Close

ڕامانێ لە گرێپووچکەی ڕزگاریی کورد

559 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

عیرفان ڕەهنموون

مرۆڤ ، بوونەوەرێکە کە لە جیهان دا ، مەلە دەکات و مرۆڤی بێ ” ژینگە ” ، ئایدیایەکی دابڕاو و ئەبستراکت و فانتازیکە . بە تەعبیری ” هایدگر ” ئێمە لەگەڵ ” مرۆڤ ” ، وەک ” بوونێ لە جیهان ” دا بەرەوڕووین و ” چییەتیی مرۆڤ ” بەبێ ئەو ” بوونە لە جیهان ” دا ، لووسە و لەدەستمان دەخزێت و نایەت بەدەستمانەوە و بەبێ سەرنجدان بە ” کار و کاردانەوە و کارلێکی نێوان مرۆڤ ، ژینگە و جیهان ” ، وێنایەکی هەمەکی و ناسێنەر لە مرۆڤ ، ئەستەمە و بەرچاوڕوونیمان پێ نادات .

لێرەوەیە بۆئەوەی ” بوونی کورد ” بناسین ، هیچ رێگەیەکمان نیە ، جگە لەوەی کە لە هەڤبەرایەتیی نێوان ” بوونی کورد و هەبوون و جیهان ” قووڵ ببینەوە . هەڤبەرایەتیی نێوان ” بوون و هەبوون ” یەکێ لە ئاڵۆزترین بابەتەکانی فەلسەفەیە و هزری مەزنە بیرمەندانی هەر لە هیگلەوە تا هایدگر و نیچە و گشت فەیلەسووفەکانی رێبازی ئیگزیستانسیالیزمی بەخۆیەوە خەریک کردوە و باسەکە لەوە ئاڵۆزتر و بەرفرەهترە کە لەم وتارە دا بگونجێ و بەناچار چاوپۆشی لێدەکەین و باس لە هەڤبەرایەتیی ” کورد و جیهان ” دەکەین تا وێنەیەکی ڕوونتر و بێ تەمومژترمان لە ” کورد لە ئەستێرکی ئێستا دا ” هەبێ .

مەبەست لە ” جیهان ” ، کۆی ئەو گرێچنە سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئابووری و سیستمە مینۆییەیە کە کوردی تێ فڕێ دراوە . وشەی ” فڕێدران ” م بۆیە بەکارهێنا کە هیچیەک لە بەشەکانی ئەو ” جیهان ” ەی کە ” کورد ” ی تێ فڕێدراوە ، لەسەر بنەمای ئیرادە و لێکەوتەکانی بوون و خەسڵەتە دەروونی و جوانیناسییە مێژووکردەکانی کورد ، ڕۆنەنراوە . مەبەست لە کورد و خەسڵەتە مێژووکردەکانی ، کوردی سەروەر و گەردنبەرزی ” ژیاری میدیا / زاگرۆس ” ە کە تەنیا دەورەیەکی مێژووییە کە ” رۆح و جەستەی کورد ” تێیدا یەکانگیرە و بوونی کورد ، دەستەملانی ئازادی بووە و لەئاستێکی نزمتریشدا دەتوانین ئاماژە بە دەورەی میرنشینەکانی ” ئەردەڵان ، بابان ، سۆران ، بۆتان و…هتد ” بکەین کە گەرچی لە هەموو ئەو مێژووە دا ، ” سەروەری ” لە لوتکەدا نەبووە و گرێدراوی بە بێگانەی داگیرکەر لە پلەی جیاواز دا خۆی نواندوە ، بەڵام لانیکەم ، ئەوکات کۆڵۆنیالیزمی هاڕەر و لە قاڵبدەر لە ئارادا نەبوە کە ” رۆح و جەستە ” لێک نامۆ بکات و جەستە ، سەری بپەڕێ و بەدوای ناسنامەی خۆی دا ، وێڵ بێ .

کورد لە جیهانی ئێستا دا ، بوونەوەرێکی بێ سەر و بوونێکی نغرۆ و لەخۆنامۆیە کە نەئەوەیە لە هەژموونی ” کۆڵۆنیالیزم ” و مۆدێڕنیزمی دەوڵەت تەوەر دا ، بتوێتەوە و بڕستی لێ ببڕی و کۆتایی بە ناسنامەی مێژووکردی بێ و نە ئەوەیشە ، ڕاچەنێ و زنجیرەکانی کۆیلایەتی بەیەکجاری بپسێنێ .

جیهانێ کە ” کورد ” ی تێ فڕێدراوە لەسێ بازنگەی لێکئاڵاوی ، سیستمی نێونەتەوەیی دەوڵەت تەوەری کاپیتالیستی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤینی ژێر هیژموونی گەلانی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب ، پێک هاتوە و لەناو ئەو چوار وڵاتەش دا ، کوردستان کراوەتە کۆڵۆنییەکی نێوخۆیی و هاوکات پرۆژەی ئاسمیلاسیۆن و ژینۆسایدی ڕەش و سپی و بەتاڵانبردنی سامانە سروشتییەکانی و کاولکردنی ژینگەی سەرزەمینەکەمانی تێدا بەڕێوە دەچێ .

