Close

تایبەتەمەندی سیستەمی نێونەتەوەیی: شەڕ و پێکدادانی گەلان

2,321 جار بینراوە, 1 جار ئەمڕۆ بینراوە

دکتور محەمەد حوسێن زادە

پێشەکی

سیستەمی سیاسی جیهان لانیکەم لە ساڵی ١٦٤٨ بەملاوە سیستەمی نێونەتەوەییە. هەڵبەت لە بنەڕەتدا مەبەست لە سیستەمی نێونەتەوەیی هەمان سیستەمی نێودەوڵەتییە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرەتا گریمانە لەسەر ئەوە دانرابوو کە هەر دەوڵەتێک نوێنەری نەتەوەییەکی جیاوازە، لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا (دەوڵەت/نەتەوە) جیاوازی ئەوتۆ دانەنرا و ئەو سیستەمە، بە سیستەمی نێونەتەوەیی ناوبانگی دەرکرد(١). ئەوە مانای وایە کە سیستەمی جیهانی نزیکەی سێ سەدە و نیوە لەسەر بنەمای جیاوازی و سنووربەندی نەتەوەکان دامەزراوە و گریمانە ئەوەیە، هەموو نەتەوەکان، لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵی پێناسە و دیاریکردن و پاشان، دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیان دەدەن و لەبەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکان زۆر جار پێکەوە ناکۆکن، ململانێ و شەڕی نێوان نەتەوەکان، یەکێکە لە تایبەتەمەندییە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە. بە کردەوەش هەر دوابەدوای ڕێککەوتنامەی وێستڤاڵیا(٢) و بەتایبەت پاش شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا کە بووە هۆی پەرەسەندی هەمەلایەنەی ناسیوناڵیزم لە جیهاندا، ململانێی نەتەوەکان لە بەرزترین ئاستدا بەرچاو کەوتووە. هۆکاری بنەڕەتیشی ئەوە بووە کە هەموو نەتەوەکان خوازیاری ئەوە بوون کە لە ڕێگای پێکهێنانی دەوڵەتی خۆیانەوە، تێکەڵ بە سیستەمی جیهانی بن و تەنانەت پاش ئەوەیش، ناکۆکی بەرژەوەندییەکان بەردەوام بووە و هەر بۆیە ململانێ و شەڕیشیان، ئەو جار لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا، درێژەی بووە.

سیستەمی نێونەتەوەیی بەردەوام بەرەوڕووی هەندێ هزر و بیرۆکەی دژبەری خۆی بووەتەوە. هەندێ حەزیان لەوە بووە کە لە جیاتی سیستەمی نێونەتەوەیی کە جیاوازییەکان زەق دەکاتەوە، باس لە کۆمەڵگەی جیهانی بکەن کە لێکچوونەکان زەق دەکاتەوە. بەشێکی زۆر لە ئیماندارانی ئۆمەتخواز، سەر بە ئایینە جیاوازەکان، چەندین سەدەیە هەوڵ دەدەن لە جیاتی نەتەوە باس لە ئۆمەت بکەن و حاشا لە سنوورەکانی دیکە بکەن. دەستەیەک هیوادارن بە پێکهاتنی یەکانگیرییە ناوچەییەکان، بۆ نموونە یەکییەتی ئەرووپا، باس لە شارۆمەندی ئەوروپا لە جیاتی شارۆمەندی وڵاتێکی تایبەت بکەن و پەرە بەو یەکییەتیانە بدەن. دەستەیەکی دیکە ئاواتەخوازی حکومەتێکی جیهانین و باس لە شارۆمەندی جیهانی و “بەرژەوەندی مرۆڤایەتی” دەکەن. هەندێ تر هێشتا چاوەڕوانی هەڵوەشانەوەی سنووری نێوان نەتەوەکان و بەدیهاتنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و توێژی جیاواز و یەکسانی جیهانی و بێ ململانێی نێوخۆیی و دەرەکی دەکەن. تاقمێکی دیکەش بە پشتبەستن بە ڕوانگە و تێڕوانینێکی ئایدیاڵیستییەوە، باس لە برایەتی نەتەوەکان/گەلان دەکەن و وەک ئامانجی دواڕۆژی خۆیان دیاری و پێناسە دەکەن و تەنانەت خەبات دەکەن بۆ ئەوەی سیستەمی جیهانی و ناوچەیی لەسەر بنەمای برایەتی گەلان دامەزرێنن.

