن، هاوسه‌ری خۆیان وەکوو ڕه‌گه‌زیکی نێرینە یان مێینە چاویی لـێ ناکه‌ن لەو ڕێگەیه‌وه غه‌ریزه‌ی خۆیان دابین بکه‌ن یان ئەوەی کە ڕه‌گه‌زی خۆیان بپارێزن، به‌ڵکوو خاوه‌ن ئه‌م توانایه‌ن که ئه‌وی تر وەکوو شه‌ریکی ژیانی خۆیان له سه‌رجه‌م کاته‌کانی ژیانیاندا بناسن و له ژیانی هاوبه‌شدا ڕیز له به‌هاکان بگرن. ئاژه‌ڵ له شتێکی وەکوو وه‌فا، به‌خشه‌نده‌یی و ڕاستگۆیی مرۆیی به ته‌واویی بێ خه‌به‌ره. گرنگتر له‌مانه مرۆڤ خاوه‌ن ئه‌و توانستەیە له نێوان ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانناسێت، به ئازادی هه‌ڵبژێرێت و جێبه‌جێی بكات. ئه‌و ده‌توانێ خۆڕاگر بێت بۆ ئه‌وه‌ى بیر بکاته‌وه و جێبه‌جێکردن یان جێبه‌جێنه‌کردنى بڕیاره‌ک لێک بداته‌وه، ئه‌و ده‌توانێ له‌م باره‌یه‌وه بیر بکاته‌وه، ئایا ڕچاوکردنی بڕیارێکی له‌م جۆره ده‌توانێ ده‌ره‌نجام و شوین په‌نجه‌ی هه‌ڵسووکه‌وته‌کانی هه‌ڵسه‌نگێنێت و له‌و پێداویستییە جۆربەجۆرانه‌ی له به‌رده‌ستێدایه، یەکێکیان گوڵبژێر بکات، له کاتی جێبەجێکردنی ئازادی، ئەقڵ و ویست رۆڵى هاوبه‌ش ده‌گێڕن. گرنگ ئه‌وه نییە ئازادی سه‌ر بگرێت، به‌ڵکو دەبێت بایه‌خی پێ بدرێت، مرۆڤ له کاتی سه‌رگرتنی ئازادی، دەبێته مرۆڤێکی راسته‌قینه. ئازادی به‌هایه‌که خۆى دوا ئامانج نییە، به‌ڵکوو که‌ره‌سته‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ مرۆڤایه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت. پاره بۆ ئه‌وه‌یه، شتێکی پێ بکڕین، گرنگى ئازادی بۆ ئه‌وه‌یه، ئێمە به‌خته‌وه‌ر بکات، ئه‌و ئازادییه‌ی که به ناڕاستی سه‌رده‌گرێت له‌مپه‌ڕێکه له به‌رده‌م به‌خته‌وه‌ریدا و مرۆڤایه‌تیمان دابین ناکات، ئازادی ئه‌گه‌ر ناڕاست و چه‌وت بێت، نامۆیی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئەقڵی خۆى دەبێت. بۆیه دەبێت سه‌باره‌ت به قسه کردن له ئازادى تاڕادەیەک ئاگادار بین، له به‌ر ئه‌وه‌ى زۆربه‌ى کات له بیرى دە‌که‌ین واتاى ئازادى له ئامانجى ئه‌ودا خۆى حه‌شار داوه. ته‌نانه‌ت فەیلەسوفێک له‌م باره‌وه وتوویەتی: ( ئەی ئازادى چه‌ندین تاوان که به ناوى تۆ نه‌کراوە!)
