Close

تراژدیای سیاسەتی کوردی: ونبوونی بەرژەوەندیی نەتەوەیی

1,388 جار بینراوە, 3 جار ئەمڕۆ بینراوە

دکتۆر محەمەد حوسێن­زادە

پێشەکی

بەرژەوەندیی نەتەوەیی ماک و جەوهەری سیاسەتە. بە تایبەت سیاسەتی نێوان نەتەوەکان. نە سیاسەت بە بێ بەرژەوەندیی مانای هەیە و نە تەنانەت نەتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، ناکرێت باسی نەتەوە بکەیت بەڵام پرسیار لە بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی و هەروەها سیاسەتی چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکانی نەکەیت. مەبەست لە داڕشتنی هەر جۆرە پلان، بەرنامە و ستراتێژیەک و هەروەها بنەمای هەموو چەشنە چالاکی و سیاسەتکردنێک، دابینکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەییە. ئەو بەرژەوەندیانە، ئەوەندە گرنگ و پڕبایەخن کە هەموو سیاسەتوانان و دەسەڵاتداران، ئیددیعای ئەوە دەکەن کە هەوڵ بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەدەن و بە ناو ئەو بەرژەوەندییانەوە پاساو دێننەوە بۆ کردەوە و بڕیارەکانی خۆیان. دەزانین کە هەموو نەتەوەکانیش ئامانجەکانی خۆیان بە پێی بەرژوەندی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیان، دیاری دەکەن.

بەڵام مخابن، کورد سەرەڕای ئەوەی کە خۆی وەک نەتەوەیەک پێناسە دەکات، نەیتوانیەوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی دیاریی بکات. هەڵبەت هۆکارەکەیشی ئەوە نیە کە کورد خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت بە خۆی نیە، بەڵکوو باشترە بڵێین کە بەرژەوەندییە حەیاتی و زۆرگرینگەکانی لێ ون بووە. دەرئەنجامی ئەو ونکردنەیش ئەوەیە کە سیاسەتەکانمان لێڵ و ناڕوونن. ئەگەر ئێستا بە ئاشکرا نازانین بە شوێن چییەوەین؟ نازانین چیمان دەوێت و بۆ چی هەوڵ دەدەین و چۆن دەبێت هەوڵ بدەین؟ ئەگەر ستراتێژی نەتەوەییمان نیە، ئەگەر ناتوانین بە شێوەیەکی ورد و ڕوون باس لە ئامانجەکانمان و خواستی دواڕۆژمان بکەین و وەک نەتەوەیەکی بێ ئامانج دێینە بەرچاو، ئەگەر لە جیاتی ئەوەی کە سیاسەت بکەین، کاردانەوە و بەرپرچدانەوەی پەتی بووەتە پیشەمان، هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانمان بە ڕوونی دیاری نەکردوون. نە بۆ خۆمان و نە بۆ لایەنەکانی دیکە. بە دڵنیاییەوە، ئەم دۆخ و حاڵەتە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە بتوانین پێناسەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆمان بخەینە بەر دەست. بەڵام بەرژەوەندی نەتەوەیی چییە کە ئەوەندە لە سیاسەتدا گرنگە؟

بەرژەوندی نەتەوەیی

چەمکی بەرژەوەندی نەتەوەیی، بۆ یەکەمجار، لە ئەورووپای سەدەی ١٦دا هاتە ناو چەمکە سیاسییەکانەوە و هێدی هێدی بە سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوە و ناسیوناڵیزم لە سەدەی ١٨ و ١٩دا و بە تایبەت پاش شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا، پەرەیسەند و بەستێن ئامادە کرا بۆ ئەوەی ئەو چەمکە جێگای چەمکی بەرژەوەندی/ مەسڵەحەتی دەوڵەت” (Raison d’etat)بگرێتەوە. بە گشتیی، بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەک چەمک، یان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە مەزن و سەرەکیەکان بە کار دێت یان بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئامانجەکان و مەبەستەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. لە هەر دوو ماناکەیدا، ئاماژەیە بۆ توخم و فاکتەرە سەرکییە دیاریکەر و چارەنووسسازەکان کە ڕێنوێنی ڕیچکە و ڕێبازی ئەکتەرەکانەن لە سیاسەتدا. کەوابوو، بۆ ئەوەی لە سیاسەتی نێوان نەتەوەکان تێ بگەین، پێویستە پێشتر، لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، واتا ئەو ئامانجە سەرەکیان تێبگەین کە هەر نەتەوەیەک هەوڵی دابینکردنیان دەدات. هەڵبەت ئەوەی کە ئایا ئەو ئامانجانە چین، خۆی بابەتێکی جێگای باس و مشتومڕە.