 

بەڵام ئەوانە هەموویان تا ئێستا وەک ئاوات و ئارەزوو و چاوەڕوانی ماونەتەوە و ئەوەی کە لە پانتای جیهانیدا هەیە، سیستەمی نێونەتەوەییە بە هەموو تایبەتەمەندییەکانییەوە کە دەبێتە هۆی بەردەوامی ململانێ و پێکدادان و شەڕی گەلان. کەوابوو با بزانین ئەو سیستەمە چییە و لەسەر چ بنەمایەک دامەزراوە کە پێکدادان و ململانێ تیایدا دەبنە دیاردەگەلێکی ناچارەکی.

تایبەتەمەندییەکانی سیستەم و ململانێی نەتەوەکان

سیستەم پێکهاتووە لە جۆرە پەیوەندییەکی دوولایەنە و یەکپارچە و تایبەت لە نێوان هەندێ پاژ یان ئەکتەردا و گریمانە ئەوەیە ئەو ئەکتەرانە خاوەن تایبەتەمەندی هاوچەشن و هاوبەشن. پاژەکانی هەر سیستەمێک کردەوە و پەرچەکردار لە خۆ دەنوێنن. کەواتە، سیستەم گشتێکە کە بە هۆی بەستراوەیی دوولایەنەی پاژەکانییەوە پێک دێت. سیستەمی نێونەتەوەییش پێکهاتووە لە یەکینە سیاسیەکان یان دەستەیەک دەوڵەت کە پەیوەندی دوولایەنە و بەردەوامیان هەیە.

لە پێشەکیدا ئاماژەم کرد کە سیستەمی ئێستای جیهان، سیستەمێکی دەوڵەت تەوەر و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە دەوڵەتەکان. واتا هیچ ئەکتەرێکی بانتر یان خوارتر بوونی نییە کە وەک دەوڵەت لەو سیستەمەدا هێزی بێت و ڕۆڵ بگرێت و لەسەر دیاردە و ڕووداوەکان کاریگەری دابنێت، بە تایبەت ئەکتەرە ژێر دەوڵەتەکان یان بە واتایەک نەتەوە بێ دەوڵەتەکان حسێبێکیان لەو سیستەمەدا بۆ ناکرێت و خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نین. کەوابوو، دەوڵەت-تەوەری زەقترین تایبەتەمەندی ئەو سیستەمەیە. تایبەتەمەندی دوویەم ئەوەیە کە “هێز” گرنگترین فاکتەرە. واتا ئەکتەرە بەهێزەکان، دیاریکەری سەرەکی ڕووداوەکانن. سێیەم، هەموو ئەکتەرەکان پێش هەموو شتێک هەوڵ دەدەن بەرژەوەندی خۆیان دابین بکەن. بەرژەوەندی نەتەوەیی چرای ڕێنوێنی ئەکتەرەکانە و هەر بۆیە دەبینین دەوڵەتەکان بەردەوام بەشوێن بەدەستهێنان، پاراستن و زیادکردنی هێزەوەن و بەرژەوەندی خۆیان بانتر لە هەموو ئایدیا و بنەما ئەخلاقی و یاساییەکان دادەنێن. لە ڕاستیدا کەڵەکەکردنی هێز و دابینکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی دوو چەمکی زۆر باو و دوو فاکتەری گرنگن لە سیستەم و سیاسەتی نێونەتەوەییدا. چوارەم، پێکهاتەی (Structure) سیستەمی نێونەتەوەیی، ئانارشیک(Anarchic)ە. ئانارشی بە مانای پاشاگەردانی و نەبوونی نەزم نییە، بەڵکوو خۆی جۆرێ نەزمە. لە پێناسەیەکی کورت و گشتیدا ئانارشی مانای ئەوەیە کە هیچ جۆرە دەسەڵات یان ڕێکخراوەیەکی ناوەندی لە سەرەوەی دەوڵەتەکان بوونی نییە. واتا سیستەم سیستەمێکی “بێ-سەرە. هەر بۆیە هەموو دەوڵەتەکان بەشوێن دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیانەوەن. ئانارشی یان نەبوونی دەسەڵاتێکی ناوەندی، زۆر جار دەبێتە هۆی ئەوەی کە ململانێ و ناکۆکییەکان بە شێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەر نەکرێن و ئەوە تایبەتەمەندیی بنچینەیی سیاسەتی نێودەوڵەتییە کە هاوکات تایبەتەمەندیی جیاکەرەوەی ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆییشە(3). لە دۆخی ئانارشیکی نێونەتەوەییدا، پەنابردن بۆ بەکارهێنانی زۆر، لە نێوان دەوڵەتەکاندا ڕەوایی پەیدا دەکات و شەڕ دەبێتە تایبەتەمەندی سیستەم. پێنجەم، تایبەتەمەندی سیستەمی نێودەوڵەتی، پەرەگرتنی ستراتێژی خۆیارمەتییە (Self-helping). واتا هەموو دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای کۆکردن و کەڵەکەکردنی هیز و بە پاڵپشتی هێزی خۆیانەوە، ئاسایشیان دابین بکەن(4). لانیکەم ئەو پێنج خاڵە، بەرچاوترین تایبەتەمەندییەکانی سیستەمی نێونەتەوەیین.

