670 جار بینراوە, 3 جار ئەمڕۆ بینراوە
سوهراب کەریمی
بەشی یەکه‌م
دیارە خەباتی کورد و بزووتنەوه‌ی نەتەوه‌یی کورد، سه‌رنجی هزری زۆرێك له تاکگه‌لی کورد -کە ئاوڕی لێ ده‌دەنەوه- بە شێوەکی جیددی گیرودەی خۆیی کردوە. ئەمە لە خۆیدا له‌ژێر كاریگه‌ری وێژمانێکدا پێکهاتوه، کە ئەم وێژمانە خۆی بە ڕه‌وا و بەرانبەره‌کانی بە ناڕەوا ده‌زانێت. واتە ئەگەرچی کە بزووتنەوه‌ی رزگاریخوازی کوردی لە درێژەی تەمه‌نی خۆیدا تووشی هەڵبه‌ز و دابه‌زی زۆر و هه‌تا قەیران بووە، به‌لام ئه‌م بزووتنەوه‌یه دژی دەوڵه‌تانی سەردەست، خۆی بە بەرحەق ده‌زانێ و ئەو دەوڵەتانە بە دیکتاتۆر و داگیرکەر و ستەمکار پێناسە ده‌كات، بۆیه هێشتاش ڕێبەران و لایەنە سیاسیەکانی كورد خۆیان بە شیاوی ئه‌وه ده‌زانن کە خەڵکی كورد و، تەنانەت ئازادیخوازان و مرۆڤپه‌روه‌رانی جیهانیش پشتیوانیان لێبكه‌ن. ئەمە لە حاڵێکدا خەبات لە ناو خۆیدا، وه‌ك وترا، تووشی دەیان کارەسات و مه‌رگه‌ساتی خۆكرد بووە کە رەوتە کوردییەکان چ وەک تاک چ وەک حیزب و گرووپەکان ڕوبەڕوی یەک بوونەتەوه و زاێەڵەی ئه‌م یه‌كهاڕین و یه‌كڕووخانه لە ناو کۆمەڵگای کوردی‌دا وەک شەری ناوخۆ و خەیانەت و پەرتەوازەیی دەنگی داوەتەوه و، هەر کەس لە ڕوانگەی خۆیەوە ئەویتری تاوانبار ده‌كات.
لێرەدا کۆمەڵگای کوردستان بە چ مەحه‌ک و پێوەرێک دەتوانێ ئاستی ڕه‌وایی و ناڕه‌وایی دیاری بکا و داوەرییه‌کی ئەخلاقی بکا و سنوورگەلێکی ئەخلاقی دابنێت بۆ خەباتەکەی؟ بە ئەم پرسیارانەوە دەکرێت ئاقاری باسەکە دیاری بکرێ و پرسیار بكرێ کە پێوەندی نێوان خەبات نەتەوایەتی و ئەخلاق چیە؟ ئاخۆ ئەم دوو چەمکە لە خۆیاندا پێوەندیان هەیە واتە ئایا خەبات خۆی بەشێکه لە ئەخلاق؟ یان نا ئەخلاق و خەبات دوو چەمکی جیاوازن و، ئەوە هەڵسوکەوتی خەباتکارانە کە دەتوانی دیاری بکات کە خەباتەکە لە گەڵ ئەخلاق یەک دەگرێتەوە یان نه؟. گرینگی ئەم باسە لێرەدایە، كه ئێستایش كه‌سانێك له شوێنگەلێک وەک کرماشان وئیلام و لورستان- وشیارانه و ناوشیارانه- لە ئەخلاقی بوونی خەباتی نەتەوایەتی کورد بە گومانن، هەروەها كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له کۆمەڵگای مەده‌نی و سیاسی کوردیش بە شێوەیه‌کی جێ سه‌رنج رەخنەیان لە چۆنیەتی خەباتی کورد هەیە. ئەوە لە حاڵێکدا ئه‌م خەباتە ڕه‌واییه‌تی خۆی لە سەر ئەخلاق داناوە و دورشمی ئەوە دەدا کە دەیهەوێ کورد وەک نه‌ته‌وه‌یه‌ك بگەیه‌نێتە ئەوە ئاستەی کە بەختەوەری بە خۆیەوە ببینێ. لەم نێوانەدا پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه كه به راستی لە ئەرزی واقیعدا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه قه‌راره چی بۆ گه‌لی كوردستان دابین بكات؟ ئەگەر دورشمی ئەوان ئازادی و دێموکراسی دادپەروەریە، بۆ لە هەمان حاڵ‌دا کۆمەڵگا خەباتەکە بە دووبەرەکی و دوژمنایەتی بێ و ئەخلاقی تاوانبار دەکات؟ بۆ لایەنێک بە باش و بە ئەخلاق دەزانن و لایەنێکی دیکە بە بێ ئەخلاق و خراپ تومەتبار دەکەن؟ یان ئەوەی کە لە چوارچێوەی تەسکی ئایدولوژیدا داوەری ئەخلاقی دەکەن و، له بەرانبەردا هه‌بوونی خودی چوارچیوەی ئایدولۆژیكی بە ماییه‌ی بێ ئەخلاقیی دەزانن؟ بۆ دەسپێکی ئەم مژارە هەوڵ دەدرێت کە رەهەندەکانی خەباتی کورد باس بکرێت و، ئەوجار پێوه‌ره ئەخلاقیەکان بخرێتە بەر باس، بەڵام بەرلەوە پێویستە کە ئاوڕێك له بنەما مەعریفه‌تیه‌كانی ئەخلاقی بدرێته‌وه.
