Close

ئیدئۆلۆژی، وێژمان و ناسیوناڵیزم

1,021 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

ئالان فینلایسۆن؛ دێپارتمانتی سیاسەت، کوینز یونیورسیتی بلفاست          و: وێژمان

پۆختە

ئەم وتارە لە دژی تئوری گشتی یان تەک نەتەوە و نەتەوایەتی باس دەکات و بەجێگای ئەوە پێداگری لەسەر تایبەتمەندی ناداشکاندنی دیاردەی نەتەویی دەکات. باسدەکرێت کە هەر ناسیوناڵیزمێک هەردەم بڕێک ‘ناوەروک’ی زۆر تایبەت لە خۆ دەگرێ کە ئەیەوێت چاندی گشتی و بەهاکانی خەلکی نەتەوەکە پێناسە بکات کە لە بەرانبەردا پێوەندیدارە بە سازکردن و بەکارگرتنی وەها بەهاگەلێک لە ناوئاخنی وێژمانی ئیدیولۆژیکی سیاسی دا. تایبەتمەندی ئەم ‘ناوەرۆکە’ دیاریکراوە لە تئوریە تەکیەکاندا ناڕوونە.

زۆرتر وا باسکراوە کە باشترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن و شرۆڤە کردنی ئەم ‘ناوەرۆکە’ شروڤەێکی وێژمانیە کە سازکردنی ناسنامەی نەتەوە و نەتەوایەتی پێوەند دەدات بە وێژمانی بەربڵاوتری سیاسی و دیکەی وێژمانەکان. وێنا کردنی نەتەوە و نەتەوایەتی بەم شێوەیە ئێمە توانا دەکات لە تێگەیشتنی ناوەندی بوونی نەتەوە لە فۆرم گرتنی وێژمانی سیاسی مۆدێرندا و هەروەها باێخی زۆر گرینگی ئەو لە دامەزراوەی ئیدولۆژیکی کۆمەڵگای مۆدێرن دا کە وێنەێک لەیەک نزیک بوون و یکێتی پێشکەش دەکات لە کاتێک دا کە جیایی و ناکۆکی تێدا هەیە.

 

پێشەکی

زۆربەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی بزانن بەڕاستی نەتەوەکان چ شتێکن خۆیان لە خۆیاندا هەڵگری کەموکۆڕین و ناتەواون، ئەوانە هەوڵ ئەدەن چەمکی  گشتگیری نەتەوەایەتی پێناسەبکەن. دەڵێن نەتەوە ئەمەیە و ئەوەیە، گوایە لەوباوڕەدان تەنیاشتێک بۆیان گرینگە دۆزینەوەی پێناسەی درووستە، هەر کە دۆزیانەوە ئیتر ئەکرێت لە سەر گشت نەتەوەکان بە یەکسانی بەکاری ببەن. ئەوانە زمان یان هەرێم، وێژەی نووسراو، مێژوو، فۆرمی حکومەت و یان ئەو شتەی وا پێی دەوترێت هەستی نەتەوایەتی بە بەڵگە دەیهێننەوە و لە هەر نموونەێک دا سەلمێندراوە کە هەڵاوێردنەکان و ئیستسناکان لە رێسا گشتیەکە گرینگترن. ئەمە وەک چنگ پێداگرتنی جل و بەرگێکی لەبەرکراوە بەو باوڕەوە کە ئەکرێ گیاندارەکەی ناوی بگریت و لێ تێبگەیت. (الیاس کانێتی)

ئەم وشەگەلە تایبەتمەندێکی قووڵیان هەیە بۆ هەوڵدان لە تێگەیشتنی تئوریکی دیاردەی نەتەوە و ناسیوناڵیزم. کانێتی ئەیەوێ سەرنجەکان بۆ ئەو رێگایانەی بکێشێت کە نموونە راستەقینەکانی ناسیوناڵیزم هەمیشە لەو هەوڵانەی وا ئەیانەوێت پێیان بگەن را ئەکەن و گرتنیان زۆر ئەستەمە بەمەبەستی گەیشتن بە پێناسەێک بۆ بەکارهێنانی گەردوونی. ئەو سەرنج دەخاتە سەر تایبەتمەندی هەر ناسیوناڵیسمێک بە تایبەتی و لەوە گرینگتر لە سەر ئەوەی وا ئێمە لە کاتی گەشەپێدانی تئوریە گشتیەکاندا لە بەرچاویان ناگرین. ئاوا درێژەی پێدەدات کە…

نابێ وا دابندرێت کە تەواوی ئەم ئیدئولۆژیە نەتەوەییانە هەر هەمان ناوەروکیان هەیە. تەنیا لە فرە خوازی و داواکاریە زۆرەکانیان دا لە یەک دەچن. یەک شتیان دەوێت بەڵام لە ناو خۆیاندا جیاوازیان هەیە… خەڵک ئەم راستیەی لە بەرچاو ناگرن کە ناوەرۆکی راستەقینەی ئەم بانگەشە و داواکاریە نەتەوەییانە، ئیدئولوژیە راستەقینەکانی پشتیان لە یەکتر، زۆر جیاوازیان هەیە. ئەوکەسەی وا ئەیەوێت بزانێت هەر نەتەوەێک چی تایبەتە هەیە ئەبێ زەحمەتی دوزینەوەی بدات بە خۆی و بەدوایدا بچێت.

دوو ناسیوناڵیزم ناتوانن لە یەک بچن. ئەمە شوێنێکە شایەت زۆر روون بێت و شیاوی سەرەنج نەبێت و زۆرجار لە بەر هەوڵدان بۆ گشتاندنی راستیەکان لە بەرچاو نەگیردرێت و بە ناڕوونی بمێنیتەوە. بو نموونە بە سرووشت ناسیوناڵیزم لە فەرانسە و ئینگلیز دا ئەبێ لە یەک نەچن لەبەر ئەوەی یەکێکیان لە ژێرکاریگەری فرانک بوون و ئەوی تر لە ژێر کاریگەری ئینگلیک بوون دایە. ئەگەر ئەم ناسیوناڵیزمانە شتێکیان دیاری نەکردبێت بۆ ئەوەی نەتەوی خۆیان بێ هاوتا، تەک و شاز نەکەن، ئیتر خۆ ناسیوناڵیزم نین. جیاوازی نێوان ناسیوناڵیزمی فەرانسی و ئینگلیزی لە ئەو ناوەرۆکە  قاییم و بتەوە دایە کە بۆ فەرانسی بوون و ئینگلیزی بوون دەیگەرێننەوە و دیاری دەکەن. ئێمە لەوانەیە بێژین کە ئەو دوانە لە سەر بنەمای نابەرانبەری نیشانەکانی ‘فرانک’ و ‘ئینگلیک’ بوون جیاوازن.