بە بڕوای هەندێ لە شاەزایانی سیاسەت، بەرژەوەندیی نەتەوەیی دیاردەیەکی بەرچاو/عەینییە. بۆ وێنە ڕئاڵیستەکان کە لەسەر چەمکگەلێک وەک هێز، ئاسایش، هاوسەنگی هێز، سیستەم و گۆشاری سیستەمی و مانەوە و هتد چڕ دەبنەوە باس لە بەرژەوەندیی بەرچاو دەکەن. وەک بڵەی بەرژەوەندیی شتێکە کە لە پێشدا بۆ هەموو ئەکتەرەکان دیاری کراوە و پێویستی بەوە نیە پەردەیان لەسەر لا بدرێت، چوون هەموو لایەنێک دەزانێت بەرژەوەندی خۆی لە چیدایە. بۆ نموونە، هۆنس جی مۆرگێنتا کە وەک داهێنەری تیۆری ڕئاڵیسم لە سیاسەتی نێوان نەتەوەکاندا، دەناسرێت، دەڵێت کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەر بنەمای هێز پێناسە دەکرێت. هێز یەکەمین کەرەسە و ئامرازی مانەوە و ئاسایشی نەتەوەییە و هەر بۆیە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان، پاراستن و کەڵکوەرگرتن لە هێز، ئامانجی سەرەکی هەموو نەتەوەکانە. بە وتەی مۆرگێنتا، دەوڵەتە ژیرەکان (کە گریمانە ئەوەیە نوێنەری نەتەوەیەکن) شوێنگیری هێزن، واتا پەیجووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیانن. هەر ئەو پێناسەیە بوو کە کاریگەری بەرفراوانی دا نا لە سەر نەوەیەک لە بیرمەندانی دەیەکانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ و دەرئەنجام بووە هۆی گەشە و پەرەسەندنی زانستی پەیوەندی و سیاسەتی نێونەتەوەیی. تەنانەت بەناوبانگترین بیرۆکەوانی ڕئاڵیزمی نوێ، واتا کێنێت واڵتز، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لە گریمانەی “هێز وەک بەرژەوەندی”دا، پێک نەهێنا. هەتاکوو ئێستاش مانەوەی نەتەوەیی، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا وەک بەرژەوەندیی سەرەکی ئەکتەرەکان بە ئەژمار دێن، کە ئەوانەش پێویستیان بە هێزە. بە تایبەت هێزی سەربازیی و ئابووریی.