خەباتی نەتەوایەتی بە پێوەری ئەخلاق وەک ویژدان و ئەرکی کۆمەلایەتی لە لایکەوە، له لایه‌كیتره‌وه وەک ماف دەخرێتە بەر داوەری ئەخلاقی. ئەخلاق وەک ویژدان و ئەرکی کۆمەڵایەتی یەکه‌م جار ئیمانوئیل کانت ( ١٧٢٤-١٨٠٤) باسی لێوه‌كردوه کە لە خۆیدا شۆڕشێک بوو لە خوێندنەوەی فەلسەفی و مەعریفەت ناسیدا. لێرە دا دەکرێ بە دوو جۆر خوێندنەوە لە ئەخلاق ئاماژە بکرێ. یەکه‌م- ئەخلاق وەک باش بوون کە له ناخ و ویژدانی مرۆڤی خاوەن ئاوەزه‌وه سەرچاوە دەگرێ، کە ئیمانوول کانت ئاماژەی پێکردوه و، توانی ژێرخانێکی مەعریفەتی قایمی بۆ دابنێ. له‌م روانگه‌دا، باشی و بایه‌خە باشەکان لە خۆیاندا باشن و ئەویش بریاردانە بۆ کردەوەی باش بەر لە قەومانی. گەورەترین داهێنانی کانت لە فەلسەفەدا ئەوە بوو، كه بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەستێرەناسی کوپرنیكی لە جیاتی ئەوە دنیای دەرەوە زه‌ینی مرۆڤ وەک ئەمری واقع (دۆخی ئارایی) لە بەر چاو بگری خودی زه‌ینی مرۆڤی وەک ئەسڵ دانا، واته ئەوە زه‌ینی مرۆڤە کە بوون دەداتە ئەمری واقیع. بۆیە لە ئەخلاقی کانتدا یەکه‌م ئەو پیوه‌رانه‌ی کە زه‌ین وەک باش دەیناسێ، بۆی گرینگە لەبەر ئەمە ئەخلاقی کانتی لە سەر باش بوون وەک خۆی دانراوە.
ئەو ئەسڵەی كه کانت له به‌رچاوی گرتووه بۆ شیوەی داوەری سەبارەت بە چۆنیەتی کردەوه ئەخلاقییه‌كان، پێوەندییه‌کی تۆكمه‌ی هەیە له گه‌ڵ كرۆكی باسی ئه‌م نووسینه. گومانی تێدا نیە کە به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌گه‌ر کەسێک بیهەوێ و داوا بكا كه هەمووان لە بنه‌مایه‌كی ئەخلاقی پێرەوی بکەن لە هەمان کاتدا خۆی ملکەچی ئەو بنه‌ما نەبێ، زۆربه‌ی مرۆڤه ژیره‌كان به بێ ئەخلاقی مه‌حكوومی ده‌كه‌ن .(کوەڕنر/٢٨٢) بە پیی بۆچوونی کانت: دەبێ هەر فەرمانێک كه لە ویژدانەوە سەرچاوەی دەگرێت بکرێتە یاسای گشتی ” واتە بە ئەو مەرجە کە بتوانین ئیرادەی فەرمانیک کە خۆمان پێڕەویی لێدەکه‌ین ببێتە یاسایه‌کی گشتیی (هەمان سه‌رچاوه). دەکرێ بە زمانێکی ساکار تر بڵێین ئەوە فەرمانانەی کە بە پێی عەقڵی رەها بۆ خۆت پەسەنێ دەکەی دەبێ بە پێی ویژدان بۆ کەسانی دیکەش پەسەنێ بکەی و؛ ئەوەی بۆ خۆت پەسەنی ناکەی بۆ کەسانێک تریش به پەسەنی نه‌زانی، بەو مەرجەی بتوانێت وەک یاسا داڕێژرێ. دیارە کە کانت ئاکامی فەلسەفەکەی خۆی ئازادی مرۆڤەکانە ئەمیش بە بێ ملکەچ بوون بۆ ئەخلاق مسۆگەر نابێ.