هەموو ئەو نەتەوانەی کە توانا و دەرفەتی ئەوەیان هەبووە کە لە قۆناغێکی تایبەتدا دەوڵەتی سەربەخۆیان دامەزرێنن، ئێستا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا، لە ژێر ناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی، پێکەوە سەرقاڵی ململانێن. مێژوو پڕاوپڕە لەو شەڕانەی کە بە پاساو و بە بیانووی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە سەریان هەڵداوە. نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان پێش ئەو قۆناغە، قۆناغێکی دیکەی ململانێ و پێکدادانیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ تێ پەڕاندووە. ئەو جۆرە پێکدادانانە بە تایبەت پاش شۆڕشی فەڕەنسا و ژیانەوەی ناسیوناڵیزم(5)، پەرەیان سەند. لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا ئەوروپا ئەو قۆناغەی تێ دەپەڕاند و وڵاتانێکی وەک یونان و ئاڵمان و ئیتالیا و ئیرلەند و پاشان ئیمپراتورییە فرەنەتەوەییەکانی ئەوروپای ناوەندی و ڕۆژهەڵات –ئیمیپراتوری نەمسا-مەجارستان، پرۆس، روسیا و عۆسمانی گرتەوە. ئیتالیا و ئاڵمان لە ڕێگای ململانێ و شەڕ و جوڵەی دیپلۆماسییەوە ڕێگای یەکگرتنەوەی خۆیان پەیدا کرد. نەتەوەکانی دیکەی ئەوروپایش هەوڵیان دا خۆیان لە هەیمەنەی ئەو ئیمپراتورییانە ڕزگار بکەن کە تا شەڕی یەکەمی جیهانی لە زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپادا زاڵ ببوون. یونان لە ساڵی ١٨٣٠ لە عۆسمانی جیا بووەوە. تا ساڵی ١٨٧٨ ڕۆمانی و سێربێستان سەربەخۆ بوون. بۆلغارستان هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە تا ساڵی ١٩٠٨ سەر بە عۆسمانی بوو، بەڵام لە دەیەی ١٨٨٠ بە کردەوە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ سیاسەتی دەکرد. ڕەوتی جیابوونەوەی نەتەوەکان لە یەکینە گەورەکان و بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ، پاش شەڕی یەکەمی جیهانی گەیشتە لوتکەی خۆی. شەڕی جیهانی یەکەم ڕووداوێک بوو کە تیایدا بنەمای دەسەڵاتدارێتی نەتەوەیی، کە تا ئەو کات لە ئەورووپا و تا ڕادەیەک لە ئەمریکا دەبینرا، وەک بنەمایەکی جیهانی ڕاگەیەندرا و فۆرمە سوسیالەکەی پاش شۆڕشی ڕووسیا (١٩١٧) و فۆرمە لیبراڵەکەیشی لە لایەن ویلسۆن، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا، ڕاگەیەندرا. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی، مافی دیاریکردنی چارەنوس ڕێک بە مانای دامەزراندنی دەوڵەت بوو. هەڵبەت لە دەرەوەی ئەوروپا بە دژواری دەکرێت ناسیوناڵیزم لە خۆڕاگری لە بەرانبەر ئیمپریالیزمدا جیا بکرێتەوە. بەڵام تا ساڵی١٩٠٠، زۆر بزافی ڕزگاریخوازانە ئایدۆلۆژیای ناسیوناڵیزمیان قەبووڵ کرد. شۆڕشگێڕەکان ڕایانگەیاند کە ناوچەگەلێک وەک فیلیپین، ئەندۆنێزیا، جەزیرە و هێند کە نەتەوەی مێژوویی جیاوازیان لەخۆ گرتووە، وڵاتی جیاوازن. لە ئەمەریکای لاتین، شەڕی سەربەخۆیی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئێسپانیا لە نیوان ساڵانی ١٨١٠ و ١٨٢٠ گۆڕدرا بۆ ململانێی نێوان ئەو نەتەوانەی کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەت بوون. پاراگۆئە و ئۆرۆگۆئە شەڕی ئەوەیان دەکرد لە ئارژانتین و بڕازیل جیا ببنەوە. بولیوی و ئێکوادۆر لە هاوپەیمانی لەگەڵ پێرو خۆیان بوارد. کۆلەمبیای گەورە وێنزۆئێلای لێ جیا بووەوە. ئەیالەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ناوەندی دابەشبوون بەسەر گواتمالا، هێندوراس، نیکاراگوئە، کاستایکا و ئێلسالوادۆردا. لە ئەفریقا، لیبیا لە ساڵی ١٨٤٧ سەربەخۆیی ڕاگەیاند. لە ساڵی ١٨٢٢ دژبەرانی هەیمەنەی بەریتانیا و فەڕەنسا لە میسر، درووشمی “میسر بۆ میسرییەکان”یان وتەوە. بە هەر حاڵ ئەو ڕەوتە بووە ڕەوتێکی جیهانی. بە شێوەیەک کە تا ساڵی ١٩١٤ سیستەمی نێونەتەوەیی بە گشتی ٣٢ دەوڵەتی دەسەڵاتداری تێدا بوو. لە ساڵی ١٩٤٥دا، ٥٢ و لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەو ژمارەیە گەیشتە ١٥٩. ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ وڵات ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانن. نەخشەی سیاسی جیھان لە ماوەی دوو سەدەدا بە گشتی گۆڕاوە. زۆرێک لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە گرنگی دان بە نەتەوە و کەڵکوەرگرتن لە ناسیوناڵیزم، ئێستا سەروەر و خاوەن نەتەوەی خۆیانن.

