Close

وێژمانی نەتەوەیی: بەرەو پێکهێنانی دەوڵەت و دەربازبوون لە کۆیلەتی

وێژمانی نەتەوەیی: بەرەو پێکهێنانی دەوڵەت و دەربازبوون لە کۆیلەتی

712 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

بیریار

هەر کەسێک کە گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات کردبێت و بۆ جارێکیش بێت لە سنوورە دەسکردەکانەوە تێپەڕیبێت یان فۆرمێکی بۆ دەرەوەی وڵات پڕکردبێتەوە، رەنگە ئەو پرسیارەی لێ کرابێت کە خەڵکی کوێیت؟ یان هاووڵاتییەتی خۆت دیاریی بکە؟ کە ئەمانەش زیاتر بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی “نەتەوایەتی” (nationality) دیاریی دەکرێن. بۆ ئەوانەی کە سەر بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانن و هاوکات بە ئاگایی نەتەوەیی-سیاسی گەیشتوون، ئەم ساتە، رەنگە لە ناخۆشترین ساتەکان و ساتی بە قووڵایی هەست کردن بە بێ پێگەیی جیهانی بێت، دۆخێ کە تەنیا “دەوڵەت” چارەی دەردیەتی.[1] لەم دۆخەدا مرۆڤ ناتوانێت نەتەوایەتی راستەقینەی خۆی بڵێت یان بنووسێت و بە ناچار هاووڵاتییەتی و نەتەوایەتی خۆی بە ناوی وڵاتێکەوە دەناسێنێت کە رەنگە قەت پێی خۆش نەبووبێت هاووڵاتی ئەوێ بێت و بە زۆری بەسەریدا سەپابێت. لێرەدایە کە بە توندی هەست بە یەخسیری و کۆیلەتییەکی سیاسی و نابەرابەری نەتەوەیی-سیاسی دەکرێت کە تەنیا چارەی دەربازبوون لە دۆخی بێ دەوڵەتییە. لەو پێوەندییەدا، لە درێژەدا ئاوڕێک دەدرێتەوە سەر چەمکی نەتەوە و دەوڵەت، دۆخی کۆیلەتی و دەربازبوون لەوە:

  1. نەتەوە و دەوڵەت لە وێژەدا؛ رەنگدانەوەی هەستی بێ دەوڵەتی

دیارە لە وێژە و نەریتی زاڵی نێودەوڵەتیدا زۆر جار و بە پێڕەوی لە دەسەڵاتی دەوڵەتەکان و ئەوەی کە دەوڵەت یەکەی پێوەندیی نێودەوڵەتییە، وەها جێکەوتووە کە کاتێک باس لە نەتەوە (nation) و نەتەوایەتی دەکرێت مەبەست ئاماژە بە کۆمەڵە خەڵک یان بە گشتی گەلی وڵاتێکە و بە ناوی وڵاتەکەوە، ناوی لێ دەبرێت واتە گرێ دەدرێت بە وڵات (country) یان دەوڵەت (state). ئەم روانگە لە بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە (nation-state) سەرچاوە دەگرێت کە پێشگریمانەی ئەوە بوو کە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتێکی هەبێت. کەچی دواتر دەرکەوت کە زۆر وڵات فرەنەتەوەن و لەڕاستیدا نوێنەرانی دەسەڵات و دەوڵەتەکان بێ بەشداریی زۆرێک لە نەتەوەکان، لە بەرژەوەندی نەتەوەی باندەست و زاڵدا هەموو خەڵکانی ناو وڵاتێک یان ئەو سنوورانەی کە خۆیان رەچاویان کردووە، بە یەک نەتەوە هێناوەتە ئەژمێر. هەرچۆنێک بێت دواتر لە وڵاتانی دێمۆکراتیکی فرەنەتەوەدا رێگاچارە بۆ پێکەوەژیان یان لێکتر جیابوونەوەی ئاشتییانە رەچاو کرا؛ واتە بەشداری لە دەسەڵاتی هاوبەش و سیستەمی سیاسی فێدراڵ دیمۆکراتیک یان بە شێوەی یاسایی جیابوونەوە. بەڵام لە وڵاتانی نادێمۆکراتیکدا رێبازی نکۆڵی لە نەتەوەکان لە پێش گیرا.