لێرەدا بۆ ئەوەی بتوانین ئەخلاقە گشتیەکانی ناو کۆمەڵگا بناسێنین و بە پێی ئەخلاقی کانتی داوەریان لە سەر بکەین، دەبێ بنەماكان بە شیوەی گشتیی له سه‌ر بنه‌مای مافی سروشتیی مرۆڤەکان لە بەر چاو بگرین كه لێرده‌دا لە فەلسەفەی ئەزموونگرایی جان لاک (١٦٣٢-١٧٠٤) کەڵکوەر دەگرین. دیارە ئەخلاقی کانتی بنەمای هەموو بایەخە شوڕشگیری، چەپ و سوسیالیستیه‌كان و هه‌ره‌ها زۆرێك له مه‌كته‌به رەخنەگرییه‌كانه. هاوشان له گه‌ڵ كانت بێگومان مافی سروشتی جان لاکییش هەموو بایەخەکانی ئەمڕۆکەی سیستمه لیبراڵ-دیموکراتیكه‌كانی جیهانی گرتووه‌ته ژێر هیژمونی خۆی. بە پێی تێڕوانینی جان لاک، مرۆڤ لە سەردەمی سروشتی‌دا، خاوەنی ماف و ئازادی بووە. یەکه‌م ” مرۆڤ وک تاکێک لە [کۆمەڵگا] دێتە هەژمار و، لە رەهەندی ئەخلاقیەوە لە گەڵ ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگا یەکسانن” (خداواندان اندیشەی سیاسی ج دوم /٨٠١). دووه‌م، دوای ئەوەی کە لاک مافی سروشتی مرۆڤەکان دەسنیشان دەکا، دواتر چۆنیەتی پاراستنی ئەم مافانە دەکاتە ئامانجی فەلسەفەکەی و لە سەرووی هەموو ئەم مافانەوە ئازادی تاک وەک بنەمای لیبرالیزم دیاری ده‌كات.
بزووتنەوەی نەتەوه‌یی کورد، وەک بزووتنەوه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئامانجه‌كان و خه‌باتی له سه‌ر ماف و شوناس و داوخوازیه‌كانی كۆمه‌ڵیی چڕ بووه‌ته‌وه، لە هەمان کاتدا ده‌بێ ماف و ئازادییه‌كانی تاکی كوردیش لە کۆمەڵگادا لە بەر چاو بگرێ. واتە تاکی کورد لە ناو کۆمەڵگادا خاوەن مافی تاكیی و گشتییه، پشتیوانه‌ی ئه‌خلاقیی خەباتی جەماوەریشی بۆ دابین بوون و سه‌قامگیری ماف و ئازادییه تاكیه‌كانی پێویستن. بۆیە هەوڵ ئەوەیە ئەم دوو لایەنە بە ئەم دوو پێوەرە ئەخلاقیە له‌م باسه‌دا بكه‌ینه سه‌نگی مه‌حه‌ك. بزووتنەوه‌ی کورد لە خۆیدا دوو رەهەندی سەرەکی هەیە کە هەر دوو رەهەنده‌كه وەک کردارێکی کۆمەڵایەتی پێوەندیان بە ئەخلاقەوە هەیە. یەکه‌م، کورد خۆی وەک بزووتنەوه‌یه‌کی نەتەوەیی بەرهەمی پێکهاتەی فەرهەنگی و مێژووییە، وەک هزری نەتەوەییش لە درێژەی تەکاموڵی خۆیدا وەک “ئیدە” ئەگەرێتەوە بۆ قۆڵایی مێژووی کورد. ئەم ئیدەییه لە پێکهاتەی فەرهەنگی و زمانی و کۆمەڵایەتی کورده‌وه سەرچاوە دەگرێ. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی هەر ئەوە کەش و هەوایە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایولوژیک دەکاتە بوونەوەرێکی خاوەن هزر و فەرهەنگ، کە هەموو جۆڵەکانی خاوەن مانایە بۆیە ئەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی و زمانیە بە ژێر خانێکی ئەتنیکی بانگ دەکرێت.