ئێمە چۆن ئەم ‘ناوەرۆکە بتەوانە’[1] تێ دەگەین؟ ئەگەر تئوریە گشتیەکانی ناسیوناڵیزم مەیلیان بە لای نادیدە گرتنی تایبەتمەندیەکانی ناسیوناڵیزمەکان دایە، ئەکرێ رێبازێکی تئوریک ببێت بۆ گرنگی پێدان بەم تایبەتمەندیانە و لە هەمان کاتدا ئەگەری تێگەیشتن لە ناسیوناڵیزم لە ناو چوار چێوەێکی گشتگیرتر دا پێکبێنێت؟ ئارگیومێنتی ئەم وتارە ئەمەیە کە ئەکرێت رێبازێکی وەها هەبێت؛ کە فۆرم و کارکردی تایبەتمەندی ناسیونالێزم تئوریزە بکات و پێوەندی ناسیوناڵیزم بە ‘ناوەرۆکی بتەو’ لە بانگەشە نەتەوەییەکان لە خۆ بگرێت. ئەم ڕێبازە ئەبێ شرۆڤەی وێژمان[2] بێت؛ هەوڵێکی تئوریک و مێتودولوژیک بەکاردەبردرێت بۆ شرۆفەکردنی پێوەندی ناوخویی پێکهێنەرەکانی وێژمانی ناسیوناڵیستی، کە وەک تێکۆشینێک بۆ درووستکردنی پێکهاتەێیک سیاسی-ئیدئولۆژیک لە بەرچاو دەگیردرێت کە دیاری دەکات ‘خەڵکی نەتەویی’ کێ و چین.

بەڵام ئەم هەوڵە بۆ تێگیشتن لە ناسیوناڵیزم لە ئاستێکی وردتر و دیاریکراوتر دا، لە بواری ‘ناوەرۆکی’[3]  ئیدئولوژی دیاریکراوی نەتەوەیی، ئێمە دەگەێنێت بە لایەنەکەی دیکەی تایبەتمەندی[4]، وەک ئەوەی کە بووە، ناچاری دەکات بەرەو رووی نەتەوە و نەتەوایەتی لە گشتگیری خۆیدا ببێتەوە و دووبارە تێگەیشتنی ئێمە لە تێگەیشتن لە سیاسەت و کۆمەڵگای مۆدێرن هەڵ دەگەڕێنێتەوە. بە وەها دووبارەکردنەوە و گەڕانەوێێک،  نەتەوە و ناسیوناڵیزم وەکوو دروستکراو و دەسکەوتی لاوەکی مۆدرنیزاسیون(وەک چۆن زۆربەی کاتەکان وا لە بەرچاو دەگیردرێن) دانانرێت بەڵکوو وەکوو پێکهێنەری ناوەندی مۆدێرن و هۆکاری گرنگی بڕیاردەر و یەکلایی کردنەوە لە سیاسەتی نەتەوە دەوڵەتەکانی رۆژئاوایی دادنرێت. ناسیوناڵیزم بەردی بنچینە و بناغەێکە کە ئیدئولۆژیە سیاسیەکان خۆیان لەسەری پێناسەدەکەن بۆ گەیشتن و وەدەسهێنانی رەوایەتی و مەشرووعیەت بە پشتیوانی نەتەوەی بە ڕواڵەت ‘سۆروشتی’.

کەواتە ناسیوناڵیزم بە هۆی هەوڵی جودا کردنەوەی لە هەلومەرجی تایبەت گرینگە و بەوهویەوە دەکرێت  وەک بابەتێکی بێهاوتا و دابڕێندراو خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەجێاتی تئوری گشتگیریی ناسیوناڵیزم، ئێمە تئوری تاقانەیی و تەک بوونی ناسیوناڵیزم[5] گەشە پێ ئەدەین کە توانایی گشتاندنی بە سەر نمونەکان دا هەیە.

ئێمە لە سەرەتادا بە سەرەنج دان بە سروشت و تەکی و تایبەتیبوونی ناسیوناڵیزم نیشاندەدەین کە چۆن لە ناوخوی ناسیوناڵیزم دا ، وهەروەها لە نێوان تئوریەکانی ناسیوناڵیزم، لە نێوان بیرۆکەکانی تایبەت و جیهانی دا گرژی و ئاڵوزی هەیە. پاشان ئێمە چۆنیەتی بیرۆکەکان و ناسیوناڵیزم لە بواری فۆرم و سنورەکانی سیاسەتی مۆدێرن دا دەدەینە بەر لێکۆڵینەوە.

تایبەتی بوونی ناسیونالیزم

نەتەوەکان لە سیاسەتی مۆدێرن دا جێگەوپێگەێکی تاقانەیان هەیە کە قەڵمڕەو و ناوچە و هێماکانی ئەو ئیدئولۆژیە سیاسیەی کە بەسەری دا زاڵە پێناسە دەکات. چەمک گەلی سیاسی وەکوو ئازادی، یەکسانی و برایەتی بۆ ئاماژە پێکردنی گرۆپگەلێک لە خەڵک بەکار دەبردرێت و واتاکانیان پێوەندیدارە بە چۆنیەتی درووست بوونی وێژمانی ئەو خەڵکەوە. بۆ نموونە کاتێکە لولێرەکان[6] داوای ئازادی سیاسی و ماف یان کرد،مەبەستیان پیاوی ئینگلیزی ئازاد لە داییکبوو بوو، و ئەو داوایەیان لە سەر ئەساسی ئینگلئزی بوون پاساو بۆ هێنایەوە- ئینگلیزەکان لە مێژە مافیان هەبوو، قانوونی بنەڕەتیان لە کۆنەوە هەبوو کە ئەو مافانە لەوێوە سەرچاوەی دەگرت و تەنیا بۆ ئەو کەسانە بەفەرمی دەناسرا کە پیاوی ئینگلیزی[7] بوون. هەر وەک ئەوەی گرینفڵد باس دەکات:

داوای مافی بەشداری کردن لە حوکمڕانی نەتەوەیی ئینگلیزدا دەم بە دەم دەڕویی و بڵاودەبووەوە بە پێداگری لەسەر مافی بەشداری کردنی خەڵک لە ڕەوتی سیاسی و حکومەتی بە ڕێگای پارلەمانەوە دەکرد. لە ڕاستیدا لێرەدا مەبەست لە نەتەوە و ئاماژە پێکردنی نەتەوەی ئینگلیز بۆ داواکردنی وەها بەشداری پێکردنێکە. نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی ئینگلیز وەکوو نەتەوەێک، لە لایەنی سییمبولیکەوە پێگەی نۆخبەێکی کە وا مافی هەبوو و چاوڕوان دەکرا خۆی ئیدارەبکات زیاتر کرد و نەتەو بوونی لەگەڵ شارۆمەندی سیاسی[8] دا یەکسان کرد.