بەڵام دەستەیەکی دیکە لە بیرمەندان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە دیاردەیەکی بەرچاو و عەینی نابینین. بۆ وێنە کانستراکتیڤیزم وەک تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی سیاسەتی نێونەتەوەیی، هەوڵی سەلماندی ئەو گریمانەیە دەدات کە سیاسەتی جیهانی بە شێوازی کۆمەڵایەتی چێ دەکرێت و ڕۆ دەنرێت. نیکۆلاس ئۆنۆف، ئەلێکساندێر ڤۆنت و کراتۆچویڵ هەر چەندە لە ڕوانگەی جیاوازەوە، لەو چوارچێوەیەدا بیر دەکەنەوە و دەڵێن کە شوناس، بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرە سیاسییە جیاوازەکان دیاری دەکات. شوناس، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مانا نێوان زەینیانە (intersubjective) کە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. کەوابوو، نۆرم/هەنجار و بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدیا و پەیوەندییەکان، دیاریکەری جۆر و شێوازی کردەوە و ڕەفتاری ئەکتەرە سیاسییەکان یاخود نەتەوەکانن. مارتا فاینێمۆر پێی وایە کە بەرژەوەندییەکان لە دەرەوە نین و چاوەڕوانیمان ناکەن کە ئێمە بڕۆین پەردەیان لەسەر لادەین و کەشفیان بکەین، بەڵکوو بەرژەوەندییەکان لە ڕێگای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە چێ دەکرێن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕئاڵیستەکان پێیان وایە کە هەلومەرجی بەرچاو و ماددی، واتا توانای ئابووریی و هێزی سەربازیی، دیاریکەری سیاسەت و ڕەفتار و بەرژەوەندییەکانە. لە ڕوانگەی کانستراکتیڤیستەکانەوە، بەرژەوەندی نەتەوەیی ڕووی دەرەکی یان دەرهاوێشتەی شۆناسی نەتەوەییە. شوناسی هەر ئەکتەرێک دیاری دەکات کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەو ئەکتەرە چییە. بۆ نموونە نەتەوەیەکی ئیسلامی، نەتەوەیەکی کریستیانی لیبراڵ و نەتەوەیەکی سوسیالی لیبراڵی سکولار یان لائیک، لەبەر ئەوەی کە شوناسەکانیان پێکەوە جیاوازن، بەرژەوەندییەکانیشیان جیاوازن. هەر بۆیە دۆست و دۆژمنەکانیشیان بە پێی ئەو بەرژەوەندیانە جیاوازن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕئاڵیستەکان دەڵێن بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان هاوچەشنن. ڕئاڵیستەکان دەڵێن هەموو دەوڵەت/نەتەوەکان لە ژێر گۆشاری سیستەمی سیاسی جیهانیدا و لەبەر ئەوەی کە سیستەم ئانارشیکە و هەست بە نائەمنی دەکەن، لە ڕێگای زیادکردنی هێزی خۆیانەوە خۆیان دەپارێزن و ئامانجەکانیان دیاری دەکەن، هەر بۆیە هێز (نەک شوناس) وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت.

بە هەر حاڵ، ڕوانگەکان سەبارەت بە چییەتی بەرژەوەندییەکان جیاوازە. وەک دوو نموونە ئاماژەمان کرد کە ڕئاڵیستەکان پێیان وایە کە بەرژەوەندییەکان لە پێشدا هەن و بەرچاون و هاوچەشنن و هەموو ئەکته‌رەکان یەک جۆرە بەرژەوەندییان هەیە، لە حاڵێکدا کە کانستراکتیڤیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەرژەوەندییەکان لە کۆمەڵگەدا چێ دەکرێن و ڕۆ دەنرێن و پەیوەندییان بە شوناسەوە هەیە و هەر بۆیە پێکەوە جیاوزن؛ بەڵام هەموو بیرمەندان لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی چرای ڕێنوێنی سیاسەتی ئەکتەرەکانە و تا کاتێک بەرژەوەندییەکان دیار و ڕوون نەبن، هیچ سیاسەتێک مانای نیە. گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە هەموو ئەولەوییەتە سیاسیەکانی دیکە، گرێدراو و تەنانەت پاشکۆی بەرژەوەندیی نەتەوەیین. هەموو ئەو نەتەوانەی کە توانای ئەوەیان هەبووە هێز کۆ بکەنەوە و لە ئاست و بوارە جیاوازەکاندا سەرکەوتوو بن، ئەوانەن کە پێشتر توانیویانە بەرژەوەندییەکانیان، بە ڕێک­وپێکی و بە شێوازێکی ڕوون پێناسە بکەن. کەوابوو، پرسیار ئەوەیە کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد چیە؟ ئامانجەکانی کامانەن؟ سیاسەتی کوردیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە چ دۆخێکدان و پەیوەندییان پێکەوە چۆنە؟