لەم نێوانەدا بەرەبەرە چەمکە هاوشێوەکانی تریش هاتنە ئاراوە و لە دوو ئاستی نێودەوڵەتی و ناودەوڵەتیدا چەمکی جیاواز بەکار هێنران. بۆ وێنە لە چەمکی وڵاتانی فرەنەتەوە (multinational) بۆ ئەو وڵاتانەی کە چەندین نەتەوە لەبەر دەگرن یان لە چەمکەکانی کەمەنەتەوە و کەمەنەتەوایەتی (Ethnic & Ethnicity) و وڵاتانی فرەکەمەنەتەوە (multiethnic) بۆ ئەو وڵاتانەی کە چەندین کەمایەتی نەتەوەیی لەبەردەگرن، کەڵک وەرگیرا. واتە نەتەوە و نەتەوایەتی زیاتر لە ئاستی نێودەوڵەتی و کەمە نەتەوە و کەمەنەتەوایەتی لە ئاستی ناودەوڵەتیدا بەکارهێنران. لەڕاستیدا ئێتنیک یان کەمەنەتەوەش پێوەندیی بە نەتەوە هەیە و بە جۆرێ لە باری کۆمەڵایەتییەوە هەر نەتەوەیە واتە کۆمەڵە خەڵکێک بە تایبەتمەندی زمانیی، چاندیی، مێژوویی و نەتەوایەتی جیاوازەوە بەڵام بە هۆی لە خوارەوەبوونی ئاستی ئاگایی سیاسی و نەگەیشتن بە قۆناخی نەتەوەخوازیی و ناسیونالیزم و هەروەها هەندێ جار بێ نیشتمانی لەو وڵاتانەیدا کە ئەو گروپە خاکی خۆیان نییە و لە ئاکامدا بێ دەوڵەت بوون، لە باری سیاسی نێودەوڵەتییەوە نەناسراون کەچی پۆتانسییەلی هەیە بۆ بوون بە نەتەوە لە واتا گرێدراوەکەی بە دەوڵەتەوە بەتایبەت ئەگەر خاوەن خاك و نیشتمانی خۆی بێت. گەر کۆمەڵە خەڵکێک لە باری کۆمەڵایەتیی و ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە جیاواز بن، کەمەنەتەوەن، گەر ویستی سیاسییان هەبێت، کەمەنەتەوایەتی و گەر ویستی سیاسییان لە بەشداریی لە دەسەڵاتی سیاسی وڵاتێک و حکومەتی خۆجێی و هەرێمی تێپەڕێت و بیانەوێت دەوڵەت پێکبهێنن، نەتەوەن. بۆیە چەمکی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش (stateless nations) هاتە ئاراوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، لە وڵاتانی دواکەوتوو و نادێمۆکراتیکدا هەوڵ دراوە “ئێتنیک” بە چاوێکی سووکترەوە واتە نەک لە پێوەندیی لەگەڵ نەتەوە بەڵکو لە پێوەندی لەگەڵ خێڵ و هۆز یان بە گوتەی خۆیان “قەوم” بەکار بهێنرێت تاکو تا دەتوانن لە باری سیاسی ئەوە کەم بکەنەوە و پیشان بدەن کە ئەو گروپە کۆمەڵایەتییە شیاویەتی مافە رەچاوکراوەکان بۆ نەتەوەی نییە.[2]