گرینگی ئەم بابەتە لێرەدایە کاتێک کە ئەتینگ خاوەن پێکهاتەی جڤاکیە و وەک بوونەوەرێکی بایولوژیک زیندوویە و مەیلی بە مانەوە هەیە، ئا لێرەدایه كه ئەم پێکهاتەیه کەش وهەواێک ساز دەکا کە وەک بەرهەمی زه‌ینی مرۆڤ دەتوانی خۆی بپارێزی. لە ڕیگای ئەم سازەییەوه خۆی بە مرۆڤەکانی دیکە ده‌ناسێنێ و لێرەدا واته لە رێگەی ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتیەیه‌وه کە زه‌ینی تاک ئاوس دەکا. زه‌ینیش دیسان لە رێگەی پێکهاتەی زمانیە دزه ده‌كاته ناو پێکهاتەی کۆمەڵگا و زه‌ینی مرۆڤەکانی تر ئاوس دەکا. بەم شیوەیە پێکهاتە سوژە دەخولقێنی و سوژەیش پێکهاتەی نوی دەخۆلقێنی کە پیربوردیو لەم نێواندا پێوایە: کەسانێک کە دۆخی هاوبەشی پێکهاتەیی یان چینایەتیان هەیە، ئەزموونگەلێکی هاوبەش و چه‌ندپاته كراویان هەیە، کە سروشتێکی هاوبەش دروست دەکه‌ن. ئەم سروشتە لە جێگای خۆیدا بە کرداری کۆمەڵایەتی پێکهاتە به ئەوان دەبه‌خشێ، پێكهاته فەرمان و کردارگەلێک رێکدەخا و کرده‌ی بڕیاردەران سنووردار دەکا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕیگەیان پێ دەدا کە داهێنەری تاکیش بکەن . چەمکی سروشت بناغە و رەچەڵەکی چەمکی سەنتزی تێوریکە کە بوردیو دایڕشتووە سروشت هەم بەرهەمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیە و هەم بەرهەمهێنەری پێکهاتەی فەرمانی کۆمەڵاێەتیی کە کە دیسان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی پێک دەهێنێتەو هەم چەمکێکی سوبژکتیو(ده‌رهه‌ست) هەمیش ئوبژکتیو(به‌رهه‌ست) کە دەورو نیشان پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی پێوەیە و هەم چەمکێکی قەوارە وردە (لە ئاستی تاکی و نیوا تاکیدا کار دەکا) و هەمیش قەوارە گەورە (بەرهەمهێنەری پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانە(سیدمن، ١٣٨٨:١٩٨)
ئەم بابەتە لە هێگڵەوه دەستی پێ‌کرد و ئاکامەکەی گەیشتە میشل فوکۆ و بوردیو و بۆ ماوه‌ی چەند سەدە مژاری گرینگی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئوروپا بوو. بە بێ سه‌رنجدان بە بەردەوامیی ئەم رەوتە هارمۆنی مێژوو ناناسرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی جیاوازی پێکهاتە کلتوریی_ئەتنیکی و نەتەوەیه‌كان ریشه‌یان لە ڕابردوودا هەیە. هیچ جووڵەیه‌کی هزری و واتادار لە خۆیەوە دورست نابیت، بە بێ خوێندەوەی سەرچاوەکانی مێژووی پێکهاتەكان ناتوانین له جووڵه پێكهاته‌سازه‌كان تێبگه‌ین. مێژووی هەر نەتەوه‌یه‌ک ئەگەرێتەوە بۆ ژیانی بەرلە دنیای مودڕن، کە راستیدا مێژووی نه‌ته‌وه، مێژووی گه‌شه كردووی ئەو ئەتنییه‌كانه. بوردیو پێیوایه كه پێکهاتەی ئەتنیکی سروشتی تاێبەت ساز دەکا، سروشتیش بنەمایه‌کی سەرەکی کردارە و کرداریش لە مەیداندا خۆی دەردەخا. ئەوەی كه ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی ئەتنیک پێک دێنی، ئامادە سازی دەکا کە لە دنیای مودڕن دا خۆی وەک نەتەوە پێناسە بکا.