سیاسەتی کوردیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی

سیاسەتی کوردیی، سیاسەتێکی ئاڵۆز و سەرگەردان و بێ­ئامانجە لە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکەدا و تەنانەت لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستاندا. کە لێرەدا باس لە سیاسەتی کوردیی دەکەم، مەبەستم سیاسەتکردن لە هەموو کوردستاندایە وەک نیشتمانێک و وەک نەتەوەیەک، نەک بەشێکی تایبەت. هۆکاری ئەو ئاڵۆزی و بشێویەش ئەوەیە کە هیچ جۆرە پێناسەیەک لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەرچاو ناکەوێت، کەوابوو ئامانج و مەبەستەکانیش ڕوون نین و کە ئامانجەکانیش ڕوون نەبوون، سیاسەت تەنیا هەڵسووڕان و هەڵبەز دابەزێکە و ئیدی هیچ! تەنیا بەرژەوەندییە کە دەتوانێت ئامانج و مەبەستەکان دیاری بکات. بەڵام بە داخەوە، ئێمەی کورد لە پێناسەکردنی بەرژەوەندییەکان و چێ­کردنییان هیچ سەرکەوتنێکمان نەبووە. نە بە ئاشکرا بەشوێن هێزەوەین (وەک گریمانەیەکی ڕئاڵیستی) و نە بە ڕوونی دەزانین شوناسی کوردی چیە (وەک گریمانەیەکی مانایی یان کانستراکتیڤیستی)؟ هەڵبەت، هەروا کە پێشتر ئاماژەم کرد، ئەوە بەو مانایە نیە کە ئێمە بەرژەوەندی تایبەت بە خۆمان نیە، بەڵکوو مانای وایە کە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانمان لێ ون و بزر بووەن. بەرچاوترین تایبەتەمەندی (کێشەی) سیاسەتیشمان هەر ئەوەیە: ونبوونی بەرژەوەندی نەتەوەییە.

دۆخی ئێستای نەتەوەی کورد بە گشتیی، نیشاندەری ناوەڕۆکی سیاسەتی کوردییە. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لە لایەنەکان و بە تایبەت ناسیوناڵیستەکان تا ڕادەیەکی زۆر هەوڵی چێکردنی و ڕۆنانی بەرژەوەندی نەتەوەییان داوە، بەڵام هێشتاش لە هیچ بەشێکی کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراودا، هیچ حیزب و ئەکتەرێکی سیاسی توانای ئەوەی نەبووە بەرژەوەندی نەتەوەیی بە شێوەیەکی توکمە، ڕوون، ئاشکرا و لۆژیکی پێناسە بکات. تەنانەت لە هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نیوە دەوڵەتی و وەک بەشێکی تا ڕادەیەکی زۆر ڕزگار کراو لە کولاڤەی داگیرکەران، پێناسەیەک لە بەرژەوەندی نەتەوەیی نەکراوە. بەشەکانی دیکەی کوردستان کە هێشتا ڕاستەوخۆ لە ژێر چەپۆکی داگیرکەراندان، وەزعێکی باشتر لەوەیان نیە. لە هەموو جیهاندا، بە درێژایی مێژوو، هەموو نەتەوە ژێردەستەکان کە وڵات و نیشتمانیان داگیر کراوە، بەرژەوەندیی یەکەمینان وەک کوتایهێنان بە داگیرکەریی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دیاری کردووە. زۆر بە داخەوە، نەتەوەی کورد ئەو تایبەتەمەندییەیشی نیە.