٣ـ ئازادی له‌چى و ئازادی بۆچى
ئازادی ڕه‌هەندێکی دوو لایه‌نەی هه‌یه: ئازادی له شتێک و ئازادی بۆ شتێک. ئازادبوونی خۆمان له شتێک کاتێک گرنگ دەبێت ده‌رفه‌تی بڕیاردانی ئێمە تووشی قه‌یران بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نموونه‌یه‌ک ده‌هێنینه‌وه، له سیسته‌مێکی دیمۆکراتیکی کاتێک شۆڕشێکی سه‌ربازیی ڕووده‌دات و ڕێگەی هه‌ڵبژاردنی ئازاد ده‌کرێت، له‌م کاته‌دا له ئازادیی سیاسی‌دا بۆشاییه‌ک سه‌رهه‌ڵده‌دا و مرۆڤه‌کان هه‌لی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌خسێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی سیاسی هه‌وڵوته‌قه‌لای بۆ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه وەکوو به‌رزترین ئامانج چاوی لێ ناکریت، به‌ڵکوو ژیان له سه‌ر خوانی دیمۆکراسی گرنگییه‌که‌ى ئه‌وه نییه که هه‌ڵبژاردنی ئازادمان هەبێت، به‌ڵکوو کێشەی دیاریکراو ئه‌وه‌یه، به چ شێوەیه‌ک باشترین دەسەڵات هه‌ڵبژێرین. به‌ده‌ر له‌م لایه‌نه مرۆڤ به‌شێوەی سروشتی تاڕاده‌یه‌ک خاوه‌ن ئازادییه له به‌ر ئه‌و دەتوانێ کردەوەکانی خۆی دیاری بکات و له‌م شه‌ڕ و زوڵمه و زۆری هاندانه‌کانی خۆی ئازاد بکات. ته‌نانه‌ت دیکتاتۆرێک ناتوانێ ئه‌م ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه له‌من زه‌وت بکات. ئه‌و دەتوانێ بۆ دیاریکردنی شێوەی دەسەڵات له‌مپه‌ڕێک بێت، به‌ڵام ناتوانێ ئازادیم لـێ زه‌وت بکات. ئازادی بۆ ئه‌وه نییه مرۆڤێکی چاک یان خراپ بم یان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەدا یه‌ک ڕه‌نگ بم یان به‌رپرسیارانه هه‌ڵسووکه‌وت بکه‌م، بوێر بم یان ترسنۆک، ئه‌و ناتوانێ ئه‌م ئازادییه‌ی له کاتێک دا ده‌مه‌وێ خۆم بگۆڕم یان کاتێکه به خۆمه‌وه سه‌رقاڵم له منی زه‌وت بکات. له کۆمەڵگەی ئێستای ئێمەدا پێداگری له ئازادی ده‌که‌ن و وای بۆ ده‌چن ئازادی هه‌مان ده‌ربازبوونه، واته ئازادی وەکوو ده‌ربازبوونه له پێشداوه‌رییه‌کان، ڕابه‌رایه‌تییه‌کان، نه‌ریته‌کان و ده‌ستوور و نەلێکردنەکانه. به‌ڵام ئازادی بۆ شتێک به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئازادی له شتێک ڕیشه‌دارتره، ئازاد بوون و ده‌ربازبوون هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تاییه بۆ جێبەجێکردنی به‌رنامه‌یه‌کی گه‌وره و پلانێکی ته‌واو ده‌خاته به‌رده‌ممان. ئێمە له یه‌که‌م هه‌نگاودا دەبێت خۆمان ئازاد بکه‌ین له شتێک بۆ ئه‌وه‌ى ئازاد بین بۆ شتێک، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ پلانێک بۆ ژیانمان دابین بکه‌ین، ڕێکخستنی شۆڕشێک به‌بێ پلان دارشتن بێواتایە. ناوه‌رۆک و جه‌وهه‌ری ئازادی پلان‌داڕشتن بۆ ژیانه. ئازادییه‌کی ڕه‌ها له هه‌رشتێک و هه‌ر کەسێک، ئێمە به‌ره‌و هیچ شوێنێک ناگه‌یه‌نێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوه، ئه‌م پلانەی ژیانه کەوا ئازادی له خزمه‌تێدایه