لە کۆبوونەوە کانی پۆنتی دا، سەرهەنگ راینسبورگ دەربارەی مافی رەزامەندی پیاوی ئینگلیزی بۆ ئەوەی خوی بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە دەڵێت:’من وا بیر دەکەمەوە کە هەژارترین پیاو لە ئینگلیزدا بە هیچ جۆرێک بە حکمەتەوە گرێنەدراوە کە هیچ جۆرە مافێکی نەبووە بۆ ئەوەی کە خۆی بە ئازادانە بە حکومەتەوە ببەستێتەوە، و دڵنیام کاتێک هۆکارکانی ئەوەم بیست، لە وڵامدا خۆ هەر شتێک دەوترێت، تاڕادەێک کە من دەبێت لەوەدا کە ئەو پیاوە هەژارە ئینگلیزیە یان نە گۆمان و شک بکەم. ئێمە ئەبێ شک لەم شتانەدا بکەین’. پێداگری دەکەمەوە کە مافە نوێەکان بەرانبەرن لەگەڵ ئینگلیز بوون دا و هەرکەس لەم مافانە پشتیوانی ناکات بە پێناسە، ئینگلیزی نیە.

هەروەکوو ڕاگەیاندنی مافی پیاو و شارۆمەند[9]، بۆ فەرانکەکانیش ماف و ئازادی زیاتر لەوێیش بەدوای خۆیدا هێنا. وەها وێژمانێک دەربارە کۆمەڵگای نەتەوەیی[10] پێویست بوو، بۆ داواکردن، راڤەکردن و سنووردارکردنی مافە نوێیەکان. شۆرشگێرەکان ئایدیاڵی[11] کۆمەڵگای نەتەوەیییان ساز کرد و ئەمە فۆرمی نوێی مەراسم و وەبیرهێنانەویی بۆ جەژن گرتن و پیرۆز ڕاگرتنی ناسنامەی نەتەویی بەدوایی خۆی دا هێنا. وەک چۆن کوهن دەڵێت: ‘لە تەواوی کۆمەڵگای فەرانسە دا هێمای پێرۆزڕاگرتنی نیشتمان دانرا و لە سەریدا لەو بارەیەوە نووسراو بوو’. ‘شارۆمەند لە پێناو نیشتماندا لەداییک دەبێت، ئەژێت و ئەمرێت’، و خەڵکیش سوێندیان بۆ پاراستن و ڕاگرتنی یەکێتی نەتەوەیی دەخوارد. هەر وەک ئەوەی  بالیبار باسی دەکات، ڕاگێندراوەکە لەناو خۆی دا تەنگەژە و ناکۆکیەکانی پرۆژەی شۆڕشگێرانە بۆ بەدامەزراوەکردنی چەمکگەلی وەکوو ئازادی، یەکسانی و برایەتی بە قانوون دەکات کە لەگەڵ چەمکگەلێک دەربارەی کۆمەڵگا و تێرمی[12] نەتەوە تۆشی گوڕینی واتا دەبن: ‘ئیتر ئەوە بەواتای گشت شارۆمەندەکان نیە بەڵکوو بیرۆکەی پێوەندی و بەیەک بەسراوەیی مێژوویە کە دەوڵەت لە ناوەندیدایە. لە کۆتایی بە ڕێگای بەپیرۆز کردن و گەورە ڕاگرتنی زمان، چاند و دابوونەريتى نەتەوەيى ئەیانویست جۆر و نۆسخەی ناسیوناڵیزمی فەرانسی ساز بکەن. بیرۆکەی کۆمەڵگاێکی ئەخلاقی و ڕووناکبیری داڕێژراو لە سەر بنەمای دابوونەریتە بەدامەزراو بووەکان و کۆمەڵگای شاهانە و کۆماری بوو.

ئەم دوو نموونە دەسپێکی زمانێکی جیاواز لە سیاسەت دا دەنوێنن، زمانێک کە گۆڕانی[13] خەڵکێک فۆرمولە و درووس دەکات کە لە ڕەعیەتی بێ ئیرادەوە لە ژێر دەسەڵاتی پادشا دا ئەبن بە کۆمەڵگاێک لە شارۆمەندان کە نەتەوە پێکدێنن. تاک بە هۆی وێژمانی نوێی شارۆمەندی دروس کرا و پێوەندی پێرۆزی تاک و کۆمەڵگەی نەتەوەیی پێک هێندرا. لە رێگای ساز کردن و بۆنیاتنانی نوسخەێک لە نەتەوە وە ئیدئولۆژی ئەم شۆڕشانە، جێگیری و ڕەوایەتیان بە دەست هێنا.

بێ گۆمان وێژمان لە ئینگلیز و فەرانسە دا جیاواز بوو،  هەر وەها هەردووکیان لە سەر بنەمای دووبارە بونیاتنانەوەی سیاسەت لە سەر بنەمای چەمکەکانی نەتەوە و خەڵک پێداگریان هەبوو، وێژمانی نەتەوە لە هەر دوو نموونەکەدا بەڕوونی جیاواز لە یەکتر بوون. لە ئینگلیز دا وێژمانی نەتەوە لەسەر ڕابردووی ئەفسانەیی  بۆ بۆنیاتنانی بەشێکی دیاری کراوی خەڵک بوو کە بتوانن رەوایەتی بە داواکاری خۆیان بۆ بەشێکی دیاری کراوی مافەکان بدەن. لە فەرانسە دا وێژمانی نەتەوە خەڵکێکی زیاتری لە خۆ گرت و بەر بڵاوتر بوو تا ئەو کاتی کە گشت خەڵکی گرتەوە. لە هەردووکیان دا وێژمانی نەتەوە گەشەی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا، لە بەر ئەوەی نەتەوە رەوشێکی سروشتی نوێنەرایەتی ئەکرد لە ئاستێک دا کە بەهاکان، دابونەریت و عادەتەکان دیاری کراو بوون. وێژمانی ناسنامەی نەتەوەیی لەوانەیە وەکوو ماتریکس[14] بە چەمک بکرێت، پێشینەێک کە لە دژی ئەو شتگەلێکی تایبەت لە بەرچاو بگیردرێت، کەشێک و رەوشێک کە خەڵکێک کە خۆێ بە هاوڵاتی و هاونەتەوەیی بزانێت، پرۆژەێکی سیاسی دارێژێت و بە کردەوەیی بکات. لەم بارەوە جان دان دەڵێت ‘ناسیوناڵیزم زمانی هاوبەشی هەستی سیاسی سەردەمە.’