پێناسە نەکردن و ونبوونی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لە پانتای سیاسی و سیاسەتی کردەوەیی و بەرچاوی کوردستاندا، زۆر بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە. لایەنێک بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری لە چوارچێوەی دەوڵەتدا خەبات دەکات و لایەنێک دژی سەربەخۆیی و دەوڵەت دەوەستێتەوە، بە بیانووی ئابووری و مووچە. حیزبێک چەک بۆ فیدراڵیزم هەڵ دەگرێت و چەند کەسێک دەگەڕێنەوە بۆ خودمۆختاری بە بیانووی ئەوەی کە فیدراڵیزم تیکەیەکی زلە. حیزبێک شەڕی دەوڵەتان ڕادەگەیێنێت لە سیستەمێکی دەوڵەت-تەوەردا و خەبات بۆ برایەتی زۆرەملێی گەلان دەکات. گرووپێک باسی شۆڕشی جیهانی دەکەن، هەندێک باسی کۆمەڵگەی جیهانی و بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی (لە جیاتی بەرژەوەندیی نەتەوەیی) دەکەن و تاقمێکیش خۆیان حەشار داوە کە نەوەکا سنوورێکی دیکە لە نێو نەتەوەی ئیسلامی پیک بێت و ببێتە هۆی دووبەرەکی زیاتر ئۆمەتەکەیان. دەستەیەکی ناوەندگەرا و بە ناو ڕێفۆرمیستیش بازاڕی داگیرکەرانیان ئاوەدان کردووەتەوە. لەم هەر کەس هەر کەس و پاشاگەردانیەدا، هەر لایەنێک باسی ستراتێژییەک(!؟) دەکات. یەکێ شەڕی دەوێت، لایەنێک ئاشتی و تاقمێک گفتگۆ و هەندێکیش نە شەڕ و نە ئاشتی و نە گفتوگۆ و دەستەیەکیش هەر سێ ڕێگا دەبڕن پێکەوە! یەکێ خۆی بە هاوڕەگەزی داگیرکەران دەزانێت یەکێک بە هاومێژوو و هاوفەرهەنگ. یەکێک دێمۆکراسی بۆ ناوەند دەوێت یەکێک برایەتی لەگەڵ داگیرکەر. حیزبێک بە سێ پارچە ڕازی نابێت و حیزبێک نوێنەرایەتی شار و گوندێک دەکات. حیزبێک لە بەرەبەرەی داڕووخانی داگیرکەردا هەوڵی نزیکبوونەوە لە داگیرکەری داهاتوو دەدات. هەڕەمەگوڵجاڕێک بە ناو سیاسەت! جووڵانەوەیەکی درێژخایەنی بێ ئامانج! سوورانەوەیەکی بێ بەرهەم و بێ دەستکەوت، کە خۆی بەرهەمی ونبوونی بەرژەوەندی نەتەوەییە. ئەمە تراژدیای و مسیبەتی سیاسەتی کوردییە. شانۆنامەیەکی خەمهێنەر کە دەرئەنجامەکەیشی نەتەوەیەک تووشی دڵتەنگی و خەفەت دەکات.

یەکەمین پێش مەرج و قۆناغی چێ کردن و پێناسەکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، وەک ڕێگاچارەیەکی دەرباز بوون لەو دۆخە، هاوکاریی و یەکانگیرییە، بەڵام کەمترین باسیش هەر سەبارەت بە هاوکارییە! مەبەستم هاوکاریی هەموو حیزبەکان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا نیە، چووون ئەوە نە خوازیاری زۆرە و نە لە جیهانی سیاسەتی ڕێئاڵیستی ئێستادا، بە هەموونی داگیرکەر و دۆژمنی زۆرەوە، کردنی و مومکینە، بەڵام لانیکەم لە هەر بەشێکی کوردستانی ژێرچەپۆکدا، ئەو هاوکارییە پێویستە. بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە. بەڵام مخابن، هیچ لایەنێکی سیاسی هەوڵی ئەوە نادات و ئەوانەیش کە هەوڵی بۆ دەدەن، وڵامێکی ئەرێنی ناگرنەوە.  نەک هەر بە بیانووی پووچی جیاوازی ئایدۆلۆژییەوە باسی هاوکاری ناکرێت، بەڵکوو هەر لایەنێک لە پارچەیەکدا، پاڵ دەدات بە لایەنێکی دەرەکییەوە بە مەبەستی درووستکردنی هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر لایەنی ناوخۆییدا. ئەمە تراژدیای سیاسەتی کوردییە.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا، ئێمە ناتوانین چالاکی و ڕەفتار و کردەوە و بە گشتی چاکی و خراپی هیچ سیاسەتوان و لایەنێکی سیاسی کورد هەڵسەنگێنین، چوون ئەو هەڵسەنگاندنە، تەنیا بە پیوەری بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکرێت. بەڵام دیار نیە بەرژوەندی نەتەوەییمان چییە؟ کەوابوو، بۆ ئەوەی کە بتوانین سیاسەتێکی بەهێز بگرینە بەر، پێویستە بەرژەوەندیی و ئامانجی نەتەوەیی خۆمان، لە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکەدا، بە تایبەت لە بەرانبەر نەتەوە داگیرکەرەکاندا، دیاری بکەین.