مەبەست ئەوەیە ئەمڕۆکە سیستەمی جیهان سیستەمی دەوڵەت-تەوەرە. لە پانتای نیونەتەوەییدا دەوڵەتەکان بە دروشمی نوێنەرایەتی نەتەوە چالاکی دەنوێنن و بێ گومان گرنگترین ئەکتەری پانتای جیهانییە. هیچ بوونەوەرێکی هاوقەدی دەوڵەت لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بەرچاو نەکەوتووە و گەورەترین بوونەوەرەکان لانیکەم پێگەیەک یان هەنگاوێک لە خوارەوەی دەوڵەت ڕۆڵ دەگێڕن. لەو سیستەمەدا دەسەڵاتدران، ئامانجی کۆتایی خۆیان وەک پاراستنی خۆیان و نەتەوەکەیان و بە واتایەک مانەوەی نەتەوەیی دەزانن و بۆ ئەوەش ئامادەن شەڕ بکەن.

نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش بە ئاشکرا دەبینن کە هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لەوەی ببنە بەشێک لە سیستەمی نیودەوڵەتی، لەبەر ئەوەی کە لە نەبوونی دەوڵەتدا نەک هەر پێگەیەکیان نییە و نەک هەر مرۆڤ بە ئەژمار نایەن بەڵکوو بەردەوام لە مەترسی لەنێوچوون و تەفرووتوونا بووندان. مێژوو لێوانلێوە لە ژینۆساید و پاکتاوکردنی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان. (کورد، ئەرمەنی، جوو، تۆتسی، کرۆوات، مۆسڵمانانی بەنگلادێش وەک نموونە بەرچاوەکان). هەر بۆیە هەموو ئەو نەتەوانەیش هەوڵ دەدەن کە بە دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، لە ڕێگای کەرەسەی دەوڵەتەوە، لە قۆناغی یەکەمدا ژی و مانەوەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن و پاشان بەرەو بەختەوەری بڕۆن. دەزانین کە بە بێ هەبوونی دەوڵەت، نە مانەوە و نە بەختەوەری ممکین نییە. هەر بۆیە بەدەگمەن نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت بەرچاو دەکەوێت کە خوازیاری دەوڵەت نەبێت، تەنانەت لە ڕێگای شەڕ و پێکدادانەوە. شەڕ و پێکدادانی نەتەوەکان تەنانەت پاش قۆناغی شەڕی سارد کە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندی باسی بەجیهانیبوون، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە.