لە ناو وێژمانی ‘ناسنامەی نەتەوەیی’[15] دا ‘ دەکرێت ‘هەستی هاوبەش’[16] ی دیاری کراو ناچالاک بێت و نیشتبێت کە دەکرێت دووبارە لە ناو وێژمانی ئیدئولۆژیکی سیاسی دا چالاک بکرێتەوە. بە وەها دووبارە چالاک کردنەوەێک واتای ناسنامەی نەتەوەیی بەشێکی گۆڕانی بە سەر دا دێت لە بەر ئەوەی لە ناو پرۆژەێکی دیاری کراوی سیاسی دا دووبارە هەڵ چنراوەتەوە. بۆیە ئستوار هاڵ نووسیویەتی، ‘هیوای هەر ئیدئولۆژیێک ئەوەیە لە دەرەوەی مێژوو بۆ سروشتی بوون خۆی سروشتی دەرخات، تاکو خۆی نادیار بکات و بە شێوەی بێ دەنگ کاری خوی بکات’. بە وەها پەیوەست بوونێک بە نەتەوە ئیدئولۆژی سیاسی دەتوانێت وەها نەبینراو بوون و سروشتی بوونێک بە دەس بخات تا ئەو جێگای کە وەکوو جەرەیانی سروشتی مێژوویی نەتەوەیی بۆ خەڵک وێنا بکات و دەر بکەوێت. بەم شێوەیە پرۆژە سیاسیەکان کە وڵامێکن بۆ هەلومەرجی تایبەتیی مێژوویی دەتوانن رەوایەتی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن وەکوو تەنیا دربڕینی کاراکتێری[17] نادیار و ‘ئەرکی مێژوویی’[18] خەڵکی هاونەتەوە خۆیان خۆیا بکەن. هەر وەک ئەوەی کە هاڵ درێژەی پێدەدات: ‘هەستی هاوبەش هەرچیکیش سروشتی خویا بکات هەمیشە پێکهاتەی هەیە، کۆمەڵێک لە رووداوە مێژوویەکان، کە شوێنپێی ڕابردوویان لەگەڵە و لە هەمان کات دا نیشانەکانی فەلسەفەی داهاتوویان لە خۆ گرتووە… هەستی هاوبەش هەر وەک ئەوەی گرامشی دەبێژێت، “لە دەرەوەی ئاکامەکانی نیە”[19] لە بەر ئەوەی “گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاری پێکەوە ڕاگرتووە، و لە سەر کردەوە ئەخلاقیەکان و ئاڕاستەی خواستە کان کاریگەرە”. ئەوەی ئێمە لێرەدا لە بەر چاوی دەگرین لەوانەیە وەکوو ‘هەستی هاوبەش’ ی نەتەوە بێتە بەر چاو، وەکوو هەستێک کە گۆڕانی سیاسی سنووردار دەکات بەڵام هێشتا خۆی توانایی گۆرانی لە ناو خۆیدا هەیە. بە بەرزڕاگرتنی نەتەوە و ناسیوناڵیزم وەکوو شێوەی دووبارە ساز کردنەوەی هەستی هاوبەش، پێدانی هەستی سرۆشتی بوون بە ئیدیولۆژیە، ئێمە دەتوانین لە تاییبەتی بوونی ناسیوناڵیزم وهەروەها لە پێوەندی لە گەڵ ‘گشتگیری’[20] فۆرمی کۆمەڵایەتی گشتگیر کە وێژمانی نەتەوە پشتیوانە بۆ ساز بوونی تێبگەیین.

ئەم جیاکردنەوەیە زۆر گرفت لە ڕێگا تئۆریزە کردنی نەتەوە و ناسیوناڵیزم دا، دادەڕێژێتەوە و تایبەتی بوونی ئەمانە بۆ لە خۆ گرتنی تەواوی پێکهاتەکانی سیاسەتی مۆدێرن بەرین دەکاتەوە، بەجێگای ئەوەی کە نەتەوە بوون بە ساکارترین بەش لە تۆپۆگرافی نەتەو-ەدەوڵەت[21] سنووردار بکات. بنەما لەم دووبارە تئوریزەکردنەویەدا ئەم جیاکردنەوەیە کە نەتەوە و ناسیوناڵیزم دیاردەێکی یەکینە نین، و بۆیە ناتوانن وەکوو دەربڕینی چەندین قانوونی بنەڕەتی مێژوویی یان واقعیتی سروشتی مرۆڤ دەرکیان پێ بکرێت. بەجێگای ئەوە ناسیوناڵیزم ئەبێ وەکوو ئێستراتژی رەوایەتی[22] ئیدئولۆژیک لە بەر چاو بگیردرێت کە لە دەوری تەنگەژەی گەردوونی[23] و تایبەتی[24] دا دەسووڕێتەوە.

ناکۆکی بنگەهین لە هەوڵدان بۆ ساز کردنی  پێناسە یان تئۆریێکی گشتی لە نەتەوەکان پێک دێت لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تێگەیشتنێکی گەردوونی لە دیاردەێک کە بە سۆرۆشت بۆ بۆنیاتنان، جیاکردنەوە و پاراستنی تایبەتمەندیەکان ئاراستە کراوە. هەر وەها ئەمە ناکۆکی ناسیوناڵیزم بۆ خۆیەتی کە مامڵە لە گەڵ تایبەت-گەردوونی و گەردوونی-تایبەت دا دەکات. ئەو لە دژی تایبەتمەندی لە ناوخۆی، خۆیدا بە ناوی پاراستنی پرەنسیپەکان، قانوونەکان و بەها گەردوونیەکانەوە تایبەتمەندی و گەردوونی بوونی نەتەوە ئەپارێزی. بۆ ئەوەی بە جۆرێکی دیکە ئەوە بڵێنەوە، ناسیوناڵیزم لە تایبەتی بوون، گەردوونی بوون ساز دەکات. ئەم تەنگەژە ناکۆکە لە ناسیوناڵیزم دا بنەمایە و لێکۆڵینەوەی ئەوە سۆرۆشتی راستەقینەی ئیدئولۆژیکی ناسیوناڵیزم بۆ ئێمە دەردەخات. هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بنەماێکی گەردوونی بۆ دیاردەی ناسیوناڵیزم سەرناکەوێت لە بەر نەتوانین لە تێگەیشتن لە پێوەندی ناسیوناڵیزم بەم  تەنگەژە تایبەت/گەردوونیەوە.

بە مەبەستی تێگەیشتن لەم ناکۆکیە دەتوانین بە وەبیرهێنانەوەی سەرنجی کانتی وە دەستپێ بکەین کە ناسیوناڵیزم دیاردێکی ڕەنگاوڕەنگە. ناسیوناڵیزم هەمیشە لە رەوتی دیاری کردن و پێناسە کردنی تایبەتیە دا گیر دەکات  بۆ ئەم کارە هیچکات بە تەنیا کار ناکات. وەکوو بەشێک لە زنجیرەێکی گەورەتر فۆرم دەگرێت و بە ئیدئولوژێکی دیکەوە دەلکێندرێت وەک مارکسیست-ناسیوناڵیست، سۆسیالیست-ناسیوناڵیست، لیبراڵ، کانسەرڤاتیڤ، ئاوتۆریتاریەن و دێمۆکراتیک ناسیوناڵیست و بڕێکتر لەم لیستە. ئەمە دەریدەخات ئێمە مامڵە لەگەڵ شتێک دەکەین واتا و فۆرمی تەواو خۆی کاتێک دەگرێت کە لە پێوەندێکی دیاری کراودا و لە کاتی پراکتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاری کراودا بێت. لەو کاتانەدا ناسیوناڵیزم شتێک بە خۆی زیاد دەکات کاراکتێرێکی دیاریکراو بۆ رەوشەکە وەدەست دێنێت. پێکهێنەرگەلێک کە جۆڵە و پێشڤەچوونی ناسیوناڵیزم دەرەنجامی هیچکام یان نیە. تایبەتمەندی سروشتی – لێرەدا ناسیوناڵیزم هیچ ڕەنگێکی ‘ڕاستەقینەی’ نیە، تەنیا دەرەنجامەکانی جمگەبەندی[25] و  بەربەرەکانێیە[26]. ئەم پاشکۆیانە تەنیا پیوەستی رادە دووێکی زیادکراو بە وشە و ناوەرۆکی ناسیوناڵیزمەوە نین، ئەمانە لە واتا دریداییەکەی دا پێکهێنەر [27] و بنەمای واتای نەتەوە و ناسیوناڵیزم هەڵ دەگەرێننەوە و ژێر و ژووری دەکەن.