چێ کردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی

لەوانەیە تاکەکانی هیچ کۆمەڵگەیەک بە ئەندازەی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕۆژانە باسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەکەن، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە هیچ نەتەوەیەکیش لە جیهاندا نەبێت کە ئەوەندەی کورد لە پێناسەکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیدا کێشە و گرفتی هەبێت. ڕاستە، ئێمە وڵاتمان داگیرکراوە و بە درێژایی مێژوو ستەممان لێ کراوە، بەردەوام سەرقاڵی شۆڕش و ڕاپەڕین و بەگژچوونەوەی داگیرکەردا بووین، بەڵام بە ڕادەی هەوڵ و تێکۆشانمان و ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو وڵات خوێنیان ڕژاوە، دەستکەوتمان نەبووە. هەر چەندە دۆژمنانمان فرەچەشن و داگیرکەران بەهێزن، بەڵام بەشێکی سەرنەکەوتنیشمان دەگەڕێتەوە بۆ چێ نەکردن، دیاری­نەکردن و پێناسە نەکردنی بەرژەوەندی نەتەوەییمان. بەرژەوەندیی نەتەوەیی چرای ڕوونکەرەوە و ڕێنوێنی سیاسەتی ئێمە دەبێت لە پانتای دەرەوەی کۆمەڵگەی خۆماندا و لە نەبوونی بەرژەوەندییەکی بەرچاو و ڕووندا، ڕێگامان تاریکە و ون دەبین. هیچ سیاسەتوانێک نازانێت چ ڕێگایەک بپێوێت و چ سیاسەت و ڕەفتارێکی درێژخایەن بگرێتە بەر. کەوابوو، تەنیا پێناسەیەکی ڕوون لە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەتوانێت ڕێگا و ئاراستەی سیاسەت ڕوون بکاتەوە.

ڕاستە ئێمە ئەگەر لە چاویلکەی ڕئاڵیستەکانەوە بڕوانینە نەتەوەی کورد، زۆر بە دژواری دەتوانین کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن بەرژەوەندیی بە ئەژمار بێنین، چوون لە چوارچێوەی ڕئاڵیسمدا، بەرژەوەندیی لەسەر بنەمای هێز پێناسە دەکرێت و نەتەوەیەک کە خاوەن دەوڵەت نەبێت، لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەریدا حسێبێکی ئەوتۆی بۆ ناکرێت. هەر بۆیە بیرمەندانێکی وەک هانتینگتۆن دەڵێن کە، تا نەتەوە نەبێتە خاوەنی كیان و ناسنامەی سیاسیی خۆی، ناتوانێت بەتەواوەتی لەوە تێبگات كە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی چین. لەو چوارچێوەیەدا تەنیا هەرێمی کوردستان کە وەک ئەکتەرێکی نیوە دەوڵەتی سەری هەڵداوە، دەتوانێت باس لە بەرژەوەندیی لە چوارچێوەی ڕئاڵیستیدا بکات و بە لەبەرچاوگرتنی هێز و توانای ڕێژەیی خۆی دەتوانێت، پەیجوویی هیزی سەربازیی و ئابووری، وەک بەرژەوەندیی نەتەوەیی چاو لێ بکات.