بە ڕاستی نیگەرانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان زۆر جدییە و بەبێ هۆکار نییە. هەر کات و ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە کە بەرەوڕووی ئۆپەراسیونێکی مەرگهێنەر ببنەوە. بۆیە ناتوانن بۆ بەردەوامی ژیان پشت بە ئایدیا و ئاواتی ئاشتی و برایەتی ببەستن. بە حەقێقەتیش لە سیستەمێکدا کە بە هۆی ئەوەی کە ئەکتەرەکان زیاتر گرنگی بە بەرژەوەندیی ڕێژەیی (Relative) دەدەن تا بەرژەوەندی ڕەها (Absolute)،  تەنانەت هاوکاری نێوان ئەکتەرەکان ئەوەندە دژوار و ئەستەمە، دەبێ برایەتی گەلان و نەتەوەکان چەندە ناوەخت و ناگونجاو بێت؟ هەروەها لە سەردەمێکدا کە تەنانەت “گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەکان” دەرفەتی بۆ ناڕەخسێت و وەڵامی ئەو جۆرە ئایدیایە، ململانێ یان پێکدادانی شارستانییەتەکانە و زۆر لایەنیش خۆیان بۆ ئەو ڕووبەڕووبوونەوە لە داهاتوودا تەیار دەکەن، برایەتی گەلان دەبێ چ مانایەکی هەبێت؟

برایەتی گەلان یان هاوسەنگی لەگەڵ گەلان؟

هەر نەتەوەیەک پێش ئەوەی کە هەوڵی برایەتی بدات، دەبێ هەوڵی هاوسەنگی و بەرابەری و هاوتەریبی لەگەڵ گەلان و نەتەوەکانی تر بدات. لە سیستەمی نێونەتەوەییدا تەنیا دەوڵەتەکان لە ڕووی یاساییەوە پێکەوە هاوسەنگن، هەر چەندە کە لە ڕووی هێزەوە ئەو هاوسەنگییە نییە، بەڵام گریمانە ئەوەیە کە دەوڵەتەکان لە ڕووی یاساییەوە پێکەوە یەکسان و سەربەخۆن. بوونەوەری کەمتر لە دەوڵەت نەک هەر بەرابەر بە ئەژمار نایەت، بەڵکوو حسێبی بۆ ناکرێت و دەنگی نییە، لایەنی بێ­دەنگیش، هیچ کات شیاوی بانگەوازی برایەتی نەبووە و نییە.  بە تایبەت باسی برایەتی گەلان لە لایەن نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، بە ئاشکرا دەسشوردنەوەیە لە هەوڵدان بۆ هاوسەنگی و بەرابەری. بە واتایەکی دیکە خەبات بۆ برایەتی گەلان وەلاخستنی خواستی دەوڵەتخوازی و لە باشترین حاڵەتدا خەباتە بۆ بەدیهێنانی شیوازێک لە دێموکراسی.

چ بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٢١ کە بۆڵتۆن واڵێر کتیبی “بەرەو برایەتی گەلان”(6) بۆ بزووتنەوەی خوێندکارانی مەسێحی نووسیو و ئاواتەخوازی برایەتی نێوان نەتەوەکان و بەدیهاتنی ئاشتی پاوەجێ لەسەر بنەماکانی ئایینی مەسێحییەت بوو و چ بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پاش شەڕی دوویەمی جیهانی کە بیرۆکەی ئەوە هەبوو ناوەندێکی نیونەتەوەیی بۆ بەدیهێنانی ئاواتی برایەتی گەلان بەشێوەیەکی بەربڵاو و جیهانی دابمەزرێت و بەر بە هەموو جۆرە شەڕێک بگیرێت و هەموو کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و بە شێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێن و حاشا لە جیاوازی گەلانی جیهان بکەن، تا ئەمڕۆکە کە بەشێ لە ئێمەی کورد خوازیاری برایەتی گەلانین، ئەوەی کە بە حەقێەت لە جیهان ڕووی داوە “شەڕ و پێکدادانی” گەلان بووە، نەک برایەتی گەلان. لە شەڕی کاولکەری دوویەمی جیهانییەوە بگرە تا سەدان شەڕی نێودەوڵەتی و ناودەوڵەتی، بچووکترین دەرفەتیان بۆ بەدیهاتنی ئاواتی برایەتی گەلان نەهێشتووەتەوە. هۆکارەکەیشی دەگەڕێتەوە بۆسرووشتی سیاسەتی نیونەتەوەیی و  تایبەتەمەندییەکانی ئەو سیستەمە کە پێشتر ئاماژەمان پێ دان و گوتمان کە ئەو تایبەتەمەندییانە وا دەکەن کە ناکۆکی و ململانێ ببنە بەشێکی دانەبڕوای ئەو سیستەمە.