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو وێژە سیاسییەدا، هەستی بێ دەوڵەتیی ئەوەندە بۆ نەتەوەی کورد ئازاردەر بووە کە رەنگدانەوەی بە باشی لە وێژەی کوردیدا دەبینرێت. لەم پێوەندییەدا بووە کە بەرەبەرە هەندێ دژکردەوەی زمانیی سەریهەڵداوە. بۆ نموونە، لەسەر رێکخراوی “نەتەوە یەکگرتووەکان” رەخنە دەگیردرێت و بە رێکخراوی “دەوڵەتە یەکگرتووەکان”ی دەزانن، چۆن لێرەدا دەوڵەت و نەتەوە بە یەک شت زانراون و خودی نەتەوەکانی جیهان کراونەتە قوربانی دەوڵەتەکان. یان، ئەدی زیاتر لە چەمکی “پێوەندیی نێودەوڵەتی” لە بەرانبەر “پێوەندیی نێونەتەوەیی” کەڵک وەردەگیردرێت، چۆن دیارە پێوەندیی نێوان دەوڵەتەکان، پێوەندیی نێوان نەتەوەکان نەبووە و کورد ئەوەی بە “نێودەوڵەتی” زانیوە مەگەر ئەوەی کە رێکخراوەکان سەر بە نەتەوەکان، بە واتای راستەقینەی وشە، یان پێوەندییەکان بەڕاستی لە نێوان نەتەوەکاندا بن کە زۆر کەمترە. هەروەها، گەرچی لە هەندێ سەرچاوەی کوردیدا بە پێڕەوی لە زمانی عەرەبی و بە تایبەت لە هەڵبەست و هۆنراوەدا بە هۆی کێشی ئەوانەوە، هەندێ جار لە تاقمەوشەی “قەومی کورد” کەڵک وەرگیراوە[3] کە مەبەست نەتەوەی کورد بووە کە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی هەیە و شیاوی خاوەن دەوڵەت بوونە، بۆ نموونە لە سروودی نیشتمانی “ئەی رەقیب”دا. بەڵام ئەم وێژەیە بە ئاگاداربوونەوە لە کەڵکی نالەباری دەوڵەتەکان، لە وێژەی کوردیدا باوی نەما و لە ئێستادا لە نەتەوە و گەل کەڵک وەردەگیردرێت.[4] هەرچۆنێک بێت وێرای ئەو هەموو کێشانەی پێوەندیدار بە زمان و رامیاریی، بەپێی هەر پێناسەیەک چ پێناسە کلاسیکەکانی نەتەوە کە جەخت لەسەر فاکتۆرگەلێک وەک زمان، خاک، مێژوو و چاند یان لە هەندێکی تردا هەستی سەر بەیەک کۆمەڵ بوون و گرێدراوێتی دەکەن و چ بەپێی پێناسە نوێیەکان وەک بیردۆزی خەیاڵ و وێناکردن، کورد نەتەوەیە و مافی نەتەوایەتی خۆی هەیە. بەوەشەوە، گەرچی لەڕاستیدا نەتەوە بە گەلێک یان کۆمەڵە خەڵکێکی خاوەن هەندێ تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی هاوشێوە دەگوترێت کە دەوڵەتی هەیە یان بە قۆناخی ویست و داخوازیی سیاسی گەیشتبێت و بیهەوێت لەسەر خاکی خۆی حکوومەت و دەوڵەتی تایبەت بە خۆی پێکبهێنێت و لە قۆناخی کەمەنەتەوە بوون تێپەڕێت، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێناسەی نەتەوە گرێدراوە بە دەوڵەتەوە و پێکهێنانی دەوڵەت تەنیا رێگای بە فەرمی ناسین وەک ‘نەتەوە’یە.

  1. دۆخی کۆیلەتی سیاسی

لە پێوەندیی لەگەڵ پێکهێنانی “دەوڵەت”، کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە لە وڵاتانی نادێمۆکراتیکدا بە هۆی سیاسەتی حکوومەتەکان و نەبوونی ئازادی و دێمۆکراسی، لە باری سیاسییەوە لە زۆر نەتەوەدا قورسایی ئەرکی بەدواداچوونی دەوڵەت لەسەر شانی بەشێک لە خەڵک و بلیمەتەکانی نەتەوەیە و زۆربەی ئاپۆرەی خەڵک بە ئاگایی سیاسی ئەوتۆ نەگەیشتوون و هێشتا کۆیلەی سیاسین. لەم نەتەوانە دەکرێ بە نەتەوەکانی ئێران و لەوانە ‘کورد’ ئاماژە بکرێت. هەڵبەت ئاستی ئەم کۆیلەتی سیاسییە لە نێو دیکەی نەتەوەکانی ئێران لەچاو کورد زۆر زیاترە. لەڕاستیدا دەربازبوون لەو کۆیلەتییە و زەینییەتی کۆیلەتی ئاستەمە و هەوڵی بەردەوام و بێ وچانی دەوێت.

