1,630 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە
دۆكتۆر مه‌سعوود ڕۆسته‌می
بیرمه‌ند به وردبوونه‌وه ده‌رک به دژوازییه‌كانی خه‌بات ده‌كات كه ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه له چوارچێوه‌ی حزبه‌كاندا باڵی به سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا كشاوه. ئه‌م دژوازییه كه به‌رهه‌می قۆناخی سه‌رهه‌ڵدانی حزب-ه هێنده به‌رچاوه كه نه ته‌نیا بۆته هۆی وه‌یلانی حزبه‌كان له نێوان دوو گوتاری شوناسی كوردی و ناكوردی، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت به خائێنبوونیش تۆمه‌تبار ده‌كرێن! لێ ئه‌وه‌ی راستیی بێ ئه‌م حزبگه‌له نه خائێن، به‌ڵكوو به هۆی نائاشنا‌بوون به زانستی سیاسه‌ت له وه‌یلانیێكی سه‌یروسه‌مه‌ر دان. تا ئه‌م دواییانه‌ش كورد له رێگای شێعره‌وه به سیاسه‌ت ئاشنا ده‌بوو نه زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. سیاسه‌ت و خواستی شاعێرانه، په‌رچه‌كرداری هه‌ندێ له سیاسه‌توانانی لێكه‌وته‌وه كه دواتر خۆیان له ژێر گوتاری رێاڵیزم پێناسه ده‌كرد. میراتی ئه‌م رێاڵیزمه هه‌نووكه‌ش ئێخه‌ی كوردی به‌رنه‌داوه‌و مۆركی خه‌ونی شاعێرانه‌و ناڕێاڵ ده‌خه‌نه پاڵ هه‌ر باسێكی زانستی؛ بۆیه‌ش هێشتا جێپه‌نجه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایته‌ییه‌كان له سیاسه‌تی كوریدا به دی ناكرێ. ئه‌مه‌ش به نۆگه‌ی خۆی رێگر بووه له‌و دژوازیگه‌له كه به فره‌وانی له جیهانژینی سیاسه‌تی كوردی بوونی هه‌یه‌و نیازیان به چاره‌سه‌ركردنه. له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌درێ تیشك بخرێته سه‌ر دوو چه‌مكی هه‌ره باوی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی كه بریتین له ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت. ئه‌مانه‌وێ ئه‌وه روون بكه‌ینه‌وه كه نه فۆڕماسیونی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكوو پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت-قه‌ومی فارس و كورد، ره‌وایی و هه‌قانییه‌ته‌كه‌ی له كوێیه‌وه وه‌رده‌گرێ و له به‌رابه‌ریشدا حزبی كوردی كام ره‌هه‌ندی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵات به ناڕه‌وا و ناهه‌قانی ده‌زانێ.
ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی هه‌میشه باسی سه‌ره‌كیی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی بووگه. ئه‌م باسه ته‌نانه‌ت پێش فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی یۆنانی كه‌ون-یش یه‌كێ له كه‌ڵكه‌ڵه سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایان و فه‌رمانبه‌ران بووه. له ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی دا، پرسیار ئه‌وه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵات له كوێیه‌وه دێت؟ گرنگی ئه‌م باسه له سیاسه‌ت دا ئه‌وه‌یه كه فه‌رمانره‌وا و ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی خۆی به سه‌رچاوه‌یێكه‌وه گرێ نه‌دات، تووشی قه‌یرانی حوكمڕانی ده‌بێت. له سیاسه‌تی كه‌ونی فارسی‌دا فه‌رمانڕه‌وا، ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی خۆی له خوداوه وه‌رده‌گرت نه خه‌ڵك. واتا فه‌رمانڕه‌وا نه له به‌رابه‌ری خه‌ڵك، به‌ڵكوو له به‌رابه‌ری خودا به‌رپرس بوو. به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فارسی، له سیاسه‌تی كه‌ونی كوردیدا فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵات تا كاتێ ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی هه‌بووه كه به «رێكه‌وتن (میترا)» پابه‌ند بوایه. ترازان له «رێكه‌وتن (میترا)» ناڕه‌وایی و ناهه‌قانی سیاسی به دوا دا ده‌هات كه ئاكامه‌كه‌ی هه‌مان «دوژمنایه‌تی (ئاریا)» بوو، بۆیه شۆڕش له دژی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێ ئه‌ركێكی پیرۆز ده‌بوو. له قۆناخی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی له ئه‌ورووپا، كه‌نیسه بوو كه خودی كه‌نیسه‌ش