Close

وشیاربوونەوەی کوردی: یەکێتی، خیانەت و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

574 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

هێنری ج. بارکی     و: ئیسمایل ئیبراهیمی

دۆناڵد تڕامپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٨ دا گوتی، ماوەیەکی زۆرە لە سوریا شەڕدەکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە سەربازەکانمان بگەڕێنەوە ماڵ. ئەم بڕیارە له‌ ناکاوەی سەرۆک بۆ خێراکشاندنەوەی نزیکەی ٢٠٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوو بە هۆی ڕەخنەیەکی زۆر لەلایەن ئەندامانی دامەزراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، تەنانەت بۆ هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکییەکان لە شەڕی دژی داعش واته‌ کوردەکانی سوریا چاوەڕواننەکراو بوو. چەندین هەفتە بەر لەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بەردەوام هەڕەشەی داگیرکردنی ناوچەکانی باکوری سوریای ژێر دەسەڵاتی مێلیشیا کوردەکانی دەکردن. بوونی سەربازە ئەمریکییەکان، تەنیا بەربەستی تورکیا بوو بۆ داگیرکردنی ئەم ناوچانە. ئەو کشانەوەیان کوردەکانی دەخستە مەترسییەکی قووڵەوە. کوردێکی سوریا گوتی: “ئەگەر ئەمریکاییەکان بڕۆن، ئەوە خیانەتە”.

وردەکاری كشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا تا ئێستا ناڕوونە، بەڵام جیا لەوەیکە لە کۆتایی دا واشینگتۆن چ بڕیارێک دەدات، ئەم ڕاگەیاندراوەی سەرۆک تڕامپ، خاڵێکی وەرچەرخانی بەژان بوو بۆ کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێشتر لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ دا، کوردەکان کەیف خۆش بوون. کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی تاکە زلهێزی جیهان، ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ڕه‌قەی پایتەختی داعش. هێزەکانی پاراستنی گەل، YPG، ملیشیایەکی کوردی سوریا، بەشێکی زۆر لە خاکی سوریایان کۆنترۆڵ کردبوو، چاوەڕوان بوون ببن بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە دانووستاندنەکانی کۆتایی پێهێنانی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە. کوردەکانی تورکیا، ئەگەرچی لەناوخۆدا گەمارۆدراو بوون، بەڵام دڵگەش بوون بە دەستکەوتەکانی براکانیان لە سوریا کە نزیکایەتییەکی زۆریان هەیە. لە عێراق، ئەو سیستەمەی کە ناوچە کوردیەکان بەڕیوە دەبات، حکوومەتی هەرێکی کوردستان یان KRG، لە ترۆپکی دەسەڵاتدا خۆی بۆ ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە مانگی نۆی ٢٠١٧ دا ئامادە دەکرد.

لە کۆتایی ٢٠١٨ دا، زۆربەی خەونەکانی کوردەکان، شیواو و لەدەستچوو دەهاتە پێش چاو. دوای ئەوەی زۆرینەی بەرچاوی کوردەکانی عێراق لە ڕێفڕاندۆمەکەی حکوومەتی هەرێم، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، حکوومەتی ناوەندی عێراق بە پاڵپشتی ئێران و تورکیا، هێرشی کردە سەر کوردستانی عێراق و سەدا چلی ناوچەکانی ژێر دەستهەڵاتی حکوومەتی هەرێمی داگیرکرد. لە شەو و ڕۆژێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیک بە نیوەی خاکەکەی لەدەستدا و بەشێکی زۆری کارتێکەرییە نێونەتەوەییەکانیشی لەدەستچوو. کوردەکانی تورکیا سەرەڕای بەدەستهێنانی کورسییەکانی پارلەمان لە هەڵبژاردنی مانگی ٦ی ٢٠١٨ دا، بە درێژایی ئەو ساڵە لەژێر هێرشی بەردەوامی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی دابوون، هەروەها هێرشێکی تازەی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، گروپێکی چەپی جیایی خواز، دەستی پێکرد. لە مانگی ٣ی ٢٠١٨ دا، تورکیا شاری عەفرینی داگیرکرد و بوو بە هۆی ئاوارەبوونی YPG و زیاتر لە دوو سەد هەزار هاووڵاتی کوردی ئەم شارە. دواتر لە مانگی ١٢ دا، کوردەکانی سوریا ئاگادارکران کە پارێزەرە ئەمریکییەکانیان بەزوویی پشتیان تێدەکەن.