چەندین سەدە پێش ئێتین دو لە بۆئێتی (1530-1563 ز.)[5] لە نامیلکەی “کۆیلەتی دڵخوازانەدا” باس دەکات کە ملهوڕی دەسەڵاتداران لە هەڵبژاردنی دڵخوازانەی ئاپۆرەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت و حکوومەتی ملهوڕیی شتێک نییە بێجگە دەسەڵاتێ کە ئاپۆرەی خەڵک بە مەیل و رەزامەندی خۆیان بە کەسی ملهوڕیان سپاردووە و خودی خەڵک گەورەترین پاڵپشتی ملهوڕین. بە رای ئەو گەرچی رەنگە سەرەتا ملهوڕی و ملکەج پێکردنی خەڵک ئاستەم بێت بەڵام وەچەی دواتر بە هاسانی ملکەجیی قبووڵ دەکەن و بە مەیل و رەزامەندیی درێژە بە ژێردەستی بە میرات وەرگیراو دەدەن. ئەمانە وایان لێ دێت کە دۆخی ژینی خۆیان بە سروشتی دەزانن و ئاگاداری مافە مرۆییەکانی خۆیان نین. بۆیە دوو هۆکاری “خوو” و “نەریت” دەبنە هۆی قبووڵکردنی ملهوڕیی لەلایەن ئاپۆرەی خەڵکەوە. بە درێژەپێدانی زۆر و توندوتیژیی، خەڵک عادەتی پێ دەکەن و لەم نێوانەدا ستەم بەهێزتر دەکرێت و وەچە بۆ وەچە خەڵک زیاتر خوو دەگرن بە کۆیلەتی و بەندایەتی.[6]

گەرچی ئەو بیرۆکەی دو لە بۆئێتی گشتییە و بۆ دۆخی جیاواز بووە بەڵام بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئەوڕۆکەی نەتەوەکانی ئێران و نەتەوەی کورد بەتایبەت بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ بەکار بهێنرێت. لە سەردەمی نوێدا و پاش تێکچوونی میرنشینە کوردییەکان و دەسەڵاتی ناوچەیی و خۆجێییان، و هەروەها سەرکوتی بزووتنەوە کوردییەکان، و دەرەنجام پەرەسەندن و تەشەنەی دەسەڵاتی حکوومەتە نیمچەمۆدێڕنەکانی نەتەوەی باندەست لە کوردستاندا، بەرەبەرە وەچەکانی دواتر خوویان بەو بندەستییە گرت. دیارە ئەمە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بێ دەسەڵاتی و سەرکوتی خەڵکی کورد کە لەو دۆخەدا دەسەڵاتی نەتەوەی باندەست لە هەموو ئامرازەکان بۆ گۆڕانی شوناس و نامۆکردنی تاکی کورد لە خۆی کەڵکی وەرگرت. بەڵام بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ نائاگایی و شێوەی بارهێنانی کۆمەڵگا. گەرچی ئەمەش زۆرێکی دەرەنجامی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ئەو رژێمانە و چاندی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئەوان بووە، بەڵام بارهێنانی تاکی کورد لەلایەن خودی بنەماڵە و کۆمەڵگای کوردی و چاندەکەی بێ کاریگەر نەبووە و بەجۆرێک چاندی گشتی کۆمەڵگا یارمەتیدەری ئەو زاڵیەتی و ملهوڕییەی دەسەڵاتداران بووە و ئەوانیش بە چاکی کەڵکیان لێوەرگرتووە. لە کۆمەڵگای ئەوڕۆی رۆژهەڵاتدا هەندێ کوردی کۆیلەی ملکەج هەن و بە هۆی ئەوانەوە چاندێکی کۆیلایەتی لە ناو بەشێکی ئاپۆرەی خەڵکدا پەرەی سەندووە کە بووەتە لەمپەڕ و مەترسی بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی. کۆمەڵە خەڵکێ کە بچووکترین ئاگاییان لە مافی مرۆیی خۆیان نییە و کاری حکوومەتیش بەهێزترکردنی ئەمانە و سەرکوت و پەڕاوێزخستنی توێژی ئاگای کۆمەڵگای کوردی بووە.