وه‌ك نوێنه‌ری زه‌مینی خودا ده‌ناسرا. هه‌رچه‌ند هیچ كات خودی كه‌نیسه ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه نه‌گرت، لێ فه‌رمانڕه‌وا ده‌بوا مۆركی ره‌زامه‌ندی له كه‌نیسه وه‌ربگرتبایه كه واتاكه‌ی ره‌زامه‌ندی خودا بوو، ئه‌گینا ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا ناڕه‌واو ناهه‌قانی ده‌هاته هه‌ژمار. پاش شۆڕشی مه‌عریفی مۆدێڕنیته، سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت له كه‌نیسه گوازرایه‌وه بۆ خه‌ڵك. ئه‌م فۆڕمه له ره‌وایی و هه‌قانیبوون كه به لیبراڵیزمه‌وه ده‌سپێده‌كات، قۆناخێكه كه به سكولاریزم ناسراوه‌و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی دێمۆكراسی مۆدێرن بوو. تا كۆتایی سه‌ده‌ی بیست دێمۆكراسی لیبراڵ له چوارچێوه‌ی مافی هاووڵاتی تێنه‌ده‌په‌ڕی. له كۆتایی سه‌ده‌ی بیست دا، ره‌وتێكی لیبراڵ كه جان گره‌ی به پۆست لیبراڵیزم ناوی لێده‌بات، به رێبه‌رایه‌تی ئایزا بێرلین و دواتر كیملیكا و واڵتزر و هتد هاته ئاراوه كه باس له پڵوراڵیزم ده‌كات و له‌و باوه‌ڕه دان كه دێمۆكراسی ئه‌بێ له تاكگه‌رایی لیبراڵی تێپه‌ڕێ و مافی كه‌مایسییه‌كانیشی تێدا پارێزراو بێ. كارڵ ماركس هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێ كه سه‌رچاوه‌كه‌ی پڕۆڵێتاریا نه‌بوایه به ناڕه‌واو ناهه‌قانی ده‌زانی؛ هه‌رچه‌ند له ئه‌ندێشه‌ی سیاسی ماركس، ده‌سه‌ڵاتی پڕۆڵێتاریا وه‌ك قۆناخی گوزار هاتووه. ماكس ڤێبه‌ر فیسلوفی ئاڵمانی، باسێكی چڕوپڕتری ده‌رباره‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت هه‌یه. ڤێبه‌ر باس له سێ سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت ده‌كات كه بریتین له «نه‌ریت، كاریزما و ئاوه‌ز». ره‌وایی كاریزماتیك، ره‌واییێكی كاتییه‌و له قۆناخی شۆڕش یان بشێوكه ده‌رده‌كه‌وێت و پاش ئه‌و قۆناخه یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌ریت یان به‌ره‌و ره‌وایی ئاوه‌ز ده‌ڕوات. له ئێسلامی سیاسی دا هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتێ كه سه‌رچاوه‌كه‌ی قورئان نه‌بێ، ناڕه‌واو ناهه‌قانی دێته هه‌ژمار. له ئێسلامی سیاسی شێعه دا باسی ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت پێچیده‌تره له ئێسلامی سونه‌یه. به پێی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی شێعه‌و ولایه‌تی ره‌های(موتڵه‌قه‌ی) فه‌قێ، ده‌سه‌ڵات له خودا گه‌یشتۆته ئاخرین په‌یامبه‌ر محه‌مه‌د، له‌وێشه‌وه گه‌یشتۆته خه‌ڵیفه‌ی چواره‌م عه‌لی و له بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی درێژه په‌یدا ده‌كات تا ئیمامی دوازده‌هه‌م. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به هۆی غه‌یبه‌تی ئیمامی دوازده‌هه‌م، تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له ده‌ستی وه‌لێ فه‌قێ وه‌ك ئه‌مانه‌ت ده‌پارێزرێت. ولایه‌تی ره‌های فه‌قێ كه نوێنه‌ری ناراسته‌وخۆی خودایه، له به‌رابه‌ر خه‌ڵك به‌رپرس نییه. كه وایه له ئه‌ندێشه‌ی سیاسی ئێسلامی شێعه، ١- هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتێكی نائێسلامی، ناڕه‌واو ناهه‌قانییه؛٢- هه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاتێكی ئێسلامی كه له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی خه‌ڵیفه‌ی چواره‌م بێ ناڕه‌واو ناهه‌قانییه؛ ٣- وه‌لی فه‌قێ تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی (ظهور) ئیمامی دوازده‌هه‌م، پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی خه‌ڵیفه‌ی چواره‌می موسڵمانان ده‌كات. ئه‌م باسه كورته له چوارچێوه‌ی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی رۆژاوا و ئێسلام سه‌باره‌ت به ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی فه‌رمانڕه‌واو ده‌سه‌ڵات وێنایێكمان به ده‌سته‌وه ده‌دات تا بزانین چۆن خه‌باتی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردوستان، خه‌باتێكی وه‌یلانه.