 

بەڵام ئەم شکەستانە ناتوانن پێش بە ڕەوتێکی مەزنتر بگرن، ئەو ڕەوتەی لە چەند ساڵی داهاتوودا قەوارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشاندەکات. بەگشتی کوردەکان ئاستی متمانەبەخۆبوونیان لە بەرزبوونەوە دایە، داوای مافە زەوتکراوەکانیان دەکەن و لەهەمووی گرنگتر لە تاراوگە و لەناوخۆ هاوکاری نەتەوەیی یەکتر دەکەن. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی هەنگاو دەنێن. بەربەستە سەرەکیەکان بۆ ئەم یەکێتییە هەر ماون. جیاوازی زمان و بوونی لانیکەم دوو وڵاتی بەهێز واتا ئێران و تورکیا، بەرژەوەندییەکانیان لەدژایەتی هەر چەشنە کوردایەتییەک یەک دەگریتەوە. بەڵام بەو حاڵەش، ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بوونە هۆی دەستپێکی پرۆسەی نەتەوەسازی کوردەکان و لە درێژخایەندا هەڵوەشاندنەوەی زەحمەتە. تەنانەت ئەگەر وڵاتی یەکگرتوو و سەربەخۆی کوردستانیش ساز نەبێت، وشیاری نەتەوەیی کوردەکان دەستی پیکردووە. ره‌نگه‌ حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم وشیارییەی بوونه‌وه‌ی کوردەکان بترسن، بەڵام ئیتر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك توانای ئەوەیان نییە، پێشی بگرن.

دۆزێکی بزربوو

ئێستا سی میلیۆن کورد لە کوردستانی گەورە دەژین، ناوچەیەکی لێک گرێدراو کە بە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، باکووری عێراق و باکووری ڕۆژئاوای سوریا دا تێدەپەڕێت. بە دریژایی چەندین سەدە، عەشیرەتە کوردەکان لەگەڵ ئیمپڕاتورەکان عەڕەب و فارس و تورکدا ژیاون. کاتی وا هەبووە هاوکاریان کردوون یان لە دژیان ڕاپەڕیون. ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد لەدوای ڕووخانی ئێمپڕاتوری عوسمانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی ڕیشەی داکوتا. پەیمانی سێوری ١٩٢٠ کە لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و عوسمانییە تێکشکاوەکان ئیمزاکرا، داوای ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەکرد بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کورد بوون لە تورکیای ئەمڕۆدا، بەڵام حکوومەتی تازەی تورکەکان لەدوای شەڕی سەربەخۆیی، دانوستاندنێکی تازەی لەگەڵ هاوپەیمانان دەستپێکرد و لە ئاکامدا لە ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان ئیمزاکرا و تێیدا دەسەڵاتی تورکیا بەسەر ئەو ناوچانەی کە دەبوونە کوردستانی سەربەخۆ مسۆگەر کرا.

بەلام کوردەکان وازیان لە داوای سەربەخۆیی نەهێنا. بەدرێژایی سەدەی بیستەم، خەباتی کوردەکان کە لەلایەن دەوڵەتە دژبەرەکان پشتیوانی دەکرا، لەهەموو ئەو وڵاتانەی کوردەکان تێیدا دەژیان بەردەوام بوو. تورکیا ڕاپەڕینی کوردەکانی لە ساڵەکانی ١٩٢٥، ١٩٣٠ و ١٩٣٧ دا سەرکوت کرد، دواتر لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، PKK شۆڕشێکی چەکداری لە تورکیا گەڵگیرساند و تائێستا بەردەوامە. لە ئێران لە ١٩٤٦ دا، کوردەکان بە پشتیوانی سۆڤیەت، یەکەم حکوومەتی کوردیان دامەزراند. کۆماری سەربەخۆی مەهاباد بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوامبوو، بەڵام دوای ئەوەی مسکۆ پشتی تێکرد، تێداچوو. کوردەکانی عێراقیش بە هەمان شێوە لە سەرهەڵداندا بوون دژی حکوومەتی ناوەندی. بە پشتیوانی شای ئێران، دوو شەڕیان دژی بەغدا بەڕێوە برد لە شەستەکان و هەفتاکاندا، بەڵام لە ١٩٧٥ دا شۆڕش تێک شکا، دوای ئەوەی کە شای ئێران لەگەڵ پیاوە بەهێزەکەی عێراق، سەددام حسێن پێکهات و کوردەکانی بەتەنیا هێشتەوە.