بەڵام ئەم کۆیلانە کێن و شێوازی کارپێکردنیان بۆ کۆنتڕۆڵ و راگیرکردنی بزووتنەوەی رزگاریخواز و سەربەستیخواز چۆنە؟ بێجگە ئەوانەی کە راشکاوانە لە خزمەتی حکوومەتی بێگانەدان و ناسراون بۆ خەڵک، کۆمەڵە خەڵکانێکی تری کۆیلە هەن کە ئاکار و کار و کردەوەیان نەتەنیا بووەتە هۆی کۆیلەتی کۆمەڵایەتی خۆیان بەڵکو کاریگەریی زۆریشی لەسەر کۆیلەتی سیاسی ئەم نەتەوە بە گشتی هەبووە. لەوانە دەکرێ بە بەشێکی ئاپۆرەی نائاگا لە باری سیاسیی-نەتەوەییەوە ئاماژە بکرێت کە لەو وەچانەن بەرەبەرە خوویان بە ژێردەستی گرتووە و رەنگە لە دۆخی تایبەتدا شوناسی خۆیان دەرخەن، بەڵام لە ئێستادا خەمساردن سەبارەت بە مافی خۆیان. لە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی حکوومەتدا بە بای ئەوان دەخولێنەوە و بیر و تێڕامان ونبووی نێوانیانە. ئەمانە ئەوانەن کە هانی لاوان دەدەن کە کاریان بە سیاسەتەوە نەبێت و بە هەرجۆرێک هەیە کارێکی حکومی گیر بخەن و کەسایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی لە کاری حکومیدا دەبینن. هەروەها نائاگان لە دۆخی مافی نەتەوەیی یان خەمساردن لەسەری. بابەتەکان لایان تێکەڵ کراوە، خزمەتگوزاریی حکوومەت و زۆر شتی تر کە ئەرکی حکوومەتن، بە منەت لە سەر خۆیان دەزانن. وادەزانن ئەو شتانەی کە لە ئاستێکی کەمیشدا بە خەڵک دەدرێت خێرومەن و لە گیرفانی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر دێتە دەر، نازانن مافی خۆیانە. لەوانەن کە ئاگادار نین کە حکوومەت لە ئامرازە جۆراوجۆرەکان وەک گرێدراوێتی ئابووریی، پلەوپێگە، ورزش (بۆ نموونە لە بواری ‘تۆپی پێ’ کە بە ناو ئەوەی کە وەرزش جیایە لە سیاسەت و… خەڵک فریو دەدەن)، راگەیەنە و… کەڵک وەردەگرێت تاکو لە شوناسی خۆیان دووریان خاتەوە و بیانتوێنێتەوە. ئەو ئەرکانەی حکوومەت بۆیان دیاریی دەکات جێبەجێ دەکەن بەڵام، ئاگاداری مافی پێشێلکراویان لەلایەن حکوومەتەوە نین. نازانن ئەرک و ماف گرێدراوی یەکترن و کاتێک دەبێت ئەرکەکان جێبەجێ بکرێن کە لە بەرانبەردا مافەکان رەچاو بکرێن. لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم توێژەدا نەخوێندەواری، نائاگایی، ئابووری لاواز، تەشەنەی ئایینی نەریتیی لەسەر پێکهاتنی ئەو دۆخە کاریگەر و یارمەتیدەر بووە.

هەروەها لە توێژەکانی تری خەڵکی کۆیلە دەکرێ بە زۆرێک لەو کارگێڕ و فەرمانبەرە دەوڵەتیانە ئاماژە بکرێت کە هەموو شتێک دەکەنە قوربانی پاراستنی ئیش و مووچەی خۆیان و پلەوپێگەیان. ئەم توێژە گیرۆدەی گەندەڵی ناو کۆمەڵگای ئێران بوون. گەندەڵییەک کە حکوومەت پەرەی پێ داوە و هەوڵی داوە هەمووانی پێوە بتلێنێت. لە باری ئابوورییەوە گرێدراوی حکوومەتن و لە باری سیاسییەوە بە رواڵەت هەموویان لەگەڵ حکوومەتن و گوێ لە مشتی ئەون. بەشێک لەمانە واتە فەرمانبەرانی سادە زۆربەیان دژبەری رژێمن هەڵبەت بەپێویست ئاگایی نەتەوەییان نییە، بەڵام بۆ پاراستنی کار و ئیشیان ناوێرن هیچ ناڕەزایەتییەک دەرببڕن چ بگات بە دەربڕینی داخوازیی و هەڵوێستیی نەتەوەیی. زۆر جاریش دەتوانن تەنیا ئەرکی فەرمانگەیی و پسپۆڕیی خۆیان بکەن و لانیکەم خەیانەت نەکەن بەڵام بە سانایی بۆ کەمێ مووچەی زیاتر یان وەرگرتنی پلەیەک تووشیاری خەیانەت دەبن و هەندێ جاریش نەک بە خەیانەت بەڵکو بە زڕنگی دەزانن، گەرچی تاقمێکیش لە نائاگایی هەر نازانن خەریکی خەیانەتن. ئەوە لەکاتێکدایە کە زۆریشیان ئاگاداری مافی بەکۆمەڵی خۆیان نین و ئەوەندەش بیری لێناکەنەوە. بەڵام جیا لەمانە تاقمی بەڕێوەبەران و کاربەدەستانی باڵاش هەن کە بۆ گەیشتن و پاراستنی پۆست و پلەوپێگە نە دەیانەوێت و نە رێگەش دەدەن بە بیرکردنەوە لەو بوارەدا چۆنکو بەرژەوەندییان دەکەوێتە مەترسییەوە و لە خۆیان هیچیان پێ نییە بۆ وتن و جێبەجێکردن. هەموو شتێکیان و جێگەوپێگەیان گرێدراوی کورسییەکەیان لە فەرمانگەدایە. ئەگەر وەها کەشێکی گەندەڵ نەبێت ئەوان هیچ پلەوپێگەیەکیان نییە. ئەمانە ترسیان لە هەرجۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی هەیە. حکوومەتیش بە باشی دەیانهێنێتە سەر شاشە و کەڵکیان لێوەردەگرێت. ئەمە لایەنێکی گرنگ لە دۆخی ئەوڕۆی مرۆڤی کوردە کە پیشان دەدات لە نائاگاییدا بۆ کاری دەوڵەتی بێگانە و پلەوپێگە چلۆن بوونەتە کۆیلە و گرێدراون بە دەسەڵاتی داگیرکەرانەوە.