چییه؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ئاسانه، مرۆڤایه‌تییه و گه‌شه‌کردنی چڕوپڕی سروشتی مرۆیی وەکوو هه‌بووێکی زیندو و خاوه‌ن وزه‌ی ژیرانه‌یە و گرنگترین پلانه و جێبەجێکردنی له خزمه‌تی ئێمەدایه. مرۆڤ خاوه‌نى ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یه که له لایه‌نی مرۆڤایه‌تییه‌وه گه‌شه بکات و هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ سروشتی خۆیدا ژیان به‌سه‌ر ببات، به‌ڵام بۆی هه‌یه له کاتی جێبەجێکردنی ئه‌م ئه‌رکه شکست بێنێت. کەسێک که فه‌زیله‌تی له ناو مرۆڤبوونی خۆی له خۆیدا هه‌ڵسه‌نگاند، ئه‌وه مانای مه‌به‌سته ناگەیەنێ (هه‌روه‌ها که له به‌شه‌کانی پێشتردا ئاماژه‌مان پێدا) و ئه‌وه‌ى که هەموومان دەبێت یه‌کسان بن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پلانی جیاواز دەکرێت بۆ ژیانێکی باش ببێت. به هه‌مان شێوە که مرۆڤه‌کانی سه‌رگۆی زه‌ویی جۆربەجۆرن، پڕۆسه‌ی به مرۆڤ بوونیش پڕۆسه‌یه‌کی یه‌که نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان هەموویان سروشتێکی یه‌کسانیان هه‌یه، به‌ڵام خاوه‌ن لایه‌نی فره‌چه‌ش و جۆربەجۆرن. ئه‌و دایکه‌ی که‌وا له سه‌رجه‌مى کاته‌کانی ژیانیدا کابانى ماڵه‌وه بووه، دەتوانێ وەکوو مامۆستایه‌ک یان باخه‌وانێک توانا ئه‌قڵانییەکانی خۆی په‌ره پێبدات و ژیانی مرۆڤانه‌ی خۆی پڕاکتیزه بکات. پڕۆسه‌ی به مرۆڤبوون دەتوانێ شێوازی هه‌مه‌لایه‌ن له‌خۆ بگرێت له به‌ر ئه‌وه‌ى شێوازى بێ سنوور بۆ گه‌یشتن به مرۆڤ بوون هه‌یه.
ئاكاری ژێرده‌سته‌یی
به‌داخه‌وه مرۆڤی ژێرده‌سته و كۆمه‌ڵگه‌ی ژێرده‌سته له مانای ئازادی تێناگات. به هۆی سه‌ركوت و داخراویی و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌وه له بنه‌ماكانی ئازادی دوور ده‌كه‌وێته‌وه.
له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌رستۆ له كتێبی (سیاسه‌ت) كۆیله‌ی وه‌كوو كه‌سێك له قه‌ڵه‌مداوه و له زانتی خۆیدا كۆیله‌یه و سروشتی به كۆیلایه‌تی خولقاوه دواتر له مودێكی ئایینی‌دا مرۆڤ له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه داگیركراوه. بۆیه ئایین له لایه‌نی ده‌روونناسانه‌وه مرۆڤی داگیر كردووه. ئه‌مه بۆچوونێكه له دونیای ئه‌مڕۆدا نكۆڵی لێكراوه. به‌ڵام سه‌یر سه‌ر ئه‌وه‌یه كۆیلایه‌تی و ژێرده‌سته‌یی له سیاسه‌ت و ئابووری و كولتوور به‌رده‌وامه. نموونه‌ی زیندووی ئه‌مانه كۆلۆنیالیزمێكه له سه‌ده‌ی نۆزده و بیست له لایه‌ن زلهێزه‌كان به سه‌ر وڵاته داگیركراوه‌كان داسه‌پێندرا. به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه په‌یوه‌ندی به ئاكاره‌وه هه‌یه و مێژوو وه‌كوو نموونه‌یه‌ك بۆ شیكردنه‌وه‌ی لایه‌نی ئاكاری بابه‌ته‌كه به‌كاری دێنین. له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا فه‌یله‌سووفه‌كان به گشتی لایان وابووه مرۆڤ خۆی خاوه‌ن عه‌قڵه