ئه‌مڕۆكه جیا له به‌هێزبوون یان لاوازبوون، به گشتی ئه‌توانین باس له سێ ره‌وت بكه‌ین كه ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووكه‌یی ئێران به چاله‌نج ده‌كێشن. یه‌كه‌م، ره‌وتێكی ئێسلامگه‌رای شێعه‌یه. ئه‌م ره‌وته به هۆی گه‌شه‌ی گوتاری دێمۆكراسیخوازی به دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یێكه تا هاوسازیێك له نێوان ئێسلامی شێعه‌و دێمۆكراسی بدۆزێته‌وه؛ دووهه‌م، ره‌وتێكی لیبراڵ كه خوازیاری ده‌سه‌ڵاتێكی سكولار و مافی هاووڵاتیبوون به شێوه‌یێك كه یاسا قسه‌ی ئه‌وه‌ڵ و ئاخر بكات؛ سێهه‌م ره‌وتێكی چه‌په كه خواسته‌كانی ئه‌وانیش له بواری سیاسی دا هه‌مان ئه‌رزشه لیبراڵییه‌كانه، لێ له ره‌هه‌ندی ئابووری باس له مافی كرێكارانیش ده‌كه‌ن. به واتایێك ئه‌م ره‌وته چیتر خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی پڕۆڵێتاریا نییه. ئه‌وه‌ی كه له‌م سێ وێژمانه‌دا ده‌بیندرێ و زاڵه، جگه له «تاقمێكی زۆر بچووك» له لیبراڵه‌كان و چه‌په‌كان كه باس له مافی «قه‌ومییه‌ته‌كان» ده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له‌و گوتارگه‌له نه ته‌نیا باوه‌ڕی به مافی نه‌ته‌وه‌كان و خواستی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات نییه، ته‌نانه‌ت فێدراڵیزمیش به لایانه‌وه بڤه‌یه. به واتایێك وێژمانی زاڵ و ته‌نانه‌ت ئه‌توانینیش بێژین گشتگیر له ناو فارس، وێژمانی ره‌وایی و ناڕه‌وایی سه‌رچاوه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵاته. له دیتی ئه‌وانه‌وه مافی نه‌ته‌وه‌كان ناچێته خانه‌ی وه‌ها ره‌وایی و ناڕه‌واییێكه‌وه، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كورد باسی ده‌كات دژایه‌تییه له‌گه‌ڵ ئێران. به واتایێك ئه‌وان دوو ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت له یه‌ك جیا ده‌كه‌نه‌وه: «ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی و ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی».