ئەم ڕووداوانە بۆ هەرکام لەم چوار وڵاتە کە کەمینەی کوردی تێدایە، بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەرکوتی ناسیونالیزمی کورد ببێتە سەرەکیترین سیاسەت و ئامانجیان. دەوڵەتی تورکیای تازە، بە سەرۆکایەتی کەماڵ ئاتاتورک، لە ١٩٢٤ دا زمانی کوردی قەدەغە کرد و بەردەوامبوو لە تووندوتیژی دژی کوردەکان، سووتاندنی گوندەکان، ئاوارەکردنی خەڵک و داگیرکردنی مڵک و ماڵیان. ئەگەرچی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا دڵنیابوو لەوەی تورکیا دەتوانێت هەر هەڕەشەیەکی کوردەکان سەرکوت بکات، ڕاپورتێکی CIA لە ١٩٧١ دا ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات کە سیاسەتەکانی تورکیا بەتایبەت ئەو سیاسەتانەی پێوەندیان بە قەدەغەکردنی زمانی کوردییەوە هەیە، هۆکاری سەرەکی نائارامی کوردەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران لە ١٩٣٠ دا، زاراوە کوردییەکانی قەدەغە کرد. لە سوریا، حکوومەتی ناوەندی نەک هەر خوێندن و فێرکردنی زمانی کوردی قەدەغەکرد، بەڵکوو مافی خاوەن مڵکبوونی لە کوردەکان قەدەغەکرد. هەروەها لە سەرەتای شەستەکاندا، سوریا مافی هاووڵاتبوونی لە دەیان هەزار کوردی ئەو وڵاتە زەوت کردن و له‌ ناسنامه‌ی نیشتمانی دایماڵین. لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوردەکان لەباری ئابووریدا پشتگوێ خران و په‌راوێزنشین كراوه‌.

سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت و ئازارە، کوردەکان توانیان ناسنامەی خۆیان بپارێزن، تەنانەت نەوە دوای نەوە پێناسەی نەتەوەییان بەهێزترکرد. زانای کورد، حەمید بۆزئەرسەلان. دەڵێ کە، حکوومەتەکانی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا کوردەکان بە کەمینە چاولێدەکەن، بەڵام کوردەکان خۆیان وا نابینن، کوردەکان لە خاکی خۆیاندا لە کوردستان زۆرینەن، ئەوە تەنیا هەڵکەوت و ژێئۆپۆلیتیکی مێژوویی بووە هۆی ژێردەستبوونی کوردستان. سیستەمی حکوومەتی مودێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەربەستی سەرەکی هیوای نەتەوەیی کوردە. ڕاپۆرتێکی CIA لە ١٩٦٠ دا باس لەوە دەکات کە کوردەکانی ئێران و عێراق، هەموو پێداویستییەکانی سەربەخۆییان تێدا هەیە، هێزی سەبازی، ڕێبەرایەتی و هەروەها ئەگەری پشتیوانی هێزێکی دەرەکی واتا یەکێتی سۆڤیەت. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، تەنیا سەقامگیری حکوومەتی ناوەندی دەتوانێت بەکردەوە پێش بە جیابوونەوەی کوردەکان بگرێت.

دوو هەنگاو بۆ پێشەوە، هەنگاوێک بۆ دواوە

بەدرێژایی سەدەی بیستەم، تەنیا ڕێگای خودموختاری یان سەربەخۆیی کوردەکان، لاوازی حکوومەتی ناوەندی بووە و بەکردەوە لە بیست ساڵی رابردوودا ڕوویداوە. ئەگەر ئەمڕۆ کوردەکان لە عێراق و سوریا تۆزقاڵێک هیوایان هەیە، تەنیا هۆکار لاوازی دەسەڵات لە بەغدا و شامە، بەتایبەتی کردەوەکانی ئەمریکا پشتیوانی کوردەکان لەدوای شەڕی کەنداوی فارس، ڕووخاندنی سەددام لە ٢٠٠٣ دا و دواتر داگیرکردنی عێراق، هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییەی لە شەڕی داعش لە سوریا، هەلومەرجی بۆ سەرهەڵدانەوەی هیواکانی کوردەکان خۆڵقاندووە. واشنگتۆن، ناڕاستەوخۆ و لە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بوو بە مامانی لەدایکبوونی ناسیونالیزمی کورد.