و ده‌توانێ سه‌ربه‌خۆ به بێ پشتبه‌ستن به هێزی ده‌ره‌كه‌ی توانا و عه‌قڵی خۆی به‌كار بێنێت. دیكارت كه‌سێكه ئه‌م متمانه به عه‌قڵه‌ی بۆ مرۆڤ گه‌ڕانده‌وه. به‌ڵام له فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵمانی و به‌تایبه‌تی كانت، هێگل، نیچه و ماركس كه‌سانێكن باسی كۆیلایه‌تی و ژێر ده‌سته‌ییان زۆر به‌باشی شیكردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له نه‌ریتی لیبڕاڵی دا، ستوارت میل، دژی ژێرده‌ستی بوو و له‌و باره‌وه نامیلكه‌یه‌كی به‌پێزی هه‌یه. كانت لای وابوو مرۆڤ خۆی ده‌بێ یاسادانه‌ر بێت و په‌یڕه‌ویشی بێت، مرۆڤ خاوه‌نی كه‌سایه‌تی بێت. هگلیش بابه‌تی ژێر ده‌سته‌یی له لایه‌نی مێژووییه‌وه لێكدایه‌وه و لای وابوو مرۆڤی نامۆ كه‌سێكه خاوه‌نی ویژدانی ناهۆشیاره. وه‌كوو پڕۆسه‌یه‌كی مێژوویی سه‌یری كردووه و دواتر له ڕێگه‌ی عه‌قڵ و هۆشیاری خۆی له مێژوودا خۆی به لووتكه‌ی عه‌قڵ ده‌گه‌یه‌نێ. فه‌یله‌سووفه‌كان لایان وایه گه‌ر مرۆڤ عه‌قڵی خۆی به‌كار بێنێ پێویست به‌وه ناكات ببێ به كۆیله. به‌ڵام ماركس كێشه‌ی كۆیلایه‌تی و ژێرده‌سته‌یی له ئابووریدا ده‌بینیه‌وه. نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری وا له خاوه‌ن كار ده‌كات، ماڤی كرێكار بخوات. به‌ڵام نیچه له ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئاكاره‌وه كێشه‌ی ژێرده‌سته‌یی لێكداوه‌ته‌وه. به لێكۆڵینه‌وه له ئاكار و به‌تایبه‌تی ئاكاری سوكڕاتی _ مه‌سێحی ڕه‌چه‌ڵه‌كناسی ئاكاری لێكداوه‌ته‌وه. نیچه لای وابوو ئاكاری مه‌سێحی جگه له خولقاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی مێگه‌ل كارێكی وه‌های نه‌كردووه. مرۆڤه‌كان وه‌كوو یه‌ك بیر ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ڵسووكه‌وتیان وه‌ك یه‌ك وایه. ئایین مرۆڤی ژێرده‌سته ده‌خولقێنێت و توانای بیركردنه‌وه‌ی لێ زه‌وت ده‌كات. كۆمه‌ڵگه‌ی ئایینی بۆ هه‌میشه عه‌قڵ داده‌خات. مرۆڤه كۆیله‌كانی كۆمه‌ڵگه، یان مرۆڤه زه‌بوونه‌كان له ڕێگه‌ی ئایینه‌وه تۆڵه له مرۆڤه به‌رزه‌كان ده‌كه‌نه‌وه. به‌شی زۆری هه‌ڵسووكه‌وتی مرۆڤ له ژێركاریگه‌ری هه‌سته‌كانیه‌تی. شێوه‌ی ژیانی مرۆڤ و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ڕۆژانه‌ی و شێوازی په‌روه‌رده‌كه‌ی ده‌وری هه‌یه. مرۆڤ زۆر جار پاڵنه‌ره‌كانی وه‌كوو سۆز، خۆشه‌ویستی، به‌زیهاتن، لۆمه، تانه، ڕق و قین، خۆپه‌ره‌ستی….. به‌رده‌وام له ژیانیدا كاردانه‌وه‌ی هه‌یه. مرۆڤ به پێی دۆخی ژیانی له‌و پاڵنه‌رانه كه‌ڵكوه‌ر ده‌گرێت. به درێژایی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی ئاكار، بیرمه‌ندانی وه‌كوو ئه‌رستۆ، سپینۆزا، كانت، شۆپنهاوێر كێشه‌كانی ئاكار ناوه‌ندی بیركردنه‌وه‌كانیانی پێكهێنابوو. تانووپۆی كۆمه‌ڵگه به ئاكاره‌وه گیرساوه‌ته‌وه. ئاكاریشه گارانتیكه‌ری ئازادی و دادپه‌روه‌رییه.