پێوه‌ندی نێوان كورد و ده‌وڵه‌ت-قه‌ومی فارس -هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌م كاته‌دا-، هیچ پێوه‌ندیێكی به سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و ناڕه‌وایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه نییه. به‌ڵكوو پرسی ئێمه پێوه‌ندی به ده‌وڵه‌ت-قه‌ومێكه‌وه هه‌یه كه ئاماده نییه دان به مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانمدا بنێ. ده‌وڵه‌ت-قه‌ومی فارس به پشت به‌ستن به گێڕانه‌وه‌یێك له مێژووی ئێران، ره‌وایی خۆی له هه‌بوونناسیێكی سیاسییه‌وه وه‌رده‌گرێت كه فێدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی-جوگرافی لادانه له‌و گه‌وهه‌ره‌ی كه شوناسی ئێرانی پێكدێنێ و هه‌موو ئێران زه‌مین ده‌گرێته‌وه. به پێی ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه، ئێران زه‌مین ته‌نیا ئه‌و كاتانه‌ی گه‌وهه‌ری سیاسی خۆی پاراستووه كه رێگری له فره‌شوناسی و فره‌ناوه‌ندی كراوه. هه‌ر له‌م باره‌ویه‌وه جه‌وادی ته‌باته‌بایی وه‌ك گه‌وره تێۆریسێنی ئێران زه‌مین كه پێوه‌ری ئێران زه‌مینه‌كه‌ی شاهه‌نشاهی ساسانییه هه‌ر له سه‌ره‌تای كتێبی «دیباچه‌ای بر نظریه‌ی انحطاط ایران» و له لاپه‌ڕه‌ی ١٠ ده‌بێژێ: «… له سه‌ره‌تای قۆناخی ئێسلامی تا فه‌راهه‌مبوونی زه‌مینه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی سه‌فه‌وه‌ییه‌كان- كه نزیك به نۆ سه‌ده پاش هه‌ره‌سهێنانی شاهه‌نشاهی ساسانییه‌كان جارێكی‌تر توانیان له به‌شێكی به‌ربڵاوی ئێران زه‌مین حكومه‌تێكی یه‌كانه، ناوه‌ندی و توانا پێكبهێنن …». هه‌ر ئه‌و له درێژه‌دا ده‌بێژێ « شا سمایل سه‌فه‌وه‌ی، بنیادنه‌ری زنجیره‌ی سه‌فه‌وه‌ی، توانی ملوك طوایف-ی سێزده‌گانه كه له كاتی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا له به‌شگه‌لێكی ئێران زه‌مین ته‌ڕاتێنیان ده‌كرد(فرمان میراندند) ته‌فروتوونا بكات و له كاتی فه‌رمانڕه‌وایی شا عه‌باسی یه‌كه‌م، قه‌ڵه‌مڕه‌وی سنووره‌كانی ئێران بۆ سه‌رده‌می ساسانییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م وتانه‌ی ته‌باته‌بایی دا ده‌بیندرێ، واتاكه‌ی شتێ نییه جگه له‌وه‌ی ملوك طوایف له‌گه‌ڵ رۆحی حاكمییه‌ت له ئێران زه‌مین ناهاوتایه. ئه‌گه‌ر ملوك طوایف له دیتی ته‌باته‌بایی دا له‌گه‌ڵ رۆحی ئێران زه‌مین بێگانه بووگه، ئاخۆ بۆ فێدراڵیزم چۆن بێ!ئه‌ڵبه‌ت پێویست ناكات له‌م باره‌یه‌وه بڕۆینه ناو گریمانه‌كانه‌وه، خودی ته‌باته‌بایی زه‌حمه‌تی كێشاوه‌و به روونی روانینی خۆی له‌م باره‌یه‌وه ده‌خاته به‌ر ده‌ستمان. پاش ئه‌وه‌ی خاته‌می وتبووی باشترین شێوه‌ی ئێداره‌ی وڵات فێدراڵیزمه، ته‌باته‌بایی ئاوا ده‌دوێت: «من وه‌ك هاووڵاتیێ كه تۆزقاڵێ له ئێوه زیاتر له‌م باسانه‌دا بیرم كردۆته‌وه‌و سیاسی بازیش نییه، داواتان لێده‌كه‌م قسه‌كانتان وه‌ربگرنه‌وه‌و به‌وانه‌ش كه له ده‌ور و پشتت دان بڵێ نه‌چنه ناو ئه‌م باسگه‌له‌وه». ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ئه‌وه ته‌نیا دیت و باوه‌ڕی یه‌ك كه‌سه به‌هه‌ڵه دا رۆیشتووین. شوناسی ئێرانی بۆ به‌شی هه‌ره زۆری بیرمه‌ندان، سیاسه‌توانان و چالاكانی سیاسی و هوونه‌ری، ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی خۆی له هه‌بوونناسی سیاسی و مێژووییه‌وه وه‌رده‌گرێ نه له سه‌رچاوه‌كانی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی. بۆ به‌رچاوروونی زیاتر با تیشك بخه‌ینه سه‌ر نووسینی دوو سه‌د كه‌س له دژی قسه‌كانی خاته‌می. ئه‌وانه له نووسینێكدا له ژێر ناوی «نه به فێدراڵیزم، نه به لێكپچڕانی نه‌ته‌وه‌یی» ده‌بێژن: «هیچ وڵات و ده‌وڵه‌تێكی له پێش مه‌وجوود كه ماهییه‌ته‌ن سیسته‌مێكی ته‌كچنراو بێ، نه‌بۆته وڵاتێكی فێدراڵ. له درێژه‌ش دا ئه‌ڵێن: خاته‌مه‌ی به روونی وڵاتبوونی ئێران وه‌ك «ئه‌سڵێكی پێشینی» له به‌رچاو نه‌گرتووه. ئه‌وان هه‌ر ئازا‌و به زیره‌كیی مه‌سیری فه‌رمانه‌كه‌یان له ره‌وایی مێژوویی ده‌چه‌رخێننه‌وه بۆ ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی و باس له «گه‌نده‌ڵی سیاسی، دابه‌زینی نرخی پوڵی نه‌ته‌وه‌یی، ئازادیگه‌ل مه‌ده‌نی و سیاسی، ته‌بعیزگه‌ل ئایدیۆلۆژیك و ره‌گه‌زی و مه‌زهه‌بی و …» ده‌كه‌ن. هه‌موو ئه‌مانه نیشان ده‌دات كه ئه‌وان به‌وه‌شه‌وه كه ده‌رباره‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی پێكه‌وه دژایه‌تیان هه‌یه، كاتێ كه دێته سه‌ر ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی یانێ ئه‌و شته‌ی كه هێژێمۆنی و به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ت-قه‌ومی فارس كه له تۆی ئه‌سڵی پێشینی و هه‌بوونناسیی سیاسی تێۆریزه كراوه، ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، له دژی كورد له یه‌ك به‌ره دان. ئه‌مه خۆی نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه ئه‌وان به ده‌ركێكی هاوبه‌ش گه‌ییشتوون؛ شتێ كه كورد له باشترین حاڵه‌ت دا له قۆناخی داره داره دا‌یه! هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه كاتێ دوو حزبی دێمۆكرات و كۆمه‌ڵه رێكه‌وتنێكیان پێكه‌وه واژۆ كرد كه تێیدا باس له فێدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی- جوگرافی كرابوو، سه‌د كه‌سی فارس به نووسینی به‌یانییه‌یێك ئاوا ده‌دوێن: «به باوه‌ڕی ئێمه نووسه‌رانی ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه، تێۆری لێكدابڕانی «تجزیه» ئێرانیان خستۆته به‌رده‌ست. له درێژه‌ش دا ده‌بێژن، پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی ئه‌ردی ئێران، پایه‌ی هه‌ر كارێكی سیاسییه. حزبی دێمۆكرات و كۆمه‌ڵه جگه فێدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی-جوگرافی باسێكیان له سه‌ربه‌خۆیی نه‌كردبوو، بۆچی به سه‌ربه‌خۆییخوازی و داپچڕانی یه‌كپارچه‌یی شوبهێندراوه؟ له راستیدا ئه‌و خاڵه ته‌نیا خاڵێ بووگه كه نه ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی، به‌ڵكوو ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانی -ئه‌ویش نه وه‌ك وێژمان، به‌ڵكوو ته‌نیا وه‌ك ماده‌یێكی رێكه‌وتن- خستۆته مه‌ترسییه‌وه. لای ئه‌وان هه‌ر كارێكی پایه‌ای، شتێ نییه جگه له هه‌مان ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی. یانێ ئه‌وان ته‌نیا كاتێ له‌ته‌ك حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردوستان كار ده‌كه‌ن كه ئه‌م حزبگه‌له خۆیان به ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی فه‌رمانڕه‌وایانی هه‌نووكه‌یی ئێرانه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن. شتێ كه توانیوشیانه تێیدا سه‌ركه‌وتوو بن!