کەواتە ناسیوناڵیزم تەنیا کاتێک دەکرێت دەرکی پێ بکرێت کە بەشێکە لە جمگە بەندی وێژمانی، فۆرمە کۆمەڵایەتیە تایبەتەکان. تئوریەکانی ناسیوناڵیزم کە سەرچاوە و فۆرم گرتنیان دەگەڕێننەوە بۆ وەها جمگەبەندیگەلێکی دەرەوەیی -لۆژیکی مۆدرنیزاسیون ئەوەیە کە هەرچیک پێوەندی بە شانازی بە باو و باپیران و بنەماڵە و بەرژەوەندی چینایەتیەوە هەبێ بیشێوێنێت -ناورۆکە گرینگەکە نادیدە ئەگرن. لە گەڕان بەدوای راڤەی گشتی و دەروونناسی دا بۆ ڕوون کردنەوە وەها تئوریگەلێک لەکاتێکدا لە زۆربەی کاتەکاندا یارمەتیدەر و درووستن بەڵام لەوانەیە تێنەگەێن لە سروشتی ناسیوناڵیزم لە کاتی کارا بوونی لەناو وێژمانی سیاسی دا لەبەر ئەوەی هەوڵ ئەدەن زۆر دۆرتر لە تایبەتی بوونێک کە ناسیوناڵیزم لێی درووست بووە بڕوانن. ئێمە ناتوانین بە سادەیی بگەڕینەوە بۆ بەکاربردنی ‘جۆرى نمونەيى’[28] ماکس وێبێر بە هیوای لکاندنی چەند وشەی باوی جیاواز بە نەتەوە و ناسیوناڵیزم لە کاتێکدا بۆشایی کراو بهێڵنەوە بۆ بەفەرمی ناسینی تایبەتی بوونی نموونە جۆدا جۆدا کان. بەکار بردنی جۆری نموونەیی بۆ ئەم حاڵەتە نیشاندەدات کە لە کاتێکدا جیاوازی گەلێک هەیە بابەتی گرینگ بۆ چەسپاندن ئەو نیشانە گەردوونیانە دیاردێکە کە پێی دەوترێت ناسیوناڵیزم، کە دەکرێت لە ڕێگای ئەم نیشانە گشتیانەوە دەرکی پێ بکرێت و بناسرێتەوە. لێرەدا گرینگ ئەوەیە بزانین ئەمە بەوردی ئاڕاستەی هەڵەیە بۆ حەرەکەت کردن. ناسیوناڵیزم نموونەێکی تایبەت لە فۆرمێکی گەردوونی نیە بەڵکو فۆرمێکی گەردوونیە لە نموونەێکی تایبەت دا. تایبەتمەندی[29] ناسیوناڵیزم سەرچاوە گرتوو لە برێک خاڵی بنگەهین کە بکرێ دایشکێنیتەوە بە سەریان دا نیە.  تایبەتمەندی بابەتی گرینگی ناسیوناڵیزمە لەوە زیاتریش تایبەتمەندی نەتەنیا جۆگرافیە بەڵکوو مێژوویشە. ناسیوناڵیزمەکان لەگەڵ بارەدوخ و ڕەوشێک دا دەگۆنجێنن کە لەنێویاندا وەکوو فۆرمێک لە وێژمان کار بکەن و هەوڵ بدەن ئەو رەوشە دووبارە پێناسە بکەنەوە و شکڵی پێ بدەن. بۆ ئەو ڕەوشانە هێچ شتێک لە دەرەوەی ناسیوناڵیزم نیە، بێجگە لەو شتەی وا ئەو ناسیوناڵیزم نیە. بۆ تێگەیشتن لە ناسیوناڵیزم لە سەرەتاوە بە ئاماژە بە وەی وا سەرچاوەی لێوە گرتووە  دەبێ لە راستیدا بنەماکانی وێژمانی ناسیوناڵیستی قەبووڵ بکەین-بنەماکە ئەوەیە کە پێداگری تایبەتیە لە سەر مافێکی  پێدراو و گەردوونی یان دیاردەێکی سروشتی. ‘مافی گەردوونی’ یان  تایبەتمەندی گەردوونی ناسیوناڵیزم ناگات بە نموونەگەلێکی تایبەت بەڵکو لە راستی دا لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت و دروست دەبێت. هەر ناسیوناڵیزمێک شتێک بە داستانی گەردوونی بوونی ناسیوناڵیزم یان زیاد دەکات یان دووبارە دەی نووسێتەوە کە دەیخولقێنێت و بۆ رەوایەتی یارمەتی لێ وەر دەگرێت. ئەم تێگەیشتنە بەتەواوی سەرەنجی هەر جۆرە لێکدانەوەێک لە ناسیوناڵیزم دەگۆڕێت-بە جێگای ئەوەی کە سەرەنج بدەین لە کوێوە هاتووە دەبێت سەرەنج بدەینە سەر ئەوەی بۆ کوێ دەروات.

ئەگەر ناسیوناڵیزم بە وشەی وێژمانی تایبەتی خۆی پێناسە دەکرێت و تێدە گەێندرێت بە جێگای ئەوەی کە بە وێژمانی ئاکادمیکی پێناسە بکرێت ئەوە شتێکی نوێیە، کەوایە پرسیارێکی گرینگی مێتۆدولوژیک سەرهەڵ دەدات. ئەمە بەم واتا نیە کە ئێمە پێناسەکانی نەتەوە قەبووڵ بکەین کە لە لایەنی خودی نەتەوەکان و ناسیوناڵیستەکانەوە پێشکەش دەکرێن بەڵکوو تێدەگەین لەو رەوشەی وا نەتەوەکان وشەکانی وێژمانی خۆیان دادەڕێژن و لەو هەلومەرجەی خویان دا ئەوانە پێناسە دەکەن. ئەمە بەو واتایە کە تێرمی ‘نەتەوە’[30] تەنیا کاتێک واتا دارە کە لە ناو رژیمێکی وێژمانی دیاریکراو[31]دا بێت(لە ناو وەها رژیمێکدا ئەوە بە واتایە). دوای ئەوە ئێمە دێینە سەر ئەوە لێبکۆڵینەوە لەوەی چجۆر واتا و هەستێک لەوە درووست دەبێت، لە ناو چجۆر رژیمێکی وێژمانی دا وەها واتاێک درووست دەبێت. جدی گرتنی نەتەوە بوون لەم ڕێگایەوە لە راستیدا دەتوانێت زۆر کاریگەرتر بێت لە گەیشتن بە فۆرم و کارکردی[32] خۆی لە چاو ئەوەی کە هەوڵ بدات خۆی لە دەرەوەی دیاردەکە دابنێت و لەوێوە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکاتەوە.