حاشاهەڵنەگرە تا کاتێک ئەو سیستەمە بەردەوام بێت، شەڕ و پێکدادان و ململانێی نێوان نەتەوەکان بەردەوامە. هیچ ئەکتەرێک لە جیهاندا، بە تایبەت نەتەوە بێ دەوڵەتەکان کە تەنانەت توانای پاراستنی خۆیان نییە، بە هیچ جۆرێک توانای سەروەنخوونکردن و داڕماندن و تەنانەت گۆڕینی ئەو سیستەمەیان نییە. نەتەوە بێ دەوڵەتەکان هەر ئەوەندەی کە بتوانن لەو سیستەمە دەوڵەت-تەوەرەدا بەرگری لە ژی و مانەوەی خۆیان بکەن و پێش بە ژینۆساید و پاکتاوکردنی خۆیان بگرن، وەک دەستکەوت بە ئەژمار دێت. گۆڕینی بەها و بایەخەکان (Values) و تایبەتەمەندییەکانی سیستەم کە دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستەم، کاری نەتەوەی بێ دەوڵەت نییە. هەرچەندە کە هیچ تەزمینێک نییە کە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکانیش توانایی ئەوەیان هەبێت.

برایەتی گەلان لە جیهانی دەوڵەتەکاندا، کە لە هیچ جۆرە تاوانێک بە بیانووی بەرژەوەندی نەتەوەیی درێغ ناکەن، بە تایبەت خەبات بۆ ئەو جۆرە ئایدیایە، بە هیچ جۆرێک گونجاو نییە. بە بڕوای من، برایەتی گەلان لانی کەم دوو پێشمەرج یان بنەمای پێویستە. یەکەم، جێگێربوونی “کۆمەڵگەی جیهانی” لە جیاتی سیستەمی نێونەتەوەیی و دوویەم جێگیربوونی “بەرژەوەندی مرۆڤایەتی” لە جیاتی بەرژەوەندی نەتەوەیی. بە واتایەکی تر، تا هەموو مرۆڤەکان و گەلەکان خۆیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانی و خاوەن بەرژەوەندی یەکسان و هاوبەش نەبیننەوە، باس کردن لە برایەتی گەلان هیچ نییە جگە لە ئاوات و ئارەزوویەک. هەموو ئەو تایبەتەمەندیانەی سیستەمی ئێستا ڕێک دژ بە برایەتی گەلانن. ئامانج و بەرژەوەندییەکانی هەموو نەتەوەکان لە بنەڕەتدا جیاوازن و لە باشترین حاڵەتدا ئەو بەرژەوەندییانە دەتوانن بە شیوەی کاتی کاتی و لە قۆناغێکی تایبەتدا یەک بگرنەوە و ببنە هۆی هاوکاری (نەک برایەتی). لێرەدا ئیتر بە پێویستی نازانم بە چڕی باسی ئەوە بکەم کە ئێمە هێشتا لە قۆناغێکداین کە ناسیوناڵیزم ئایدۆلۆژیای سەرەکی ئەو قۆناغەیە کە خۆی لە خۆیدا جەخت کردنە لەسەر زەقکردنەوەی جیاوازیی نێوان نەتەوەکان. لەبەر ئەوەی کە باوەڕ یان ئیدیایەکە کە ئامانجی وەفاداری و دەربڕینی سۆز و ئەویندارییە بۆ نەتەوەیەکی تایبەت و هەوڵدان بۆ پێشخستن و بەرەوەپێشبردنی ئەو نەتەوەیە.