خه‌باتی كورد له ئێران (هه‌روه‌ها باقی به‌شه‌كانی كوردستان) به گشتی، خه‌باتێكی نه‌ته‌وه‌ییه. كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كیی ئێمه بریتییه له كوردبوون و كوردمانه‌وه‌و پاراستنی نیشتمان. ئه‌م خه‌باته چ بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێ یان بۆ فێدراڵیزم نه له‌ته‌ك ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ره‌هه‌ندی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانی به گێڕانه‌وه فارسییه‌كه‌ی ده‌سته‌وئێخه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌م خه‌باته‌دا باس له دێمۆكراسی ده‌كرێ، نه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریێتی خه‌ڵكه، به‌ڵكوو وه‌ك رێگه‌چاره‌یێك بۆ پاراستنی مافی نه‌ته‌وه‌ییه. كه وایه ئه‌و دێمۆكراسییه‌ی كه حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردوستان باسی ده‌كه‌ن، راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانی وه‌ك كۆسپی سه‌ره‌كی فێدراڵیزم كه به قه‌وڵی ئێرانگه‌راكان ماهییه‌ته‌و ئه‌سڵێكی پێشینی-ه. لێره‌ده پرسیارێ كه ئێخه‌مان ده‌گرێ ئه‌وه‌یه: ئایا حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانی و ئێرانیان وه‌كوو كۆسپی سه‌ره‌كی فێدراڵیزم (ته‌نانه‌ت نه‌ش سه‌ربه‌خۆیی) به چاله‌نج كێشاوه یان ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵات؟ ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به‌ڵگه بێهنمه‌وه به سه‌دان و هه‌زاران به‌ڵگه هه‌یه كه ده‌یسه‌لمێنێ، حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌رقاڵی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵاتن، نه ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی ئێران و شوناسی ئێرانی. له‌وه‌ش دڵته‌زێنتر ئه‌وه‌یه كه نه ته‌نیا ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانیبوونیان به چاله‌نج نه‌كێشاوه، به‌ڵكوو به پێی ده‌یان به‌ڵگه ئه‌وان دان به‌و ره‌واییه دا ده‌نێن. كه‌م نین ده‌سته‌واژه‌گه‌لێ وه‌ك سته‌مكار، دیكتاتۆر، حكومه‌تی ئاخوندی، حكومه‌تی دینی، حكومه‌تی په‌توسێداره، ئازادی، سكولار و هتد كه هه‌ر هه‌موویان ده‌چنه خانه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه. به واتایێك، حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌باه‌رت به ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی كه وێژمانی ده‌وڵه‌ت-قه‌وم له‌وێه‌وه گ شتێك ده‌رباره‌ی شوناسی ئێران و چه‌مكی ئێران زه‌مین تێۆریزه و به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌ی فارس و نافارس سه‌ره‌ولێژی ده‌كات، خه‌باتی ئێمه جگه له واژه‌ی رووت و قووتی فێدراڵیزم هه‌ڵگری هیچ ئایدیایێك كه باس له هه‌بوونناسی سیاسی كوردی بكات به دی ناكرێ. بۆیه خه‌باتی كورد خه‌باتێكی وه‌یلانه‌و له‌وه‌ش سه‌یرتر بۆته هۆی وه‌یلانی خودی نه‌ته‌وه‌ی كورد. بۆ راستی و ناراستی ئه‌م وه‌یلانییه له نێوان ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی حوكمڕانی و ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی وێژمانی شوناسی ئێرانی با هه‌ندێ به‌لگه بخه‌ینه به‌رده‌ست.
عه‌بدوڵا مۆهته‌دی وه‌ك سكرێتری كۆمه‌ڵه له كونگره‌ی پازده‌ی ئه‌و حزبه كه به زمانی فارسیش قسه ده‌كات ده‌بێژێ: بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز به هه‌موو كه‌مووكۆڕییه‌كانیه‌وه به‌شێ له پایه‌كانی نزامی بردۆته ژێر پرسیار(ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی)؛ به پێچه‌وانه‌ی به‌شی زۆری ئێران به تایبه‌ت له تاران، بزووتنه‌وه‌ی كوردی بزووتنه‌وه‌یێكی مه‌زهه‌بی نه‌بووه(ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی)؛ ئێمه(كوردستان) له كاتی شۆڕشی ئێران بزووتنه‌وه‌یێكی ئازادیخوازانه‌مان هه‌بوو، ته‌مایۆلاتی دێمۆكراسیمان هه‌بوو(ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی). (سه‌رچاوه یوتوب، ٢٥،٥،٢٠١٧). موهته‌دی له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ كاناڵی ایران اینترناشنال ده‌بێژێ: ئۆپۆزیسیونی ئێران به مانای واقعی ئۆپۆزیسیون یانێ كه‌سگه‌لێ كه دژی كۆماری ئێسلامی و خوازیاری كۆكردنه‌وه‌و گۆڕینی ئه‌م نزامه‌ن، له ساڵی رابردوو دا تا راده‌یێك باش عه‌مه‌ڵیان كردووه (ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی). (سه‌رچاوه یوتوب، ١٩،٣،٢٠١٩). سه‌یر له‌وه دا‌یه هه‌ر له‌م وتووێژه‌دا چه‌ن جار كه عه‌بدوڵای موهته‌دی ناوی «كنگره ملیتهای ایران فدرال» دێنێ، وشه‌ی فێدراڵ سانسۆر كراوه كه وای لێ دێ: كنگره ملیتهای ایران! هه‌ر ئه‌و له وتووێژێكیترا دا له‌گه‌ڵ كاناڵی ڤی ئۆ ئه‌ی ئه‌ڵێ: زۆر باشه و پێشوازی ده‌كه‌ین كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له داخوازی خه‌ڵكی ئێران بۆ گۆڕینی نزام پشتیوانی مه‌عنه‌وی و سیاسی بكه‌ن(ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی). (سه‌رچاوه یوتوب، ١٥،٥،٢٠١٨). هه‌ر له‌و كاناڵه‌و له‌و تاریخه دا ده‌بێژێ: ئامانجمان ئێرانێكی ئازاد، دێمۆكرات، سكولار، پلوڕاڵ و فێدراتیڤه كه مافه‌كانی كوردی تێدا پارێزراو بێ. هه‌روا كه دبیندرێ جگه له فێدراتیڤ باقی ده‌سه‌ته‌واژه‌كان له دایره‌ی ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی دا ده‌گونجن و باسی فێدراڵیزمیش هه‌ر وا كه پێشتر وێژرا زیاتر له وشه‌یێكی رووت و قووت نییه.