بە جێگای ساز کردنی تئوری کۆمەڵایەتی نەتەوە و ناسیوناڵیزم ئێمە ئەشێ تێبگەین کە بیرۆکەی نەتەوە بوون خۆی جۆرێک لە تئوری کۆمەڵایەتیە ولە ڕێگای کردەوەکان، بەرهەمەکان و وێژمانەکان لە کۆمەڵگادا بڵاو دەبێتەوە. کەێشەکە لەوە دایە کە ئەمە دیاردەکە زۆر بۆ لێکۆڵینەوە سەخت دەکات- هۆکارێک کە خەڵک بۆ لە بەرچاو نەگرتنی تایبەتمەندیەکان و گەشە پێدانی تئوریکی یەکینە لە ناسیوناڵیزم هاندەدات. ناسیوناڵیزم دیاردێکی زۆر جۆراوجۆر و هەمە ڕەنگە بۆیە نموونە جۆراوجۆرەکان لێک چوونێکی خێزانی نیشان دەدەن برێک جار تۆزێکیش لەمە زیاتر، لەبەر ئەوەیە کە لێکۆلەرەکان هەوڵ ئەدەن بڕێک هۆکاری هاوبەشی دەرەکییان تێدا بدۆزنەوە کە لەوانەوە ئەم جۆراوجۆریە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەم جۆراوجۆری و تایبەتمەندیە بەوردی وەکوو تایبەتمەندی بنگەهینی ناسیوناڵیزم لە بەرچاو بگرین و بپرسین ئەو تایبەتی بوونە بە چی دەگات؟ لە ناسینی نەتەوە وەکوو تئوریەکی کۆمەڵایەتی، تەنیا بژاردەێک کە هەمانە لێکۆڵینەوە لە سۆروشتی فۆرمی تئوریەکی کۆمەڵایەتیەکەیەتیە و بەم واتایە کە سەرەنج خستنەسەر ناسیوناڵیزم وەکوو جۆری جمگەبەندی پێناسەکان لە کۆمەڵگا و خەڵک، ئەوە دانپێدادەنێت کە ئیدئولۆژی نەتەوەیی ‘ناوەرۆکی’ هەیە. زۆربەی تاوتوێکردنەکانی ناسیوناڵیزم لەناویان دا ئەوەی گێلنێر لە گشتیان دیارترە کە گرینگی بە بواری مێژوویی و رەگ و ریشە کۆمەڵایەتیەکانی ناسیوناڵیزم ئەدات. لە وەها تاوتوێکردنێکدا تایبەتی بوونی ناسیوناڵیزم کەم بایخ لە بەرچاو دەگیردرێت و لە لێکۆڵینەوە لە ناوەرۆکی وێژمانی ناسیوناڵیستی دا شکست دەخوات. ئەوەی کە ئاماژەی پێ نەکرا پرسیاری ئەوەیە کە کێ بەردەنگی ناسیوناڵیزمە و لە چ رێگایکەوە دەیەوێ قسەی لەگەڵ بکات؟ بەڵام ناسیوناڵیزمەکان هەمیشە بۆ ساز کردنی زنجیرەێکی تایبەت لە وێژمانەکان ئاڕاستە کراون، چێ کردنی چەمکێکی تایبەت لە نەتەوێکی تایبەت و بابەتێکی نەتەوەیی.

تێزی مۆدێرنیزاسیون ناسیوناڵیزم بە جۆری مکانیکی شرۆڤە دەکات بۆ ئامانجێک و هۆکارێک دەگەڕێت کە لە دەرەوەی هەر بزوتنەوێکی ناسیوناڵیستی دایە. تەنانەت ئەو کاتەی وا نۆخبەکان و ڕۆناکبیرەکان ڕۆڵی سەرەکیان لە درووستکردنی ناسیوناڵیزم دا پێدەدرێت زۆربەى كات لە سەر بنەمای جێگە و پێگەی خۆیانە لە رەوتێکی گەورەتردا دایدەڕێژن تەنانەت قانوونەکانی گەشەپێدانی مێژوویی وا دادەنن. سیاسەتی نەتەوەیی کەم تا زۆر لە ڕووی کارکردەوە پشت دەبەستێت بە گۆڕانە کۆمەڵایەتیە سەردەمیە بەربڵاوترەکان- وەک دەرەنجامی دیاردە گرینگترەکان، کەمتر توانایی سەرخۆبوونی هەیە. ئەمە ناتوانێت کێشە ساز بێت لەبەر ئەوەی پێکهێنەری دیاری کراو کە دروستکەری ناسیوناڵیزمی تایبەتە، بۆ تێگەیشتنی بەربڵاوتر زۆر گرینگ نیە. کارکردگەرا بوونی مۆدێرنیزاسیون ئەبێ بە هۆی ناڕوونی گرینگی ئەو ڕاستیە کە هەر بزوتنەوەێکی ناسیوناڵیستی بیرۆکەێکی زۆر دیاری دەربارە ئەوە هەیە کە ئەوەی پەیوەست بە نەتەوەێکی دیاریکراوە هەیە بە چ واتاێکە. ئەو بیرۆکە ڕوونەی کە هەر بزووتنەوەێکی ناسیوناڵیستی هەیەتی دەربارەی ئەو خەڵکەی وا ئەیەوێت نوێنەرایەتی بکات تا ڕادێکی زۆر ئەوەیە کە ناسیوناڵیزم کۆی لەو بارەوەیە و مەبەستە سەرەکیەکەی ئەوەیە. دۆزینەوەی ناسیوناڵیزم لە ناو چوارچێوەی کۆمەڵێک لە ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سەرەکیەکاندا بەپى پێويست نیە. لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی کارکردی ناسیوناڵیزم وەکوو جۆرێکی دیاریکراوی وێژمانی ئیدئولوژیک پێویستە-وێژمانێک کە تەنیا وڵامی روداوەکان و هێزە کۆمەڵایەتیە دەرەکیەکان ناداتەوە بەڵکوو چالاکانە لە لێکدانەوە و خوێندنەوەی وەها ڕووداو گەلێک دا بەشدارە بە داڕشتنەوەی کۆمەڵگای نەتەوەیی یان بە پێناسە کردن و بۆنیاتنانی خەڵکێک کە لە پێشدا بوونیان هەیە. لێکۆڵینەوەێک لەم جۆرە ئاماژەدەکات کە ناسیوناڵیزم هەمیشە لەگەڵ دیکەی ئیدئولوژیە سیاسیەکان دایە. لە ڕێگای پەيوەستى بە نەتەوە وە ئەو ئیدئولۆژیە سیاسیانە رەوایەتی و مەشرووعیەت بەدەس دێنن. ناسیوناڵیزم رۆخسارێکی سۆروشتی لە سەرچاوەگرتن بە ئیدئولوژیە سیاسیەکان دەبەخشێت، بەمەرجێک کە خۆیان لە سۆروشتی خودی خەڵکەوە بەرزبنەوە.