هزری هاوبەشە کە دەرکەوتەکانی وەک هونەر، موسیقا و بە تاێبەتی ئەده‌بیات رەنگی داوەتەوە لیرەدا بۆ پرسی کورد ئەم پرسە گرینگیه‌كی تایبەتی هەیە. یەکه‌م لە بەرئەوەی کە سه‌ره‌تایترین جووڵه‌کانی هەستی نەتەوه‌ی بەر لە بزووتنەوە سیاسی و جەماوەریه‌کانی کوردستان لە ئەده‌بیاتی کوردی‌دا خۆیی تۆمار کردوە. دووهه‌م، زۆربەی ئەوە بیرمەندانە کە لە رەهەندی دەوڵەتەوە باسی نەتەوە دەکەن کۆمەڵێک لە پرسە نەتەوایەتیەکانیان وەک ناسیونالیزمی ئەتنیکی و قەومی دەگه‌ڕێنه‌وه بۆ هاوبەشی خوێنی ئوستورەی باوكی هاوبەش. دانڵد هورویتس تەنیا هەیجانی هاوبەش گرووپە ئەتنیکیەکان لە بەر چاو دەگری ( ئه‌نتونی دی سمیس. ل ٣١٦). تەنانەت ئەگەر ئەم دیاردەیە لە نێوان کێشمەکەشە ئەتنیکیەکانی ئافریقا و زۆر شوێنی دیکەدا پشت‌راست بێ، لە سەر پرسی کورد ناراستە. ئەمیش له به‌ر كاریگه‌ری ئەده‌بیاتی کوردی کە دەورێکی گرینگی لە گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی پرسی نەتەوه‌ییدا هەبووە، واتە ئەگەرچی کۆمەڵگای کوردی بەر لە مودڕنیتە کۆمەڵگایه‌کی عەشیرەتی بووە بەڵام لە سەرەوەی پێکهاتەی عەشیرەتی هزرێکی هاوبەش لە ئەده‌بیاتی کورد تومار کراوە کە لە دەرەوە پێکهاتەی پێش مودڕنیته‌وه بوونی هەبووە. به‌م پێیه دەکرێ بڵین داهێنەری و ماكه‌ی پرسی نەتەوایەتی لە ئه‌دیبان و ئەده‌بیاتی کوردیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. تەنانەت شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە ناو کۆمەڵگایی کوردی‌دا وەک ئوستورە و هێمای نەته‌وه‌یی دەوریی سەرەکیان لە سروشتی کوردی‌دا هەیە، بۆیە هەر ئەتنیکێ کە ئەم ئلیمنتانەی هەبێ توانای و لێهاتووی زۆرترە بۆ به نه‌ته‌وه بوون.
مرۆڤی كورد كه بیر لە شۆناسی هاوبەش بکاتەوە چونکه کردارێکی هاوبەش لە شوێنگەلی جورواجوری کوردستاندا روویان داوە، لە ئاکامدا بە پێ تێوری بوردیو، ئاکامی سروشتی هاوبەش و کرداری هاوبەش مەیدانی هاوبەش دەخولقێنی، کە بوردیو پێ دەڵی خەباتی هاوبەش کە خاوەن پلان و ئیستراتیژیە، کە خۆی خاوەنی عەقڵانیەتی هاوبەش بۆ بەرژەوەندی هاوبەش. زۆر ئەتنیک هەیە کە له سەردەمی مودڕندا گه‌شه‌ی نه‌كردوه و مودڕنیته نه‌بووتە هۆی ئەوە کە بیر لە چارەنووس و شوناسی هاوبەشی سیاسی بکەنەوه و، هەوڵ بۆ دابین کردنی حاکمیەت سیاسی بدەن. ره‌گه‌زه سه‌ره‌كیه‌كانی ئەتنیک خۆی پەیامێکی گرینگ دەگه‌یه‌نێتە جیلی نوێ، ئەویش مەیلە بە هەرمانی بەردەوامیی ڕەوتی ره‌گه‌زه‌كان. بۆیە بەرهەمە بەهێزە ئەده‌بیەکان کەسانێکی خوێندەوار و ئەد‌یبی دیکە بەدوای خۆیاندا دێنن. ئەگەر ئەده‌بیات وەک سەرەکیترین ئیلمنتی پێکهاتەی نەتەوه‌یی و ئەتنیکی به‌حساب بێ، کە حاشا ناكرێ ئامرازێكی پێوەندی دانبڕاوه لە نێوان ئەتنیک و نەتەوەدا، لە بەر ئەوە ئەده‌بیات وه‌ك دەق ،ئاوێنه‌ی باڵانوێنه، و دەتوانرێ ئیستنادی پێ بکرێت. مەبەست ئەوەیە کە ئەدەبیاتی سەردەمی مودڕن و نەتەوە لە راستیدا درێژەدەری رەوتی ئەده‌بیاتی سەردەمی پێش لە مودڕنن. لێرەدایە دەکرێ ئاماژە بەوە بکرێت