کارلێکی ئەو سێ بازنگەیە لە هێز ، پرسگرێکی کوردی بەچەشنێ ، ئاڵۆسکاندوە کە نەتەوەکەمان نەتەنیا بەرچاوی بۆ بینینی ئاسۆی ڕزگاری لێڵ بوە ، بەڵکو تەنانەت زۆر بەدەگمەنیش ، توانیویەتی وێنەیەکی ڕوون و بێ تەمومژ لە ” کارەساتی کورد بوون ” بنەخشێنێ و لەرێگەی وێنەیەکی ئەتۆوە ، هەنگاو بەرەو رزگاری هەڵ بگرێ .

ئاڵۆزبوون و دژواربوونی پرسگرێکی کورد ، بەو مانایە نیە کە ڕزگاری کورد ، ئەستەم و نەلواوە . چونکە بەپێی زانستی لۆژیک ، هەڤبەرایەتیی و پەیوەندی نێوان ” کوردی بەکۆیلەکرا و لەتەک ڕزگاری ” دا ، هەڤبەرایەتیی ” لوان / امکان ” ە ، نەک ” تێکنەکردنەوە / امتناع ” . بەو مانایەی کە ئەگەر هەموو بەستێن و پێشمەرجەکانی ” رزگاری ” بڕەخسێن ، رزگاری بە ” پەنەوا / وجوب ” دەگات . کەواتە رستەی ” کورد هەرگیز ، ڕزگار نابێ ” ، رستەیەکی ” نالۆژیکی ” یە . چونکە هەڤبەرایەتیی نێوان ” رزگاری و هەر نەتەوەیەک بە کوردیشەوە ” ، هەڤبەرایەتیی ” لوان ” ە نەک ” تێکنەکردنەوە یان پەنەوا ” . لەم پێشەکییە لۆژیکییەوە بەو ئاکامە دەگەین کە ” رزگاریی کورد ” ، بەپێی ئاوەز ، لواوە و ئەگەر پێشمەرج و بەستێنەکانی ” لوان / امکان ” ، ئامادە بکرێن ، رزگاری دەبێتە دیاردەیەکی دەرهەست لە ڕووی زەمین و لە جوگرافیای کوردستان دا ، رەنگ دەداتەوە .

بەو ڕوونکردنەوەیەی کە لەسەرەوە باس کرا ، ئێستا کاتی ئەوەیە کە بپرسین ، ڕازی نەکرانەوەی گرێپوچکەی ” ڕزگاریی کورد ” لە چی دایە ؟ . بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە ، پێویستە سەرەتا ئەوە بێژین کە ” سیستمی نێونەتەوەیی دەوڵەت تەوەری کاپیتالیستی ” نە بە ئێمەی کوردی لە مێژوو دەرکراو، هەڵدەوەشێتەوە و نە تەنانەت خەوبینین و ئارەزووکردنی ڕوودانی دۆخێکی ئەوتۆ ، نیشانەی ئاوەزێکی بێ خەوشە ! . ” سیستمی نێونەتەوەیی دەوڵەت تەوەری کاپیتالیستی ” ، بەرەنجام و سەنتزی سەرخان و ژێرخان ، پێکدادانی جهیانی نەریتی و مۆدێڕنە و تەنانەت ئاوابوونی ئەو سیستمە و جێگەگرتنەوەی بە سیستمێکی دیکە لە سەدەیەکیش دا ، دوور لە ئاوەز دەنوێنێ . هەر بۆیە هەرچەشنە لافوگەزافێکی بەناو ئانارشیستی ، لەو پێوەندییەدا ، زیاتر لە کایەی منداڵان و لە گڕوگاڵی زاڕۆکان دەچێ و هەنگاوێ بەرەوپێشمان نابات . ئەوەش کە وڵاتی ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناڤین و لە ناو گەمارۆی فاشیزمی گەلانی سەردەستی تورک و عەرەب و فارس دا هەڵکەوتوە ، جەبرێکی ژێئۆپۆلیتیکییە و بەدەر لە دەسەڵاتی خۆمانە . ئێمە تەنیا دەسەڵاتمان بەسەر ” ئاوەز ” ی خۆمان دا دەشکێت و بۆ ڕەوینەوەی تاریکستانی ئەنگوستەچاوی داگیرکاریش ، تەنیا دەتوانین ، چراوگی ئاوەزمان ، هەڵ کەین و لەژێر تیشکی دا ، رێگەی ڕزگاری بپێوین .