بەڵام ئەوە تەواوی جێرۆکەکە نیە. ئاشکرایە ئێمە وەک نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی جیاواز کە هیچ کات شەرعییەت و ڕەواییمان بە دەسەڵات و هەیمەنەی دەوڵەتە زاڵ و داگیرکەرەکانی فارس و تورک و عەرەب نەداوە، دەتوانین لە قەوارەی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتیشدا، خاوەن بەرژوەندیی نەتەوەیی خۆمان بین و هەموو لایەنەکانی دیکەیش لەو بەرژەوەندیانە ئاگادار بکەینەوە. تەنانەت ئەوە پێویستی و مەرجی یەکەمی ڕزگار بوونیشمانە لە کەڵوەی داگیرکەران. ناتوانین بە بێ جیاکردنەوەی بەرژەوەندیی خۆمان لە نەتەوەکانی دیکە، هەوڵی ڕزگای بدەین یان تەنانەت باسیشی لێ بکەین.

ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ شوناسی خۆمان. بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئێمە لە ئێستادا، تەنانەت لە چێ کردن و ڕۆنانی و ناساندنی شوناسی نەتەوەیی خۆیشماندا کێشەمان هەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە شوناس دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە چێکردنی بەرژوەندیدا بگێڕێت. شوناس، چییەتی هەر  شتێکە. لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤدا مەبەست لە شوناس کۆی ئەو تایبەتەمەندیانەتەی کە تا ڕادەیەک پاوەجێن و بە پێی ئەو تایبەتەمەندیانە، لەوانی دیکە جیاواز دەبێتەوە. شوناسی نەتەوەییش هەر بەو جۆرە و ئێمە لە نەتەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. کەوابوو ئێمە پێش هەموو شتێک دەبێت بزانین کێین؟ دەڵێین کوردین؟ کەوابوو پرسیار دەکەین کە کورد چییە و کێیە؟ کورد بوون یانێ چی و بنەمای کورد بوون چییە؟ ئەمجا یەکەم بۆ خۆمان و دوویەم بۆ نەتەوەکانی دیکە ڕوونی دەکەینەوە کە ناسنامەمان چییە؟ مێژوومان چییە؟ ئایین، داب و نەریتمان چین و کامانەن؟ وڵات کامەیە؟ بە وردی دەبێت بزانین کوردستان کوێیە؟ جوگرافیا و خاک و سنوورەکانی نیشتمان کامانەن؟ بە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە شوناسی کوردیی دیاریی و پێناسە دەکرێت.

ئەمجا کە شوناس پێناسە کرا، بەرژەوەندیی نەتەوەییشمان دیاری دەکرێت. ئاماژەمان کرد کە کانستراکتیڤیستەکانیش هەر لەسەر هەمان بڕوان و پێیان وایە کە بەرژەوەندییەکان هەڵقوڵاوی شوناسن. ئەمە مانای وایە کە بەژەوەندیی نەتەوەیی پەیوەندیدارە بە پێناسەی هەر نەتەوەیەک لە خۆی. پێناسەی نەتەوەییش واتا شوناس. کەوابوو، شوناس دیاردەیەکی دستکردە و چێ دەکرێت. دیاردەیەک کە تێکەڵاوێکە لە پێکاهاتە (Structure) ماددیی و مانایەکان. بۆ چێکردن و ڕۆنانی بەرژەوەندی خۆمان، پێویستە کە هەموو توخم و فاکتەرەکانی شوناسی خۆمان بە ڕوونی دیاری و پێناسە بکەین. شوناسی نەتەوەیی کورد واتا هەستکردن بە بەستراوەیی و وەفاداری بە فاکتەر و هێماگەلی هاوبەش لە کۆمەڵگەی کوردیی و لە نێوان سنوورە دیاریکراوەکاندا. لە کوتاییدا، کە ئەو تۆخم و فاکتەرانە (کورد، کوردستان و جوگرافیا و  سنووەرەکانی، ناسنامە و  هتد) دیاری کران و شوناسی نەتەوەیی چێ کرا، بەرژەوەندیی نەتەوەییمان یەکەم، هەوڵدانە بۆ ڕزگار کردن ئەو فاکتەرانە لە ژێر دەستی داگیر کەر، دوویەم، پاراستنیان و سێیەم، هەم گەشەپێدانی ئەو فاکتەرانە و هەم هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دیکە کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوەییەکاندا دیاری دەکرێن.