ئاكاری ژێرده‌سته‌ی له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورد لەتایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ژێردەستەیە. واتە کۆمەڵگەیەکە مرۆڤەکانی هەست بە خۆبەکەم زانی دەکەن و بەردەوام ئەم هەستەیان تێدا دەبووژێتەوە و زۆرجاریش ڕازین بەوەی کە کۆیلەن بۆخۆیان بەردەوامی بەم گوتارە دەدەن. واتە ژێردەستەیی ئاکاری کۆمەڵگەیەکە، خۆیان مێژوویی خۆیان ساز نەکردووە و ژیانیی خۆیان سپاردووەتە دەست چارەنووسێکی نادیار. زۆرجاریش پەنا دەبنەبەر خودا بۆ ئەوەی بەرپرسیاری لەخۆیان داماڵن. کۆیلە تاکی تەریکە و کەسایەتی نییە، واتە عەقڵی بەپێی بەرژەوەندی کاتی بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی جەماوەری بەرەوپێش دەبات. وەکوو مشەخۆرێک و بەدوور لە پڕەنسیپەکانی ئاکار دەجووڵیتەوە. کۆمەڵگەی لێکترازاو کەوا لەبەپرسیاریی ئاکاری و یاسایی خۆی دوور کەوتووەتەوە و زۆرجاریش لە ناو دامودەزگاکان هەلپەرەستانە و کاربەڕێکەرانە هەڵسووکەوت دەکات. هۆكاری مێژوویی، سیاسی، ئابووری ده‌وریان هه‌یه. واته نه‌ته‌وه‌یه‌كه به‌رده‌وام له ژێركاریگه‌ی زه‌بروزه‌نگی مێژووییدایه و خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی نه‌بێت و مێشكی داگیركراوه ناتوانێ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت. پێكهاته‌ی نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه و نه‌بوونی په‌روه‌رده به زمانی كورد و بیركردنه‌وه و به زمانی دایكی تاكی كوردی له‌خۆ نامۆ كردووه و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه و مێژووی خۆی ناناسێت. كورد به هۆی ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی نه‌بووه وه‌كوو گه‌لانی دیكه نه‌یتوانیوه كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی به‌ره‌و پێش ببات. دابه‌شبوونی خاك و ئاویی، دابه‌شبوونی كولتووریشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. ژێرده‌سته‌یی و نامۆبوون له كولتووری خۆماڵی وای لێكردووه به‌ره‌و بێگانه په‌ره‌ستی هه‌نگاو بنێت. نه‌ته‌وه‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت [ له هه‌موو لایه‌نێكه‌وه] به درێژایی مێژوو ژێر ده‌سته‌ی لێ ده‌ردێت. به‌رده‌وام داگیركه‌رانی خۆی به به‌رز و مه‌زن ده‌زانێت و خۆی به كه‌م ده‌زانێت، خۆ بچووككردنه‌وه وای لێده‌كات له ناوه‌ڕكه‌وه دابخرێت. له باشووری كوردستان زولم و زۆر و ئه‌نفالی كورد له لایه‌ن به‌عسه‌وه وای له تاكی كورد كردبوو، هه‌ستی مرۆڤانه‌ی ته‌واو بریندار بێت، هه‌ستی برینداری كورد كاتی بیر ده‌كاته‌وه و له لایه‌نی ده‌روونییه‌وه تێكشابوو. له ڕۆژهه‌ڵات كێشه‌كه له جۆری سڕینه‌وه ناسامه‌ی بووه. شۆناسی لێ زه‌وتكراوه. له لایه‌نی ئابوورییه‌وه هه‌ژاره. تاكه‌كه‌ی نامۆیه له گه‌ڵ زمانی خۆی و گوتاری باڵاده‌ستی له لا به‌ڕێزه و به ڕێزگرتن له‌و گوتاره خۆی پێ بچووك ده‌كاته‌وه. له ده‌ره‌نجامی ئه‌م خۆ به كه‌مزانییه‌یه له لایه‌نی ده‌روونییه‌وه خۆ خۆری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌رچه‌نده‌ش سه‌ركوتكرابێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش تووشی خۆ خۆری ده‌بێته‌وه. كه‌واته نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به‌رده‌وام سه‌ركوت بكرێت و شۆناسی لێ زه‌وت بكرێت، بوونی له خۆیدا ده‌مێنێته‌وه و كولتووره‌كه‌ی گه‌شه ناكات و له ژیانێكی ئاسایی‌دا قه‌تیس ده‌بێت. كولتووری خۆ خۆری به‌شێك له ڕه‌وشتی كوردی