هەرچۆنیک بێت ئەوەی سەرەوە دیمەنێکە لە دۆخی کۆیلەتیی. شەبەنگێک لەم کۆیلانە دەبینرێت بریتی لە مامۆستایەکی زانکۆ کە ساڵانێک کارێکی بە هیچ نییە و تەنیا بۆ ئەوەی پلەکان تێپەڕێنێت هەندێ وتاری ساویلکانەی بەرپەسەندی حکوومەت ئامادە دەکات و پڕۆژەکانی حکوومەت جێبەجێ دەکات و خەریکی گیرفان پڕکردن و گەندەلی ناو زانکۆ دەبێت و ناوێرێت شتێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی بڵێت و بنووسێت، تاکو بەرپرسێکی حکومی کە سی چل ساڵ خزمەتی حکوومەتی نەیاری داگیرکەری کردووە و دوایی کە چی تر کردەیەکی بۆیان نامێنێت و قەیر و حورمەتی لایان نییە و هەموو شتێکی گرێدراوی کورسییەکەی بووە کە لێیان سەندووەتەوە دەگەڕێتەوە باوەشی گەل و لە پیریەتیدا دەیەوێت وەک قارەمانی نەتەوەییش خۆبنوێنێت، تاکو خزمەتکارێکی سادەی فەرمانگەیەک کە دەبێتە داردەست و هەواڵنێری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەت و نەتەوەی باندەست و ئامادەیە چای بنێتە بەردەم کابرای فارس کە لە وڵاتی خۆی شوانییان پێ نەدەدا و لە کوردستان بووەتە بەرپرسی باڵا. کەسانێ کە رێز لە مرۆڤی کورد ناگرن بەڵام بەردەستی نەیارانی کورد دەکەن. ئەم کارانە زۆر جاریش لە رووی ناچاری نییە و پێیان دەکرێت کاری تر بکەن، بەڵام خوویان بە کۆیلەتی گرتووە. بۆ ئەمانە بەپێچەوانەی چالاک و مافخوازی کورد، پلەوپێگەی حکوومەتی پێوەری کەسایەتییە و لایان ئەو دیپلۆمە ناتەواوەی کە لە تاران و ئەسفەهانەوە هێناویانە و کردوویانە بە سەرۆکی ئەوان، پێگەدارترە لەو مرۆڤە کوردەی کە پلەی بەرزی خوێندن و ئاگایی هەبێت و نەیەوێت خۆفرۆشی بکات و ببێتە پیاوی حکوومەتێک، کە مافی نەتەوەکەی ناپارێزێت. ئەمانە لە چاوی بەرژەوەندیی تاکەکسی خۆیانەوە هەموو شتێک دەبینن بەڵام بەو ئاوەزمەندییەش نەگەیشتوون کە رزگاریی نەتەوەییان زۆر زیاتر لەو نانەلەمییەی بۆیان دەبێت کە گەورەکەیان بە مەنەتەوە پێیان دەدات. کۆیلەتی راستەقینەی ئەمانە، کاریگەر بووە لە یەخسیری و کۆیلەتی سیاسی هەمووی نەتەوەی کورد و بوون بە بندەستی دەوڵەتی داگیرکەر. واتە ئەمانە بەشدارن لە پێکهاتنی ئەو دۆخە بێ دەوڵەتییەی کە بە سەر مرۆڤی کورددا سەپاوە و لە ئاستی نێودەوڵتیدا دەبێت بە ناوی وڵات و دەوڵەتانی ترەوە خۆی بناسێنێت؛ وەک کۆیلەیەک کە بە گەورە و سەروەرەکەی خۆیەوە دەناسرێت.