ئەگەر هەموو نەتەوەکان، بە ڕاستی خوازیاری برایەتی گەلان بن، دابینکردنی ئەو ئامانجە ئاسان دەبێت و چێژبەخشیشە. بەڵام بە داخەوە، ڕاستی و حەقێقەتی جیهان وا نیە. حەقێقەت ئەوەیە کە دۆخی ئێستای جیهان لەگەڵ ٨٠ ساڵ پێش ئێستادا  جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە کە ئەوکات “ئیدوارد کار” نووسی: ” وێناکردنی جیهانێک کە تیایدا مرۆڤەکان بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ ململانێ و پێکدادان، دابەش نەبن بە سەر گرووپە جیاوازەکاندا، ناممکینە”(7). بە کردەوەیش زێدەبێژی نییە ئەگەر بوترێت شەڕی نێوان گرووپ و گەل و نەتەوە جیاوازەکان لە نێو وڵاتانی ئێستادا، خوێناویتر و قورستر بووە لە شەڕی نیوان دەوڵەتەکان.

کۆبەند

ئەوەی کە لانیکەم زیاتر لە سێ سەدەیە لە جیهان و سیستەمی نێونەتەوەییدا دەیبینین، نەک برایەتی، بەڵکوو ناکۆکی و ململانێ و شەڕ و پێکدادانی گەلانە. هەڵبەت ئەوە بە مانای شەڕ و پێکدادانی هەر ڕۆژە و بەردەوام نییە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە پێکدادان (نەک ئاشتی و برایەتی) تایبەتەمەندی سەرەکی سیستەمی سیاسی جیهانە. هەرگیز بچڕان و نەبوونی شەڕ بە شێوەی کاتی، بە مانای ئاشتی پاوەجێ و هەتاهەتایی لە نێو نەتەوەکان نییە. نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان لە سیستەمی نێونەتەوەییدا دەژین و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین دەکەن و بەردەوام لە ململانێدان، نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش خوازیاری دەوڵەتی سەربەخۆن و وا دیارە هیچ سۆزێکیان بۆ فۆرمگەلی دیکەی سیاسی نییە. لەبەر ئەوەی کە نەتەوەکان خوازیاری مانەوەن. مانەوەیش بە بێ هێز هیچ مانایەکی نییە و هێزی ڕاستەقینەیش تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا کەڵەکە دەبێت.

ئەوە مانای وایە کە لە پانتای ئانارشیکی سیاسەتی جیهانیدا، هەموو نەتەوەکان بەشوێن بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیانەوەن و دڵهەژێن و دڵتەزێن ئەوەیە کە هیچ جۆرە سنوورێکی ئەخلاقی و یاسایی لە سەر ڕێگای دابینکردنی بەرژەوەندی نەتەوەییدا وێنا ناکرێت. هەر بۆیە شەڕ و ململانێی نێوان نەتەوەکان دیاردەیەکی بە تەواوەتی چاوەڕوانکراو و تەنانەت سرووشتییە. لەو دۆخە ئاراشیکەدایە کە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی زۆر، لە نێوان ئەکتەرەکاندا ڕەوایی پەیدا دەکات و شەڕ دەبێتە تایبەتەمەندی سیستەمی نێونەتەوەیی.

برایەتی گەلان و نەتەوەکان وەک ئایدیایەکی دژە سیستەم، لەسەر بنەمای ئەخلاق و بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و لانیکەم بەرژەوەندی هاوبەشی درێژخایەن و لە کۆمەڵگەی جیهانیدا دادەمەزرێت و ئەوانە هیچیان لە جیهانی ئیستادا بەرچاو ناکەون و هەر بۆیە سیستەمی جیهان تا داهاتوویەکی نادیار هەر لەسەر جیاوازی و ناکۆکی نەتەوەکان دەبێت و هیچ ئەکتەرێک و بە تایبەت کورد، وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، توانای پێکهێنانی گۆڕانکاری نیە لەو سیستەمەدا. کەوابوو، خۆ ڕێکخستن و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو سیستەمە، بیرۆکەیەکی گەلێ عاقڵانەتر و هەوڵێکی سوودمەندتر دەبێت.

پەراوێز و سەرچاوەکان

١.بەڵام ئێستا لە دەقە زانستییەکاندا تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازی دادەنرێت لە نێوان سیستەمی نێودەوڵەتی (Inter-state system) و سیستەمی نێونەتەوەیی(International System)دا. مەبەست لە سیستەمی نێودەوڵەتی زیاتر ئاماژەیە بە سیاسەتی نێوان ئەکتەرە فەرمییەکان (دەوڵەتەکان) لە حاڵێکدا سیستەمی نێونەتەوەیی ئاماژەیە بۆ پەیوەندی نێوان هەموو جۆرە ئەکتەرێکی فەرمی و نافەرمی (دەوڵەتەکان، ڕێکخراوە و ناوەندە حوکمی و ناحوکمییەکان و پێکهاتە ئایینییەکان و هتد).