کەواتە ئەبێ سەرەنجی لێکۆڵینەوەکە لە سەر وێژمانی ناسیوناڵیزم بێت، ئەوە بەو واتایە یە کە وێژمانەکان بۆ بەرهەم هێنان، لێکۆڵینەوە، ڕوونکردنەوە یان پێش خستنی نەتەوە و ناسنامەکەی ئاڕاستە کراون، وەها وێژمانگەلێک زۆربەی کات بەشێکن لە زنجیرەێکی ئاڵوزی واتا لە وێژمانی سیاسی سەردەمدا، هەر چەن کە ‘ناسیوناڵیست’ بن یان نە، بەڵام کارکردێکی زۆر گرینگی ئیدئولۆژیکیان لە درووست کردنی ‘ناسنامە’ ی و (خۆ پێناسە کردن بە) ئستراتژیێکی سیاسی دیاریکراوەوە هەیە.

بۆ نموونە ئێمە ئەمە لە بیرۆکەی بەکار هێنراو لە لایەن ئێدمۆند بۆرک دا دەی بینین کە کامەڵگەێکی نەتەوەیی رەسەن بەشێکی زۆر گرینگی رەوایەتی و پاساو پێدەرە بۆ ئیدئولوژی محافزەکار و کانسێرڤاتیڤە. کاردانەوەکان لە سەر شۆڕش لە فەرانسە لە هەمان کات دا هێرش لە سەر عەقڵانیەتی سیاسی ئابستراکت و پێشکەوتنی ڕوانگەی کۆنسێرڤاتیڤ لە سیاسەتی شۆڕشگێڕانە، بەڵگەێکی هەژێنەری ناسیوناڵیستیە. بۆرک باس دەکات کە کردەوەی سیاسی عاقڵانە لە گۆڕانی هێواش و وردە وردەی نەریت و نەزمی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت نەک بە دەستێوەردانی لە ناکاو و لە سەر هەوەس. بەردەوامی دەهێڵێت، خەڵک لە بایخ و پاڵنەرەکانی کۆمەڵگا تێ بگەن لە کاتێکدا گۆڕانی لە ناکاو، نەریت و نەزمێکی کۆمەڵایەتی لە گەڵ خۆی دێنێت کە ئەو خەڵکەی وا تێیدا دەژین لێی تێناگەن. ئەم ئارگیومێنتە تا ڕادێک دەتوانێت پایەدار و بەردەوام بێت، بەڵام کێشەکە بۆ بۆرک ئەوەیە ئەو ئەبێت رەوایەتی بدات بەو جۆرە نەریتە کۆمەڵایەتیانە کە  بە وەها سیاسەتێک دەپارێزرێن و دەمێننەوە.

ئەمە شتێکە بۆ ڕاگرتنی استاتۆ کو[33](پاراستنی ڕەوشی هەیی)؛ و پاساو هێنانەوەیە بۆ ئەوەی کە هیچ نەکەن. ئەوەی کە پاساوی بۆ ناهێنێتەوە خودی رەوشی هەییە -دەوڵەت وەک ئەوەی هەیە. خوێندنەوەێکی وشیارانە لە شۆرش لە فەرانسە گۆڕان لە مێتافۆر کان خۆیا دەکات. لە دەستپێکی کتێبەکەیدا “بيركردنەوە کان لە سەر شۆرشی فەرانسە[34]” بورک ئاماژە بە کۆمەڵگا دەکات وەکوو گیاندارێک کە بەشە کانی پێکەوە گرێداو و هاوکارن و لە کۆتایی کتێبەکە دا لەم مێتافۆر گیاندارەوە دەڕوات بۆ مێتافۆرێکی بێگیان. کۆمەڵگا چیتر گیاندارێکی لە گەشە و گۆراندا نیە بەڵکو بیناێکە، لە بەر ئەوەی گەیشتوە بە ئاستێکە زۆر تەواوە و رێکو پێک   کار دەکات ئیتر گەشەکەیشی دەوێستێت. بۆرک دەیەوێت لە وەی کە ئێستا هەیە پارێزگاری بکات نەک لە ڕێگای دیاری کراو بۆ داهاتوو. بۆیە ناچاردەبێت گەشە کۆتایی پێ بێنێت و ماڵەکە وەک ئەوەی هەیە پاساوی بۆ بێنێتەوە. کاتێ کە دان بە ڕەوشی هەیی دیاری کراودا دەنێت بۆرک لە ڕەوشتە بەرزە هەتاهەتاییەکانوە دەگات بە نەتەوەی هەتاهەتایی. بۆرک پاساو بۆ قەبووڵ کردنی دامەزراوەکان دێنێتەوە لە بەر سۆروشتی هەتاهەتایی هەبوونیان و دەڵێت:

ئێمە ڕێز لە دامەزراوە شارستانیەکانمان دەگرین لە سەر هەمان ئەو بنەمایەی وا سۆروشت فێرماندەکات رێز لە هەر مرۆڤێک بگرین لە سەر حیسابی ئەوەی تەمەنیان و ئەوەی کە لە چ ماڵباتێ کن رێز بگرین.

ئەو دەربارەی ئەبەدی بوونی خەلکی ئینگلیزی دەڵێت: چوارسەد ساڵ لە سەر ئێمە دەرباز بووە بەڵام لەم ماویە دا پێم وایە ئێمە هەبوونمان نەگۆڕاوە. سپاس بۆ رۆحیەی پارێزگارانەمان لە بەرانبەر نوێبوونەوە و داهێنان دا، سپاس بۆ ساردی و تەمەڵیمان[35] کە کاراکتێری نەتەوەیی مانە، ئێمە هێشتا نیشانەکانی باو و باپیرانمان هاپێوە. ئەمە نیشانەی خۆڕاگری بەهێزە لە بەرانبەر گەندەڵی و گۆڕاندا کە  جیاکەرەوەی بەرجەستەی مرۆڤی ئینگلیزیە؛

لە ئینگلیز ئێمە لە دەوڵەمەندیە سۆرشتیەکانمان دا نەبڕاوین؛ ئێمە هێشتا هەست بە ئێمە بوون دەکەین، ئێمە ئەو هەستە بەرز ڕادەگرین و پەرەی پێ دەدەین، ئەو هەستە خوەزايیە کە پارێزەری وەفادار و چاودێری کارای کردەوەکانمانە و پشتیوانی ڕاستەقینەی تەواوی ڕەوشتی لیبراڵ و مرۆڤانەمانە.