  1. پێکهێنانی دەوڵەت؛ دەربازبوون لە کۆیلەتی

کەواتە دەربازبوون و تێپەڕین لە کۆیلەیی و زەینییەتەی کۆیلەتی و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی خۆ وەک ئامانجی کۆتایی، ستراتیژی پێگەیشتنەکە هەرچۆنێک بێت، دەبێت تەوەری وێژمانی نەتەوەیی بێت. لە روانگەی کەسانێک وەک هێگڵ، ئەنگێلس و لوکزامبورگ ئەو نەتەوانەی کە سەربەخۆ نین و نەیانتوانیوە دەوڵەتێک پێکبهێنن یان دەوڵەتەکەیان لە مێژە لەنێو چووە و دەبنە داردەست و دەکەونە خزمەتی سوپای سەرکوتگەری دەوڵەتە گەورە و باندەستەکان، ‘نەتەوەی نامێژوویی’ن. بۆیە بۆ بەرگیری لەم نامێژوویی بوونە و رۆشتن بەرەو رزگاری، نەتەوە جۆراوجۆرەکان کەوتنە بیری مافی دیاریی کردنی چارەنووسی خۆ و لەو ئاڕاستەیەدا خەباتی زۆر کرا و زۆر نەتەوە بە پێکهێنانی دەوڵەتی خۆ، خۆیان لە کۆیلەتی و نامێژوویی بوون رزگار کرد.[7] پێکهاتن و جیابوونەوەی ئەو هەموو وڵاتە لە سەدەی رابردوودا پیشاندەری ئەوەیە کە قازانجێ کە لە سەربەخۆیی دەوڵەت دایە لە مانەوە و بندەستیدا نییە و نەتەوەی خاوەن بیر و ئاگایی رازی نابێت بە بندەستی کە هێگێل گوتەنی ببێتە “نەتەوەی نامێژوویی” و مەحکووم بە لەنێوچوون.[8] لەڕاستیدا، وەک گاندی دەڵێت بۆ هەموو گەلانی جیهان ‘خراپترین خۆحکوومەتی باشترە لە باشترین حکوومەتی داگیرکەر و بێگانە.’[9] بۆیە تەنیا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە کە دەتوانێت زۆرترین تاکەکانی نەتەوەیەک لە کۆیلەتی رزگار بکات.

لەو ئاڕاستەیەدا بەر لە هەر شتێک نەتەوە بندەستەکان و بەتایبەت کورد پێویستیان بە خۆئاگایی و وریابوونەوە هەیە و ئەوەی کە رەوشتی خەیانەت و کۆیلەتی لە خۆیان دوور بخەنەوە. بۆیە بە کەمبوونەوەی ئەو جەماوەر و ئاپۆرە کۆیلەی کە لەسەرەوە باسیان کرا، و هەوڵی زیاتر بۆ سڕینەوەی گرێدراوێتی بە دەوڵەتی داگیرکەرەوە لە هەر بوارێکدا بەتایبەت سیاسی-ئابووریی، دەکرێ زیاتر هەنگاو بەرەو رزگاریی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی هەڵێنرێت. دەبێت خەڵک زۆر زیاتر ئاگادار ببنەوە و وەچەیەک باربهێنرێت کە ئاستی ئاگایی سیاسی-نەتەوەییان لەسەرەوە بێت و خاوەن وەها چاندێک بن کە رازی نەبن بۆ هیچ شتێکی حکوومەتی نەتەوەی باندەست بەرژەوەندیی نەتەوەی خۆیان پێشێل بکەن. بە هیچ قان و پلەوپێگەیەک خۆ نەفرۆشن و نەخڵەتن و خۆیان تووشی گەندەڵی نەکەن. پێویستە قیزەونترین شت لای خەڵکی نەتەوەی بندەست پلەوپێگەی ناو دەوڵەتی داگیرکەری نادێمۆکراتیک بێت.

