مرۆڤ ، بوونەوەرێکە کە لە جیهان دا ، مەلە دەکات و مرۆڤی بێ ” ژینگە ” ، ئایدیایەکی دابڕاو و ئەبستراکت و فانتازیکە . بە تەعبیری ” هایدگر ” ئێمە لەگەڵ ” مرۆڤ ” ، وەک ” بوونێ لە جیهان ” دا بەرەوڕووین و ” چییەتیی مرۆڤ ” بەبێ ئەو ” بوونە لە جیهان ” دا ، لووسە و لەدەستمان دەخزێت و نایەت بەدەستمانەوە و بەبێ سەرنجدان بە ” کار و کاردانەوە و کارلێکی نێوان مرۆڤ ، ژینگە و جیهان ” ، وێنایەکی هەمەکی و ناسێنەر لە مرۆڤ ، ئەستەمە و بەرچاوڕوونیمان پێ نادات .

لێرەوەیە بۆئەوەی ” بوونی کورد ” بناسین ، هیچ رێگەیەکمان نیە ، جگە لەوەی کە لە هەڤبەرایەتیی نێوان ” بوونی کورد و هەبوون و جیهان ” قووڵ ببینەوە . هەڤبەرایەتیی نێوان ” بوون و هەبوون ” یەکێ لە ئاڵۆزترین بابەتەکانی فەلسەفەیە و هزری مەزنە بیرمەندانی هەر لە هیگلەوە تا هایدگر و نیچە و گشت فەیلەسووفەکانی رێبازی ئیگزیستانسیالیزمی بەخۆیەوە خەریک کردوە و باسەکە لەوە ئاڵۆزتر و بەرفرەهترە کە لەم وتارە دا بگونجێ و بەناچار چاوپۆشی لێدەکەین و باس لە هەڤبەرایەتیی ” کورد و جیهان ” دەکەین تا وێنەیەکی ڕوونتر و بێ تەمومژترمان لە ” کورد لە ئەستێرکی ئێستا دا ” هەبێ .