ناکرێ ” ئاوەز ” ێ کە بەدەیان ساڵ لەژێر بوردومانی پڕوپاگەندەی چەمک و رستەی داگیرکەرانی کوردستان دا بێت و بە ئاوەزی بێ خەوش و تەندروست ، دابنرێ ! هەر بۆیە سەرەتا دەبێ ، ئاوەزمان بخەینە ژێر نەشتەرگەریی بێ بەزەییانەوە و خانە شێرپەنجەییەکانی وێژمانی کۆڵۆنیال لێدراو ، توێ توێ بکەینەوە . ئاوەزی کۆڵۆنیال لێدراو ، ئاوەزێکە کە چاوەڕوانە هێزێک لەدەرەوە بێت و ببێتە فریادڕەسی و لە کۆیلایەتی رزگاری بکات . ئەو هەرچۆن ” کۆیلایەتی ” بە دیاردەیەکی دەرەکی دەزانێ ، هەر بەو شێوازەش ئاوەزی وا بار هاتوە کە دەبێ ، هێزێکی دەرەکی بێت و بەختەوەری بکات و ” سەروەری ” بۆ بگەڕێنێتەوە . ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ” ناخ و ئاوەز ” ، بەستێنی “کۆیلایەتی ” تێدا نەبێ ، داگیرکاری ئەستەم دەنوێنێ و داگیرکارییەک کە ڕۆنەچووبێتە ناو ” رۆح و گیان و هزر “ەوە ، ناتوانێ داگیرکارییەکی درێژخایەن بێ و زۆر ناخایەنێ کە هێرشی پێچەوانەی ڕزگاریدەر، دەست پێدەکات و داگیرکەر ناچار بە دۆڕان و پاشەکشە دەکات .

هزری کۆڵۆنیال لێدراو ، پەیتا پەیتا ، دەپاتە و سەدپاتەی دەکاتەوە کە ” ناکرێ ، ناتوانین ، هیچ رێگەیەکمان نیە و رزگاری و سەربەخۆیی و سەروەری ، خەونی شاعیرانەن و کەس بە خەیاڵ ، نەبوو بەماڵ ! ” . ئەم ترسە دەروونیە نالۆژیکیە ، گرنگترین هۆکاری ” کۆیلایەتی ” یە . چونکە رێگە نادات ، چەمکە گرنگەکانی کۆیلایەتی ، ڕزگاری ، ئازادی و سەروەری ، تەنانەت ببنە دەستپێکی ڕامانی هزری ، چ بگات بە داڕشتنی میتۆدی خەباتکارانە و ڕزگاریخوازانە . ئەمە لە کاتێکدایە کە هەروەک گوتمان ، بە پێی زانستی لۆژیک ، هەڤبەرایەتیی نێوان ” کورد و ڕزگاری ” ، هەڤبەرایەتیی ” لوان / امکان ” ە و لۆژیکیش وەک هەر زانستێکی دیکە لەهەمبەر نەتەوەکان دا ، خەسڵەتی بێلایەنی هەیە و کاتێ هەڤبەرایەتیی نێوان ” ژێرمەن ، فەرانسەوی و ئیسپانی لەتەک ڕزگاری ” دا ، هەڤبەرایەتی ” لوان ” ە ، ئەم رێسایە ” کورد ” یش دەگرێتەوە . بەڵام هزری کۆڵۆنیال لێدراوی کورد وا دەزانێ ، کە چارەنووسی ڕەشی کورد ، تەنانەت بە زانست و لۆژیکیش ناپێورێ ! . ئەمەیە ڕازی رستەگەلی ” کورد ، هەرگیز ڕزگار نابێ و … ” .

هەموو بزاڤێکی هزری ، سەرەتا لە ئاوەزی بیرمەندانەوە ، سەرچاوە دەگرێ و لەلایەن ئیدئۆلۆگەکانەوە ، پۆلینبەندی دەکرێ و دەبێتە دەزگایەکی هزری / لۆژیکی و لەرێگەی خوێندەواران و ئەدیبان و هونەرمەندانەوە ، دەچێتە ناو جەماوەرەوە و سیاسەتڤانانیش ، لەدەرفەتەکە کەڵک وەردەگرن و لەسەر ئەو بنەما فیکری و ویستە جەماوەرییە ، دەیکەنە بزاڤێکی دەرهەست لەسەر زەمین و بەو شێوەیە ، تیشک و تیرێژەکانی سەرکەوتن لە ئاسۆدا ، خۆ دەنوێنن .

لەسەر ئەم بنەمایە ، ئێمەی کورد پێویستمان بە شۆڕشێکە لە ” ئاوەز ” ی کورد دا ، شۆڕشێکی هزری کە هێڵێکی چەپ و ڕاست لەسەر ڕابردووی کۆیلایەتیمان بکێشێ و تەواوی ئەو کوێرە رێگایانەی کە دەیان ساڵە ، کۆیلایەتیمانی بەرهەم هێناوەتەوە ، رەت بکاتەوە و خوێندنەوە و وێژمانێکی پتەوی نیشتتیمانی بێنێتە ئاراوە کە هەم توانای ، شرۆڤەی هۆ و هۆکارەکانی کۆیلایەتیمانی هەبێ و هەم بتوانێ ، ئاسۆکانی سەرکەوتنیش بەڕوونی بخاتە پیش چاومان .