هاوکاری سیاسی و سەربازی ئەمریکا و کوردەکان لە شەڕی کەنداو لە ١٩٩١ دا دەستیپێکرد. کاتێک سوپای عێراق لە کوەیت ڕاونرا، ڕووی چەکەکانیان کردە کوردەکان و شیعەکان چون پێشوازیان لە داوای جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا کردبوو بۆ ڕاپەرین لەدژی بەغدا. لەژێر مەترسی ئەگەری کارەساتێکی مرۆڤیدا، ئەمریکا بە پشتیوانی فەرانسە و بەریتانیا زۆنی دژەفڕیناین بەسەر ناوچە کوردیەکانی باکووری عێراقدا ڕاگەیاند. لەژێر پارێزگاری زۆنی دژەفڕیندا، کوردەکانی عێراق توانیان خودمۆخدارییەک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و حکوومەتی هەرێمی کورستانیان لە ١٩٩٢ دامەزراند. کوردستانی عێراق بوو بە پێگەی لایەنگری ئەمریکا لەو وڵاتەدا. بەتایبەت دوای داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ دا هاوکاری کورد و ئەمریکا بەرفراوانتر بوو. هێزە کوردییەکان هاوپەیمانی سەربازە ئەمریکییەکان بوون لەشەڕی دژی سەددام و لەساڵەکانی دوایی دا کوردستانی عێراق، نموونەی ئارامی و سەقامگیری وڵاتێک بوو کە بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچوو.

پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بوو بەهۆی بەرزکردنەوەی سایکۆلۆجی کوردەکان لە عێراق و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نیشانیدا کە کوردەکان دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و لەئاستی ناونەتەوەیی دا بناسرێن، هەروەها بوو بەهۆی داڕشتنەوەی پێوەندی نێوان کوردەکان و حکوومەتەکانی تر. ئەگەرچی تورکیا هەموو کات دژی ویستی خودموختاری کوردەکان بووە، بەڵام لەکاتی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بڕیاریدا پێوەندییەکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ حکوومەتی کوردستان پێک بێنێت. کوردەکانی عێراقیش کە دەستیان بە دەریاکان ڕاناگات، پێویستیان بە کاناڵێک بۆ دیپلۆماسی و بازرگانی هەبوو بەتایبەت بۆ هەناردەکردنی نەوت، حکوومەتی ئانکاراش بەخۆشحاڵییەوە ئەو کاناڵەی دابینکرد. لە ٢٠١٠، تورکیا کونسولی خۆی لە هەولێری پایتەختی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە. دواتر لە ٢٠١٢ دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیمانێکیان ئیمزاکرد بۆ سازکردنی بۆری نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ دەریای مەدیتەرانە. لە ٢٠١٨ ڕۆژانە، ٤٠٠،٠٠٠ بەرمیل نەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیشتە بەندەری جیحان لە تورکیا. ئانکارا هێڵێکی ئابووری سەرەکی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرد و هەر ئەوەش هەلی بۆ حکوومەتی هەرێم ڕەخساندبوو، لە عێراقدا بەردەوام بێت، دیارە بەرژەوەندی ئەردۆغانیش دابین دەبوو. کوردەکانی تورکیا کە پێوەندیان لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو، لە هەڵبژاردەکانی تورکیا دەنگیان بە پارتەکەی ئەردۆغان دا. لە ٢٠٠٩، ئەردۆغان پشت ئەستوور بە پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکان لەناوخۆدا پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ PKK ڕاگەیاند.

