هەر کەسێک کە گەشتێکی بۆ دەرەوەی وڵات کردبێت و بۆ جارێکیش بێت لە سنوورە دەسکردەکانەوە تێپەڕیبێت یان فۆرمێکی بۆ دەرەوەی وڵات پڕکردبێتەوە، رەنگە ئەو پرسیارەی لێ کرابێت کە خەڵکی کوێیت؟ یان هاووڵاتییەتی خۆت دیاریی بکە؟ کە ئەمانەش زیاتر بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی “نەتەوایەتی” (nationality) دیاریی دەکرێن. بۆ ئەوانەی کە سەر بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکانن و هاوکات بە ئاگایی نەتەوەیی-سیاسی گەیشتوون، ئەم ساتە، رەنگە لە ناخۆشترین ساتەکان و ساتی بە قووڵایی هەست کردن بە بێ پێگەیی جیهانی بێت، دۆخێ کە تەنیا “دەوڵەت” چارەی دەردیەتی.[1] لەم دۆخەدا مرۆڤ ناتوانێت نەتەوایەتی راستەقینەی خۆی بڵێت یان بنووسێت و بە ناچار هاووڵاتییەتی و نەتەوایەتی خۆی بە ناوی وڵاتێکەوە دەناسێنێت کە رەنگە قەت پێی خۆش نەبووبێت هاووڵاتی ئەوێ بێت و بە زۆری بەسەریدا سەپابێت. لێرەدایە کە بە توندی هەست بە یەخسیری و کۆیلەتییەکی سیاسی و نابەرابەری نەتەوەیی-سیاسی دەکرێت کە تەنیا چارەی دەربازبوون لە دۆخی بێ دەوڵەتییە.