پاساوی کۆتایی بۆ گشت ئەم بانگەشەیانەی بۆرک ‘هەستە خوەزاییەکانە’[36]. سەرەڕای بێ منەتی ڕوونی بۆ ڕۆمانتیک گەرا گەلێک وەک رۆسۆ و وڵتێر لێرەدا ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆمانتیسیزمە دەبینرێت، ستایش کردنی بەرزی و گەورەیی ئینگلیز و ڕەوشتی بەرزی خواپێداو و ئەوەی کە پشتاوپشت ئەمانە لە ناویاندا دەمێنێتەوە. ئەمە سەرچاوە گرتوو لە کاراکتێری سادەی نەتەوییمانەوە یە…جۆرێک لە سادەیی و راستی تێگیشتن.

بنەمای ارگیومێنتی بۆرک بنەماێکی ئتنیکی[37] و نەتەوەییە. لە بەر ئەوەی ئینگلیز ئاوان ئەبێ ئاوا ببینرێن و لە بەر ئەوەی ئاوا دەبینرێن کە ئینگلیزی خواپێداو خەڵکێکی ڕەوشتبەرز و زۆر چاکن. بۆرک خەڵک و نەتەوکەی خۆی بەرز دەنرخێنێت و بەردەوام پێرۆز یان ڕادەگرێت. لە نوسینێکی بەناوبانگی خۆیدا لە سەر سۆروشتی پێکهاتەی کۆمەڵگا پێناسێکی ناسیوناڵیستی کلاسیک دەکات و هەوڵ ئەدات کە گشت خەڵکەکەی لە سەرەوەی کات و شوێن، پێکەوە گرێ بدات و هەبوونێکی هەتاهەتایی پیرۆزیان بۆ درووست بکات. بەڵێننامە کۆمەڵایەتی[38] تەنیا لە نێوان ئەم کەسانەی وا ئێستا ئەژین نیە بەڵکو ئەوانەشە وا مردوون و ئەوانەش وا هێشتا لە داییک نەببوون. بۆ بۆرک نەتەوەی ئینگلیز دیاریکەرێکی زۆر گرینگە کە ئارگیومێنتەکە بۆ کانسێرڤاتیزم پێکەوە ڕادەگرێت و لە دژی شۆرشە. شۆرشی ئینگلیز ڕەوایە لە بەر ئەوەی لە سەر سۆروشتی هەتاهەتایی خەڵکە بەڵام شۆرشێک وەک ئەوەی فەرانسە ڕەوا نیە لە بەر ئەوەی لە سەر بنەمای ئەو سۆرشتە هەتا هەتاییە نیە.

لە بیرکردنەوە لە سەر شۆرشی فەرانسە، نەتەوە بۆ خۆی هەرگیز جێگە و پێگەی ڕوونی لە وێژماندا بە دەستەوە نەداوە هێشتا پێناسەکەی و کاراکتێرەکەی نا ڕوونە. ئەمە وەکوو شتێکە کە لە پێشدا دیاری کراوە و لە دەرەوەی وێژمانی نووسراوەکەی بۆرک وەکوو پێکهێنەرێکی دەرەکی بۆنیاتنەر بەکار هێنراوە. ئەوەی کە ناهێڵێت ئەم نیشاندەرە پووچ بێت ئەوەیە کە بە پێچەوەنەوە و لە بنەمادا لە لایەن ئەو وێژمانی کانسێرڤاتیزمەوە کە بۆرک جمگەبەندی دەکات واتا دەگرێت و هەر ئەویە کە بەرپرسیارە بۆ بەرهەم هێنانی نەتەوەکە. کەواتە نەتەوەی ئینگلیز لە تێرم و خزمەتی کانسێرڤاتیزمی بۆرکیەوە دەر دەکەوێت. زۆر بەر لە دەسپێکی ئارگیومێنتەکە تەواو دەبێت، بەردی بناغە و بنەماکە پێناسە دەکات و ئەمە ئامانجەکەیەتی. کەسایەتی نەتەوەیی، کەسایەتی کانسێرڤاتیڤە. بۆرک بەم شێوەیە باسمان دەکات و ئێمەش(خەڵک)  ئەبێ خۆمان وەها بناسین دەبێ خۆمان بە کانسێرڤاتیڤ بزانین وەکوو پارێزەری رەوشی هەیی.

بە مەبەستی تئوریزەکردنی ئەم ڕەوتە یەکەم هەنگاو دەبێ لە خۆ گرتن و پەژراندن بێت بە جێگای لادان لە تایبەتمەندی ناسیوناڵیزم. دوای ئەوە ئێمە دەتوانین سەرەنج بخەینە سەر پێکهاتنی ئیدئولوژی و لێکدانەوەکەمان پەرە پێ بدەین بۆ دۆزینەوەی ڕێگاێک کە کام وێژمان لە نەتەوە بەها کۆمەڵایەتیەکان لە خۆ دەگرێت بە تایبەت کردنی ناداشکاندنی تەک بوونی نەتەوەکە و ئەم تەک بوونە بە شێوەێکی گەردوونی لەناو نەتەوەکە دا بەکار ببەین. ئەم پیلان داڕێژیە گەردوونیە یە کە کاری ئیدئولوژیکی ناسیوناڵیزمە. ناوەرۆکی وێژمانی نەتەوەیە لە بەکارهێنانی گەردوونی لەناوخۆی ئەو نەتەوە دا، بۆ بەربەرەکانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی سنوور دادەنێت، ئیدئولوژیە سیاسیەکان فۆرمیان پێدەدات و ڕەوایەتی بە برێک بەهای کۆمەڵایەتی دەدات. ئێمە ئەبێ ئەم ڕەوتە تاقی بکەینەوە بەرلەوەی بتوانین بۆ ئاستی گشتی تر یان گەردوونی بگەڕینەوە.

 

[1] concrete contents

[2] discourse analysis

[3] content

[4] specificity

[5] particularity of nationalism

[6] Levellers

[7] Englishmen

[8] Political citizenship

[9] Declaration of the Rights of Man and the Citizen

[10] National community

[11] Ideal

[12] Term

[13] Transformation

[14] Matrix

[15] National identity

[16] Common sense

[17] Character

[18] Historic mission

[19] Not without its consequences

[20] Totality

[21] Nation-state

[22] Legitimation

[23] Universal

[24] Particular

[25] Articulation

[26] Contestation

[27] Supplements

[28]Ideal types

[29] Particularity

[30] Nation

[31] Specific discursive regime

[32] Function

[33] Status quo

[34] Reflections on the Revolution in France

[35] Cold sluggishness

[36] Inbred sentiments

[37] Ethnic

[38] Contract of society