زۆر زوو کردەوەیەکی تری ئەمریکا، ناڕاستەوخۆ، گۆڕانی بەسەر پێگەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هێنا. لە ٢٠١٤ ئیدارەی ئۆباما دەستیکرد بە پشتیوانی ئاسمانی بۆ پشتیوانی کۆبانی، شارێکی کوردی سوریا لەسەر سنووری تورکیا، بەدژی داعش. لەوکاتەدا داعش بەشێکی زۆر لە باکووری عێراق و سووریای داگیرکردبوو، بەتایبەت دووهم شاری مەزی عێراق، مووسڵ. بڕیاری واشینگتۆن بۆ پاراستنی کۆبانی، ڕەخنە و دژایەتی تووندی ئەردۆغانی لێکەوتەوە چون ئەمریکا ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە YPG دەکرد و YPG ەش پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ PKK لە تورکیادا هەبوو. هاوکاری ئەمریکا و YPG هاوکارییەکی سەرکەوتوو بوو. سەرکەوتنی کوردەکان لە کۆبانی بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لەدژی داعش، بەڵام ئەم سەرکەوتنە بوو بە هۆی نیگەرانی ئانکارا.

لە ڕوانگەی ئەردۆغانەوە، هاوکاری ئەمریکا و YPG وەرچەرخانێکی مەزن بوو لە ناوچەکەدا. سەرۆک کۆماری تورکیا ترسی لە پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانێکی تر هەبوو لە سوریا. تورکیا دەیزانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەرهەمی دەستێوەردانی ئەمریکا بوو لە عێراقدا کە بوو بەهۆی شەڕی ناوخۆ و لاوازی حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا و پێکهاتنی سیستەمێکی فێدراڵ لە عێراقدا بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردە یەکەیەکی یاسایی. سوریا لەشەڕی ناوخۆ دابوو، بۆیە ئانکارا لەو باوەڕەدا بوو کە واشینگتۆن هەمان شتەی لە عێراق کردی لە سوریا دووبارەی دەکاتەوە، واتا گۆڕینی سوریا بۆ حکوومەتێکی فێدراڵ کە مافی خۆبەڕێوەبەری بە کوردەکان بدات. ئەردۆغان نەیدەتوانی دوو پێکهاتەی فێدراڵ لە دوو وڵاتی جیرانی دا قەبووڵ بکات، بەتایبەت بۆ کوردەکانی سوریا کە پیوەندی نزیکیان لەگەل PKK هەبوو. لە ٢٠١٤، ئەردۆگان وازی لە دانووستاندن لەگەڵ PKK هێنا و سیاسەتی شەڕ و تێکهەڵچوون دژی کوردەکانی تورکیا و سوریای گرتە بەر، هەروەها هەوڵیدا، هەموو کردەوە سیاسییەکانی کوردەکان بە هاوکاری PKK تاوانبار بکات و ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی کوردی دەستبەسەر کرد.

ئەگەرچی ئەمریکا بوو بەهۆی تێکچوونی پێوەندی کورد و تورکیا، سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەگشتی پێناسەیەکی ناونەتەوەیی گرنگی بۆ کوردەکان دەستەبەرکرد. فەرانسە، بەریتانیا و ئەمریکا پێوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرینتر کرد و لەباری ئابووری و شێوازی ترەوە پشتیوانیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. کوردەکانی سوریا کە پێشتر لەلایەن دنیای دەرەوە پشتگوێ دەخران، توانیان لەئاستی جیهانیدا خۆیان بناسێنن بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لەشەڕ دژی داعش هەیانبوو. ئەم پێناسە تەنیا لەلایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە نەبوو. لە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی سوریا لە ٢٠١٧، لە کۆبوونەوەی پرۆسەی ئاشتی ئاستانە پێشکەشکرا، ڕوسیا دوو خاڵی گرنگی لەبەر کوردەکان پێشنیازکرد، لابردنی وشەی عەڕەب لەناوی کۆماری سوریای عەڕەبی و پێکهێنانی ناوچەی کلتوری خودموختار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆئەوەی منداڵان بتوانن بەزمانی عەڕەبی و کوردی بخوێنن. ئەو دوو خاڵە لەلایەن شامەوە قەبووڵ نەکرا و هیچ گارانتییەک نییە کە ئەم مافانە دابین بکرێن، بەڵام بوونی ئەو دوو خاڵە بە پێشنیاری ڕوسیا نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کوردەکانی سوریا لەلایەن هێزە دەرەکیەکانەوە بەفەرمی وەک هێزێکی خودموختار دەناسرێن.

 

درێژەی هەیە …