کە ژێر خانی ئەتنیکی پێکهاتەیه‌ک کە لە گەڵ خۆیدا هەستێکی هاوبەش دورست دەکا، ئەو هەستە کە بنەمای کۆمەڵگا پێک دێنی و خاوەن داب و نەریتی تاێبەتی خۆیەتی و جیاوازە لە کۆمەڵگاکانی هاوسێ خۆی. واتە کۆمەڵگا دراوسێکان پێکهاتەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دراوسیەکان بە هین خۆیان نازانن، لە هەمان کاتدا ئەندامانی کۆمەڵگا، پێکهاتەی کۆمەڵگای خۆیان بە هین خۆیان دەزانن و باوەریان بەوە هەیە کە ئەو کۆمەڵگایە هین خۆیانە. بۆیه هەست بە بەرپرسایەتی لە هەمبەر کۆمەڵگای خۆیان و باقی ئەندامانی دا ئەکەن. ئەمە خۆی چەمکێک بە ناو هاونیشتمانی ده‌ئه‌فرێنێ، بۆیه لێرەدا دەکرێ بڵین “کۆمەڵگای نەتەوه‌یی لە سەر باوەڕ دانراوە…
نەتەوەکان کاتێک پێک دێن کە ئەندامانیان یەکتر وەک هاونیشتمان قەبووڵ بکەن (میلر ١٩٤٦،ل٢٩). ئەتنیک کاتێک کە خاوەن ئیلمانتگەلێک وەک ئەده‌بیات و هونەر و موسیقا و ئایینی تایبەت بە خۆی بێ، ئه‌و كات ده‌كرێ قسه له کلتوری هاوبەشی بكه‌ین و له‌و حاڵه‌دا دەتوانین بڵێین کە ئەتنیک لە بواری کاركه‌ردییه‌وه کۆمەڵگای تایبه‌ت به خۆی پێک دێنی. کۆمەڵگایش ئەو پێکهاتەیە کە مەیلی بە هەرمان هەیە، لە سەردەمی مودڕندا بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە ڕیکخراوەی سیاسی هەیە، دەنا بەرەو توانەوە دەچی. واتە هەر کۆمەڵگاێک لە سەردەمی مودڕندا ئەگەر سیستمی سیاسی پێک نەهێنیت ئەوە ناچارە لە ناو کۆمەڵگاکانی دراوسیدا بتوێتەوە، له‌و دۆخانه‌دا كه له گه‌ڵ ده‌راوسێكانیدا تیكه‌ڵی ده‌بێ. زۆر جیاوازی ئەتنیکی و نەتەوەی تەنیا لە سەر بڕیاری سیاسی دروست ده‌بن. ئەم بڕیارە سیاسیانه لە خۆیاندا بەرهەمی قۆناخی مودرنیته‌ن. بریاری سیاسی داخوازیکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و سەروه‌ری، ئیرادە چارەنووس ده‌كاته هاوملی ده‌سه‌لاتی سیاسی. ئانتونیو گیدنیز نەتەوەپەروەری به‌شێوه‌یه‌كی، وەک دیاردەیه‌کی سایکۆلوژیک دەزانێت. ئه‌و دەڵێ: هەستی خۆشه‌ویستی تاکەکان بە نسبەت کۆمەڵە هێما و باوەڕگەڵێک کە لە سەر جڤاکیەت لە نێوان ئەندامانیدا جەخت لە سەر زەبتی سیاسی دەکا(سمس ١٣٩٩:ل ١٤٦) لێرە دا چەمکی نەتەوە پەروەری کورد، لە رەهەندیکی کانتیەوە چونکه ده‌گشتێندرێ بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوه‌یەکانی جیهان و تەنیا لە ئاراستەی بەرژەوەندی یەک پێکهاتە دژی پێکهاتەی تردا نیە، واتە بۆ لە ناو بردنی نەتەوەیه‌کی تر نیە. لە خۆیدا وەک ئەخلاقێکی گشتگیرە، هەوڵه بۆ درێژەدانی ژیانی هاوبەشی نەتەوەیی، مافێکە بۆ هەموو مرۆڤێک کە به جورێک خاوەن شوناسی نەتەوه‌یی خۆییە. ئەگه‌ر هەستی نەتەوایەتی هەوڵدان بێ بۆ پاراستن و درێژەی ژیانی کۆمەڵایه‌تی نەتەوە، وەک مافی ئازادی کە لاک باسی لێ دەکا، ئه‌وا ئەمیش خاوەن بنەمایه‌کی بتەوی ئەخلاقیە. دەتوانین بڵین خەباتی رووت بۆ دابین کردنی چارەنووسی نەتەوەیی لە خۆیدا چ وەک ویژدانی کانتی چ وەک مافی سروشتی مرۆڤەکان، کردەویه‌کی ئەخڵاقیە و جێگەی ئەویە کە پشتگیری ئەخلاقیی لێ بکردرێ.
کاتێک کە زەبتی سیاسی سێبەری دەخاتە سەر پێکهاتەیه‌كی کۆمەڵایەتی و ئەتنیکی، چەمکی دەسەڵات دێتە ئاراوە. دەسەڵات قوناخێكی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، واتە تاک یان گرووپ کاتێک جگە لە ژیانی تاێبەتی خۆی وەک خواردن خۆراک و کار و بنەماڵە هەنگاو دەنێتە ناو کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی. واتە وێژمانی نەتەوایەتی درێژەدەری پێکهاتە ئەتنیکیه کە سەر به مەکانێکه بە ناوی نیشتمان. ئەم وێژمانە کە رەهەندێک لە دەرەوە بنەماڵە و ژیانی تاکە کەسی پێک دێنی، مرۆڤی مودرن دورست ده‌کا. کاتێک کە تاک یەکه‌م هەنگاو دەنێتە ناو کۆمەڵگاوه، یەکه‌مین ده‌رکەوتەی بەرهەمهێنانی دەسەڵاتە. یەکه‌م جووڵە و مودڕن کردنی هزری مرۆڤ، واتە ئەوه‌ی کە رەهەندێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ تاک دورست دەکا کە بێجگە لە ژیانی تاێبەتی، تاک خەریکی دەکا به مناسباتی دەسەڵاتەوه. وەک وێژمان (دیسکورس) رەهەندگەلێک لە زانست لەناو کۆمەڵگادا وەک دیاردە ده‌خولقێنێ. لیرەدا دەسەڵات هەر زانستە کە دەیهەوێ کەسانێک دیکە لە زانست و هزری خۆی ئاگادار بکاتەوە. بە نسبەت دیارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستیەکان بێ لایەن نیە، هەڵوێستی بە نسبەت دەور و بەری خۆی هەیە.
لێرده‌دا نەتەوە بەشداری کردنی خەڵکی هاوئەتنیکه له کاروباری گشتی و دەرەوەی ژیانی تاێبەتی. بڕیارێکە کە ناسینی شوناس و کێیەتی دەکاتە بناخەی خۆی، بە بێ ناسینی وردی شوناس و تاێبەتمەندی کێیەتی خۆت ئەسته‌مه جیاكردنه‌وه شوناسی خۆت گەڵ شوناسگەلێکی جیاوازتر. لێرەدا ناسین و شاره‌زای لە سەر تایبەتمەندیەکانی نەتەوه‌ی خۆت لە به‌رابه‌ر ئەوانیتر خۆی دەر دەخات و ده‌بێته خاڵی چاره‌نوسساز. هەر وا کە جان بریولی دەڵی “نەتەوە بە تاێبەتمەندییە تاێبەتیەکانی خۆیەوە بوونی هەیە (بریولی، ،١٩٩٥ل٢). بۆیە دەکری بڵین ناسین و زانینه کە وەک دەسەڵات خۆیان دەردەخه‌ن. سوژە کە خۆی بەرهەمی پێکهاتە کلتوری، کۆمەڵایەتی و چینایەتیە، ناسین و زانستی پێوەیە بۆیە دەسەڵات بەرهەم دێنێ. چون دەسەڵات بەرهەم ده‌هێنێ كه‌وایه دەچیتە خانەی رەهەندی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیەوە و، دەیهەوێ جەماوەر بێنێتە مەیدان کرده‌وه و پرۆژەکانی خۆی جێبەجێ بکات. جا پرۆژەی سەرەکی وێژمانی نەتەوەیی دورست کردنی کۆمەڵگای مودڕن و حاکمیەتی سیاسی و دەسنیشان کردنی بەرژەوندی و بایەخی نەتەوەییە کە” بەرژەوەندی و بایه‌خەکانی ئەم نەتەوەیە كه لە سەرەوە هەموو بەرژەوەندی و بایەخەکانی دیکەدایە “(بریولی هەمان). ئەمیش وەک مافێک بۆ هەموو ئەندامانی نەتەوەکە یەکسانە.” نەتەوە دەبێ تا هەر ئاستێک کە بۆی دەلوێ سەربەخۆ بێ. ئەم سەربەخۆییە پێویستی بە لانی کەم دەسەڵاتی سیاسی هەیە”(بریولی هەمان).