پێكهێناوه، ئه‌مه‌ش مێژووێكی دوورودرێژی هه‌یه. دابڕانی كورد له كولتووری خۆی و بیر نه‌كردنه‌وه‌ی به زمانی خۆی، یه‌كێك له سه‌ره‌كییه‌كانه. كولتووری خۆ خۆری بنچینه‌ی له شێوازی ژیانی تاكی كورده‌وه هه‌یه. خه‌یانه‌ت به خۆ و خۆ به‌كه‌مزانی له بنه‌ماڵه‌وه هه‌وێن ده‌به‌سێت. نایه‌كسانییه‌كه له جیاوازیی ڕه‌گه‌زی كچ و كوڕه‌وه ده‌سپده‌كات. به‌هانه‌دان به ژنان و نه‌خوێنده‌واری و نه‌بوونی په‌روه‌رده، لێدانی تاك و گه‌شه نه‌كردنی كه‌سایه‌تی وای له تاكی كورد كردووه خایه‌ن بێت به‌خۆی. خۆ به كه‌مزانی و هه‌ستی برینداری تاكی كورد، ڕێگه خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا بباته به‌ر داگیركه‌ری خۆی. تۆڵه له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه. به‌شێك له هه‌ستی بریندار و نه‌خۆشی تاكی كورد كه به دوور له په‌روه‌رده و گوتاری نه‌ته‌وه‌یی خۆیه‌تی، په‌نا بۆ گوتاری باڵاده‌ستی خۆی ده‌بات. ئاڵۆزی كۆمه‌ڵگه و نایه‌كگرتوویی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاك و ته‌ریكبوونی ڕێگر بووه له‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێك بێت. تا ئه‌و كاته‌ی شۆناسێكی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده به زمانی دایكی له سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی به پلانه‌وه نه‌یه‌ته ئاراوه دۆخه وه‌ك خۆی ده‌مێنته‌وه.
ژێده‌ر:
.مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخ، وەرگێر، سەعیدکاکی، چاپی ئاوێر، هەولێر،٢٠١٣
٢.سەرەتاکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگیڕ، سەعیدکاکی،دەزگای ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠١٣
٣.بنەماکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگێڕان و کۆکردنەوە، سەعیدکاکی، چاپی ئاوێر،٢٠١٥
٤.مێژووی فەلسەفەی راتلێج بەرگی ٦ ئایدیالیزمیی ئاڵمانی،ده‌زگای جه‌ماڵ عیرفان وەرگێڕانی. سەعیدکاکی
۵.مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ، هه‌ولێر، چاپی ئاوێر،٢٠١٣، وه‌رگێڕانی سه‌عید كاكی.
٦. مێژووی فەلسەفەی ڕاتلیج،بەرگی٥، فەلسەفەی ئینگلیزی و سەردەمی ڕۆشنگەری ستواڕت بڕاون، وەرگێڕانی سەعید کاکی دەزگای جەماڵ عیرفان.
٧.سه‌رچاوه‌ی ده‌قی سێیه‌م: در پی معنا، نووسه‌ر تامس نیگڵ
٨.ئەفلاطون،٠،محەمەدکەمال٢٠٠١،، سەردەم
٩. پیش سوکڕاتییەکان، ریبوار،سیوەیلی،٢٠٠٠، ،سەردەم
١٠.حەمید، عەزیر، سەرەتاکانی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنان
[1]ـ ڕووەکێکە ده‌یکه‌نه ناو چێشت.
[2]ـ به‌تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییەکه هه‌یانه و سه‌ر به لایه‌نێکی ئایینی، سیاسی… بۆ گه‌یشتن به ئاواته پووچه‌کانیان له‌به‌ر ده‌م «دۆخی هه‌بوو»دا قڕ و قه‌پ ده‌که‌ن! و.ک
1ـ کانت وته‌نی : «کاتیک له خه‌ودا بووم هه‌موو شتیک ئاسایی بوو، بەڵام هه‌رکه له خه‌و هه‌ستام هه‌موو شتیک بوو به ئه‌رک.»
[5]ـ هه‌ربۆیه سنوورێک کە له نێوان ئازادی و به‌ره‌ڵاییدا هه‌یه، ئیمه ئازاد نین هه‌ر کارێک بکه‌ین و سنووری ئازادی که‌سانێکی تر ببه‌زێنین و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سکه‌وته‌کانی کو‌لتوور که چۆن مرۆڤه‌کانی په‌روه‌رده کردووه. بۆ نموونه ئێمه به‌هۆی ئەوەی کە به باشی په‌روه‌رده نه‌کراوین هه‌ر هه‌لێکمان بۆ بڕه‌خسێت مافی که‌سانی تر زه‌وت ده‌که‌ین، هه‌ر بۆیه دەبێ فێربین له چ کاتێک دا پێویسته خۆمان له قه‌ره‌ی بابه‌تێک یان گرفتێک بده‌ین. (و.ک)