 

[1]  هەڵبەت ئەم ساتە بۆ نائاگایانیش دەتوانێ ساتی داچڵەکیان لە خەو بێت. بۆیە دەوترێت “دەتوانێ”، لەبەر ئەوەی کە وەک لە دوایی وتارەکەدا باس کراوە، هەندێ کەس قەت داناچڵەکن یان خویان لە خەو داوە و داناچڵەکن یان داچڵەکانیان گرێ دراوە بە بەرژەوەندیی تاکەکەسییانەوە.

[2]  بە گوێرەی وێژەی ئەم وڵاتە نادێمۆکراتیکانە کە ئێتنیک و ئێتنیسیتی بە “قەوم” و “قەومییەت” وەردەگێڕنەوە، دەکرێ لە کوردیدا ‘خزم’ و ‘خزمایەتی’ بەکار بهێنرێت. رەنگە بەکارهێنانی ئەم چەمکانە لەلایەن هەندێکەوە قبووڵ نەکرێت. بەڵام ئەوە پێوەندیی بە کێشە زمانییەکان هەیە کە هاوکات کە بۆ زمانێک بە کێشەی نازانن بۆ زمانێکی تر کێشەیە. ئەگینە لە زمانی فارسیشدا قوم و فامیل و قومیت لە ئاستی نزمی کۆمەڵایەتیدا بەکار دەهێنرێت و لە ئاستی بەرزتریشدا بۆ کۆمەڵە خەڵکانی خاوەن هەندێ تایبەتمەندیی جیاوازیش بەکار دەهێنرێت و کەسیش گیر نادات. لە کوردیشدا دەتوانێ وەها بێت و بەپێی رستە و ئاستی بەکارهێنان واتاکەی رەچاو بکرێت. بەڵام چاکتر وایە کە “کەمەنەتەوە” و “کەمەنەتەوایەتی” بەکار بهێنرێت. جێی ئاماژەیە کە لە کوردیدا هەندێ جار بینراوە کە لە جێی “کەمینە یان کەمایەتی”، کەمەنەتەوە بەکارهێنراوە، لەکاتێکدا کە هەر گروپێکی تری کۆمەڵایەتیش وەک گروپە ئایینییەکان دەتوانن کەمینە بن و پێوەندییان بە نەتەوەوە نەبێت. بۆیە باشترە کەمەنەتەوە کە خۆیشی ئاماژە بە نەتەوەی تێدایە لە جێی ئێتنیک بەکاربهێنرێت.

[3]  جێی ئاماژەیە کە وشەی “قوم” لە زمانی عەرەبیدا زیاتر لە “ئێتنیک” و “کەمەنەتەوە” نزیکترە تاکو بەکارهێنانی ئەو وشە لە زمانی فارسیدا کە بۆ دابەزاندنی باری یاسایی-سیاسی مافی نەتەوەکان بەکار دەهێنرێت.

[4]  لەو پێوەندییەدا، هەندێ جار بۆ هەموو خەڵکی وڵاتێکی فرەنەتەوە بە گشتی لە چەمکی “گەل” کەڵک وەرگیراوە وەک عێراق کە لە “گەلی عێراق” کەڵک وەرگیراوە و لە جێی نەتەوەیی (national) لە ئاستی سیاسی و وڵاتدا لە نیشتمانیی کەڵک وەرگیراوە وەک چۆن دەڵێن “ئەنجومەنی نیشتمانیی عێراق” کە ئەمەش کێشەی هەیە لەوێوە کە مەبەست لە “نیشتمانیی” بە پێڕەوی لە وێژەی زاڵی نێودەوڵەتی کە نەتەوە پێوەند دەدات بە دەوڵەتەوە، هەمووی خاک و وڵاتی عێراقە کە وەک زێد و نیشتمانی هەمووی عێراقییەکان بینراوە، کەچی نیشتمان (homeland) بۆ کورد کوردەواری یان کوردستانە، کە پۆتانسییەلی بوون بە وڵاتی (country) هەیە.

[5] Étienne de La Boétie

[6]  اتین دو لا بوئتی، سیاست اطاعت، رسالە دربارەی بردگی اختیار، ترجمەی علی معنوی، تهران: نشر نی، چاپ اول 1378.

[7]  لەم پێوەندییەدا بڕواننە: سەباح موفیدی، “بوون بە دەوڵەت و دەرکەوتن لە دۆخی نامێژووییبوون”، جۆرناڵی ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، ژمارە 25، حوزەیرانی 2018، لل 124-135.

[8]  حسین بشیریە، انقلاب و بسیج سیاسی، تهران: انتشارات دانشگاه تهران، 1382، ص 168.

[9] بڕواننە: موفیدی، 2018.