وه‌ك عه‌بدوڵای موهته‌دی، مسته‌فا هێجری سكرێتری پێشوو و لێپرسراوی هه‌نووكه‌یی حزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، به‌شی هه‌ره زۆری باسه‌كانی له خانه‌ی ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی ده‌گونجێ و ته‌نیا باسێكی بچووكیشی نییه كه ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی شوناسی ئێرانی كه كۆسپی سه‌ره‌كیی هه‌ر ئه‌و فێدراڵیزمه نه‌ته‌وه‌یی-جوگرافییه‌یه كه حزبه‌كه‌ی باسی لێوه ده‌كات، هه‌بێ. ئه‌گه‌رچی به‌ڵگه بۆ سه‌لماندن زۆرن، به‌ڵام لووتكه‌ی باسی ره‌وایی و ناڕه‌وایی سیاسی له زاری مسته‌فا هێجرییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كونگه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فێدراڵ له ستۆكهۆڵم. ویدیۆی ئه‌م كونگره‌یه به تاریخی ٢٠،٥،٢٠١٤ له سه‌ر یوتوبه‌و ماوه‌كه‌شی ٢٢ خوله‌ك و ٢٦ چركه‌یه، كه هه‌ر هه‌مووی سه‌باره‌ت به ره‌وایی و ناره‌وایی سیاسییه. با هه‌ندێ له رسته‌كانی بگوازینه‌وه بۆ ئێره: «له ئێران یه‌ك نه‌فه‌ر له جیاتی هه‌مووان بڕیار ده‌دات، یاسا ده‌رده‌كات و فرمانی جێبه‌جێكردنی یاساش ده‌دات. له‌م جۆره سیسته‌مگه‌له رێفۆرم ئێمكانی نییه، چۆن تاك یان گروپێكی بچووك كه به ده‌سه‌ڵات ده‌گات، خۆی به ئه‌قڵی كول ده‌زانێ… به مانایێكیتر خه‌ڵك له‌م جۆره نزامگه‌له شایسته‌گی بیركردنه‌وه‌یان نییه… كۆماری ئێسلامی زێده له‌وانه … له هێزێكی ئیلاهیش هێز وه‌رده‌گرێ كه ئه‌وه‌یه به عارییه‌ت گرتووه…». ئه‌مانه ته‌نیا گۆشه‌یێكی بچووك بوون له كۆی قسه‌كانی مسته‌فا هێجری لێپرسراوی هه‌نووكه‌یی حدكا له‌و كونگره‌یه. باس ته‌نیا به‌وه‌ش نابڕێته‌وه! باسی بنه‌ماییتر ئه‌وه‌یه كه حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جیا له‌وه‌ی به هیچ شێوه‌یێك خۆیان له ره‌وایی مێژوویی و هه‌بوونناسانه‌ی سیاسی شوناسی ئێرانی كه كۆسپی سه‌ره‌كی فێدراڵیزمه‌كه‌ی خوه‌یشیانه ناده‌ن، به‌ڵكوو له زۆر شوێنیش‌دا ره‌وایی و هه‌قانییه‌ت به هه‌مان وێژمان ده‌به‌خشن. له به‌یانییه‌ی ده حزب و سازمانی كوردی و ناكوردی له هانۆفه‌ری ئاڵمان، چه‌مكی پێكه‌وه‌ژیانی مێژوویی لووتكه‌ی داننان به‌و ره‌وایی و هه‌قانییه‌ته‌یه بگره تا ده‌گاته پێوه‌ندی نه‌پچڕاوی زاگرۆس و ئه‌لبۆرز-ی په‌ژاك. له وتووێژه‌كانی سه‌ركرده‌كانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌م نین داننان به شوناسی ئێرانی. به واتایێك خودی حزبه‌كانی روژهه‌ڵاتی كوردستان بێ ئه‌وه‌ی ئاگادار بن ره‌وایی به‌و ره‌واییه مێژووییه ده‌ده‌ن كه خودی فارس له هه‌مان سۆنگه‌وه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ فێدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی-جوگرافی ده‌كه‌ن.