دیاره پرۆژەیه‌کی گەورە وەک دامەزراندنی کیانێکی سیاسی بۆ نەتەوه‌یه‌ک بە بەشداری ئەندامانی نەتەوەکە جێبەجێ دەکرێت، له‌م هه‌رمانه‌دا ئەرکەکان دابەش دەکرێن و بێگومان باسی ئەخلاقیش دێتە ئاراوە له‌م قۆناخه‌دا زۆر به‌رجه‌سته‌یه. كاتێك كه ئەم ئەرکانە لە پروسەیه‌کی هەستیاری سیاسی‌دا دا‌به‌شده‌كرێن، بە بێ پاراستی ئەخلاق چ وەک ئەرک و چ وەک ماف، دەسەڵات به‌ره‌و ئاقارێکی مەترسیدار ملده‌نێ و ده‌رئه‌نجامیش گوڕینی نیوه‌رۆكی دەسەڵاتە بۆ ئوتۆریتەی ناڕه‌وا. بۆیە لێرەدایە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی ره‌وا لە ئوتۆریتە هه‌وسار پچڕا‌و جیا بکرێتەوە. هەر وا کە ئاماژەی پێکرا، دەسەڵات کۆکردنەوەی و هێنانە مەیدانی خەڵکە بۆ دروست کردنی زانست و دەسەڵاتی نەتەوه‌ی، مانه‌وه و گەڵ ئەندامانی ئەو نەتەوە وگوێڕایه‌ڵ بوون بۆ بڕیار و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه. لێرەدا دەسەڵات لە خۆیدا واته بەشداری فەعالانەی ئەندامانی نەتەوەکە، ئەم بەشداریە تەنیا بەشداری فیزیکی و بەدەنی نیە بەڵکو به‌شداری ئازادانه‌ی مرۆڤی خاوه‌ن كه‌رامه‌ت و ئیرادە و سەلیقەی جیاوازە. بۆیە بەشداری خەڵک لەم پرۆسەدا دوو دیاردە لێده‌كه‌وێته‌وه یەکه‌م، بەشداری کردنی خەڵک لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا كه لە راستیدا کاردانەوه‌یه‌کە دژی ئوتۆریتە، چون دەسەلات وەک ناسین و زانست دژی ئوتۆریتە. دووه‌م. دیاردەی دیکە لە لە بەشداری خەڵک لە پرسی نەتەوه‌ییدا وەک دیاردەیه‌کی کۆمەڵایەتی و سیاسی دێتە پێشەوە، پرسی ئازادیە واتە بەشداری کردنی خەڵک لە پروسەی سیاسی و نەتەوه‌ییدا چەمکگەلێک بە ناوی ماف خەڵک و ئازادی زەق دەکاتەوە. بۆیە بەشداری جەماوەری مشروعیەتی جەماوەری بۆ خۆی دورست، ئەم به‌شداریه یه‌که‌م دژی ئوتۆریتەیە و لە هەمان کاتدا پرسی مافی ئازادی دێنێتە ئاراوە. ئەمیش بێ پارێزگاری ناخه‌مڵێ و گوڵ ناكات، بۆیە دەکرێ بڵین بەردەوامیی مەشرووعیەتی جەماوەری پێویستی بە مێتودێك هەیە، کە ئەم بەشداریە کانالێزە بکات و ئەویش دامودەزگای بەشداری کردن لە پروسەی دەسەڵاتداری پاراستنی مافی ئازادی خەڵک سیستمی دێموکراسی مسۆگەری دەکا. ئەگەر به هه‌ر بیانوویه‌ك ئەم بەشداریە لە ئەندامانی نەتەوەکە زەوت بکرێت، ئەوه ترازاندنی مافی ئازادی ئەندامان نەتەوەیە كه ئەکرێ و پێویستە وەک دیاردەیه‌کی ئەخلاقی داوەری له مه‌ڕ بکرێت. ده‌رئه‌نجامی دیكه‌ی نیوان ره‌وتی نه‌ته‌وایه‌تی و دیموكراسی، له درێژه‌ی ره‌وتی به‌شداریكردندا چالاكانی خه‌ڵكی نه‌ته‌وه‌كه خۆیان به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگا‌كه‌ی خۆیانن كه خۆیان به هاونیشتمانی پیناسه ده‌كه‌ن. واته وڵاتگه‌لێك كه فره‌نه‌ته‌وه‌ن دیموكراسی وه‌ك درێژه‌ی پرسی نه‌ته‌وایه‌تی مانایی نامێنێ، به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر دیموكراسیش سه‌قامگیر بكرێ ئه‌وه ئه‌توانێ به‌رهه‌می رێكه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كان بێ.
رەهەندی دیکەی خەباتی نەتەوایەتی کورد خەباتە دژی دەوڵەتانێکە کە بزۆتنەوی کورد بە داگیرکەری نیشتمان و بە بن دەست کردنی نەتەوی کورد پێناسەی دەکەن هەروەها، مناسباتی چالاکان و لایەنەکانی کوردی بەشدار لە خەباتدا چەندە بە پێ پێوەری ئەخلاقی دەچیتە پێشەوە لە بەشی دوومدا بڵاو دەکرێتەوە.
درێژەی هەیە…..