٢.پەیماننامەی وێستفاڵی بریتییە لە دوو ڕێککەوتننامەی “مونێستێر” و “ئوزنابروک” کە لە ناوچەی وستڤاڵیای وڵاتی ئەڵمانیا واژۆ کران. شەڕە ئایینییەکانی ئەوروپا کە سی ساڵ بەردەوام بوون بەستێنیان ئامادە کرد بۆ ئەو ڕێکەوتننامانە و بوونە هۆی ئازادی ئایین و پەسەندکردنی مافی پاشاکان بۆ واژۆکردنی پەیمانی شەڕ و ئاشتی. بەم جۆرە، ئیمپراتورییەکان درزیان تێ کەوت و پاشاکان دەسەڵات و سەربەخۆییان بەدەست هێنا و وستفاڵی بووە هێمای چاخی نوێ و خاڵی دەستپێکی دەوڵەت نەتەوەکان. بە واتایەکی دیکە، وستفاڵی بووە هێمای ڕێنێسانس لە بواری پەیوەندی نێونەتەوەییدا.

٣.مەبەست ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ئاستی نێونەتەوەیی، لە نێوخۆدا هەندێ ناوەند و دام و دەزگای حوکمی لەسەرەوە هەن کە ئەرکی پاراستن و دابینکردنی ئەمنییەتی شارۆمەندان (ئەکتەرەکان) دەدەن و بۆیە دەڵێن سیستەمی نێوخۆیی سیستەمێکی ئانارشیک نییە و پەلەوپایەییە (Hierarchic).

  1. Kenneth N. Waltz (1990), ‘Realist Thought and Neorealist Theory’, Journal of International Affairs, 44, pp. 21-37, See: pp:29-31

٥..شۆڕشی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩، ژیانەوەی “نەتەوە” بوو. لەو سەردەمەدا بە ئاشکرا باس لە ڕاگواستنی دەسەڵاتی نەتەوە بۆ دەوڵەت کرا. تا پێش ئەوە نەتەوە و مافی ناسینەوەی تاکەکان لە ڕێگای نێشتمانیانەوە، لە ئارادا نەبوو. تا ئەو کاتە، خەڵک بەستراوەی ئەو بنەماڵانە بوون کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو و شوناس و ژیان و مەرگی خەڵک لە دەستی ئەو خانەدانانە بوو. بە واتایەکی تر خەڵک لە ڕێگای بەستراوەبوون بە دەسەڵاتدار، خانەدان یان ئایینی خۆیانەوە دەناسرانەوە. بەڵام شۆڕشی فەڕەنسا بنچینەکانی پێکهاتەی سیاسی نوێی ئامادە کرد و ڕووبەڕووی پێکهاتەی کۆنی ئەشرافی بوویەوە. لەوێ بەدواوە ناسیوناڵیزم بووە ئایدیای زەق و بەرچاو و لە پەیوەندی لەگەڵ هەندێ چەمک وەک دموکراسی و بەرابەریدا، ڕەوایی سیاسی بەدەست هێنا و زیاترین کاریگەری دانا لەسەر گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سیاسی. هەر وا کە ئاماژەم پێ دا، تا پێش ئەو قۆناغە، بنەمای ڕەوایی، زیاتر خانەدان و دەسەڵاتدار و ئایین بوون. بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە:

هالیدی، فرد(1383). «ملی‌گرایی»، در: جهانی شدن سیاست: روابط بین‌الملل در عصر نوین(جلد دوم)، جان بیلیس و استیو اسمیت، ترجمه ابوالقاسم راه‌چمنی و دیگران، تهران: موسسه فرهنگی مطالعات و تحقیقات بین‌المللی ابرار معاصر تهران، چاپ نخست، دی ماه، صص 1117-989 ،

– سلیمی، حسین(1393). نگرشی نو به تاریخ روابط بین‌الملل(تا پایان جنگ جهانی دوم)، تهران: انتشارات دانشگاه علامه طباطبایی، چاپ نخست.

  1. Bolton C Waller (1921). The Forward To Brotherhood of Nations”, University of California, Library university of California Riverside, First Published, may.

7.بڕوانە:

Jack. Donnelly, Realism and International Relations, published by the Press Syndicate of the University of Cambridge the Pitt Building, First Published, see p: 8