كۆتایی
له ئێرانی هه‌نووكه‌ییدا هاوكات دوو پرس بوونی هه‌یه؛ ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی له‌ته‌ك ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی مێژوویی. سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێران ئێسلامی شێعه‌یه. ئه‌م سه‌رچاوه‌ی ره‌وایی و هه‌قانییه‌ته سێ نه‌یاری هه‌یه كه به‌وه‌شه‌وه له هه‌ندێ به‌هاو ئه‌رزش یه‌كده‌گرنه‌وه به‌ڵام سێ ره‌وتی جیاوازن: ره‌وتێك كه به دوای نۆژنكردنه‌وه‌ی ئێسلام و رێكخستنییه‌تی له‌ته‌ك ئه‌رزشگه‌ل دێمۆكراسی؛ ره‌وتێكی لیبراڵ كه خوازیاری ده‌سه‌ڵاتێكی سكولاره‌و ره‌وتێكی هه‌رچه‌ند كزی چه‌پ. هیچكام له‌و به‌هاو ئه‌رزشگه‌له كه نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات پێداگری لێده‌كه‌ن، پێوه‌ندی به پرسی كورده‌وه نییه. پرسی كورد نه پرسی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكوو پرسی ده‌سه‌ڵاتی قه‌وم-ده‌وڵه‌تێكه كه ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی خۆی له مێژووه‌وه وه‌ر ده‌گرێ. قه‌ومی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به گێڕانه‌وه‌یێك له مێژوو، بۆ شوناسی ئێرانی و فۆڕماسیونی ده‌سه‌ڵات پاساوێكی هه‌بوونناسانه‌ی سیاسی پێك هێناوه تا جێگایێك كه باس له ئه‌سڵی پێشینی بۆ ئه‌م وڵات و شوناسه ده‌كه‌ن. ئه‌وان به گ لایه‌نێكیانه‌وه هه‌ر له‌م ستادییه‌وه دژایه‌تی نه ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵكوو هه‌مان فێدراڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی-جوگرافیش ده‌كه‌ن كه دروشمی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه. حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات نه‌زانراو له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وایی و هه‌قانییه‌ته مێژووییه‌ی شوناسی ئێرانی به چاله‌نج بكێشن و له‌و ستادییه‌وه باس له دێمۆكراسیێ بكه‌ن كه بتوانێ هه‌ڵگری فێدراڵیزم بێ، پاڵ به پاڵی ئۆپۆزیسیونی فارس، خۆیانیان سه‌رقاڵی ره‌وایی و هه‌قانییه‌تی سیاسی كۆماری ئێسلامی كردووه كه ئه‌ساسه‌ن هیچ پێوه‌ندیێكی به كه‌ڵكه‌ڵه‌كانی ئێمه‌ی كورده‌وه نییه. له‌وه‌ش خراپتر، ئه‌م حزبگه‌له له زۆر شوێندا دان به هه‌مان ره‌وایه‌تی و هه‌قانییه‌تی مێژوویییه دا ده‌نێن كه فارس سه‌د ساڵه هه‌وڵ ده‌دات له زه‌ینی مرۆڤی نافارس نه‌هادینه‌ی بكات. به كورتی و به گشتی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات وه‌یلانی نێوان دوو ره‌وایی و هه‌قانییه‌تن كه له لایێكه‌وه ره‌وایی سیاسییه‌كه‌ی ده‌ردێ له كورد ده‌رمان ناكات و له‌و لاكه‌شه‌وه توانستی رووبه‌ڕووبوونه‌یان له‌گه‌ڵ ره‌وایی مێژوویی دا نییه‌و بگره له زۆر شوێنیش‌دا دان به‌و ره‌واییه دا ده‌نێن. ئه‌م وه‌یلانییه له حزبه‌كان گوازراوه‌ته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش.